20/10/2021
222 جار خوێنراوەتەوە
عومهر گوڵپی: حكومهتی ههرێم داهاتی له خهرجییهكانی زیاتره
پهیام
ئهندامێكی پهرلهمانی كوردستان ڕایدهگهیهنێت "هۆكار و پاساوهكانی حكومهت بۆ ئامادهنهكردنی پرۆژهیاسای بوودجه ڕاستهقینه نین". دهشڵێت "له ئێستادا داهاتی ههرێم زیاتر له ترلیۆنێك و 200 ملیار دیناره و ٢٩٠ ملیار دیناری زیاتره له خهرجییهكانی مانگانه بۆ ههموو بوارهكان".
عومهر گوڵپی، ئهندامی لیژنهی دارایی له پهرلهمانی كوردستان رایدهگهیهنێت، حکومەتی هەرێم بە شێوەی کرداری داهاتی خۆی هەیە، کە تەنها خۆی بەرپرسیارییەتی و بەغدا هیچ ئاگاداری داهات و خەرجییەکانی نییە، رونیشیدهكاتهوه: "هەرێم مانگانە داهاتی زیاترە لە یەک ترلیۆن و 240 ملیار دینار، کە 290 ملیار دیناری زیاترە لە خەرجییەکانی".
نووسینهكهی عومهر گوڵپی:
بە ژمارە 116 لە بەرواری 25ی 7ی 2021 داوام لە وەزارەتی دارایی کرد هۆکاری ئامادە نەکردنی یاسای بودجە و نەناردنی بۆ پەرلەمان بۆ ماوەی هەشت ساڵ لەسەر یەک روون بکاتەوە، بە نووسراویان ژمارە 4116 لە 14ی 9ی 2021، بەڕێز وەزیری دارایی وەڵامی داوینەتەوە، لە وەڵامەکەدا لەلایەک کەمتەرخەمییەکە لە کۆڵی وەزارەت دەکاتەوەو ئەیخاتە ئەستۆی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانو ئەڵێت ئێمە لە 2017 ەوە بەردەوام ڕەشنوسی یاسای بودجەمان ئامادە کردووە و ناردوومانە بۆ سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران، بەڵام هیچ ئەنجامێکی نەبوووە، لەلایەکی ترەوە هۆکارەکە بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە بودجەی هەرێم پشت بە داهاتی پشکی هەرێم لە بودجەی عێراق دەبەستێت، ئەوەش چەند جارێکە گۆڕانکاریی تێدا دەکرێت، بۆیە نەتوانراوە یاسای بودجە ئامادە بکرێت!
هۆكارهكان جێگهی باوهڕن؟
بێگومان ئەم دوو هۆکارە هیچیان هۆکارو پاساوی ڕاستەقینە نین، ئەوەی کەمێک شارەزایی لە یاساو بواری ئابوریو دارایی هەبێت دەزانێت ئەم هۆکارو پاساوانە پەسەند نین بۆ نهبوونی یاسای بودجه، چونکە بە پێی ماددەی 98 لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان پێویستە ئەنجومەنی وەزیران لەسەرەتای تشرینی یەکەم، واتە مانگی 10ی هەرساڵێکی دارایدا پڕۆژە یاسای بودجەی خۆی بنێرێتە پەرلەمان، بۆ ئەوەی گفتوگۆ بکرێتو پەسەند بکرێت، بەڵام بێجگە لە ساڵانی ڕابردوو، وا ئەمساڵیش لە کۆتایی مانگی 10 نزیک دەبینەوەو هیچ باسێک لە پڕۆژە یاسای بودجە نییە، هەروەها لە ساڵی 2014ەوە هەرێم خۆی بەرپرسیاری سیاسەتی ئابوری خۆی لە ئەستۆ گرتووە، هەروەها چاوەڕوانی بەشە بودجەی بەغدا ڕاست نییە، چونکە ئەنجومەنی وەزیران دەتوانێت بە داهاتی خۆی(کە ئێستە داهاتێکی گەورەیە) یاسای بودجە دابڕێژێتو لە پەرلەمانەوە پەسەند بکرێت، پاشان هەر بڕە پارەیەکیش لە بەغداوە گەیشتە هەرێم بە پاشکۆیەک بۆ بودجەی هەر ساڵێک لە پەرلەمانەوە پەسەند بکرێت یان هەموار بکرێت، یان وەک وەفر مامەڵەی لەگەڵ بکرێت.
داهاتی مانگانهی حكومهت چهنده؟
حکومەتی هەرێم بە شێوەی کرداری داهاتی خۆی هەیە، کە تەنها خۆی بەرپرسیارییەتی و بەغدا هیچ ئاگاداری داهات و خەرجییەکانی نییە، لە ئیستادا نرخی جیهانی نەوت نزیکەی 85 دۆلارە، واتە نەوتی هەرێم بە نزیکەی 70 دۆلار دەفرۆشرێت، بەمجۆرە داهاتی نەوت نزیکەی (700 ملیار دینار)ی مانگانەیە پاش لێدەرکردنی خەرجییەکان، داهاتی گومرگ زیاترە لە 150 ملیار دینار، داهاتی باج زیاترە لە 90 ملیار دینار، داهاتی رسومات و کرێی خزمەتگوزاری زیاترە لە 100 ملیار دیناری مانگانە، لە بەغداشەوە مانگانە 200 ملیار دینار دەگاتە هەرێم، واتە هەرێمی کوردستان مانگانە داهاتی زیاترە لە (یەک ترلیۆن و دوو سەدو چل ملیار دینار)ی مانگانە، کە (290 ملیار دینار)ی زیاترە لە خەرجییەکانی مانگانە بۆ هەموو بوارەکان کە (950 ملیار دینار)ن بە مووچەی تەواویشەوە، ئیتر بۆ ناکرێت ئەم داهات و خەرجیانە لە چوارچێوەی یاسای بودجە ڕێک بخرێن؟ چی ڕێگرە؟ کێ ڕێگرە؟ ئەنجومەنی وەزیران پارەی کوردستان چی لێدەکات؟
نهبوونی یاسای بودجه واته چی؟
نەبوونی یاسای بودجە شتێکی سادە نییە، نەبوونی یاسای بودجە واتە حکومەت لە دەرەوەی یاسا هەڵس و کەوت لەگەڵ داهات و خەرجییەکان دەکات، واتە حکومەت هیچ پلان و بەرنامەیەکی دارایی نییە، واتە حکومەت هیچ بەرنامەو پلانێکی بۆ تەرخانکردنی بودجە بۆ شارەکان نییە، هیچ پلانو بەرنامەیەکی بۆ بەگەڕخستنەوەی پڕۆژەکان بەشێوەی دادگەرانە نییە، واتە حکومەت هیچ پلانو بەرنامەو سیاسەتێکی کۆمەڵایەتی، ئابوری، سیاسی، پەیڕەو ناکات، واتە دیار نییە حکومەت گرنگی بە چی دەدات؟ داهات چی لێدەکات؟ کەی دامەزراندن دەست پێدەکاتەوە بۆ ئەو بوارانەی کەرتی گشتی کە پێویستن؟ چۆن چۆنی هەلی کار بۆ گەنجان دەڕەخسێنێت؟ چی دەکات بۆ گەڕاندنەوەی قەرزی مووچەخۆران؟ چی دەکات بۆ گەڕاندنەوەی پاشەکەوت؟ کەی پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەران دەست پێدەکاتەوە؟ کەی فەرمانبەرانی گرێبەست ئەکاتە هەمیشەیی؟ کەی وانەبێژان دادەمەزرێنێت کە لە بنەمادا پێویستی قوتابخانەکانن؟
حکومەت کۆتا یاسای بودجەی لە ساڵی 2013 بووە، دەرەچەی یاسایی بۆ نەبوونی یاسای بودجە تەنها بۆ ساڵێکە کە بەشێوەی یەک لەسەر دوانزەی ساڵی پێشووە، لە دوای ئەو ساڵەوە حکومەت بەردەوام بەشێوەی نایاسایی هەڵسو کەوت لەگەڵ داهاتو خەرجی دەکات، لە دەرەوەی یاساش گومانی هەموو شتێکی خراپی لێ دەکرێت تەنها چاک نەبێت!
كێشه چییه؟
کاتێک حکومەت بێ پلانو بەرنامەی ئابورییە، کاتێک حکومەت یاسای بودجەی نییە، بێگومان مووچهی خهڵك مسۆگهر نابێتو دابهشنهكردنی به پێی یاسا ئهگهرێكی كراوه دهبێت، کێشەی گرانبوونی نرخی بەنزین و نەوتی سپی ماڵان دروست دەبێت، کێشەی تەواونەکردنی پڕۆژەکان دروست دەبێت، کێشەی خەرج نەکردنی شایستەی هاووڵاتیانی کەمئەندام دروست دەبێت، کێشەی هەژاری هەژارەکان گەورەتر دەبێت، کێشەی کەمیو خراپی خزمەتگوزارییو کێشەی نەبوونی دادگەریی لە وەگەڕخستنەوەی پڕۆژەکانو سەدان کێشەی تر.
حکومەت بەمجۆرە بەڕێوە نابرێت، ئەمە حکومەتداری پێ ناڵێن، دەکرێت سەرۆکی حکومەتو جێگرەکەی شتێکی تری ناو لێبنێن، بەڵام ئەمە حکومەت نییە!
بەهۆی هەموو ئەم مامەڵە نایاساییانەی ئەنجومەنی وەزیران لەگەڵ داهاتو خەرجی، ڕۆژ بە رۆژ کێشە ئابورییەکان گەورەتر دەبن، ئاڵۆزتر دەبن، لە ئایندەشدا تەنهاو تەنها بە کارکردن بە یاساکان دەتوانرێت ڕێگە چارەی ڕاست بدۆزرێتەوە، ئەگەرنا دۆخەکە خراپتر دەبێت ئەگەرچی رۆژ بە رۆژ داهاتەکانیش زیاتربن.
پێویسته چی بكرێت؟
پێویستە یاسای نەوتو گاز وهكخۆی جێبەجێبکرێت، ئیتر نەوتو داهاتەکەی لە تاریکیدا نەهێڵرێتەوەو بۆ پهرلهمانو ڕاكیشتی بخرێته ڕوو، ههروهها ڕێگه بدرێت دیوانی چاودێری دارایی چاودێری پرۆسهی دهرهێنان تا فرۆشتنو گهڕاندنهوهی داهاتی نهوت بكات، یاسای بودجە هەبێت كه ئهكاته بوونی پلانو بهرنامهی داراییو ئابوری، یاساب بودجه ئهگهر به بابهتیانهو زانستیانه و یاساییانه مامهڵهی لهگهڵ بكرێت دهبێته هۆی دیارییو شهفافی داهاتو خهرجی، بە یاسایی مامەڵە لەگەڵ مووچەی مووچەخۆراندا بکرێت بەتایبەت سەبارەت بە پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەران، هەروەها ساڵانە بە پێی یاساو دادگەرانە بودجە بۆ دامەزراندنو بوارە جیاجیاکان تەرخان بکرێت، هەموو ئەمانەش واتە پلانو بەرنامەی داراییو ئابوری.
ئێمە بەردەوام دەبین لەسەر بەدواداچوونو فشارەکان، تەنها لە پێناو بەرژەوەندی گشتیو ئایندەی وڵاتەکەماندا.
عومەر گوڵپی
ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان
20ی 10ی 2021
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە