16/07/2021
1527 جار خوێنراوەتەوە
دەرزی تێکەڵە.. بەڵایەک بەرۆکی ئەم میلەتە بەرنادات
د.زانا دزەیی - پسپۆڕی ھەناو
لە سیستەمی ھیچ وڵاتێک وەکو ئێرە بەمجۆرە تەندروستیی ھەرزانفڕۆش و بێ نرخ نەکراوە!
ھەرکەسێک ساخ دەبێتەوە بەداخەوە لە گەڕەکێک دوکانێک دەکاتەوە و پڕی دەکات لە دەرزی و دەرمان، دەبێتە دکتۆرێکی پسپۆڕی ھەموو شتێک! منداڵ و ئافرەتی دووگیان و زەخت و شەکرە و گرانەتا و تا دەگاتە چارەسەری کۆڕۆناش دەنووسێت! ڕێزی زۆرم بۆ ئەو کارمەندە تەندرووستیانەی کە بە یاسایی و زانستییانە کاردەکەن و پابەندن بە ڕێنماییەکانی سەندیکای کارمەندانی تەندروستی.
یەکێک لەم کارەساتانە دەرزی تێکەڵەیە! دەرزی تێکەڵە بووە بە عیلاجی لەرز و تا، عیلاجی ھەموو ئێش و ئازارێک، عیلاجی بێ تاقەتیی و بە عیلاجە سیحراوییەکە ناودەبرێت.
ئەم تێکەڵەیە، زۆربەی جارەکان دوو یان سێ دەرزی تێکەڵ دەکرێت و بەیەک سرنج و بەیەک جار لێدەدرێت! لە کاتێکدا تێکەڵ کردنی ھەرسێکیان لە یەک سرنج کارێکی نازانستیی و ھەڵەیە.
پێکھاتەکانی زۆربەی جارەکان بریتین لە: دەرزی ئازارشکێنی ڤۆڵتارین، دەرزی دژەھەوکردنی ستیڕۆیدی دیکادرۆن، دەرزی دژە ھەوکردنی بەکتریای پڕۆکاین پێنسلین! ئێستا شتێکی تریش زیادکراوە کە دەرزی مەڵتی ڤیتامینە!
ھاونیشتمانی بەڕێز..
تێکەڵکردنی ئەم چەند دەرزیە کاتێک بەکاری دەھێنیت بێ ئەوەی بزانیت دەستنیشان کردنی نەخۆشییەکەت چییە، زۆر مەترسییدارە.
بەڵێ پێکھاتە و تێکەڵەکە بەشێوەیەکی کاتی ھەستێکی خۆشت پێدەدات و ئازار و تات کەم دەکاتەوە و ئارەق دەکەیتەوە! واتا تەنھا نیشانەکان بەشێوەیەکی کاتیی کەم دەکاتەوە و دەستنیشانکردنی حاڵەتەکە تێک دەدات و دوای دەخات.
با چەند ڕاستییەکت بۆ ڕوون بکەمەوە کە من لە ژیانی پزیشکییم بینیوومە بەھۆی ھەڵەی دەرزی تێکەڵە ڕوویان داوە و بوونەتە مایەی کارەسات..
زیاد لە ١٠٠ نەخۆشم بینیووە کە بە ھۆی کۆڕۆناوە کە دەرزی تێکەڵەیان وەرگرتووە بێ ئەوەی بزانن حاڵەتەکەیان کۆڕۆنایە و تا گەیشتووەتە سییەکانیان و لە نەخۆشخانە و عینایەکان داخڵ کراون.
چەند نەخۆشێکی تووشبوو بە شێرپەنجەی خوێنم بینیوە کە بێ ئەوەی بزانن ھۆکاری لەرز و تایەکەیان چییە، چەند مانگ بە دەرزی تێکەڵە دواکەوتوون لە تەشخیس و حاڵەتەکەیان کۆنتڕۆڵ نەکراوە.
چەندین نەخۆشم بینیوە بەھۆی بەکارھێنانی ئەم تێکەڵە نازانستییە تووشی برینی گەدە و دوازدە گرێ بوون، چەندان حاڵەتی نەخوازراوی تریش کە لێرە بواری ئەوە نییە باس بکرێت.
بۆیە تکایە، بێ گەڕانەوە بۆ کەسی پسپۆڕ و پزیشک، لە خۆتەوە ھیچ دەرمانێک بەکار مەھێنە، جارێ بە ھیچ جۆرێک و بۆ ھیچ مەبەستێک بێ پرس بە دکتۆر ھیچ تێکەڵەیەک بەکارمەھێنە.
ھیوای سەلامەتیی و لەشساغیی بۆ ھەموو لایەک..
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە