07/01/2022
686 جار خوێنراوەتەوە
تەندروستیی جیهانی: ئۆمیکرۆن دوا جۆری کۆرۆنا نابێت
پهیام
ڕێکخراوی تەندروستیی جیھانی (WHO) ڕایگەیاند، ئۆمیکرۆن دوا جۆری ڤایرۆسی کۆرۆنا نابێت و ڤایرۆسەکە "بەردەوامە لە گەشەسەندن".
بەڕێوەبەری گشتیی ڕێکخراوی تەندروستیی جیھانی، تیدرۆس ئادھانۆم گیبریسیۆس، لە میانی یەکەم کۆنگرەی ڕۆژنامەوانیی ساڵ لەگەڵ شارەزایانی تەندروستیی جیھانی لە ناوەندی ڕێکخراوەکە لە جنێڤ ئاماژەی بەوە کرد، لە سەرەتای سەرھەڵدانی پەتاکەوە تا ئێستا ھەفتەی ڕابردوو بەرزترین ژمارەی حاڵەتی تووشبوون بە کۆرۆنا تۆمار کراوە.
تیدرۆس ئادھانۆم گیبریسیۆس ئەوەی خستەڕوو کە جۆری ئۆمیکرۆن بەراورد بە جۆری دەلتا بە تایبەتی بە سووکی تووشی ئەو کەسانە دەبێت کە ڤاکسینیان وەرگرتووە و سەرەڕای ئەمەش، ناتوانرێت وەکو جۆرێکی "سووک" پۆلێن بکرێت و گوتی: "ھەروەکو جۆرەکانی پێشوو، ئۆمیکرۆن مرۆڤەکان نەخۆش دهخات و دەیانکوژێت. ئۆمیکرۆن کاریگەریی تسونامی درووستدەکات، زۆر بە خێرایی بڵاودەبێتەوە و فشارێکی گەورە بۆ سەر سیستمی تەندروستیی جیھان درووست دەکات".
گیبریسیۆس باسی لەوە کرد بەھۆی جۆری ئۆمیکرۆنەوە قەرەباڵغییەکی زۆر لە نەخۆشخانەکان درووستبووە، ئاماژەی بەوەش کرد بەھۆكاری کەمیی کارمەند و سەرقاڵییەوە مردن لە نێوان نەخۆشەکانی دیکە و بریندارەکاندا ڕوویداوە "کە دەتوانرا ڕێگریی لێبکرێت".
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە