29/12/2021
2017 جار خوێنراوەتەوە
بۆچی ئازار لە شان و قۆڵ دا دروست دەبێت؟
ئازاری شان و قۆڵ، یەکێکە لە ھەرە بێزارکەرترین ئازارەکانی لەش، ئازاری شان بێت یان بازوو و قۆڵەکان، یان مەچەک و دەست و پەنجەکان بێت.
ھۆکار زۆرە بۆ دروستبوونی ئەم ئازارانە، وە بەپێی ھۆکارەکەی نیشانەکانی دەگۆڕێت، بۆیە پێویستە جیاوازی بکەین لە نێوان جۆرەکانی قۆڵ ئێشە، بۆ ئەوەی چارەسەری گونجاو وەربگرین بۆی لەژێر ڕێنمایی پزیشکدا.
لێرهدا ئاماژه به چهند ھۆکارێك دهكهین:
شێوازی بەکارھێنانی ھەڵەو خووی رۆژانەی ھەڵە:
ـ ھەڵگرتنی شتی قورس:
خراپ ھەڵگرتنی شتی قورس، ئەویش بە بەکارھێنانی تەنیا یەک قۆڵ، ڕێگای ھەڵگرتنی ھەڵە زۆر جار ئازار دروست دەکات لە ئێسکدا، لەبەرئەوە ھەڵگرتنی شتی قورس، بەھەردوو پەلی سەرەوە باشترە، جگە لەوەی دەبێت بە دەستەکان ھەڵبگیرێت نەک ھەڵبواسرێت بە قۆڵەوە.
ـ شێوازی ھەڵەو جوڵەی ھەڵە لەکاتی کاردا:
زۆربەی زۆرمان لەکاتی کاردا دەستەکانمان بەکار دێنین، لەکاتی کاری وەک ئیشکردن لەسەر کۆمپیوتەر یاخود نووسین لەسەر کاغەز، بەڵام شێوازی دانانی تەندروستی قۆڵ و دەست زۆر گرنگە، بۆیە گرنگە ھەر ١٥ چرکە جارێک شێوازی دانانی قۆڵت بگۆڕیت و وەرزش بکەیت بە پەنجەکانی دەستت.
ـ شێوازی ئۆتۆمبیل لێخوڕین:
لە کاتی لێخوڕینی ئۆتۆمبیل بۆ ماوەیەکی زۆر و لەگەڵ مانەوە لەسەر یەک شێوازی دانانی قۆڵ و دەستەکان بۆ ماوەیەکی زۆر و بەرزکردنەوەو ڕاکێشانیان ئازار دروست دەبێت، بۆیە دەبێت زوو زوو دەست و باسک و بازووت بجوڵێنیت و وەرزشی پێ بکەیت.
شێوازی نووستنی ھەڵە:
ھەندێك کەس لەسەر قۆڵێکیان دەنوون، یاخود بەشێوەیەکی ناتەندروست دەینوشتێننەوە، وە لەوانەیە بەو شێوەیە ئاسوودە بن لە نووستنەکەیاندا، بەڵام ئەمە زیان دروست دەکات بۆ داھاتوو کە ئەو ماسولکانە عەزێتیان دەبێت و ئازار دروست دەکات.
ئازار لە قۆڵەکان بەھۆی ھۆکاری نەخۆشییەوە:
بڕێکجار ئازاری شان و قۆڵ بەھۆی ھەبوونی نەخۆشییەکەوە دروست دەبێت کە باوترینیان ئەمانەن:
- کارپاڵ تونیل سیندرۆم یاخود گیرانی دەماری ناوەڕاستی دەست:
بەھۆی بوونی فشار لەسەر ئەو دەمارەی کە دەچێت بۆ دەستەکان و ناوی (median nerve)ە، سڕی و ئازار دروست دەبێت لە پەنجەکان دا، ھەروەھا ھەندێکجار دەچێت بۆ دەست و قۆڵەکان.
زۆربەی جار بەھۆی بەکارھێنانی زۆری دەستە توشبووەکە لە کاتی کاردا و مستەکۆڵەی بەھێز، یاخود بەکارھێنانی زۆری کۆمپیوتەر و مۆبایل دروست دەبێت، بۆیە پشوودان بە دەستەکان گرنگە و لەگەڵیدا وەرزشی تایبەت و ھەروەھا بەپێی ئەو ڕێنماییانەی پزیشکی پسپۆڕ دای دەنێن، بۆ ئەوەی نەشتەرگەری پێویست نەبێت.
نەخۆشییەکانی دڵ یاخود جەڵتەی دڵ:
ھەندێکجار شان و قۆڵ ئێشە لەوانەیە نیشانە بێت بۆ ڕوودانی جەڵتەی دڵ، بەتایبەتی ئەگەر لەگەڵیدا ئازاری سەرسنگ ھەبوو، بۆیە پێویستە بە خێرایی ڕای پزیشکی پسپۆڕ وەرگیرێت و لەگەڵیشیدا لەوانەیە ھەناسە تووندی و ڕشانەوەو دڵتێکەڵھاتن و سەرگێژخواردن، عارەق کردنەوەو ھەرس نەکردنی خواردن و لێدانی خێرای دڵی لەگەڵ دا بێت.
ھەوکردنی ماسولکەکانی قۆڵ و شان:
بەھۆی ھەڵگرتنی شتومەکی قورس و لابردنی کەل و پەلی قورس، ھەندێکجار ماسولکەکان ھیلاک و شەکەت دەبن، دەبنە ھۆی دروستبوونی کلس لە بەستەر و ژێی ماسولکەکان، یاخود ھەوکردن لە ماسولکەکاندا، ناسینەوەی ئەم جۆرە ئاسانە، چونکە بە دەست لێدان و جوڵانی ماسولکەکان ئازار دروست دەبێت، دەتوانرێت تەنیا بە بەکارھێنانی کریم و جێڵی تایبەت و مەساج کردن بە زەیتی زەیتوون، یاخود زەیتی نەعنا، ئەمە چارەسەر کرێت کە دژە ھەوکردنیان تیادایەو ھەوکردنەکە ناھێڵن، ھەروەھا پشودان و وەرزشکردن و دوورکەوتنەوە لە ھەڵگرتنی شتی قورس بەتەنیا، یاخود بە یەک دەست.
ئازار و ھەوکردن لە مل دا و کێشەی بڕبڕەکانی مل:
ھەندێکجار بوونی کێشەیەک لە مل دا، دەبێتە ھۆی ئازار لە شان و قۆڵ داو سڕبوون و دەرزی ئاژەنین لە پەنجەکان دا، لەبەرئەوەی ئەو دەمارانەی لە بڕبڕەکانی ملەوە دەرئەچن ھەمان دەمار دێن بۆ قۆڵ و دەستەکان، بوونی ھەر فشارێک لەسەر ئەم دەمارانە، ئایە بەھۆی ئینزلاقی دیسکەوە بێت، یاخود داخورانی جومگەی فاسیت بێت لە مل دا، دەبنە ھۆی دروستبوونی ئازار، ھەندێکجار فشار لەسەر دڕکە پەتک ئازاری توند دروست دەکات لە قۆڵەکان دا.
شێوازی نووستنی ھەڵە و دانیشتنی بەردەوام بەشێوەیەک بۆ ماوەیەکی زۆر و فشاری باری دەروونی، ئەمانە ھەمووی دەبنە ھۆی ھەوکردنی دەمارەکانی مل، کە کاریگەری ھەیە لەسەر قۆڵ و پشتیش.
بەگشتیی ھەر فشار و ھەوکردنێک لە دەماری مل، شان و مەچەک، یاخود ژێی ماسولکەکانی شان و دەست، ئازار دروست دەکات لە ھەموو قۆڵەکەدا.
د. ههڤین کهمال شاھ محهمهد ـ پسپۆڕ له زانستی ئازار و بهنج
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە