26/08/2021
648 جار خوێنراوەتەوە
کاریگەریی ئاین لەسەر مەتەڵی کوردی
تۆفیق كهریم
مەتەڵ: دەربڕینێكی هونەرییە لە بەرگی پرسیاردایە، پرسیارەكەش تەمومژاوییە و وەڵامەكەشی شاراوەیە .
كاریگەریی بیروباوەڕی ئایینی لەسەر مەتەڵ
ڕەنگدانەوەی بیری ئایینی لە مەتەڵی كوردیدا ئاشكرایە، ئیدی مەبەست پێی فێركاری بێت یان تاقیكردنەوەی شارەزایی بەرامبەر بابەتە ئایینییەكان یاخود بڵاوكردنەوەی زانیاری بێت، گرنگ ئەوەیە بە چاوگێڕانێك بە مەتەڵەكاندا دەبینین ئایینی ئیسلام تەواو تێكەڵ بە كولتووری كوردی بووە، بەڵكوو بووەتە سەرچاوەیەكی بنەڕەتیی كولتووری كورد. لەم مەتەڵانەدا تێدەگەین ئەوەی مەتەڵەكەی داهێناوە، شارەزای باشی بیروباوەڕی ئیسلامە و زانیاریی لە شەریعەتدا هەبووە و ئاگای لە چیرۆكە قورئانییەكان و ڕووداوە مێژووییەكانی ئیسلام هەیە، بۆ سەلماندنی ئەم قسەیەمان با گەشتێك بەناو مەتەڵەكاندا بكەین و لە چەند ڕوویەكەوە لێیان بڕوانین:
یەكەم: لە بواری بیروباوەڕدا
باوەڕ بە خودای مەزن
1. لە هەموو كەس بێكەسترە، لە هەموو كەسیش بەتواناترە.
2. یەكە و نابێت بە دوو .
3. بێ باك و بێ داك، بێ ماڵ و منداڵ.
4. یەكە و لە هەزاریش گەورەترە.
5. ئێمە دەیبینین، خودا نایبینێت.
6. ئێمە هەمانە، خودا نییەتی.
وەڵامی چوار مەتەڵی سەرەتا "خودا"یە، ڕەنگە زۆریش بەئاسانی بدۆزرێتەوە، ڕەنگە زیاتر ئەم مەتەڵانە بۆ منداڵ وترابێت تا پێویستی بە بیركردنەوەی زۆر نەبێت، زوو وەڵام بداتەوە، بەڵام هەریەكەیان لە سیفەتێكی خودای مەزن دەدوێت، ڕەنگە بە هەموویانەوە مانایەكی جوانی ئەم سوورەتە بكەن: [قُلْ هُۆ الڵّهُ أَحَدٌ (1) الڵّهُ الصَّمَدُ (2) ڵمْ ێلِدْ ۆڵمْ یُوڵدْ (3) ۆڵمْ ێكُنْ ڵهُ كُفُوًا أَحَدٌ (4)] (الإخلاص)، واتە: بێژە ئەو خودایە تاكە (1) خودایەكی بێ نیاز و جێ نیازە (2) كەس لەو نەبووە و ئەویش لە هیچ كەس نەزاوە (3) هەرگیز كەسیش نەیتوانیوە هەمبەری بێ (4). بەڵام مەتەڵی پێنجەم و شەشەم وەڵامەكەیان ئاڵۆزە، ئەگەر بە سادەش سەیر بكرێن، بە جۆرێك لە سنووربەزاندن و كوفركردن دێنە پێشچاو، بەڵام كە لێیان ورد دەبیتەوە، زانستی ڕەوانبێژیی تێدا بەكار هاتووە و یاری بە دەستەواژەكان كراون. وەڵامی مەتەڵی (5): ئەگەر ئێمە مردن دەبینین واتە بەسەرمان دێت، بەڵام خودا مردنی بەسەردا نایەت، (6)یش دەڵێت: ئێمە خودامان هەیە و جێنیازمانە، بەڵام خودا بێنیازە و خودایەكی دیكەی نییە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە