23/08/2021
420 جار خوێنراوەتەوە
نۆ ڕێگە بۆ کۆنترۆڵکردنى توڕەیى
ئایا توڕە دەبیت کاتێک کەسێک ناهێڵێت لە
ترافیکدا پێشی بکەویت؟ ئایا پەستانی خوێنت وەک موشەک دەفڕێت کاتێک مناڵەکەت ڕەتی
دەکاتەوە یارمەتیت بدات؟ توڕەیی هەستێکی زۆر ئاسایی و بگرە تەندروستیشە بەڵام زۆر
گرنگە کە بەشێوەیەکی دروست و ئەرێنی مامەڵە لەگەڵ توڕەبوندا بکەیت. توڕەبونێکی
کۆنتڕۆڵنەکراو کاریگەرییەکی زۆر خراپ لەسەر تەندروستیت و پەیوەندییە
کۆمەڵایەتییەکانت جێدەهێڵێت
ئامادەیت توڕەییت کۆنتڕۆڵ بکەیت؟ بەم دە خاڵە یارمەتیدەرانە
دەستپێبکە.
١-بیربکەوە پێش ئەوەی قسەبکەیت
لەهەستیارترین چرکەی توڕەییتدا، بە ئاسانی شتانێک دەڵێیت کە دواتر
پەشیمان دەبیتەوە لەوتنیان. بۆ چەن چرکەیەک خۆت ڕابگرە تا بیرکردنەوەکانت
ڕێکدەخەیت پێش ئەوەی هیچ بڵێیت. و ڕێگە بدە ئەوانی دی کە لەو دۆخە لەگەڵتدان هەمان
کار ئەنجام بدەن.
٢-هەرکات ئارام بویتەوە، توڕە بونەکەت دەرببڕە
لەوکاتەدا کە بە ڕونی بیردەکەیتەوە، دامرکاندنەوەی خۆت دەرببڕە
بەشێوازێکی بەزەبر بەڵام بەرەنگاری نا. لەبارەی نیگەرانییەکانتەوە بدوێ و دەبێ
بەشێوەیەکی ڕون و راستەوخۆ بێت، بەبێ ئازاردانی ئەوانی دی یان هەوڵدان بۆ
کۆنتڕۆلکردنیان.
٣-کەمێک ڕاهێنان بکە
چالاکییە جەستەییەکان یارمەتیدەرت دەبن لە کەمکردنەوەی ئەو سترێسەی
کە ڕەنگە ببێتە هۆی توڕەبونت. ئەگەر هەستت کرد توڕەبونت لەزیادبوندایە، بڕۆ و
ڕاکردنێکی کورت یان پیاسەیەک بکە، یان کەمێک کات بەسەرببە لە ئەنجامدانی چالاکییە جەستەییە
چێژبەخشەکانت.
٤-پشویەک بەخۆت بدە
پشودان و چونەدەر تەنیا بۆ منداڵان نییە.
پشویەکی کورت بەخۆت بدە لەوکاتانەی ڕۆژدا کە پڕن لە سترێس. ماوەیەکی کورت
لەبێدەنگی ڕەنگە یارمەتیدەرت بێت تا هەست بە باشتربون بکەیت و خۆت ئامادە بکەیت بۆ
ئەو شتانەی دواتر دێنە بەردەمت بەبێ وەڕس بون و توڕە بون.
٥-چارەسەرە گونجاوەکان دیاریبکە
لەجیاتی سەرنج خستنە سەر ئەو شتانەی کە توڕەتدەکەن، ڕاستەوخۆ کاربکە لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکە. ئایا ژورە بڵاوەکەی مناڵەکەت شێتت دەکات؟ کەوایە دەرگاکە دابخە. ئایا هاوسەرەکەت
هەمووکات دوادەکەوێ بۆ نان خواردنی ئێوارە؟ خشتەی نانخواردنی ئێوارانت کەمێ دوابخە
یان ڕازیبە بەوەی هەندێک ئێوارە لەهەفتەکەدا بەتەنیا نان بخۆیت. هەمیشە ئەوە
بیرخۆت بهێنەرەوە کە توڕەیی چارەسەر نییە بۆ هیچ شتێک و ڕەنگە تەنانەت خراپتریشی
بکات.
٦-جەختبکەوە لەسەر وشەی (من)
بۆ دورکەوتنەوە لە ڕەخنەگرتن و لۆمەکردن، کە تەنیا دەبنە هۆی
زیادبونی ڕێژەی گرژی، وشەی (من) بەکاربهێنە بۆ رونکردنەوەی کێشەکە. بەڕێز و ورد
بە. بۆ نمونە بڵێ "من نیگەرانم لەبارەی ئەوەی کە مێزی نانخواردنەکەت جێهێشت
بێ ئەوەی یارمەتیم بدەی لە لەلابردنی قاپەکان" لەجیاتی ئەوەی بڵێی "تۆ
هەرگیز ئیشێک ناکەیت لەم ماڵەدا".
.
٧-بوغزاوی
و ڕقهەڵگر مەبە
لێبوردن کەرەستەیەکی بەهێزە. ئەگەر ڕێگە
بدەیت توڕەیی و هەستە نەرێنییەکانت جێگەی هەستە ئەرێنییەکانت بگرنەوە، ڕەنگە خۆت
ببینیتەوە کە کەوتویتە ژێر ڕکێفی داخلەدڵی خۆت و هەست کردنت بە نادادپەروەری. بەڵام
گەر بتوانیت کەسێک ببوریت کە توڕەی کردویت، ئەوا هەردوکتان لەو بارودۆخە پەند وەردەگرن
و دەیکەنە هۆکارێک بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکەتان.
٨-کارامەیی ڕاهێنانی ئارامبونەوە
کاتێک هێمنبونەوەت دەگەشێتەوە، کارامەیی ئارامبونەوە کارابکە.
ڕاهێنانی هەناسەی قوڵ و درێژ بکە، خەیاڵی هەستی ئارامبونەوە بکە، وشەیەک یان
دەستەواژەیەکی ئارامکەرەوە بڵێرەوە، وەک "ئارام بەرەوە". ڕەنگە پێویست
بکا گوێ لە میوزیک بگریت، شتێک بنوسە یان کەمێ یۆگا بکە، هەرشتێک کە هانت بدات
بەرەو ئارامبونەوە.
٩-بزانە کەی داوای یارمەتی دەکەیت
فێربونی کۆنتڕۆڵ کردنی تورەیی چاڵنجێکە بۆ هەمووان. داوای یارمەتی بکە
لەکاتی توڕەبوندا ئەگەر زانیت خەریکە توڕەبونت لە کۆنتڕۆڵ دەردەچێت، کە ئەمەش
دەبێتە هۆی ئەوەی شتانێک ئەنجام بدەیت دواتر ببێتە هۆی پەسیمانبونەوەت و ئازاردانی
کەسانی دەوروبەرت.
سەرچاوە:
Mayoclinic
وەرگێڕانی: تەنو هێلین
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە