15/05/2021
424 جار خوێنراوەتەوە
لە سبەینێوە پڕۆسەی خوێندنی ناو پۆل لە هەرێمى کوردستان دەستپێدەكاتەوە
پەیام
وەزارەتی پەروەردەى حکومەتی هەرێمی کوردستان لەراگەیەنراوێکدا ژمارەیەک رێنمایی ئاڕاستەی خوێندنگاکان کردووەو دەڵێت "دەستپێکردنەوەی پرۆسەی خوێندنی ناو پۆل لە یەکشەممە 16ی ئایار بەشێوازی بەنۆرە (تناوب)، بۆ قۆناغی (یەکەمی بنەڕەتی تا یازدەیەمی ئامادەیی)ی ( حکومی - ناحکومی ) و ئەو قوتابخانانەی گوندەکان، کە پێشتر سێ ڕۆژ لە هەفتەیەکدا دەوامیان کردووە لەسەر یەک، بەهەمان شێواز بەردەوام دەبن ".
دەقى راگەیەندراوەکە:-
راگەیەندراوێک لە وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە
ئاماژە بەو دەسەڵاتەی لە کۆبونەوەی ١٠ / ٣ / ٢٠٢١ لیژنەی باڵای ڕوبەڕوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا پێمان دراوە، لەدوای گفتوگۆکردن لەگەڵ بەڕێزان سەرۆک و ئەندامانی لیژنەی باڵای ڕوبەڕوبونەوەی کۆرۆنا ، بریارمان دا بە:
١- دەستپێکردنەوەی پرۆسەی خوێندنی ناو پۆل لە یەکشەممە ١٦/ ٥ /٢٠٢١ بەشێوازی بەنۆرە (تناوب) ، بۆ قۆناغی (یەکەمی بنەڕەتی تا یازدەیەمی ئامادەیی)ی ( حکومی - ناحکومی ) و ئەو قوتابخانانەی گوندەکان، کە پێشتر سێ ڕۆژ لە هەفتەیەکدا دەوامیان کردوە لەسەر یەک، بەهەمان شێواز بەردەوام دەبن.
٢- پێویستە هەمو لایەک پابەندبن بە ڕێنماییە تەندروستییەکان. دەسەڵاتی بەدواداچون بۆ جێبەجێکردنی ڕێنماییە تەندروستییەکان، جگە لە سەرۆکی یەکە کارگێڕییەکان و تیمی تەندروستی، دەدرێت بە بەڕێوەبەرانی پەروەردەی قەزا و سەرپەرشتیاریی هاوڕێی ڕەخنەگر، کە پێویستە چاودێرییەکی وردی جێبەجێکردنی ڕێنماییە تەندروستییەکان بکەن.
٣ - لە حاڵەتی توشبون و چارەسەرکردنی کۆرۆنا لە ناوەندەکانی خوێندن بە هەماهەنگی نێوان تەندروستی و پەروەردەی پارێزگاکان ، بەسەرپەرشتی بەڕێز پارێزگار و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆکان دەبێت.
٤- بەخێوکاری قوتابییان و خوێندکاران، ئەگەر ئارەزویان بێت منداڵەکەیان لە ناوپۆل نەخوێنێت، دەتوانن لە هەفتەی یەکەمی دەستپیکردنەوەی خوێندن فۆرمی بەلێننامە پڕبکەنەوە، کە بە خوێندنی ئەلیکترۆنی و پاڵپشتی ماڵەوە بەردەوام دەبن ، بەڵام تاقیکردنەوەکانی کۆتایی ساڵ لە ناوپۆل جێبەجێ دەکرێن.
٥- وەزارەتی پەروەردە ، وێڕای سوپاسی بۆ هەمو بەڕێوەبەر و یاریدەدەر و ئەو مامۆستایە بەرێزانەی ڕۆلیان هەبوە لە خوێندنی ئەلیکترۆنی و دروستکردنی گروپەکانی تیلگرام و ڤایبەر و .... هتد ، وا پێویست دەکات بەردەوام بن لە کارەکانیان و لیژنەی خوێندنی ئەلیکترۆنی لە قوتابخانەکان بە کارایی بمێنێتەوە، لە ڕێگای ئەو شێوازی پەیوەندیکردنانەی، کە بەکارهێنراون. دەتوانرێت ئەو سێ ڕۆژەی قوتابی لە ناوپۆل نییە، ئەرکی ماڵەوەی زیاتر پێبدرێت و پەرە بە تواناکانی فێربونی بدرێت ، تەنیا لەو بابەتانە کە پێویستە تاقیکردنەوەیان لێبکرێت، لەگەڵ خشتەی بەشەوانەکان، کە لە گشتاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پرۆگرام و چاپەمەنییەکانی وەزارەتدا هاتوە و پێشتر ڕایانگەیاندوە و بۆ دامەزراوەکانی وەزارەت ناردراون، لەم ڕوانگەیەوە کاری لیژنەی خوێندنی ئەلیکترۆنی بەردەوام دەبێت.
وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان
١٥ ی ٥ی ٢٠٢١
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە