19/06/2021
226 جار خوێنراوەتەوە
وەزارەتى تەندروستیی: نەخۆشخانەى هیوا داناخرێت و هەموو ئاسانکارییەکیش بۆ دابینکردنی دەرمان دەکەین
پەیام
وەزارەتى تەندروستیی هەرێم لە روونکردنەوەیەکدا رەتیدەکاتەوە نەخۆشخانەى هیوا لە شارى سلێمانى دابخرێت و جەختیش لەوەدەکاتەوە لەپێناو دابینکردنی دەرمان و پێداویستی پزیشکی بۆ تووشبووانی شێرپەنجە هەموو ئاسانکارییەک دەکەن.
ئاماژەى بەوەشکردووە: ئەو هەواڵانەی لەبارەی نەخۆشخانەکەوە بڵاوبوونەتەوە گوایە دادەخرێت یان فرۆشراوە و دەدرێت بە كەرتی تایبەت، "ناراستە و بۆ چەواشەکاری و موزایەدەیە".
دەقى روونکردنەوەکە:-
ڕوونكردنەوەیەك لە وەزارەتی تەندروستیەوە بۆ ڕای گشتی
سەبارەت بەو هەواڵ و پڕوپاگەندانەی لەمڕۆژانەدا بڵاوبوونەتەوە کە گوایە نەخۆشخانەی هیوا لە شاری سلێمانی دادەخرێت یان فرۆشراوە و دەدرێت بە كەرتی تایبەت، کە بەداخەوە بووەتە هۆی دەستکردن بە چەواشەکاری و موزایەدەکردن.
بۆیە بە پێویستی دەزانین بە ڕای گشتی بگەیەنین کە ئەم دەنگۆیانە رەتدەکەینەوە چونکە هیچ بنەمایەکی نیە و دوورە لە ڕاستی، بەڵكو بەپێچەوانەوە لە نەخۆشخانەی هیوا و هەموو نەخۆشخانە و سەنتەرەکانی شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان، تەواوی خزمەتکردنی نەخۆش بەخۆڕاییە و لەڕوانگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی تەندروستی ئەم نەخۆشخانانە هەردەم جێگای بایەخ و گرنگیپێدان بوونە و تەواوی پاڵپشتی و ئاسانكاریان بۆ دەكرێت و چەندین پڕۆژەی دروستکردن و فراوانکردن و دابینکردنی ئامێر و پێداوستییەکان لە بواری جێبەجێکردندان، ئەمە وێڕای دابینکردنی دەرمان و چارەسەری تیشکیی و نەشتەرگەری و خزمەتگوزاریە جۆراوجۆرەکان کە تێچوویان مانگانە چەندین ملیار دینارە.
بۆیە جارێکی تر وێڕای ڕەتکردنەوەی ئەم هەواڵ و دەنگۆیانە و رەتکردنەوەی هەر بیرۆکە و هەوڵێکی لەو جۆرە کە بەداخەوە چەندین کەس و لایەن دەستیان بە موزایەدەکردن کردووە، لەهەمانکاتدا هاووڵاتیان و پزیشکان و کارمەندانی نەخۆشخانەی هیوا و هەموو سەنتەرەکانی دیکەی شێرپەنجە دڵنیادەکەینەوە کە بە پاڵپشتی سەرۆکی حکومەت و ئەنجومەنی وەزیران و هەماهەنگی وەزارەتی دارایی، هەر کێشە و کەموکورتی و پێداویستیەکیان وەکو خەرجکردنی بودجەی (بەدەل عیادە) بەپێی پێویستیان و هاوسەنگی دابەشکردن لەسەر بنەمای یەکسانی و پابەندبوون بە ڕێنماییەکانی چاکسازی و هەموارکراو چارەسەر دەکرێت، هەروەها هەموو پاڵپشتی و ئاسانکاریەک دەکەین بۆ کۆمپانیاکانی دابینکەر بۆ وەرگرتنی شایستەکانیان لە وەزارەتی دارایی لەپێناو بەردەوامبوونی دابینکردنی دەرمان و پێداویستی پزیشکی بۆ تووشبووانی شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان.
د. ئاسۆ حەوێزی
وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی
١٩ حوزەیران ٢٠٢١
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە