05/11/2021 958 جار خوێنراوەتەوە

بارانی پەڵە چییه‌؟

 

بەگشتی لەناو کۆمەڵگەی کوردی و تایبەتـتر بڵێین لە زوبانی جوتیارانمانەوە، وشەیەک هەیە کە لە کۆتاییەکانی مانگی (دە)و سەرەتای مانگی (یانزە)دا زۆر دێتە بەرگوێمان ئەویش زاراوەی “پەڵە”یە.
لە کوردستان، باران بارین وەرزییە، بەگشتی لە ناوەڕاستی پایز دەستپێدەکات و لە ناوەڕاستی بەهار بەکۆتا دێت، ئەمەیش وا دەکات لەو مانگانەی تێیدا باران نابارێت و پلەی گەرمی بەرز دەبێتەوە ئەو شێ و تەڕییەی کە لە خاکدا هەیە ببێت بە هەڵم بەجۆرێک کە لە پایزدا پێویستی بە سەرووی ٣٠ بۆ ٤٠ ملم بارانی بەردەوام هەیە تا ئەو بەشەی سەرەوەی خاک تێرئاوببێت.

پەڵە لە ئەزموونی جوتیارانەوە:
"پەڵەی داوە” دۆخێکە تێیدا هێندە باران دابارێت بەڕادەیەک کە زەوییەکی کشتوکاڵی لەباربێت بۆ چاندنی دەغڵ و لە کاتی جووتکردندا هیچ خۆڵێکی وشک بە دەمی گاسنەوە نەیەتە دەرەوە، یاخود دۆخێکە کە زەوییەکی کشتوکاڵی تۆوکراوی کێڵدراو دوای باران بارینەکە تۆوەکەی چەکەرە بکات و بەبێ فەوتان سەوزببێت.

 

پەڵە لای شارەزایانی کشتوکاڵی:
شارەزایانی کشتوکاڵی بڕوایان وایە کە ئەو خاکەی سودی لێوەردەگیرێت، وەکو زەوییەکی کشتوکاڵی گونجاو بۆ دانەوێڵە بە نزیکەیی بریتییە لە (30 سم) لە ڕووی زەویەوە بەرەو قوڵایی، (قوڵترین ئاست کە دەمی گاسن پێی بگات 30 سێنتیمەترە، وێنەکەی دانراوە).
هەربۆیە ئەوان بڕوایان وایە کە خاک پێویستی بە دابارینی بارانێکە بگاتە ئەو قوڵاییە، بە لەبەرچاوگرتنی جیاوازی پێکهاتەیی جیۆڵۆجی خاک و دابەزینی ئاستی ئاوی ژێرزەوی و هەروەها کەمبوونەوەی ڕادە شێ لە خاکدا وە بۆ بڕیاردان لەسەر ئەوەی کە بڵێین پەڵەی داوە، خاک پێویستی بە هەڵمژینی بڕی (30-40)ملم بارانی بەردەوام هەیە.

هەروەها نابێ ڕۆڵی جیۆڵۆجیش لەیاد بکەین، چونکە ئەو خاکەی کە لە بەردی لمین و لایمستۆنەوە دروست بوون زیاتر فشەڵن و بە نزیکەیی لە (30) ملم بارانبارین پەڵەی لەسەر ئەدات، ئەوانەیش کە لەبەردی گڵینەوە دروست بوون بەهۆی کەمی توانای بڵاوبوونەوەی ئاوەوە (Permeability) درەنگتر و بە سەرووی (30) ملم بارانبارین ئینجا پەڵەی لەسەر ئەدات.

 

پەڵە لە ڕووی هایدرۆجیۆڵۆجیەوە:
ئەگەرچی دەقاودەق ووشەی "پەڵە" لە زانستی ئاوی ژێرزەویدا بوونی نییە، بەڵام ئەکرێت وشەی پەڵە ببەستینەوە بە هەندێ دابەشکاری بۆ ئاوی ژێرزەوی و زاراوەی تایبەت بەو زانستە.
بۆ نمونە، زاراوەی (Soil Moisture Deficit, SMD)، واتە کەمبونەوەی شێ لەخاکدا، بەگشتی لە مانگەکانی 6 بۆ 10 بەهۆی نەمانی باران و گەرم بوونی پلەی گەرمی و هەڵمژینی ئاو لەلایەن گژ و گیا و درەختەکانەوە و هەروەها دابەزینی ئاستی ئاوی ژێرزەوی، خاک هێدی هێدی ئەو شێ و تەڕییەی کە پێشتر کۆی کردبۆیەوە ئەبێتە هەڵم و بەتەواوی لە دەستی دەدات.

 

بۆ قەرەبووکردنەوەی (SMD)، واتە ئەو شێ لەدەستچووەی خاک، پێویستە ئەوەندە باران دابارێت تا (SMD) بکاتە سفر و بیگەڕێنێتەوە دۆخی (Field Capacity or Specific Retention)، ئەوەیش دۆخێکە بەمانای ئەوەدێت کە خاک ئەوەندە ئاوی باراناوی وەرگرتبێت بەڕادەیەک شێ و تەڕی لە بەشی سەرەوەی خاکدا بمێنێتەوە بێ ئەوەی هیچ کاریگەرییەکی هێزی کێش کردنی زەویشی لەسەر مابێت.
پسپۆڕ و گەورە شارەزای بواری زانستی ئاو (David K. Todd) لە کتێبی (Groundwater Hydrology)دا دابەشکارییەکی زانستیانەی بۆ ئاوی ژێرزەوی کردووە و زۆر بەڕوونی ئەو بەشەی خاکی باسکردووە کە باراناو وەردەگرێت و گونجاوە بۆ بواری کشتوکاڵی (وێنەکەی دانراوە).

لە کتێبەکەیدا، (Todd) دەرکەوتنی ئاوی لە ژێر زەویدا دابەشکردووە بۆ دوو ناوچەی سەرەکی، یەکەمیان کە ئەستورییەکەی لە ڕووی زەوییەوە بەرەو قوڵایی لە چەند مەترێک پێکهاتووە (لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر دەگۆڕێت) پێی دوترێت ناوچەی ناتێر بە ئاو (Unsaturated zone or Zone of Aeration)، دووەمیان کە ڕاستەوخۆ دەکەوێتە ژێر ناوچەی یەکەمەوە پێی دەوترێت ناوچەی تێراو ( Zone of Saturated or Phreatic Zone). شایەنی باسە کە ئەم دوو ناوچەیەیش ئاستی ئاوی ژێر زەوی لێکیان جیادەکاتەوە و پێی دەڵێن (Water Table).
ئەو بەشەی سەرەوەی خاک کە سودی کشتوکاڵی هەیە و ئاوی باراناوی پێدا دزەدەکات بەرەو قوڵایی ئەکەوێتە ناوچەی ناتێر بە ئاو وە پێی دەوترێت ناوچەی خاک و ئاو (Soil-Water Zone).
هەرکاتێک ناوچەی خاک و ئاو کە ئەستورییەکەی لە ڕووی زەوەییەوە بەرەو قوڵایی بە نزیکەی (مەترێک بۆ دوو مەتر ئەبێت) شێی پێویستی تێدا کۆبۆیەوە بەڕادەیەک دار و درەخت و دانەوێڵە نەگەنە ئاستی سیسبوونەوە (Wilting Point) ئەوا ئەتوانین بڵێین لە ڕووی زانستی هایدرۆجیۆڵۆجیشەوە پەڵەی داوە، لەم بارەیشدا پێویستمان بە سەرووی (30)ملم دابارینی بارانی بەردەوامە بۆ پەڵەی دانەوێڵە، وە هەروەها پێویستمان بە سەرووی (70) بارانی بەردەوامە تا ناوچەی خاک و ئاو شێی پێویست وەربگرێت کە ئەمەیان زۆر بە سودە بۆ بواری باخداری.

 

لە ڕووی ئەدەبییەوە:
له‌ " هه‌مبانه‌ بۆرینه‌" دا هه‌ژار موكریانی به‌م دێڕە باسی بارانی پەڵەی کردووە و نووسیوویه‌تی:" په‌ڵه‌ واته‌ بارانی تێری ده‌غڵ".
لەلایەکی تریشەوە شێخ محه‌مه‌دی خاڵ له‌ به‌رگی یه‌كه‌می " فه‌رهه‌نگی خاڵ"دا بەم شێوەیە تێڕوانینی خۆی بۆ بارانی پەڵە دەخاتەڕوو:" په‌ڵه‌ بارانێكی تێكڕاییه‌ له‌ ناوه‌ڕاستی پاییزدا ده‌غڵ‌و دان‌و گیای پێ ئه‌ڕوێ ‌و جووتی پێده‌كرێت"

 

ئازاد سه‌نگاوی ـ ماستەر لە هایدرۆجیۆڵۆجی
مامۆستا لە زانکۆی سلێمانی.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

  • پێش 3 هەفتە

    چین.. درۆنێك بە قەبارەی مێشێك دروستكرا و كامێرای بچووكی تێدایە

  • 03/06/2025

    ئەگەر نوێژى هەینى و جەژن کەوتە یەک ڕۆژ چى بکەین؟

  • 26/05/2025

    سەیدسادق.. لەبەر پەڕەسێلكە خاوەن دووکانێک دەستبەردارى نۆژەنکردنەوەى دووکانەکەى دەبێت

  • 23/05/2025

    كاسبكارێك لەپێناو دروستى مامەڵەکەى ورد و درشتی فرۆشراوی دووكانەكەی تۆمارکردووە

  • 19/05/2025

    یابان.. گەنجێك بەهۆی زۆر شۆڕكردنەوەی سەرى بەسەر مۆبایلدا توانای سەربەرزكردنەوەی لەدەستدا

  • 19/04/2025

    بۆ یەكەمجار لە وڵاتی چین ماراسۆنێك لە نێوان مرۆڤ و ڕۆبۆتدا ڕێكخرا

  • 04/04/2025

    قورئانەكەی گڵەزەردە مێژووی نووسینەوەی بۆ چوار سەدە لەمەوبەر دەگەڕێتەوە

  • 31/03/2025

    سێ ئیسپانی بە سواری ئەسپ ماوەى 5 مانگە بەمەستى ئەنجامدانی حەج بەڕێکەوتوون

سەرەتا