17/10/2019 280 جار خوێنراوەتەوە

جوانکاری لووت .. پێداویستی یاخود چاولێکەری ؟؟

دكتۆر ھەڤین کەمال شاە محه‌مه‌د

جوانکاری لووت یەکێکە لەباوترین نەشتەرگەرییەکانی جوانکاری لەم سەردەمەدا ، بە پێنجەمین نەشتەرگەری جوانکاری ئەژمار دەکرێت لە ڕووی ئەنجامدانیەوە لە جیھاندا. ساڵی نیو ملیۆن کەس لەجیھاندا بۆ جوانکاری لووتیان دەچن بۆ لای پزیشک. کەلەوانە زیاد لە (١٥٠) ھەزار کەس ئەنجامی دەدەن ، وەزیاتر لەنێوان گەنج و قوتابی زانکۆکان و کۆلیژەکاندا باوە.

بڕیاردان لەسەر کردنی ئەم نەشتەرگەرییە بڕیاڕێکی زۆر تایبەتە و خودی کەسەکە دەگرێتەوە .لەتوژینەوەیەکدا لەسەر ئەو کەسانەی کە خولیایی ئەنجامدانی ئەم نەشتەرگەرییەن بینراوە ڕێژەیەکی زۆریان کێشەی خەمۆکی و ھەست کردن بە کەم بوون بەرامبەر خودیان ھەیە، بۆیە زۆر جار کێشەکەیان بەنەشتەرگەری چارەسەر ناکرێت بەڵکو پێویستیان بە پاڵپشت و ئامۆژگاری دەروونی ھەیە . ھەڵبژاردنی ئەو نەخۆشەی جوانکاری لووتی بۆ دەکرێت بابەتێکی گرنگە بۆ پزیشکی پسپۆر، بۆ ئەوەی ئەنجامێکی باشی ھەبێت و نەخۆشەکەش ڕازی بێت لە ئەنجامی نەشتەرگەرییەکەی .

بۆ یە گرنگە پێش بڕیاردان لە سەر ئەنجامدانی ئەم نەشتەرگەرییە، ئەگەر نەخۆشەکە لووتی بێ کێشە بوو و تەنیا مەبەستی جوانکاری بوو، ئەوا پێویستە لەگەڵ پزیشکێکی دەروونیدا بابەتەکە تاووتوێی بکات و باسی بکات ، ئەگەر زانرا پێویستە ئەنجام بدرێت لەڕووی تەندروستیەوەو ھەم لە ڕووی دەروونیەوە، ئەو کاتە بڕیاڕ بدرێت لەسەر ئەنجامدانی .

لەم ساڵانەی دوایدا بە ڕێژەیەکی زۆر بەرچاو ئەم نەشتەرگەرییە ئەنجام دەدرێت، بە ڕادەیەک کە لەپێداویستی دەرچووەو بووە بە چاولێکەری بەتایبەتی لەنێو گەنجان . ولەنێوکچان بەڕێژەیەک زیاتر لە کوڕان. ئەوەی زیاتر سەرنجی منی ڕاکێشابێت وەک پزیشکێکی بێھۆشکار ئەوەیە، کەھەندێک جار کەسەکە بەھۆی گاڵتەپێکردنی دەووروبەریەوە بە لووتی ئەم نەشتەرگەرییە ئەنجام دەدات نەک حەزێکی خۆیی بێت .

زۆر بەڕوونی ئەمەم بۆ دەرکەوت کاتێک لەگەڵ نەخۆشێکی نابینا قسەم کرد پێش نەشتەرگەری و کەلێم پرسی بۆ نەشتەرگەری دەکەیت، چوزانیت لوتت ناشرینە ؟ ووتی پێم دەڵێن لوتت گەورە و ناشرینە !
ھەر بۆیە گرنگە کە بڕیاری ئەم نەشتەرگەرییە دەدەیت، بڕیارەکەت خۆڕسکانە بێت و چاولێکەری و کاریگەری قسەی خەڵکی نەبێت . لەھەمووشی گرنگتر وەک نەشتەرگەرییەکی ڕۆتینی وئاسان سەیر نەکرێت و مەترسییەکانی لێکبدرێتەوە کە ئەگەری ڕوودانی ھەیە لەکاتی نەشتەرگەرییەکەدا و لەدوای نەشتەرگەرییەکە ، کەگرنگترینیان ئەم خاڵانەیە :

- مەترسی بێھۆشکاری گشتی و ئاکامە نەخوازراوەکانی .
- بەربوونی خوێن و نزیف لەکاتی نەشتەرگەرییەکەدا یان لە دوای نەشتەرگەری.
- کۆبوونەوەی خوێن لەشوێنی نەشتەرگەرییەکە .
- سستی چاک بوونەوەی برینەکە ، یاخود دروست بوونی بزماتە یاخود ناڕێکی (scar)لەشوێنی نەشتەرگەرییەکە ..
- ھەوکردن و ئیلتھابی برینی نەشتەرگەرییەکە .
- سڕی یاخوود گۆڕینی ھەست لەشوێنی نەشتەرگەرییەکە .
- دروست بوونی کون لەو بەربەستەی نێوان ھەردوو کونە لووتدا ..
- دروست بوونی تەنگەنەفەسی بەھۆی تەسک بوونەوەی کونەلووتەکان ..
- ئاوسان لە جێگای نەشتەرگەرییەکە .
- گۆرانی ڕەنگ و ڕەش بوونەوەی پێست لەجێگای نەشتەرگەرییەکە .
- ناڕازیبوون لە شێوەی لووت.
زۆربەی ئەوانەی نەشتەرگەری جوانکاری لوت دەکەن ھەمیشە ئەو حاڵەتەیان بۆ دروست دەبێت، کەناڕازین لەشێوەی خۆیان و ھەمیشە بە دوای بیانوودا دەگەڕێن بۆ زیاتر دەستکاریکردنی لووتیان .
- ئەگەری ئەنجامدانی نەشتەرگەری دووەم وسێیەم لەدوای نەشتەرگەری یەکەم .

دكتۆر ھەڤین کەمال شاە محه‌مه‌د
پسپۆری ئازار شکاندن و چارەسەری جومگە بێ نەشتەرگەری

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

  • 1 رۆژ پێش ئێستا

    ئەم دە خۆراکەی به‌ره‌نگاری ئازار ده‌بنه‌وه‌

  • 3 رۆژ پێش ئێستا

    ئیبراهیم پاشای بابان كێ بوو؟

  • 3 رۆژ پێش ئێستا

    20 زانیاری گرنگ له‌سه‌ر له‌شی مرۆڤ - به‌شی پێنجه‌م

  • 5 رۆژ پێش ئێستا

    20 زانیاری گرنگ له‌ له‌شی مرۆڤ - به‌شی چواره‌م

  • 5 رۆژ پێش ئێستا

    حه‌مدی.. شاعیرێكی گه‌وره‌ و كه‌سایه‌تییه‌كی تێكۆشه‌ر

  • 6 رۆژ پێش ئێستا

    به‌م خواردنانه‌ جگه‌رت پاكبكه‌وه‌

  • 6 رۆژ پێش ئێستا

    به‌م ڕێگایانه‌ منداڵه‌كه‌ت ڕابهێنه‌ له‌سه‌ر زووخه‌وتن

  • پێش 2 هەفتە

    ئەمریكا.. بەهۆی جگەرەی ئەلیكترۆنییه‌وه‌، ٤٠ كەس گیانیانلەدەستداوه‌

سەرەتا