04/09/2019
1114 جار خوێنراوەتەوە
پەشێوی مەزاجی دووجەمسەری
پهیام
یەکێکی تر لە پەشێویە مەزاجیەکان کە دووچاری مرۆڤ دەبێت، دووجەمسەریە. واتە تاک
ماوەیەک بە گرفتێکیەوە دەناڵێنێت و ماوەیەکی تر بە گرفتێکی تەواو پێچەوانە
(جەمسەرێکی تر) دەناڵێنێت.
لە پەشێوی دووجەمسەریدا، تاکی
توشبوو مەزاجی لە ڕادەبەدەر بەرزدەبێتەوە، بە جۆرێک دڵی خۆش دەبێت کە دوچاری هەڵەی
دەکات لە ڕووی قسە و یاخود ڕەفتار.
هەروەها وزەیان زۆر دەبێت، چ
جەستەیی و چ سێکسی، و لە دەرئەنجامدا هەندێجار توشی سەرکێشی و لادان دەبن، و گرفتی
کۆمەڵایەتی و یاساییان ڕوبەڕوو دەبێتەوە.
نەخۆش وەهمی خۆبەگەورە زانینی هەیە،
واتە بڕوای وایە کە ئەم کەسێکی دەسەڵاتدارەو توانا و تایبەتێتی خۆی هەیە. بۆ نمونە
هەندێ جار خۆیان بە خوا، پێغەمبەر، ئیمامی مەهدی، یان کەسێکی ناودار دەشوبهێنن، و
یاخود پروپاگەندەی کارێک دەکەن کە نەکراوە، یاخود زانست پەی پێنەبردوە، وەک ئەوەی
کە کەڕ و کوێر و داون چاک دەکەنەوە، یاخود ئایدز و شێرپەنجە چاک دەکەنەوە.
هەروەها ئەم کەسانە قسە زۆر دەکەن،
واتە هەندێجار تۆ ناتوانیت ڕای خۆت دەربڕیت، لە بەر زۆر قسەکردنی ئەو. ئەو
بابەتانەش کە باسی دەکەن زۆر جار تێکەڵ و پێکەڵی دەکەن، وەک ئەوەی دەڵێن لە شامەوە
ئەیبات بۆ شیراز.
کەسانی توشبوو بەم تەنگژەیە
پێویستیان بۆ خەو کەم دەبێتەوە، هەندێ جار شەوان تەنها چەند کاتژمێرێکی کەم
دەخەون. هەروەها هەندێ جار وەهمی گومانیان لا دروست دەبێت و بڕوایان وایە کەسێک
دەیەوێت ناڕەحەتیەکیان بەسەر بهێنێت یاخود بڕوایان وایە کە چاودێری ئەکرێن.
لە ئافرەتان لە کاتی نۆرەی مانیاکە
خۆیان زۆر دەڕازێننەوە، میکیاج زۆر دەکەن، بۆن زۆر لە خۆیان ئەدەن، خشڵ و ئاڵتون
زۆر بەکاردەهێنن، پارە زۆر سەرف دەکەن، لە کاتی قسەکردن لەنجەولار زۆر دەکەن. لە
پیاوان زیاتر کۆڕی گەمە و قسەی خۆش دروست ئەکەن، و پارە زۆر سەرف ئەکەن، و خۆیان ئەنوێنن.
هەندێجار هەبووە نەخۆش لە کاتی نۆرەکەیا شتێکی گرانبەهای بۆ کەسێک کڕیوە، دوای
باشتر بوونی حاڵەتەکەی لێ ی پەشیمان بوەتەوە.
لە هەمان کەسدا، لە نۆرەیەکی تر بە
خەمۆکیەوە دەیگرێت و هەموو ئەو نیشانانەی پێچەوانە دەبنەوە، و جەمسەرەکەی تر خۆی
دەردەخات.
گۆڕانی مەزاج، قسەی خۆش، گرنگیدان
بەخود، و...... هتد. بەشێکن لە سروشتی مرۆڤ، بەڵام لەم نەخۆشانە گۆڕانەکە
لەڕادەبەدەرە و کاریگەری توندی نەرێنی لە سەر فرمان، لایەنی کۆمەڵایەتی، و یاسایی
و هەموو لایەنە گرنگەکانی تری ژیان دادەنێت.
ئەم نەخۆشانە لە کاتی نۆرەکەدا
بڕوایان نیە کە نەخۆشن و چارەسەرەکان ڕەتدەکەنەوە، بۆیە پێویستیان بە هاوکاری کەس
و کاریانە تا بیان بەن و چارەسەریان بۆ وەربگرن.
دكتۆرهێمن فاتح حمەکریم
پزیشکی پسپۆڕی دەرونی
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە