پێش 3 هەفتە 251 جار خوێنراوەتەوە

به‌م ڕێگه‌ سروشتیانه‌ كۆنترۆڵی ئازاره‌كانی جه‌سته‌ت بكه‌

په‌یام

دەرمانە ئازارشکێنەکان یەکێکە لە ڕێگا خیراو کاریگەرەکان بۆ شکاندنی ئازار لە لەشدا، بەڵام لەبەر ئەوەی زیانی لاوەکیان زۆرە و لەوانەیە کاریگەریان ھەبێت لەسەر گورچیلە و جگەر، بۆیە باشترە ھەموو کات پەنا نەبەین بۆیان و ڕێگا سروشتیەکان بەکاربێنین .

ئالێرەدا باسی چەند ڕێگایەکی سروشتی دەکەین بۆ کەمکردنەوەی ئازار:

1- جووڵەکردن بۆ ڕژانی ھۆرمۆنی ئیندۆرفین:

لەش ماددەی ئیندۆرفین دەردەکات لەکاتی ئازاردا ، کە ئەمە ئازارشکێنێکی سروشتی یە ، ئیندۆرفین کاریگەری ھەیە لەسەر سیگناڵی ئازار و ناھێڵێت بگات بە مێشک ، بەو جۆرە ئازار کەم دەبێتەوە .
ھەر چالاکیەک و جووڵەیەک لەلەشدا کە لێدانی دڵ خێرا بکات بۆ ماوەیەک دەبێتە ھۆی زیاتر ڕژانی ھۆرمۆنی ئیندۆرفین کەھەم ئازارشکێنە ، ھەم ھێورکەرەوەیە کە خەمۆکی و بێتاقەتی کەمدەکاتەوە.

2- پارچەیەک نەستەلە یاخود شکوڵاتە بخۆ:

توێژینەوەکان دەڵێن خواردنی شیرینی وەک نەستەلە یاخود شکولاتە تۆخەکان یان ئایس کرێم کاریگەرییان ھەیە لەسەر کەمکردنەوەی ئازار ، و وەرگرتنی سیگناڵی ئازار کەمدەکەنەوە لەلایەن مێشکەوە ، بەڵام ھەموو کات باشترە شیرینیەکانت لە ماڵەوە دروستیکەیت بۆ ئەوەی تەندروست تر بێت.
3- گەرمکردنی ھەر جومگەیەک ئازاری تیایە:
لەبەرئەوەی گەرمگردنی شوێنی ئازار یارمەتی جوڵانی خوێن دەدات زیاتر بۆ ناوچەی ئازارەکە ، بەمجۆرەش ئازارەکە کەمتر دەبێتەوه‌.

4- ھەندێک جار بەکارھێنانی ساردی و سەھۆڵ:

لە ھەندێک ئازاری کتوپڕدا یاخود پێکان یاخود ئازارێک بەھۆی ھەوکردنەوە بێت لە جومگەکان باشترە سەھۆڵ یاخود پاکی سارد بەکاربێنین، کە سیگناڵەکانی ئازار سست دەکاتەوە و نایەڵێت بگات بەمێشک .

5- سترێچ و وەرزش:

سترێچ و کشانی ماسولکەکان بە وەرزش کردن کاریگەریەکی زۆری ھەیە بۆ کەمکردنەوەی ئازار ، لەبەرئەوەی لەشی مرۆڤێک بەشێوەیەک خولقاوە کە پێویستی بە جووڵانە ، ئەگەر نەجوڵێت لەبەرئەوەی ئازارت ھەیە، ئەوا حاڵەتەکەت خراپ تر دەبێت ، ھەر بۆیە ڕای پسپۆڕی چارەسەری سروشتی یاخود پزیشکەکەت وەرگرە بۆ باشترین وەرزش کە بگونجێت بۆ تۆ.

6- بچۆرە بەرخۆر:

  تەنیا ١٠ خولەک چونە بەر خۆر ڕۆژانە ، کاریگەریەکی زۆری ھەیە بۆ کەمکردنەوەی ئازار ، چونکە ڕێژەی ڤیتامین( دی) زیاد دەکات لە خوێندا ، لەتوێژینەوەیەکدا کە کراوە لەسەر( ٢٠٠) نەخۆش کە داخورانی جومگەی ئەژنۆیان ھەبووە بینراوە ئەوانەی کە ڕۆژانە( ٤٠٠- ٨٠٠ وەحدە ) ڤیتامین (دی) یان وەرگرتووە ڕۆژانە ئازاریان کەمتر بووە لەوانەی وەریان نەگرتووە ، توێژینەوەکان دەڵێن ڤیتامین دی یارمەتی ئازارشکاندن دەدات بەوەی ھەڵمژینی کالسێۆم زیاد دەکات کەیارمەتی گەشەکردن و دروستبوونی ئێسک دەدات.

7- پراکتیزەکردنی عادەتی خەوی تەندروست:

خەوتنی تەندروست و بۆ کاتی تەواو پێویست زۆر گرنگە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئازار و بۆ خێراکردنی چاکبوونەوە ، ھەر بۆیە ئەو ڕۆتینەی ھەتە لە کاتی نوستن با تەندروست بێت ، تکایە با ژووری خەوتنەکەت تاریک و بێدەنگ بێت ، ھیچ جۆرە ئامێرێکی ئەلکترۆنی با لە ژوورەکەتدا نەبێت وەکو تیڤی یاخود مۆبایل و کۆمپێۆتەر ، جەدوەلێکی گونجاو دابنێ بۆ کاتی نوستنت کە (٦-٨) تیایدا بخەویت لە شەودا .

8- میدیتەیشن و ڕیلاكسەیشن و ئارامبوونەوه‌:

میدیتەیشن دەتوانرێت سادە بێت یاخود پرۆفیشناڵ و ئاڵۆز بێت، ئەگەر بە ڕێگایەکی سادە بیکەیت، ئەوە تەنیا پێویستە چاوەکانت داخەیت و بەبێدەنگی دانیشیت یاخود پاڵکەویت گوێ لە موسیکێکی ئارام بگریت کە حەزت لێبێت، لە مێشکتدا موسیکەکە دووبارە بکەرەوە، یەکەم جار دەتوانیت بە چەند خولەکێک دەست پێبکەیت ھەتا دەگەیتە ٣٠ خولەک .
یاخود دەتوانیت بەشێوەیەکی پڕۆفیشناڵانە تر بیکەیت و ڕای کەسێکی پسپۆڕ وەرگریت لەو بوارەیەدا ، کەپێی دەوترێت میدیتەیشنی ئاراستەکراو، کە ئەمەش کلاس و پۆلی تایبەتی ھەیە دەتوانیت بیخوێنیت .

9- مەساج کردن وشێلان بەشێوەیەکی تەندروست:

مەساجی تەندروست و پڕۆفیشناڵ کاریگەرییەکی زۆری ھەیە بۆ کەمکردنەوەی ئازار ئەویش بەوەی کە ماسولکەکان خاودەکاتەوەو گواستنەوەی خوێن بۆ ناوچەکە زیاد دەکات ، کەیارمەتی زووچاکبونەوە دەدات ، ھەروەھا ماددەی ئیندۆرفین زیاد دەکات کەئازارشکێنێکی بەھێز و سروشتییە لە لەشی مرۆڤ دا.

10- سۆشیاڵبەو (كۆمه‌ڵایه‌تی) تا دەتوانیت تێکەڵ بە خەڵک بە:

بینراوە ئەو کەسانەی ئازاری موزمن و بەردەوامیان لەگەڵە و تێکەڵ دەبن لەگەڵ کەسانی تردا کە ھەمان کێشەیان ھەیە ، زیاتر دەتوانن کۆنتڕۆڵی ئازارەکەیان بکەن وەک لەوانەی تر ، ئەویش بەگوێگرتن لەو گروپانە یاخود کۆمەڵانەی کە ڕێنماییت دەکەن بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئازارەکەت و لەو نەخۆشانە پێکھاتوون کە ئازارێکی بەردەوامیان ھەیە .

11- دەرزی ئاژنین و ھایدرۆتیراپی:

ھەتا ئێستا بەتەواوەتی نەزانراوە میکانیزمی ئیشکردنی ئەم ڕێگا چارە کۆنەی چینییەکان چییە ، بەڵام ئەوەی سەلمێنراوە کە یارمەتی زیادکردنی ڕێژەی ئیندۆرفین دەدات لە لەشدا ، کە بەمەش ئازاری بەردەوام کەمدەبێتەوە ، ڕێگا چارەیەکی تر ھایدرۆتیراپیی یە ( وەرزشکردن لەناو ئاودا ) کەیارمەتی خاوبوونەوەی ماسولکەکان دەدات و گرژبوون ناھێڵێت .

دكتۆرهه‌ڤین که‌مال شاه محه‌مه‌د
پسپۆڕ له‌ زانستی ئازار و به‌نج

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

  • 6 رۆژ پێش ئێستا

    هۆکاری به‌رده‌وام بوونی ئازاری سه‌وڤانی ئه‌ژنۆ

  • 7 رۆژ پێش ئێستا

    نه‌رمبوونی ئێسك – هۆكاره‌كان ونیشانه‌كانی

  • پێش 1 هەفتە

    شه‌قیقه‌ - چۆنیه‌تی ده‌ستنیشانكردنی – چاره‌سه‌ركردنی

  • پێش 2 هەفتە

    شه‌قیقه‌ - هۆكاره‌كه‌ی و جۆره‌كانی

  • پێش 2 هەفتە

    نیشانە پێش وەختەكانی جەڵتە

  • پێش 2 هەفتە

    ھۆکارەکانی ئازاری باریکایی پشت "سێبەندە"

  • پێش 2 هەفتە

    نەخۆشیەکانی فەقەرات و ئینزیلاق

  • پێش 3 هەفتە

    نەخۆشی گەنم چییە؟ نیشانه‌كانی و چاره‌سه‌ره‌كه‌ی

سەرەتا