08/06/2022 403 جار خوێنراوەتەوە

د. عەزیز گەردی و داغستانی من

سولێمان دڵسۆز

ئاخروئۆخری پایزی ١٩٩٨ بەرهەمی هەنگوینی ئەو ساڵەمم لە ماشێن بار کرد و لە خانێوە بەرەو‌ زاخۆ بەڕێ کەوتم، خۆم له‌ سنوور په‌ڕیمه‌وه‌ و چاوه‌ڕوان بووم هه‌نگوینه‌كه‌م به‌ مه‌رزی ره‌سمیدا بۆ ئاودیو بكه‌ن. هەر ئەو شەوە کە گەیشتمە حاجی ئۆمەران بەفر و کڕێوە دەستی پێکرد و تا دوو ڕۆژان لێی نەکردەوە. له‌ سه‌رێكه‌وه‌ چاوه‌ڕوانی گه‌یشتنی هه‌نگوین و له‌و لاشه‌وه‌ تەمایاری هاتنه‌وه‌ی كوڕانی خانه‌خوێكه‌م بووم كه‌ ماشێنی بارهەڵگریان هەبوو، چووبوونە هەولێر. قەرار بوو ڕۆژی دوایی بگەڕێنەوە و هه‌نگوینه‌كه‌م بۆ بار بكه‌ن. بەیانی لەگەڵ مام عەوڵای خانەخوێم وەروەرەمان دەست دانێ و وە سەر بان کەوتین، بۆ چێشتەنگاوێ لە بەفر ماشتن بووینەوە، لە پەنا کوورەی داران نان و چایان بۆ هێناین و حەساینەوە‌. دوای ئەوە هیچ کارێک نەبوو بیکەم. ده‌ره‌وه‌ش كڕێوه‌ و سه‌رمایەک بوو کەس نەیدەوێرا سەر وە دەر نێ، مام عەوڵا و ژن و منداڵ چوونە ژووری دیکە و من بە تەنیا لە ژوورەکەدا مامەوە. لە وەڕەزییان چوومە بەر پەنجەرە و چاوم لە داوەرینی کلووە بەفرەکان دەکرد کە بە هەزار ڕیتمی جیاواز دادەبارین. دوایی نازانم چۆن بوو کە ئاوڕم دایەوە، لە گۆشەیەکی نیمچە تاریکی وەتاغەکەدا چاوم بە کۆمێدێکی شووشەبەند کەوت. کە لێی چوومە پێش وەک بە سەر خەزێنەیەکدا کەوتبم وا بوو. کومێدێک بوو بە چەند ڕەفەوە پڕ لە کتێب! چاوم بە ناونیشانی کتێبەکاندا گێڕا، دەیان کتێبی ئەدەبی و دیوانی شاعیرانی کوردی تێدا بوو، لەو نێوەدا ناونیشانێک سه‌رنجی ڕاکێشام: "داغستانی من." پێشتر زۆرم تاریفی ئەو کتێبە بیستبوو و تەنانەت ناوی وەرگێڕەکەیم دەزانی.

لەگەڵ یەکەم وشە و ڕستەکاندا، کەشوهەوای بەفراوی و کشوماتی ئەو شوێنەم بەجێ هێشت و، بە باڵی سیحریی وشەکانی گەردی فڕیمە دنیایەکی دیکە. وەک ئاگر لە پووشی پووشپەڕ بەربێ، لاپەڕ بە لاپەڕ پێدا ڕۆییم. ئیتر ئاگام لە بەفر و هەنگوین و بارهەڵگر و نان و ئاویش نەما.

دیارە پێشتریش کتێب هەبوون دەستیان لێ وەشاندبووم و شێت و خولیای دنیا دەست وێڕانەگەیشتووەکانیان کردبووم، بەڵام ئەو کتێبە و ئەو هەستە نیشتمانپەرستییەی لەو کتێبەدا مۆنجی دەدا و ئەو زمانە شیرین و سەلارە ڕەنگینە بێ‌وێنە بوو.

دوای دوو ڕۆژ بەفر لێی کردەوە، دەرک و بان ماشتران. هەنگوینەکە لە سنووری دەستکرد پەڕیەوە. کوڕکانی مام عەوڵاش بەخۆیان و بارهەڵگرەوە گەڕانەوە و هەنگوینەمان بار کرد، لە ڕۆیشتندا شانە هەنگوێنێکی چەمەری جوانم جودا کردەوە و بۆ خانەخوێکەم بە جێ هێشت کە زۆر پێی خۆشحاڵ بوون. ڕاستە هەنگوینەکە عەسڵ بوو و مێشهەنگەکانم بۆ چێکردنی شیلەی هەزاران گوڵی گوێنیی کوێستانەکانی خانێیان مژیبوو، بەڵام هەر خۆم دەمزانی ئەو هەنگوینەی من لە خەڵەفی کتێبخانە بچووکەکەی ئەواندا دیبوومەوە چەند بەتام و  چێژتر بوو.

ئەگەر ئارەشی تیرهاوێژی ئەفسانان شیلەی گیانی خۆی هەموو کۆ کردەوە و لە بیچمی تیرێکدا هاویشتی، من پێم وایە عه‌زیز گه‌ردی'ش جەوهەری گیان و تەمەنی خۆی بە دێرە سەرسوڕهێنەرەکانی ئەو کتێبە بەخشی. دواتر زانیم ئەوەندەی کار لەسەر وەرگێڕانی ئەو کتێبە کردووە، ئەوەندەی نووسیوە و نووسیوەتەوە‌، پەنجەكانی خوێنیان لێ چۆڕاوە.

دوو ساڵ دواتر کاتێک پەڕیوەی گەرمێنێ بووم و لە هەولێر گیرسامەوە، لە نزیکەوە چاوم بە زۆر شاعیر و نووسەری بەناوبانگ کەوت بەڵام چاوە چاو دەمڕوانی خوڵقێنەری داغستانی من ببینم، بەڵام لە هیچ کۆڕ و کۆبوونەوەیەک سۆراغی نەبوو. گوتیان عه‌زیز گه‌ردی'یه‌ ئیتر،‌ نه‌ له‌گه‌ڵ هیچ جێگایه‌ك وتووێژ ده‌كا، نه‌ هیچی له‌باره‌ی ژیانیه‌وه‌ نووسراوه‌، ته‌نانه‌ت حەز ناکا وێنه‌شی بڵاو بێته‌وه‌.

رۆژێک له‌گه‌ڵ هاوڕێم ره‌مه‌زانی ئەحمەد میرزا له‌ ده‌وری قه‌ڵا به‌ پێش پاساژی كتێبفرۆشییه‌كاندا ده‌سووڕاینه‌وه‌. ره‌مه‌زان سڵاوی له‌ پیاوێكی به‌ ته‌مه‌ن كرد. کاتێ لێمان تێپەڕی، گوتی: مامۆستا عەزیز گەردی بوو.

ئاوڕم دایەوە و لە پشتەوەڕا تێم ڕوانی، پیاوێکی سادە، کز و تاڕادەیەک بچووک، زۆر به‌ هێواشی ده‌ڕۆیشت و لێمان دوور ده‌بۆوه‌ تا له‌ سووڕانه‌وه‌ی ده‌وری قه‌ڵادا له‌ چاو بزر بوو. خوایە، ئەوە خۆی بوو، پیاوە ئەفسانەییەکەی داغستانی من؟

كه‌ریم سۆفی ده‌یگوت من له‌وڕا فێری ساده‌پۆشی بووم. ده‌یانگێڕاوه‌ جارێک له‌ رۆژنامه‌ی خه‌بات له‌ براده‌رانی پاشكۆی ئه‌ده‌ب و هونه‌ری پرسیوه‌ ئێوه‌ بۆ بابه‌تێک كه‌ له‌ رۆژنامه‌دا چاپ ده‌بێ چه‌ند وه‌رده‌گرن؟
ـ پازده‌، بیست دینار.

عه‌زیز گه‌ردی گوتبووی: بۆ یه‌ک وشه‌ نه‌ده‌بوو به‌ هه‌زاران دیناریش رازی بن.
کەچی بۆخۆی تاکە دینارێکی بۆ چاپی کتێبەکانی وەرنەدەگرت.

هاوکارێکم لە گۆڤاری ڕامان بۆی گێڕامەوە: مامۆستا عەزیز كتێبێكی وه‌رگێڕابوو و قه‌رار بوو ده‌زگای ئاراس بۆی چاپ بكات. منیش ئه‌ڵقه‌ی په‌یوه‌ندیی نێوان ده‌زگا و مامۆستا بووم و رۆژێك كه‌ چوومه‌ سه‌ردانی، گوتی فڵانی من خه‌رجێكی زۆرم له‌و كتێبه‌ كردووه‌، له‌ بازاڕ بۆیان تایپ و دیزاین كردووم، داخوا ئه‌و خه‌رجه‌م ناده‌نه‌وه‌؟

كه‌ ئه‌وه‌م لای به‌رپرسی ده‌زگا باس كرد زۆری پێ خۆش بوو و بۆ سبه‌ی زه‌رفێكی دامێ و منیش به‌ خۆشحاڵییه‌وه‌ بۆ مامۆستام برد. مامۆستا زه‌رفه‌كه‌ی كرده‌وه‌ و گوتی ده‌ باشه‌ بابم. به‌ڵام كه‌ پاره‌ی نێو زه‌رفه‌كه‌ی ده‌رهێنا و ده‌ستی كرده‌ ژماردنی وه‌ره‌قه‌كان (هه‌ر وه‌رقێك سه‌د دۆلاره‌ و زه‌رفه‌كه‌ 80 وه‌ره‌قه‌ی تێدا بوو) چاوی زه‌ق بوون و گوتی ئه‌وه‌ چییه‌؟ گوتم ئه‌وه‌ هه‌م خه‌رجییه‌كانی خۆته‌ و هه‌م دیارییه‌كی بچووكی ده‌زگایه‌ بۆ ته‌مه‌نێك ماندووبوونی جه‌نابت.

مامۆستا هه‌ر گرتی و زه‌رف و پاره‌كانی به‌ چڕو چاوی دادام و گوتی هه‌سته‌ وه‌ده‌ر كه‌وه‌! ده‌تانه‌وێ بمكڕن؟ كه‌س نه‌ما؟ ده‌تانه‌وێ منیش بكڕن؟
هاوینی ٢٠٠٥ كه‌ وه‌رگێڕدراوی كتێبی "ڕۆژێك له‌ ته‌مه‌نی ئیڤان دنیسۆڤیچ"م بڵاو كرده‌وه‌، غیره‌تم وه‌به‌ر خۆم نا و به‌ هاوڕێم د. ره‌حیم سورخی­'دا ـ دانه‌یه‌كم له‌و رۆمانه‌ بۆ مامۆستا نارد. هه‌مووی حه‌فته‌یه‌ك بوو كتێبه‌كه‌ هاتبووه‌ بازاڕ به‌ڵام كاتێك سورخی وه‌ڵامی بۆ هێنامه‌وه‌ سه‌رم سوڕما. گوتی: "كه‌ كتێبه‌كه‌م بۆ مامۆستا برد، خوێندبوویه‌وه‌. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا سوپاسی كردی و گوتی پێم خۆشه‌ چاوم پێی بكه‌وێ."
عه‌زیز گه‌ردی كتێبه‌كه‌می خوێندۆته‌وه‌؟ كوێڕا؟ ده‌یه‌وێ بمبینێ؟!
هه‌ر له‌ رێگای كاک ڕه‌حیمه‌وه‌ شوێنكاتی دیدارمان دیاری كرد: رۆژی هه‌ینی، ماڵی مامۆستا.
رۆژی هه‌ینی به‌ شڕه‌ مازدایه‌كه‌ی خۆم چووم كاك ره‌حیم'م هه‌ڵگرت و سه‌عات ده‌ی به‌یانی گه‌یشتینه‌ به‌ر ده‌رگه‌ی ماڵی عه‌زیز گه‌ردی.
ڕۆژێکیان مه‌وعیدی له‌گه‌ڵ كاربه‌ده‌ستێكی هه‌ره‌ باڵا ده‌بێ و كاربه‌ده‌سته‌كه‌ تا نیوه‌ڕۆ به‌دیار كه‌وچک و چه‌نگاڵی سه‌رمێزی ریستۆرانی هوتێله‌وه‌ چاوه‌ڕێ ده‌كا و پاش هه‌فته‌یه‌ك كه‌ گله‌ییه‌كه‌ ده‌گه‌یه‌نێته‌وه‌ گوێی، مامۆستا ده‌ڵێ پێی بڵێن تۆزێك نه‌خۆش بووم چوومه‌ مووسڵ!
له‌ پشت ده‌رگا له‌بەر خۆمەوە‌ بیرم له‌و به‌سه‌رهاته‌ ده‌كرده‌وه‌، كه‌ ده‌رگامان لێ كرایه‌وه‌.
خۆی بوو. زۆر به‌ئه‌ده‌به‌وه‌ وه‌پێش خۆی داین. پانتۆڵێكی كوردی له‌ پێ و زۆر خاكی.

ئەوی لەو دانیشتنەدا هەرگیز لە یادم ناچێتەوە چاوه‌ ره‌ش و قووڵ و ئێجگار غه‌مگینه‌كانی بوو. ئه‌گه‌ر بۆ هه‌موو كه‌س ئه‌وه‌ راست نه‌بێ، چاوه‌كانی ئه‌و، ئاوێنه‌ی رۆحی بوون، رۆحێكی ماندووی ئازارچه‌شتوو و هاوكات زوڵاڵ.

زۆر زوو باسی "داغستانی من"م هێنا گۆڕێ و پرسیم بۆ چاپی ناکەیەوە؟ وەک باسی شتێکی کەم بایەخ و ماوەبەسەرچووی بۆ بکەی هەر زوو باسەکەی لادا. ئەوەندەی گوت: کتێب یەک جار چاپ کرا بەسە، کتێبی دی زۆرن.
باسی کتێبی "چیرۆكی شیرین بۆ منداڵانی خوێن شیرین"ی کرد كه‌ كاتی خۆی له‌ ورمێ ئینتشاراتی سه‌لاحه‌دین چاپی كردبوو و نوسخه‌ی كه‌می گه‌یبووه‌ دیوی باشوور. دوایی زانیم کەم کتێب هەیە لە دەست ئەو خوێنەرە لەزەبر و ئەو وەرگێڕە پرکارە دەرچووبێ و نەیخوێندبێتەوە.

زۆری لوتف له‌گه‌ڵ نواندم و هانی دام كاری زیاتر بكه‌م. كتێبی "هونه‌ری شیعر"ی ئه‌ره‌ستووی كه‌ تازه‌ی وه‌رگێڕابوو، بێ ئه‌وه‌ی ئیمزای خۆی لێبدا به‌ دیاری دامێ. من كه‌ كتێبخانه‌كه‌م پڕ بوو له‌و كتێبانه‌ی به‌ ئیمزای نووسه‌ره‌كانیان پێشكه‌شم كرابوون و، بوون و نه‌بوونیانم له‌لا وه‌ك یه‌ک وا بوون، كه‌چی خه‌ت و ئیمزای عه‌زیز گه‌ردی به‌ لامه‌وه‌ به‌نرخ بوو و داوام لێكرد بۆم ئیمزا بكات.

مامۆستا زۆر لە دۆخی سیاسی و بەتایبەت هی زانکۆکان تووڕە و بێزار بوو. پێی وابوو كۆمه‌ڵێك كۆنه‌ به‌عسی وه‌ک مافیا ده‌ستیان به‌سه‌ر زانكۆكانی كوردستاندا گرتووه‌. زۆر له‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی كورد ناهومێد بوو و ده‌ریبڕی كه‌ ئاواتی ئه‌وه‌یه‌ خانه‌نشین بكرێ و بگه‌ڕێته‌وه‌ گونده‌كه‌ی خۆی (به‌حركه‌) و تا كۆتایی ته‌مه‌ن خه‌ریكی خوێندنه‌وه‌ و وه‌رگێڕان بێ. خه‌ڵكی ئاسایی زۆر پێ له‌ سیاسی و رۆشنبیره‌كان راست و رێكتر بوو و دڵی به‌وان خۆش بوو.

له‌ گه‌رمه‌ی قساندا بووین له‌ ده‌رگایان دا. مامۆستایه‌كی زانكۆ بوو، هات و کردیە بازاڕی خۆی. بەو گەرمایە به‌ قه‌را دوو كه‌س قات و ئێلەگ و بۆینباغی پۆشیبوو. هه‌ر ڕستی و خواردی، قسەی پووچ. زۆربه‌ی كاته‌كه‌ی لێ گرتین و کاتێ رۆیشت مامۆستا چاوێكی ماناداری لێكردین كه‌ ئه‌مه‌ نموونه‌یه‌كیانه‌ و گوتی تازه‌ ئه‌وه‌ ئه‌و شه‌ره‌فه‌شی هه‌یه‌ كه‌ قه‌ت به‌عسی نه‌بووه‌.

مامۆستا شه‌رمه‌زاری كردین و بۆخۆی چای بۆ هێناین. هه‌ر زوو باسی ئه‌ده‌ب و زمان و وه‌رگێڕانمان ده‌ست پێكرده‌وه‌ و نه‌مزانی به‌ كوێدا كات له‌ نیوه‌ڕۆ نزیک بۆوه‌. مامۆستا بۆ نیوه‌ڕۆ میوانی خوشكی بوو و زۆری ته‌كلیف كرد كه‌ بۆ فراڤینێك له‌ رستۆران میوانی بین. به‌ڵێنمان نه‌دا.

ئه‌و ژووره‌ی ئێمه‌ لێی دانیشتبووین ژووری مێوانان بوو. زۆر حه‌زم لێبوو به‌ ژووره‌كانی دیكه‌یدا بگه‌ڕێم كه‌ ده‌یانگوت پڕی كتێبن. به‌ڵام تازه‌ دره‌نگ ببوو.
ساڵی ٢٠١٦ کە بە سەردان چوومەوە کوردستان لە ماڵی هاوڕێم سالار عەبدولڕەحمان بە دیداری مامۆستا شاد بوومەوە. بە داخەوە دۆخی دەروونی زۆر خراپتر ببوو و لە دار و بەرد بە گومان بوو و وەهمی دوژمن مێشک و دەروونی وەها تەنیبوو بڕوای بە کەس نەمابوو.

چەندە دژوازییەکی ناخۆشە، ئەو داهێنەرانەی لەحزەکانی ئێمە دەکەن بە هەنگوین، خۆیان لەوپەڕی تاڵیدا دەژین. هێمنەکانمان، مەلەکشاکانمان، گەردییەکانمان..
بەو حاڵەشەوە دەبێ شوکرانەبژێری "دابەشکەری زمانان بین و سوپاسی بکەین کە شاخەکانمان، گوندەکانمان، دڵەکانمانی لە بیر نەکرد"١ و عەزیز گەردی'یەکی پێ بەخشین.

1- ئاماژەیە بە چەند دێڕێکی داغستانی من، بەرگی دووهەم.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

  • 24/12/2024

    پەیوەندی نێوان ئیسلام و ئەدەب چییە

  • 21/11/2023

    رووانینی تەڵعەت تاهیر بۆ ئەدەبیات چییە؟

  • 18/05/2023

    غەزەل لە شیعری ئەمڕۆی هەورامیدا

  • 27/12/2022

    خدر کۆساری کێ بوو؟

  • 22/12/2022

    ئایا هۆنراوەی (شەوی يەڵدا) شیعری (نالی)یە، یان (کوردی)

  • 03/12/2022

    ڕۆمانی شازاده‌ و شاعیر یان باخێك له‌ گوڵی ژاكاو

  • 13/10/2022

    کێشمە کێشی مەولود لە نێوان زانایانی دوێنێ و ئەمڕۆماندا

  • 12/10/2022

    مانگی مەولود، کایگەریی ناوی پێغەمبەر لەسەر ناونان لە کوردەواریدا

سەرەتا