17/08/2019 133 جار خوێنراوەتەوە

دیارده‌ی زمانگرتن له‌منداڵاندا، هۆكار و چاره‌سه‌ر

په‌یام

زمان گرتن یه‌كێكه‌ له‌به‌ربڵاوترین حاڵه‌ته‌كانی زمان و ئاخاوتن كه‌ توشی منداڵ ده‌بێت له‌قۆناغه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی منداڵیدا، وئه‌م حاڵه‌ته‌ له‌ڕه‌گه‌زی نێردا زیاتر به‌راورد به‌ ڕه‌گه‌زی مێ، ئه‌م گرفته‌ ده‌بێته‌هۆی توشبونی تاك به‌گرفتی ده‌روونی، هه‌ڵچوون، پیشه‌یی و هه‌روه‌ها خوێندن.
زمان گرتن ئه‌گه‌ر چاره‌سه‌ركردنی پێویستی بۆ ئه‌نجام نه‌درێت له‌كاتی خۆیدا له‌گه‌ڵ زیادبوونی ته‌مه‌ن گه‌شه‌ده‌كات و نیشانه‌ی دیكه‌ی تیادا ده‌رده‌كه‌وێت به‌مه‌ش حاڵه‌ته‌كه‌ زیاد ده‌كات و چاره‌سه‌ركردنه‌كه‌ی قورستر ده‌بێت.

زمان گرتن: بریتییه‌ له‌شڵه‌ژانی پاراوی‌ (طلاقة) له‌قسه‌كردندا، ده‌رده‌كه‌وێت له‌شێوه‌ی دووباره‌بوونه‌وه‌و وه‌ستان ودرێژكردنه‌وه‌ی نائاسایی له‌پیت یاخود وشه‌، له‌ ده‌رئه‌نجامی بوونی گرژی له‌ ماسوولكه‌كانی هه‌ناسه‌دان وده‌ربڕین.

نیشانه‌كان ودیارده‌كانی زمان گرتن:
یه‌كه‌م:نیشانه‌ سه‌ره‌كییه‌كان:
- دووباره‌كردنه‌وه‌ی پیته‌كان یاخود بڕگه‌كان وه‌ك (دا دا دا – دایكه‌) (قو قو قو – قوتابخانه‌)
- درێژكردنه‌وه‌ی ده‌ربڕینی ده‌نگی پیته‌كان وه‌ك (سسسسس – سه‌یاره‌) (مممممممم– مامۆستا)
- وه‌ستان له‌كاتی قسه‌كردندا ده‌رئه‌نجامی ده‌رنه‌چوونی هه‌وا له‌كاتی هه‌ناسه‌دانه‌وه‌ و ده‌بێته‌هۆی گرفت له‌ده‌رچوونی ده‌نگی پیته‌كان، كه‌ له‌ 2 چركه‌ زیاتر بخایه‌نێت پاشان ده‌رچوونی كتوپڕی وشه‌كان به‌سه‌ر یه‌كه‌وه‌.

دووه‌م: نیشانه‌ دووه‌مینه‌كان:
أ – نیشانه‌ جه‌سته‌ییه‌ – ڕه‌فتارییه‌كان:
- بوونی گرژی ماسولكه‌كانی ده‌م و چاو وزمان و په‌له‌كان له‌كاتی ده‌ربڕیندا، هه‌روه‌ها سوربوونه‌وه‌ی ده‌م وچاو و مل.
- زمان ده‌رهێنان و جووڵه‌ی زۆری زمان له‌ناوه‌وه‌و ده‌ره‌وه‌ی ده‌م له‌كاتی زمان گرتندا.
- جوڵه‌ی توندی شان و مل له‌كاتی زمان گرتن.
- نارێكی له‌ئاستی ده‌نگدا و به‌رزبوونه‌وه‌و نزم بونه‌وه‌ی نائاسایی له‌ده‌نگدا.
- نارێكی له‌هه‌ناسه‌دان وه‌ك وه‌ستانی هه‌ناسه‌ و خنكاندن یاخود هه‌ناسه‌ی خیرا له‌كاتی قسه‌ كردندا.
- نینۆك خواردن یاخود ده‌ست خستنه‌ سه‌ر ده‌م له‌كاتی قسه‌كردندا.

ب – نیشانه‌ ده‌روونییه‌كان:
- دڵه‌راوكێ و شه‌رم و ترس له‌كاتی قسه‌كردندا، كه‌ ئه‌م حاڵه‌تانه‌ ده‌بێته‌هۆی زیادبونی حاڵه‌تی زمان گرتن.
- بونی خه‌مۆكی له‌هه‌ندێك كاتدا.
- توڕه‌بوون و كاردانه‌وه‌ی توند بۆ شته‌كان.
- بڕوا نه‌بون به‌خود به‌تایبه‌تی له‌قسه‌كردندا.
- لاوازی كۆمه‌ڵایه‌تی و دوركه‌وتنه‌وه‌ له‌چالاكی كۆمه‌ڵاتی به‌تایبه‌ت ئه‌و چالاكییانه‌ی پێویستی به‌ئاخاوتنه‌.
- دابه‌زینی ئاستی خوێندن له‌هه‌ندێك حاڵه‌تدا و به‌شداری نه‌كردنی چالاكییه‌كانی ناو پۆل.
- به‌ده‌ست نه‌هێنانی‌ نمره‌ی‌ شیاو به‌تایبه‌تی‌ له‌تاقیكردنه‌وه‌ زاره‌كییه‌كاندا كه‌ئه‌مه‌ش لێكه‌وته‌ی‌ ده‌رونی‌ ده‌بێت.

چاره‌سه‌ره‌كانی حاڵه‌تی زمان گرتن:
1-چاره‌سه‌ری پزیشكی: پاش ده‌ستنیشانكردنی حاڵه‌ته‌كه‌، پزیشكی پسپۆری ده‌روونی هه‌ڵده‌ستێ به‌پێدانی ده‌رمانی پێویست بۆ هاوكاریكردنی حاڵه‌ته‌كه‌ و چاره‌سه‌ركردن (به‌پێدانی‌ چاره‌سه‌ری‌ ده‌رمانی‌ بۆ چالاككردنی‌ سه‌نته‌ری‌ قسه‌كردن له‌مێشكدا) و كه‌مكردنه‌وه‌ی ئه‌و گرفته‌ ده‌روونییانه‌ی بوونه‌ته‌ هۆی زیادبوونی حاڵه‌تی زمان گرتن و سود وه‌رگرتنی زیاتر له‌ ڕاهێنان.
2-چاره‌سه‌ر به‌ڕاهێنان: ئه‌مجۆره‌ چاره‌سه‌ره‌ ڕۆڵێكی سه‌ره‌كی ده‌بینێت بۆ باشبوونی حاڵته‌كه‌ و ده‌توانین بڵێین چاره‌سه‌ری سه‌ره‌كییه‌ بۆ زمان گرتن كه‌ له‌لایه‌ن پسپۆری زمان و ئاخاوتنه‌وه‌ پێشكه‌شده‌كرێت، له‌ڕێگای پێوانه‌كردنی حاڵةته‌كه‌ و دیاریكردنی ئاستی گرفته‌كه‌ به‌پێی پيَوانه‌ی ئاماده‌كراو بۆ زمان گرتن پاشان دانانی پلانی چاره‌سه‌ركاری به‌ڕاهيَنان پێكردنی ئه‌ندامه‌كانی هه‌ناسه‌دان و ده‌ربڕین و زمان و هه‌روه‌ها پيَشكه‌شكردنی ڕاهێنانی مێشك تایبه‌تی به‌قسه‌كردن بۆ به‌رهه‌م هێنانی ئاخاوتنی دروست له‌مێشكه‌وه‌.
3-چاره‌سه‌ركردنی ده‌روونی : له‌به‌رئه‌وه‌ی گرفته‌ ده‌روونییه‌كان هۆكارن به‌ توشبون به‌زمان گرتن هه‌ر بۆیه‌ ده‌بێت چاره‌سه‌ری گرفته‌ ده‌روونیه‌كان بكرێت به‌پێی رێگاكانی چاره‌سه‌ركردنی ده‌روونی كه‌ گونجاوبێت له‌گه‌ڵ ته‌مه‌نی حاڵه‌ته‌كه‌، جگه‌ له‌دروستكردنی متمانه‌ به‌خۆبوون و لاوازی كۆمه‌ڵایه‌تی كه‌ رۆڵ ده‌بینن له‌باشتربوونی حاڵه‌تی زمان گرتن.
4-چاره‌سه‌ری ره‌فتاری: له‌به‌رئه‌وه‌ی حاڵه‌تی زمان گرتن كۆمه‌لَێك شڵه‌ژانی ره‌فتار له‌گه‌ڵ خۆی ده‌هێنیت بۆیه‌ ده‌بێت ئه‌وجۆره‌ چاره‌سه‌ره‌ پێكه‌شبكرێت، جگه‌ له‌ به‌كارهینانی ته‌كنیكه‌كانی چاره‌سه‌ری ڕه‌فتاری به‌شێكه‌ له‌چاره‌سه‌ركردن بۆ به‌هێزكردنی و پاڵپشتی كردنی حاڵته‌كه‌.
5-چاره‌سه‌ری خێزانی: خێزان به‌شێكی گرنگه‌ بۆ چاره‌سه‌ری گرفته‌كانی منداڵ له‌رێگای پێدانی ڕێنمایی دروست بۆ چۆنێتی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ حاڵه‌ته‌كه‌.

ئاماده‌كردنی دینا عباس نیعمت - ماسته‌ر له‌په‌روه‌رده‌ی‌ تایبه‌ت

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

  • 2 رۆژ پێش ئێستا

    ده‌بێت جانتای قوتابی كێشی چه‌ند بێت؟

  • 3 رۆژ پێش ئێستا

    ئارامگرتن سنووری ھەیە.. چۆن مامەڵە لەگەڵ پرسیارە بێکۆتاکانی منداڵەکەتدا دەکەیت؟

  • پێش 1 هەفتە

    ته‌نها به‌یه‌ك وته‌ی كچه‌كه‌ی، له‌سه‌ر كورسی بردیان بۆلای دكتۆر

  • پێش 1 هەفتە

    هەڵسەنگاندنی بیر و ڕەفتاری خۆکوژی

  • پێش 1 هەفتە

    ھەرزەکاری و گرفتی خۆشەویستی

  • پێش 1 هەفتە

    منداڵی جوڵە زۆر

  • پێش 2 هەفتە

    تائێستا ئه‌م كاره‌ت بۆ منداڵه‌كه‌ت كردووه‌؟

  • پێش 2 هەفتە

    پەشێوی مەزاجی دووجەمسەری

سەرەتا