06/07/2021
1029 جار خوێنراوەتەوە
هۆكارەكانى كەوتنەوەى ئاگر لەناو ئۆتۆمبیلەكاندا
لەکتێبی گەشتێک بەناو زانستدا
هۆكارەكانى كەوتنەوەى ئاگر لەناو ئۆتۆمبیلەكاندا:
لێچوونى هێڵەکانى گواستنەوەى سوتەمەنى وەک بەنزین و دیزڵ بۆ ناو بەشە گەرمەکانى بزوێنەر، لێچوون لە سیستمى سوتەمەنى هۆکارى سەرەکى و بەربڵاوى ئاگرکەوتنەوەى هەموو بزوێنەرەکانە، ئەم هۆکاراش بەربڵاوترین هۆکارى گڕگرتنى ئۆتۆمبیلەکانە.
چەند سیستمێك هەیە لەناو ئۆتۆمبیلەكاندا، یەكێك لەوانە سیستمى كارەبایى، ئەو كۆمپانیایانەى كە ئۆتۆمبیل دروست دەكەن دەبێت بەشێوازێكى زۆرباش و سەلامەت و كوالیتى بەرز سیستمى وایەرەکان بکرێت، بەڵام هەندێ جار دەستكارى هەڵە لەم وایەرانەدایە، یەكێك لەوانە: دەستكارى كردنى فیت پەمپ (fuel pump) هەركاتێك دەستكارى و گۆڕانكارى تیابكرێت، دەبێت لە لایەن كەسانى شارەزا و لێهاتووەوە بكرێت، یاخود كۆمپانیا تایبەتەكان بیكات، بەڵام كە بەشێوەى نادروست دەكرێت ئەمە دەبێتە هۆى سوتانى ئۆتۆمبیل، لەگەڵ ئەوەشدا هەندێك جار خراپى جۆرى (fuel pump)ەكان ئەمەش دەبێتە هۆى سوتان.
شلەمەنییەکان کە بەکاردێت لە بزوێنەرى ئۆتۆمبیلدا، بۆ نمونە ئاوى ڕادێتەر ماددەیەکى تێدایە بە ئاسانى گڕ دەگرێت.
گەرمبوونى بزوێنەر بە شێوەیەکى زۆر، ئەمەش هۆکارە لە تەقاندن و گڕگرتنى بزوێنەردا، چونکە گەرمبونى بزوێنەر دەبێتە هۆى بەرزبونەوەى پلەى گەرمى شلەمەنییەکانى وەک بەنزین و دیزڵ و هەموو جۆرە شلەمەنییەکانى تر.
ئەو بەشانەى کە بە بزوێنەرەوە بەستراوە بۆ گەیاندنى شلەمەنییەکان ،و گازە فڕێدراوەکان لە ڕێگاى (exhaust)ى ئۆتۆمبیلەکانەوە، لەکاتى گیرانى هەر بەشێکى ئەم گواستەوەرانەدا دەبێتە هۆى گڕگرتن، بۆ نمونە گیرانى بەشى فڕێدانى گازى پیس (exhaust) لە ئەنجامى سوتانى بەنزین یان دیزڵ دەبێتە هۆى بەرزبوونەوەى پلەى گەرمى زۆر و ڕوودانى ئاگرکەوتنەوە.
ئەو پاتریانەى کە بەکاردێت لەگەڵ بزوێنەرى ئۆتۆمبیل ئەمیش هۆکارە بۆ گڕگرتن. بۆ نمونە لە هەندێک جۆرى ئۆتۆمبیلدا کە بە بەنزین و دیزڵ کارناکات، بەڵکو بە کارەبا ئیش دەکات، ڕوودانى هەر کەموکوڕییەک لەو سیستمە کە بزوێنەرەکە کارى پێدەکات، لەکاتى بارگەپێدان و خاڵیکردنەوەدا دەبێتە هۆکارى گڕگرتن.
سوتاندنى بە مەبەست/ ئەم هۆکارە دەگەڕێتەوە بۆ سەر کەسەکان، کە بەهۆکارى تەکنیکى هەژمارناکرێت، بەڵکو بە هۆکارى مەبەست هەژماردەکرێت و دەچێتە خانەى لێکۆڵینەوەى پۆلیس و دادگاکان.
رووداوەکانى ئۆتۆمبیل/ بۆ نمونە پێکدادان و وەرگەڕان و نقومبوون.
کەموکوڕى لە سازدانەوە و چاککردنەوەدا (صیانە)/ ئەمەش بە هەڵەى تەکنیکى هەژمارناکرێت، بەڵکو بە کەموکوڕى کەسەکان هەژماردەکرێت. –
کەموکوڕى لە دیزاینى ئۆتۆمبیلەکان/ جارى وا هەیە کۆمپانیایەک هەڵدەستێت بە دروستکردنى ملیۆنەها ئۆتۆمبیل، و لەکاتى دروستکردنیدا هیچ کەموکوڕییەک نابینرێت، بەڵام بە کردار لە دواى بەکارهێنانى لەلایەن شۆفێرانەوە دەردەکەوێت، لە دواى ڕوودانى کارەسات یان گڕگرتن.
لوقمان ئهحمهد بهرزنجی
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە