03/07/2021
1593 جار خوێنراوەتەوە
ئایا کە منداڵ لە دایکبوو کەی بشۆررێت باشە؟
هەوڵ دەدەین رێنمایی دەربارەی
کات و چۆنییەتی شوشتنی منداڵی تازە لەدایکبووتان بۆ باس بکەین.
هەرچەندە هەر نەخۆشخانەو رێنمایی تایبەت بە خۆی
هەیە، سەبارەت بەو بابەتەو هەندێك نەخۆشخانە یەکسەر دوای لە دایکبوون منداڵەکە دەشۆرن،
بەڵام بە پێی زانست باش نییە یەکسەر دوای لە دایک بوون منداڵ بشۆرێت لەبەر ئەم هۆکارانەی
خوارەوە:
۱. منداڵ کە لە دایک
دەبێت، ماددەیەکی سپی بە پێستیەوەیەتی پێیدەڵێن ڤێرنیکس، کە ئەم ماددەیە سوودی زۆرە،
لەوانە سیستمی بەرگری لەش زیاد دەکات، پێست
بە نەرمی دەهێڵێتەوە، وە هەروەها ناهێڵێت گەرمی لەشی منداڵەکە بە فیڕۆ بڕوات.
۲. پێویستە منداڵەکە
لەدایکیەوە نزیک بێت لە سەرەتای لە دایکبووندا، بۆ ئەوەی لە شیرخواردن و بۆنی دایک
و دەنگی دایک بێبەش نەبێت بەهۆی شۆردن.
۳. شۆردن دەبێتە هۆی
دابەزینی پلەی گەرمی لەشی منداڵەکە، بۆیە باشترین شوێن سنگی دایکی منداڵەکەیە بۆ ئەوەی
پلەی گەرمی بە جێگیری بمێنێتەوە.
٤. زوو
شۆردن دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی هۆڕمۆنەکانی قەلەقی و بەرزبوونەوەی لێدانی دڵ و پەستانی
خوێن و نزمبوونەوەی شەکری خوێن.
٥.پێویستە
شۆردنەکە دایک یان باوکی منداڵەکە ئەنجامی بدات، لەبەر ئەوەی منداڵەکە هەست بە
ئاسایش ئەکات بە ئامادەبوونی ئەوان لە کاتی شۆردنەکە.
بۆیە باشترە شۆردنی منداڵەکە بۆ چەند کاتژمێرێک،
یان ڕۆژێک دواتر بکرێت، وە پێویستە بە ئاوێک بشۆرێت نابێت سارد بێت، وە نابێت زۆر
گەرم بێت کە زیان بە منداڵەکە بگەیەنێت، پێویستە یەکەمجار ئاوە ساردەکە بکەیتەوە و
دواتر بە ئاوە گەرمەکە تێکەڵی بکەیت، وە دڵنیا بیت بە تێکەڵبوونی تەواوی ئاوەکە و
تاقی بکەیتەوە بەدەستی خۆت و دڵنیابوون لە گونجانی ئاوەکە، ئینجا بەکاری بهێنیت.
نابێ ژووری حەمامەکە سارد بێت و دەبێت دەرگاو پەنجەرەکە
دابخرێت، چونکە تازە لە دایکبوو بە ئاسانی گەرمی لە دەست دەدات.
نابێت شۆردنی مانگی سەرەتا بە تایبەتی شۆردنی یەکەمجار
لە ٥ بۆ ۱۰ دەقیقە زیاتر بخایەنێت.
لە هەفتەی یەکەمدا باشترە تەنها ئاو بەکار بهێنین،
یان باشترە کەمێک لە شامپۆیەکی تایبەت کە پێیدەڵێن ئیمۆلیەنت بکەینە ناو ئاوەکە بۆئەوەی
پێستی وشک نەبێتەوە.
ئەگەر ناوکەکەی فڕێ نەدابوو، پێویستە جوان وشکی بکەینەوە دوای حەمام کردن.
لە هەفتەکانی سەرەتای تەمەنیدا، پێویستە هەفتەی ۲ بۆ ۳جار بشۆرێت نەک هەموو رۆژێک، چونکە دەبێتە هۆی وشکبوونەوەی پێست.
دکتۆر پشدەر عهبدوڵا ئیسماعیل
پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە