پێش 4 هەفتە 233 جار خوێنراوەتەوە

ئیرەیی لای منداڵی گەورە، بە منداڵی بچوکتر(برا یان خوشک) بۆچی دەگەڕێتەوە؟

بێگومان وەک لای هەموان ڕوون و ئاشکرایە بە هاتنە دونیای منداڵی دووەم یان سێهەم، ناڕەزایی و ئیرەیی و ڕق و حەسودی لای منداڵی گەورە هەنگاو بەهەنگاو گەشە دەکات.

بەشێکی سەرەکی ئەم هۆکارە لە دەست ئێمەی دایک و باوکە؛ بەشەکەی تری وابەستە بەخودی منداڵەکەیە..

ئەو بەشەی کە لە دەست ئێمەی دایک و باوکە:-

۱. نەبوونی زانیاری تەواو، لەمەڕ پەروەردەی سایکۆلۆژی هزری منداڵ.

۲. هەمیشە منداڵی بچوک نازی زۆرتری پێ دەدرێت، وەک لە منداڵی گەورە، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ئەم منداڵە نوێیە.

۳. بە لەدایکبوونی منداڵی یەکەم، دایک و باوک ئەزموونێکی ئەوتۆی وەهایان نییە، لە ناسین و پەروەدەی منداڵەکەیان، بۆیە بە گرنگەوە لە منداڵی دووەم دەڕوانن.

٤. زۆرێک لە دایباب لەبەر چاوی منداڵەگەورەکەیان یاری و لاواندنەوە لەگەڵ منداڵە بچوکەکەدا دەکەن، بەو جۆرە منداڵی یەکەم هەست بە لاوازی و کەنار خستن دەکات.

٥. نەناسینی تەواوی هزری منداڵەکە لەلایەک کە دایک و باوک بەرپرسی یەکەمن، لەلایەکی تر بەراوردکردنی منداڵ بە منداڵێکی تر.

ئەوەی کە وابەستەیە بە منداڵەکە:-

۱. منداڵ لەبەر کامڵ نەبوونی تەواو، وە جیانەکردنەوەی مەفهومی ژیان و گرنگی نەدان بە ئایندە، چونکە منداڵ هەر لەوکاتەدا دەژی کە تیایدایە، وادەزانێت ئیتر تەواو بەهاتنە دوونیای براکەی یان خوشکەکەی ئیتر مانایەک بۆ گرنگیدانی ئەو نامێنێتەوە.

۲. منداڵ وادەزانێت خوشک یان برا نوێیەکەی (مۆنۆپۆلی) ژیانی ئەو دەکەن، هەرچی هەبوو لە کەرەستە یان خواردن یان هەر مافێک کەپێشتر بەو دراوە، لێی دەسێننەوە، چونکە مێشکی منداڵ بەتەواوی گەشەی نەکردووە، ژیان لە چوارچێوەی بیروڕای خۆی دەبینێت، نەک سەلماندن و لوژیک.

۳. نەبوونی هیچ ئەزموونێک لە هاتنە دوونیای برا یان خووشکەکەی، پاشان لێکدانەوەی بۆ شتە بەرجەستەکان و مەعنەویەکان زۆر کەمترە، وەک لەگەورەکان، بۆ نموونە: ئەوان لەدونیای برا و خوشک تێناگەن، وادەزانن بەهاتنی ئەم منداڵە ئیتر سۆز و ئەوین و گرنگیدانی باوک و دایک بۆ ئەوان کەم دەکات.

٤. ژینگەی دەوروبەر و کەس و کاری باوک و دایکیش لە هزری منداڵی گەورە ڕەنگ دەداتەوە، بۆ نموونە: کاتێک یەکێک لە خزمانی منداڵ سەردانی ئەم خێزانە دەکات، خێرا بەقوربان و بەساقەی منداڵی بچوک دەبێت و ئەوینی زیاتری بۆ دەردەبڕێت، لە کاتێکدا منداڵی گەورە ئەم مەشهدە دەبینێ، ڕق لە منداڵی بچوک هەڵدەگرێت، لە نوێترین توێژینەوەدا ئەوە سەلمێنراوە کە ئەگەر هاتوو نێوان بەدوایەکدا هاتنی دوومنداڵ، کوڕ بێت یان کچ، لە سێ ساڵ کەمتر بوو، ئەوا بێگومان ئیرەیی لای منداڵی گەورە دێتە کایەوە، مەگەر لە کاتێکدا دایک و باوک زۆر بەووردی و حەکیمانە شێوازی پەروەردەی منداڵ شارەزابن.

لە ماڵێک دانیشتبووم باسی ئەم بابەتەم بۆکردن، بابەتی ئیرەیی منداڵ! وتم: نابێت لەبەرچاوی منداڵی گەورەوە، زۆر گرنگی بدرێت بە خوار ئەو و ماچ کردنی منداڵی بچوک و لەئامێزگرتنی زەقبکرێتەوە، باوکەکە خێرا ووتی: جا من ئەم گووپە جوان و ناسکەی منداڵە بچوکەم هەبێت! ئیتر گوناح نییە ماچی منداڵە ۱۲ ساڵەکەم بکەم!؟ لە ڕاستیدا ئێمەی دایک و باوک لە زۆر ڕەهەندەوە بەرپرسی یەکەمی پەروەردەی منداڵەکانمانین.

چارەسەر:

بێگومان چارەسەر بە هەماهەنگی خودی خێزان (دایک و باوک) دەبێت، زۆر گرنگە دایک باوک یەکگرتوو و یەک هەڵویست بن لە گرنگیدان بەمنداڵەکانیان، لەوە گرنگتر ئەوەیە یەک هەڵوێستی و میهرەبانی نێوان ئەو دوانە ئاسۆی ئایندەی منداڵی تێدا لەبەرچاو گیرابێت، ئەویش بە خۆدەوڵەمەندکردنی خوێندنەوەی کتێب و گوێ گرتن لە کەسانی پسپۆڕی ئەو بوارە، لێره‌دا چەند خاڵێک دەخەینەڕوو تا بتوانین چارەی ئیرەیی کەم بکەینەوە یان هەرلایبەرین:-

۱. زانایان کۆکن لەسەر ئەوەی منداڵ لە شەش مانگی یەکەم جێگەی نوستنی جیابکرێتەوە، کەوا بوو جیاکردنەوەی منداڵەکان و پێکەوە نوستنیان لە ژووری تایبەتی خۆیان پاڵنەرێکی باشە بۆ پەیوەندی خۆشەویستی هەردوولایان، مەبەستمان لە شەش مانگی یەکەم واتە لە تەمەنی ساڵێک و شەش مانگ، ئەگەر هات و تۆ منداڵە بچووکەکەت لەلای خۆت خەواند، منداڵە گەورەکەت لەژوورێکی تر، بێگومان ئیرەیی و حەسادەت درووست دەکات.

۲. وا لە منداڵی یەکەم بکە کە هەندێ ڕۆڵی هەبێت، وەک بەرپرسیاریەتی منداڵی خوار خۆی تا پەیوەندی و ئەوینی ئەرێنی زیاتر ببەخشێت بە خوار تەمەنی خۆی. بۆ نمونە: بڵێ لەو میوەیه‌ی دەستت نیوەی ببەخشە بە براکەت یان خوشکەکەت، نەوەک تۆ بێیت و سێوەکە بکەیت بە دوو لەتەوە، خێرا بیدەیت بەبچوکەکە.

۳. بە هیج جۆرێک جیاوازییان مەکەن، لە هیچ ڕوویەکەوە مەگەر حاڵەتی (استثنایی) نەبێت، وەک مەحروم کردنی منداڵی گەورە لە شتێک بەهۆی پاداشت و سزاوە، ئەویش ئەبێت بەجۆرێک بێت لەبەرچاوی منداڵی بچوک نەبێت.

٤. بەداخەوە لەهەندێ خێزان دەبینرێت منداڵە بچووکەکە نازی زیاتری پێ دەدرێت، ئەگەر هاتو منداڵی گەورە کچ بێت و منداڵی دوایی کوڕبێت، ئەوە زیاتر بە زەقی لە هەندێ خێزاندا دەردەکەوێت، بۆیە دەبێت ناز پێدان سنورداربکرێت.

٥. مەڵێ "ئەم منداڵەم تازە گەورە بووە، پێویست بەلاوانەوه‌ و گرنگی پێدان ناکات"، بەڵکو دەبێت بەپێی تەمەن و ئاستی ژیری گرنگی زۆری پێ بدەیت، تا هەست بەشکۆی خۆی بکات لە ماڵدا.

٦. هەرگیز لەبەرچاوی منداڵی بچوک منداڵەگەورەکە مەشکێنە و سەرزەنشت مەکە، ئەگەرچی منداڵەکەشت هەڵەبێت، چونکە ئەو خێرا بیری بۆ جیاوازی و لاوازیی کەسێتی خۆی دەڕوات، گەرچی تۆی دایک یان باوک لەسەر هەقیش بن، هەوڵ بدە بە تەنها ئامۆژگاری بکەیت.

۷. دایکی بەڕێز ئەگەر لەدوای منداڵی یەکەم، دووبارە حەملت هەبوو، مەهێڵە منداڵی یەکەم بزانێت تا مانگێک پێش لەدایک بوون، واتە هەشت مانگی، دواتر بە منداڵەکەت بڵێ، مانگێکی تر تۆدەبیت بە خوشک، یان برای ئەم کۆرپەلەی کە ئێستا لەسکم دایە بۆی ڕوون بکەوە، بەهونەرێکی جوان پێی بڵێ: تۆ دەبێت خۆشت بووێت، ئەویش بەخۆشی تۆوە دێتە دوونیاوە، ئەو هیچ نازانێت، دەبێت تۆ هاوکار و دەستباری بیت، وە فێری بکەیت و گرنگی پێ بدەیت.

٨. بە هیچ جۆرێک بەراوردیان مەکەن بە هیچ منداڵێکی تر.

ماوەتەوە بڵێین: چاندنی تۆوی حەسودی ئیرەیی لەمنداڵی دا، ڕیشک دادەکوتێت و لەگەورەییدا ڕەنگ دەداتەوە، کە لە ئایندەدا ئەو کەسە هەرچەند گەورەش بێت گوفتار و ڕەفتاری لەگەڵ دەوروبەر دەگۆڕێت، لە ئەرێنییەوە بۆ نەرێنی، لەناو خودی کەسەکەش پەستانی دەروونی و خەمۆکی و ڕق دەبنە تابلۆی کەسێتی ئەو کەسە بە جۆرێک زیان بەخۆی ودەورووبەر دەگەیەنێت.

بەهیوای ئاسوودەیی خێزانەکان و پەروەردەیەکی باشتر بۆ نەوەکانی ئایندە

ادریس نوری / ماستەر لەدەروونناسی پەروەردەیی تایبەت

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

  • پێش 4 هەفتە

    ئیرەیی لای منداڵی گەورە، بە منداڵی بچوکتر(برا یان خوشک) بۆچی دەگەڕێتەوە؟

  • پێش 4 هەفتە

    باشترین جۆره‌کانی خۆراک له‌ هاویندا بۆ منداڵان كامه‌یه‌؟

  • 19/04/2021

    چۆن منداڵەکەت فێر بکەیت شەوانە زوو بخەوێت؟

  • 29/03/2021

    چۆن منداڵەکەت فێربکەیت شەوانە زوو بخەوێت

  • 16/03/2021

    کاریگەریە نەرێنیەکانی هاوارکردن بەسەر منداڵ و ڕیگە چارە

  • 26/02/2021

    ئەگەر زۆر خەمی گەشەی باڵای منداڵەکەتە نابێت هەرگیز ئه‌م سێ خاڵه‌ لەبیربکەیت

  • 12/02/2021

    دەزانی بۆچی منداڵەکەت کەم دەخوات وتوڕەیە و بیانوو دەگرێت؟

  • 31/01/2021

    چ كاتێك پێویسته‌ ئاو به‌منداڵ بدرێت؟

سەرەتا