24/11/2021
562 جار خوێنراوەتەوە
گازی فرمێسکڕێژ چییەو چۆن خۆمان بپارێزین؟
ئەم پێکھاتەیە لە ڕاستیدا گاز نییە، بەڵکو کۆمەڵێک پێکھاتەی کیمیایین بە شێوازی شل و پاودەری ورد، لە ژێر پەستانی بەرزدا خراونەتە نەو بتڵێکی پلاستیکی، بەکاردێت بۆ کۆنترۆڵکردن و کپکردنەوەی خۆپیشاندان.
چۆن ئیش دەکەن؟
یەکێک لە سەرەکیترین گازە فرمێسک ڕێژەکان پێیدەوترێت (کلۆرۆبێنزال ماڵۆنۆ نایتریل) CS gas کە ئەم پێکھاتەیە وادەکات ئازارێکی زۆر بۆ کەسەکە دروست بکات، لە ئەنجامدا دەبێتە ھۆی ڕژاندنی فرمێسک، چونکە ئەم پێکھاتەیە دەنووسێت بە وەرگرە ئازارییەکان (pain receptor)ەکانی وەکو TRPA1 و TRPV1 ئەم وەرگرە لە سەرجەم شانەکانی لەشدا بوونی ھەیە، بۆیە دەبنە ھۆی گۆڕانکاری لە کارو فەرمانی زۆربەی لەشمان، یەکێکی تر لە گازە فرمێسکڕێژەکان لە ھاڕاوی بیبەری توون پێکھاتووە بە شێوەی سپرا بەکاردێت، ئەم گازە فرمێسکڕێژانە دەبنە ھۆی خوراندنی پێست و ناوپۆشی ھەناسەدان، لە ئەمجامدا دەبنە ھۆی کۆکە و ھەناسە توندی و ڕژانی فرمێسک و سووربوونەوەی چاو، ڕشانەوە
ھەرچەندە تا ئێستا بەتەواوی نەزانراوە کە ئەم گازی فرمێسکڕێژانە سەلامەتن یان زیانبەخش، بەڵام چەند توێژینەوەیەک ئەوە دەخەنەڕوو کە ڕەنگە ئەم گازە فرێسکڕێژانە ببنە ھۆی وەستانی دڵ ،پەککەوتنی سییەکان، منداڵ لە بارچوون، سوتانی پێست، تەنانەت ڕەنگە ھۆکارێک بن بۆ شێرپەنجە.
چۆن خۆمان بپارێزین:
١-پۆشینی ماسکی تایبەت، ئەگەر نەبوو دەم و چاوت بەباشی داپۆشە.
٢-نابێت جلی کورت لەبەر بکەین، بۆ ئەوەی کەمترین بڕی ئەو ماددانە بەر پێستمان بکەوێت.
٣-میکیاج و کەڵوپەلی جوانکاری پێست وادەکات ئەو ماددانە بۆ ماوەیەکی زیاتر لەسەر پێستمان بمێننەوە، بۆیە لابردنی بابەتە جوانکارییەکان کلیلێکی ترە بۆ رزگار بوون لە کاریگەرییە خراپەکانی گازە فرمێسکڕێژەکان.
٤-لەکاتی بەرکەوتنت بەو گازەنە پێویستە ڕاستەوخۆ بچیتە شوێنێکی کراوە و بە زووی ئاو بە دەموچاو و ئەو بەشانەی پێستتدا بکەیت کە بەدەرەوەن، ھەروەھا بەکارھێنانی سابوون لەگەڵ ئاو بۆ شۆردنی پێستی دەم و چاو ڕێگەیەکی کاریگەرە.
٥-ئاو لە دەمت وەربدە و فڕێی بدەوە.
٦-چونە شوێنی بەرز ڕێگەیەکی باشە بۆ خۆپاراستن، چونکە ئەو گازانە قورسن و نەتوانن زۆر بەرزبنەوە و ھەرزوو دەنیشنەوە.
٧-ئەگەر نەخۆشی ھەناسە توندی و کێشەی دڵت ھەیە، پێویستە خۆت بە دوور بگریت لەو شوێنانە.
٨-دەست وەرمەدە لە دەم و چاوت.
٩-ئەگەر بە سەختی بەرکەوتەت ھەبوو، پێویستە ئەو جلانەی بەرت لابەریت کە پیس بوون بە گازە فرمێسکڕێژەکە، باشترە خێرا خۆت بشۆیت، ئاوێکی خاوێن بکەیت بە دەم و چاوتا.
١٠-پێویستە بحەوێیتەوە لە ژینگەیەکی دوور لە ژاوەژاو و خاوێن.
دکتۆر رەهێڵ فەرهاد ـ پزیشکی دەرمانساز
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە