13/11/2021
1186 جار خوێنراوەتەوە
ئایا نان دەبێتە هۆی قەڵەوی؟
کۆمەڵێک زانیاریی گرنگ دەربارەی نان:
لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا بەردەوام باس له زیانەکانی نان دەکرێت وەک هۆکارێکی سەرەکیی قەڵەوی و نەخۆشییەکانی تر، وای لێهاتووە کە مرۆڤ بەردەوام بە ترسەوە لە نان بڕوانیت و بە گومانەوە بیخوات یا گەر بتوانێت وازی لێ بێنت.
١- ئەو زیانانەی کە باس کراون بریتین لە زیانەکانی ئاردی سپی، واتە ئاردی سفر و هەموو پسپۆڕان کۆکن لە سەر ئەوەی کە پێویستە نان لە ئاردی بۆر دروست بکرێت چونکە ئاردی بۆر وەک دانەوێڵە تەواوەکان پۆلێن دەکرێت و هەر سێ پێکهاتووەکانی گەنمی تێدایە لە کاتێکدا ئاردی سپی تەنها لە (Endosperm) دروست دەکرێت و بەشی زۆری ڕیشاڵ و ڤیتامین و کانزاکانی تێدا نیە.
٢- نان بڕێکی زۆری کالۆریی تێدا نیە، واتە بە تەنها نابێتە هۆی قەڵەوی و زۆریی کێش، بەڵام نانێک کە لە ئاردی سپی دروست کرابێت یەکێکە لەو خۆراکانەی کە دەبێتە هۆی قەڵەویی ورگ، هەروەها بەهۆی کەمیی ماددە ڕیشاڵییەکان و بەرزیی (glycemic index) ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی شەکرە زیاتر ئەکات، ئاردی بۆر و ئاردی گەنمەشامی و شۆڤان و ئاردی جۆ و ئاردی بادام باشترن و مرۆڤ درەنگتر هەست بە برسیەتی دەکات.
٣- بڕی ڕێگەپێدراو ڕۆژانە لە ئارد بە شێوەیەکی گشتی بریتییە لە (178 گرام)، بەڵام ئەو ڕێژەیە بە پێی جۆری خواردن و پیشە و چالاکی جەستە و ئەنجامدانی وەرزشەوە دەگۆڕێت، واتە ڕۆژانە نزیکەی دوو نانی بازاڕ، بەڵام لە یادمان نەچێت کە خۆراکی تری وەک پیتزا و کێک و ئیشی هەویر و پسکیت ئارد هەیە.
٤- لە کوردستانی باشوور نانی بازاڕ بڕی زیاتری لێ دەخورێت کاتێ کە گەرم بێت و نانی تیری و هەورامی کەمتری لێ دەخورێت.
٥- ڕێژەیەکی دیاری کراو لە دانیشتووان ماددەی گلوتینی ناو گەنم و جۆیان پێ ناکەوێت و هەرسی ناکەن، لە ئەمریکا ڕێژەی %7ی دانیشتووان ئەم حاڵەتەیان هەیە، واتە زۆرینەی خەڵک ئەو کێشەیهیان نییە، ئاردی سپی بڕی گلۆتینی زیاتری تێدایە، پێشتر ئەم حاڵەتە و نیشانەکانی و شێوازی چارەسەرکردنیم بڵاوکردووهتەوە.
٦- بوونی ڕەشکە و شمڵی و تۆوەکانی تر لە ناو نانی ئاردی بۆر سوودەکانی زیاد دەکات، هەروەها بەکارهێنانی خومرە لە بری سۆدە بژاردەیەکی زۆر تەندروستە.
٧- گرنگترین هۆکاری قەڵەوی بریتییە لە خواردنی بڕی زیاتر لە پێویستی لەش لە کالۆری لە ڕۆژێک دا، خواردنی دەوڵەمەند بە کاربۆهێدراتی سادەی وەک ئاردی سپی و برنجی سپی و شەکری دروستکراو و شیرینی بڕێکی زۆر لە کاربی تێدایە، لە هەمان کاتدا دەبێتە هۆی زوو برسی بوونەوە، بەڵام ماددە پڕۆتینەکان ماوەیەکی زۆر زیاتری دەوێت تا هەرس دەکرێن و درەنگتر مرۆڤەکە برسی دەبێتەوە، کەس نیە بە نان و ماست یا نان و تەماتە قەڵەو بێت، بەڵکو کۆی خۆراکی خوراو و جۆرەکەی بە درێژایی ڕۆژەکە پێویستە ئەژمار بکرێت.
٨- لە کۆتاییدا کاتی ئەوە هاتووە کە نانی ئاردی بۆر لە بری نان و سەموونی ئاردی سپی بخورێت ڕۆژانە.
ئامادەکردنی
د. کامەران ڕهسوڵ ژاژڵەیی
پسپۆڕی زانستی خۆراک
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە