11/08/2024
175 جار خوێنراوەتەوە
بهبێ پارتی و توركمان پۆستی پارێزگاری كهركووك یهكلایی كرایهوه
پهیام
دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە حەوت مانگ بەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق، شەوی رابردوو پۆستە ئیدارییەکانی شاری کەرکوک لە بەرژەوەندیی کورد (یهكێتی) یەکلاکرانەوە و رێبوار تەها بووە پارێزگاری نوێی شارەكە.
لە بەغدا كۆبوونهوهی ئهنجومهنی پارێزگای كهركووك بهڕێوهچوو، له كۆبوونهوهكهدا سەرۆک ئەنجوومەنی پارێزگا و پارێزگاری کەرکووك و جێگرهكهی ههڵبژێدران، کە فراکسیۆنی پارتی و بهشێك له عەرەب و بەرەی تورکمانی بایکۆتیان کرد، له كۆبوونهوهكهدا رێبوار تەها بە پارێزگار، محەممەد حافز بە سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا و ئیبراهیم تەمیم بە جێگری یەکەمی پارێزگاری کەرکووک هەڵبژێردران.
لەبارەی كۆبوونهوهكهوه پەروین فاتیح، سهرۆكی فراكسیۆنی یهكێتی رایگهیاند "كۆبوونهوهكهیان یاسایی بووه و بەپێی رێککەوتنەکە، یەکێتی دوو ساڵی یەکەم پارێزگاری کەرکووک وەردەگرێت و دواتر دەدرێتە نەتەوەی عەرەب. دوای ئەوە کورد پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا وەردەگرێت."
كۆبوونهوهكه لەکۆی 16 ئەندام 9 ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگا ئامادهی بوون کە 5ـیان یەکێتی بوون و سێ ئەندامی پێکهاتەی عەرەبی و ئەندامێکی بزووتنەوەی بابیلۆن بوون.
سێ ئەندامی کۆمەڵەی عەرەبی، دوو ئەندامی بەرەی تورکمانی و دوو ئەندامی پارتی دیموکراتی کوردستان بەشدارییان لە کۆبوونەکەوە نەکرد و بایکۆتیان کرد.
رێبوار تەها، پارێزگاری نوێی كەركوك لە پەیامێكیدا رایگەیاند، "لە ئەمڕۆوە رۆژێكی نوێ لە كەركوك دەستپێدەكات و پیرۆزبایی لە هاوڵاتییانی شاری كەركوك و سەرجەم پێكهاتەكان دەكەین و كەركوك و كەركوكییەكان شایەنی خزمەتكردنن".
هاوکات، بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان دوای هەڵبژاردنی پارێزگاری نوێی كەركوك رایگەیاند، "پێویست دەكات كەركوك ئاشتبكەینەوە، كەركوك دەكەینە نموونەی پێكەوەژیان و نموونەیی ئارامی و بەڵێنەكانمان بەرامبەر كەركوكییەكان جێبەجێدەكەین".
ڕۆژی ١٨ی کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٣، ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق ئەنجام درا. پڕۆسەکە دوای ١٠ ساڵ لە عێراق و دوای ١٨ ساڵ لە پارێزگای کەرکووک ئەنجامدرا.
ئەنجامی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، بەشێوەیەکە کە ھیچ پێکھاتەیەک نهیدهتوانی بەتەنھا حکوومەتی خۆجێی پێکبھێنێت و پێویستی به ڕێكهوتن ههبوو.
لە ١١ی تەمموزی ٢٠٢٤، یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە ئامادەبوونی ھەر ١٦ ئەندامە ھەڵبژێردراوەکەی بەڕێوە چوو كە تیایدا ڕاکان جبووری وەک بە تەمەنترین ئەندامی ئەنجوومەنەکە سەرۆکایەتی دانیشتنەکەی کرد.
ئەو ١٦ کورسییەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، بریتیین لە پێنج کورسی بۆ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، دوو کورسی بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان، سێ کورسی بۆ ھاوپەیمانی عەرەبی کەرکووک. دوو کورسی بۆ لیستی قیادە، یەک کورسی بۆ ھاوپەیمانی عروبە، ھاوکات دوو کورسی بۆ بەرەی تورکمانیی و یەک کورسی کۆتاش بۆ کریستیانەکە.
لە ماوەکانی ڕابردوودا سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی بە جیا لەگەل ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە پێکھاتەکانی کورد، عەرەب و تورکمان کۆبوویەوە.
لە کۆبوونەوەکاندا، محەمەد شیاع سوودانی داوای لە لایەنەکان لە کەرکووک کردبوو کە تا ڕۆژی ١١ی ئەم مانگە، لەبارەی ھەڵبژاردنی پارێزگار و پێکھێنانی حکوومەتی خۆجێی بگەنە ڕێککەوتن.
ھەروەھا لە کۆبوونەوەکاندا، سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختی کردەوە لەگرنگی تەواوکردنی پێکھێنانی حکوومەتی خۆجێیی و کۆدەنگی نێوان نوێنەرانی پێکھاتە برایەتییەکانی پارێزگاکە و ڕایگەیاندبوو: "نابێت ھیچ پێکھاتەیەک لە کەرکووک لە مافی بڕیاردان بێ بەش بکرێت".
ھاوکات ڕۆژی ٤ی ئەم مانگە، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، حەسەن شێخانی ڕایگەیاندبوو کە کۆبوونەوەکەیان کۆبوونەوەیەکیان لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی ئەنجامداوە.
حەسەن شێخانی بۆ میدیای حزبەکەی ئاشکراشی کردبوو کە کۆبوونەوەیەکەیان لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی، ئەنجامێکی زۆر باشی ھەبووە، ئەوەیشی خستووەتەڕوو کە سوودانی داواکاری ئەوانی لەبارەی دروستکردنی حکوومەتێکی خۆجێیی لە کەرکووک بە بەشداری ھەموو لایەنە براوەکان و پێکھاتەکان وەرگرتووە.
بەپێی بڕگەی حەوت لە ماددەی حەوت لە یاسای پارێزگا ناڕێکخراوەکان، دەبێت لە ماوەی ٣٠ رۆژ دا لە ئەنجامدانی یەکەم دانیشتنی ئەنجوومەنی پارێزگا، پارێزگار بە دەنگی زۆرینەی رەھای ئەندامانی ئەنجوومەن ھەڵبژێردرێت، بۆیە چاوەڕوان دەکرێت ئەگەر لایەنەکان خۆیان ئەو پرسەیان یەکلایی نەکردەوە، ئەوا دادگای باڵای فیدراڵیی ئەو پرسە یەکلایی بکاتەوە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە