وه‌رزی هاوین ـ كۆتایی شێخ توڕاب .. فۆتۆ: سالم تۆفیق
20/06/2021 814 جار خوێنراوەتەوە

سبه‌ینێ 2021.6.21 لە نیوەگۆی باكوور یەكەم رۆژی وەرزی هاوینه‌


بەپێی پێوانە فەلەكییەكان، سبەی دووشەممە، 21ی حوزەیرانی 2021 كاتژمێر 06:32ی ئێوارە بە كاتی هەولێر، دەستپێكی وەرزی هاوینە لە نیوەگۆی باكووری زەوی، كە ناسراوە بە دیاردەی  هەڵگەڕانەوەی هاوینە   Summer Solstice.

لەو رۆژەدا ماوەی رۆژ لەنێو هەرێمی كوردستاندا درێژ دەبێتەوە بۆ نزیكەی 14 كاتژمێرو 28 خولەك شەویش كورت دەبێتەوە بۆ نزیكەی 9 كاتژمێرو 23 خولەك.

لەو رۆژەدا ماوەی نێوان زەوی و خۆر زۆرە نەوەك كەم و دووری نێوان زەوی و خۆر هەر بەرەو زیادبوون دەچێت، تا دەگاتە (دوورترین خاڵ) كە بە (Aphelion) ناسراوەو ئەمەش لە رۆژی 2019.7.6 دەبێت و ئەوكاتە ماوەی نێوان زەوی و خۆر دەگاتە 152 ملیۆن و 100 هەزارو 527 كیلۆمەتر.

هۆكاری گەرمداهاتنی نیوەگۆی باكووری زەوی، سەرەڕای دووركەوتنەوەی لەخۆردا، دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی كەوا ئاستی خولانەوەی تەوەری زەوی بە رێژەی 23.5 پلە لارە لەسەر خولگەكەی بە دەوری خۆرو كشانی تیشكی خۆر لە (هێڵی كەمەرەیی) زەوی بۆ خولگەی (قڕژاڵ) لە پلەی 23.5 بەرەو باكوورو ستوونبوونی وادەكات پلەكانی گەرما لەنیوە گۆی باكوور زیاتر بێت، چونكە ماوەی مانەوی خۆر لە ئاسماندا دوورو درێژتر دەبێت و بەمەش ئاستی وەرگرتنی رووی زەوی، بۆ تیشكی خۆر زیاتر دەبێ و پلەی گەرمی بەرز دەبێتەوە. 

لە هەمانكاتدا، هەرچەندە بەرەو ناوچەكانی باكووری زەوی بڕۆین، ئەوا ماوەی رۆژ درێژتر دەبێتەوە، بۆ نموونە: ئەگەر لە وڵاتانی دەوروبەری (دەریای ناوەڕاست) ماوەی رۆژ لە سنووری 15 كاتژمێر بێت، ئەوا لە وڵاتانی دەوروبەری دەریای (بەلتیك) دەگاتە 18 كاتژمێرو هەرچی وڵات هەیە لەنێو بازنەی پانی 55 پلەی باكووردا بن، ئەوا لەنێو دیاردەی ناسراو بە (شەوانی سپی) دا دەژین، چونكە دوای ئاوابوونیشی، خۆر بە تەواوی لە ئاسۆدا وننابێت و شەفەقی سووری دوای ئاوابوون دەمێنێتەوەو لە رۆژئاواوە بەرەو باكوور، ئینجا بەرەو رۆژهەڵاتەوە دەخزێ‌ و جارێكی دیكە خۆر دووبارە هەڵدێتەوە.

ئەو وڵاتانەی دەكەونە نێو بازنەی 66.5 پلەی باكوور، وەك وڵاتانی (ئیسكەندەناڤیاو ناوچەكانی باكووری رووسیاو كەنەداو ئەلاسكا) ئەوا خۆر لە ئاسۆیاندا ئاوا نابێ بەڵكو لەگەڵ نزیك كەوتنەوەی لە ئاوابوونیدا، دیسكی خۆر لە ئاسۆی رۆژئاواوە دەڕوات بەرەو باكوورو پاشان بۆ رۆژهەڵات و لەوێوە جارێكی دیكە بەرز دەبێتەوە ئاسمان، بۆیە، خۆر بەبەردەوامی و بۆماوەی نزیكەی 6 مانگ لەناوچەكانی جەمسەری بەستووی باكووردا ئاوا نابێت.

لە هەمان رۆژ، بەڵام لەنیوگۆی باشووری زەویدا، حاڵەتەكە بە تەواوی پێچەوانەیە، چونكە تیشكی خۆر سەردەكەوێت لە (خولگەی كاوڕ) بۆ (هێڵی كەمەری زەوی)، بەمەش بڕێكی كەمتر لە تیشكی خۆر بەبەر نیوەگۆی باشووری زەوی دەكەوێت، بۆیە لەنیوە گۆی باشوور ئەمە دەبێتە (هەڵگەڕانەوەی زستانە) (Winter Solstice) واتە دەستپێكی زستانە لەو ناوچانەو لە هەمان كاتیشدا، تیشكی خۆر بۆ ماوەی شەش مانگ لە ئاسمانی (كیشوەری بەستووی باشوور ) (ANTARCTICA ) نابینرێت و دەبێتە شەوێكی شەش مانگیی دوورو درێژی بەردەوام.

ئەژی چەتۆ حەسەن 

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

  • 3 رۆژ پێش ئێستا

    مەترسیدارترین مافیای مەكسیك كە خەڵاتی 10 ملیۆن دۆلار بۆ سەری دانرابو‌و، کوژرا

  • 6 رۆژ پێش ئێستا

    خورما هێمایە بۆ ڕەمەزان و وڵاتانی عەرەبیش لە ڕیزی پێشەوەی بەرهەمهێنەرانیدان

  • پێش 3 هەفتە

    دواى کاردانەوەکان، ترەمپ ئەو ڤیدیۆیەى سڕییەوە کە ئۆباما وەك مەیموون نیشان دەدات

  • پێش 3 هەفتە

    لەناو بەڵگەنامە ئابڕووبەرەکەی دۆسیەی ئێپستاین سەدان كەسایەتى جیهانی هەن

  • 24/01/2026

    توێژینەوەیەك: چەوریی ناوچەی سك كۆئەندامی بەرگریى لەش بەهێز دەكات

  • 23/01/2026

    لە سایەى سیستمى سەرمایەداری 12 ملیاردێر خاوەنی نیوەی سامانی گۆی زەوین

  • 16/01/2026

    تڕەمپ: سەرۆكی ئۆپۆزسیۆنی فەنزوێلا خەڵاتی نۆبڵەکەی وەک ڕێزێک بۆ کارەکانم پێبەخشیم

  • 12/01/2026

    ئوستورالیا تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی بۆ منداڵان قەدەغەكردووە و چەند وڵاتێکى دیکەش تاوتوێى دەکەن

سەرەتا