12/05/2021
576 جار خوێنراوەتەوە
پهیامی سهرۆكی كۆمهڵی دادگهریی كوردستان بهبۆنهی جهژنی ڕهمهزانهوه
بهبۆنهی جهژنی رهمهزانی موباڕهكهوه، مامۆستا عهلی باپیر سهرۆكی كۆمهڵی دادگهریی كوردستان پهیامێكی پیرۆزبایی بڵاودهكاتهوه.
لهمیانی پهیامهكهیدا مامۆستا عهلی باپیر ڕایدهگهیهنێ: پێویستە کاربەدەستانی ئەم وڵاتە، ئەوانەی کە حوکمڕانن لەم وڵاتەدا، هەرچی زیاتر بیربکەنەوە لە چەسپاندنی دادگەرییو، هەرچی زیاتر بیربکەنەوە لە پاراستنی شکۆی سیاسیی هەرێمو حورمەتو شکۆی دامەزراوەکانی.
لهبهشێكی دیكهی پهیامهكهدا دهڵێ: پێویستە کاربەدەستو حوکمڕانانی ئەم وڵاتە، چی دیکە لە بورجی عاجییدا نەژین، چی دیکە تەنیا خزمو حیزبو دەوروبەری خۆیان نەبینن، با بچنە شوێنەکانی کە خەڵکی هەژارو نەداریان تێدان، با ئاگایان لە ژیانی کولە مەرگییو مهینهتباریی خەڵک بێت.
هاوكات دهشڵێ: پێویستە کاربەدەستانی ئەم وڵاتە، بەجیددیی بیربکەنەوە لە کۆتایی پێ هێنانی ستەمی بڕینی مووچەو قووتی خەڵک، ئەویش بەوە دەبێ جوامێرانهو دهستبهجێ واز بهێندرێ لە گەندەڵییو قاچاخچێتی، وازبهێندرێ لە تەخشان پەخشانکردنی پارهی واریداتو بەرهەمی نێوخۆ، لهسهر بناغهی ستهمو كڕینی وهلای خهڵكی ههلپهرستو بێ ههڵوێست.
لهبهشێكی دیكهی پهیامهكهی مامۆستا عهلی باپیردا هاتوه: شتێکی دیکە لەم وڵاتەی ئێمەدا زۆر زەقە، بریتیە لە هەبوونی ژمارەیەکی زۆر بهناو گیراوی ئهمنییو سیاسییو مانەوەی زۆریان لە زیندانەکاندا، جارێ هەندێکیان هەر کە ئەسڵەن تا ئێستا دادگایی نەکراون، خەڵکم پێ شکدێ هەژدە ساڵە لە سجنەکانی ئەم وڵاتەدایە، هەژدە (18) ساڵە تاكو ئێستا دادگایی نەکراوە.
ههروهها دهشڵێ: کێشەیەکی دیکە كه ئەم هەرێمەی ئێمە هەیەتی، بریتیە لە کێشەی سنوورەکان، کە هەر بەیناوبەین لە لایەنی تورکیاوەو، هەندێ جار لەلایەنی ئێرانەوە، سنوورەکان تۆپببارانو بۆمبا باران دەکرێن، پێویستە بۆ چارهسهری ئهوه هەوڵێکی گشتیی هەبێت، نەک هەوڵی حیزبیی.
لە کۆتاییدا پهیامهكهشدا هاتوه: پێمخۆشبوو لەم بۆنەی جەژنەدا تەنیا باسی ئەو شتانە بکەم، کە هەموو لایەک دڵیان پێی موڕتاحو ئاسوودەبێت، بەڵام چی بکەین کە ئێمەی مسوڵمان بەداخەوە بارودۆخەکەمان وایە، نە ڕەمەزانەکەمان وەک له حاڵهتێكی ئاسایی دا بهڕێوه دەچێ، نە جەژنەکەمان وەک جەژنێكی ئاساییه، نە وڵاتەکەشمان وەک وڵاتانی خەڵک بهڕێوه دەچێ، کە یاسای تێدا سەروەر بێو دامەزراوەکانی تێدا شکۆدارو بە حورمەتبن.
بسم الله الرحمن الرحیم
الحمدلله وصلوات الله وسلامه وبرکاته علی رسول الله محمد وآله المهتدین بهداه، من الصحب والأزواج والقرابة والتابعین لهم بإحسان إلی یوم لقاء الله.
مسوڵمانانی بەڕێزو حۆشەویست، خوشکان برایان، لە نێو هەرێمی کوردستانو دەرەوەی هەرێمی کوردستان!
السلام علیکم ورحمة الله وبرکاته
بە پێویستم زانی کە بە بۆنەی جەژنی ئەم مانگی ڕەمەزانەوە، سەرەتا پیرۆزبایی گەرم لە هەموو لایەک بکەم، لە خوای میهرەبان داواکارم طاعەتو پەرستشەکانی ئەم مانگە موباڕەکەی لە هەموو لایەکمان بە باشترین شێوە قبووڵ فەرمووبێ، هیوادارم هەروەک لە مانگی ڕەمەزاندا سەرگەرمی بەندایەتیی بۆ خواو کاری چاکە بووین، دوای مانگی ڕەمەزانیش هەروا بەردەوامبین.
بهڕێزان! بێگومان ڕۆژی جەژنو ڕۆژەکانی دوای جەژن، دەرفەتێکی زێڕینن بۆ بڵاوکردنەوەی تەباییو ئاشتییو سوڵحو صەفا، لە نێو خۆدا، بۆیە من دڵسۆزانە بە هەموو لایەک دەڵێم: کە هەرکەسێک گرفتو گرێو گۆڵێکی لەگەڵ کەسێک هەیە، کێشەیەکی هەیە، دڵ ساردییەکی هەیە، بۆنەی جەژن بۆنەیەکی باشە، هەلێکی باشە بۆ ڕەواندنەوەی ئەو دڵ ساردییو ئەو نیگەرانییەو، نەهێشتنی ئەو گرێو گۆتاڵە لە بەیندا، ئێمە هەموومان لەم سەرزەوییە میوانین، ماوەیەکی کەم ژیانی دنیا دەگوزەرێنین، حەیفە ئەو تەمەنە کەمو کورتەی ژیانی دنیامان کە نازانین کەی دەبڕێتەوە، بێجگە لە خێرو چاکەو دڵخۆشکردنی خەڵکو بێجگە لە هێنانەدی بەرژەوەندیی خەڵک، لە بیری شتێکی دیکەدا بین، حەیفە دڵو دەروونی خۆمان جگە لە مەحەببەتو خۆشەویستییو دڵسۆزییو بەزەییو پەرۆش بۆ هەموولایهك، شتێکی دیکەی پێچەوانەی ئەوەی تێبکەین، وەک بوغزو غەرەزو کینەو ئەو شتە خراپانە، کە وەکو زبڵو زاڵ وان، حەیفە دڵو دەروونەکەمان جگە لە شتی پاکو چاک، شتی پیسو پۆخڵی تێبکەین.
ئنجا هەر بە بۆنەی جەژنی ڕەمەزانیشەوە، بە پێویستم زانی ئاماژە بەچەند خاڵێك بکەم:
یەکەم: پێویستە کاربەدەستانی ئەم وڵاتە، ئەوانەی کە حوکمڕانن لەم وڵاتەدا، هەرچی زیاتر بیربکەنەوە لە چەسپاندنی دادگەرییو، هەرچی زیاتر بیربکەنەوە لە پاراستنی شکۆی سیاسیی هەرێمو حورمەتو شکۆی دامەزراوەکانی، بێگومان دادگەریی بناغەی تەباییە، ئێمە زۆجار باسی تەباییو یەکڕیزیی دەکەین، بەڵام بیر لە بناغەکەی ناکەینەوە، بناغەی تەبایی دادگەرییە، بناغەی تەباییو ئاشتەوایی کۆمەڵایەتییو ئاشتەوایی گشتیی، بریتیە لە چەسپاندنی دادگەرییو پاراستنی شکۆی دامەزراوەکان کە دەبێ هی هەموولایەکبنو، یاسا سەروەرییو پابەندبوونی هەموو لایەک بە یاساوە، بە تایبەت ئەوانەی دەسەڵاتدارن، ئەگەرنا خەڵکی بێ دەسەڵات دیارە ناچار دەکرێ پابەندبێ، بەڵام بەداخەوە یاسا شکێنییو شکاندنی حورمەتی دامەزراوەکان، بە زۆریی لە لایەن کەسانێکەوەیە کە باڵادەستن، لە لایەن کەسانێکەوەیە کە ئەمرو نەهیی وڵاتیان بەدەستە.
دووهم: پێویستە کاربەدەستو حوکمڕانانی ئەم وڵاتە، چی دیکە لە بورجی عاجییدا نەژین، چی دیکە تەنیا خزمو حیزبو دەوروبەری خۆیان نەبینن، با بچنە شوێنەکانی کە خەڵکی هەژارو نەداریان تێدان، با ئاگایان لە ژیانی کولە مەرگییو مهینهتباریی خەڵک بێت، خەڵک هەیە کرێ خانووی بۆ نادرێ، خەڵک هەیە پارەی دهرمانو چارەسەری نهخۆشیی دەست ناکەوێ، پارەی پێداویستییه بنهڕهتییهكانی ژیانو گوزهرانی نیه، خەڵک هەیە ژیانێکی زۆر تەنگو تاڵی هەیە، با چی دی خەڵکی هەرێمەکەمان بێزار نەکەین، لە حاڵێکدا کە ئەم هەرێمە وەک دوورگەیەک وایە لەسەر دەریایەک لە نەوتو غاز، واریداتێکی زۆر لەم وڵاتەدا هەیە، با چی دی کارێک نەکەین کە زۆرێك له خەڵکەکەمان بە کولە مەرگیی بژین، خەڵک ڕۆژ بە ڕۆژ پتر بێزارو نیگەران بێ، با لهو ستهمو زۆرو بێدادییه بترسێین، بێگومان هەموو کۆمەڵگایهکان کە کۆتاییان پێ هاتوەو، سەریان بە فەتارەت چووە، لە ئەنجامی ستەمو زۆرو قۆڕخکارییو گەندەڵییو خراپهكارییدا بووە، وەک خوای پەروەردگار دەفەرموێ: (...وَمَا كُنَّا مُهْلِكي القُرى إلاَّ وَأَهْلُها ظالِمَون) القصص -59-، واته: ئێمە فەوتێنەری شارو ئاوەدانییەکان نابین، مەگەر خەڵکەکەیان ستەمکاربن.
هەروەها خوا دەفەرموێ: (وَكَمْ قَصَمْنَا مِن قَرْيَةٍ كَانَتْ ظَالِمَةً...) الأنبياء -11-، واته: ئێمە زۆر ئاوەدانییمان فەوتاندن کە ستەمکاربوون.
هەروەها دەفەرموێ: (وَتِلْكَ القُرى أَهْلَكْناهُمْ لَمَّا ظَلَمُوا...) الكهف -59-، واته: ئەو ئاوەدانییانە "کە مێژوو بهسهرهاتهكانیانی بۆ تۆمار کردووینو شوێنەوارەکانیان دیارن" کاتێک فەوتاندمانن کە ستەمکار بوون.
دڵسۆزانە ئامۆژگاریی کاربەدەستانو حوکمڕانانی ئەم وڵاتە دەکەم، با واز لە ستەم بێنن، ستەمی سیاسییو، ئەمنییو، ئابوورییو، کۆمەڵایەتیی، با دڵنیابن کە پەتی زوڵم لە ئەستوورییدا دەپچڕێ، ئەگەر هەر پەتێکی دیکە لە باریکییدا دەپچڕێ.
بێگومان ئەم شێوازو ڕیتمەی لە هەرێمی کوردستاندا گیراوەتە بەر، لە لایەن کەسانێکەوە کە حوکمڕانن، باڵا دەستن، کە بریتیە لە بەملیاردلێرکردنی کەمینەیەکی حیزبو خزم، لەسەر حیسابی هەژارخستنی خەڵکێکی زۆر، لەسەر حیسابی نەبوونی ژێرخانی ئابووریی، لەسەر حیسابی نەبوونی بەرهەمی خۆماڵیی، بێگومان ئەوە دیمەنێکی دزێۆو ناشیرینی هەرێمەکەمان دەخاتە بەرچاوی خەڵک، دواکەوتوێتیی سیاسیی حوکمڕانان دەخاتە بەرچاوی خەڵک، کە ئەم هەرێمە هەر بازاڕی ساغکردنەوەی کاڵای لەولاولاوه ڕا هێندراوی وڵاتانی دیکەبێ، وڵاتەکەی خۆمان ئاوی شیرینی هەیە، گڵمان هەیە، کانزامان هەیە، نەوتمان هەیە، غازمان هەیە، دەگونجێ کە ژێرخانی ئابوورییمان لە ڕووی کشتوکاڵەوە، لە ڕووی ئاژەڵدارییەوە، لە ڕووی پیشەسازییەوە، زۆر بەهێزبکەین، دوای سی (30) ساڵ حوکمڕانیی، نازانم بۆچی بەرپرسانی ئەم وڵاتە بیر لەوە ناکەنەوە، كه پشت بە خوای خۆمان ببەستینو، لەسەر پێی خۆمان بوەستینو، چیدیكه چاو لهدهستی خهڵكو وڵاتان نهبین!!
سێیهم: بەڕاستیی پێویستە کاربەدەستانی ئەم وڵاتە، بەجیددیی بیربکەنەوە لە کۆتایی پێ هێنانی ستەمی بڕینی مووچەو قووتی خەڵک، ئەویش بەوە دەبێ جوامێرانهو دهستبهجێ واز بهێندرێ لە گەندەڵییو قاچاخچێتی، وازبهێندرێ لە تەخشان پەخشانکردنی پارهی واریداتو بەرهەمی نێوخۆ، لهسهر بناغهی ستهمو كڕینی وهلای خهڵكی ههلپهرستو بێ ههڵوێست، ئهو پارهیهی لە گومرگەکان کۆدەکرێتەوە، لە باجو خەڕاجی نێو خۆ کۆدەکرێـتەوە، لە پارەی نەوت کۆدەکرێتەوە، وازبهێنرێ لەوە، پارەی کەمیش بەدەستی ئەمینەوەبێ زۆرە، بەڵام پارەی دونیا بەدەستی خائینەوەبێ، هەر بێ بەرەکەتەو هەر کەمە، ئەگەرنا ئەم وڵاتە ئەوە نیه بەرهەمی نەبێ، ئەدی بۆچی ژمارەیەکی کەم لە خەڵک دەبنە ملیاردلێر، ئەوە دیارە پارەو واریداتی ئەم وڵاتەیە کە بە ناحەقو ناشەرعیی کەوتۆتە دەستیان، بەداخەوە هەم حوکمڕانەکان بوونە بازرگان، هەم کۆمەڵێك لە بازرگانانی مشەخۆر لەگەڵ هەندێ لە حوکمڕانەکان بوونە شەریکە دز، ئهوانن بوونە ملیاردلێر لەسەر حیسابی ڕەشو ڕووتکردنی خەڵکێکی زۆر، پێویستە کۆتایی بەو حاڵەتە بهێندرێ.
چوارهم: ههروهها شتێکی دیکە لەم وڵاتەی ئێمەدا زۆر زەقە، بریتیە لە هەبوونی ژمارەیەکی زۆر بهناو گیراوی ئهمنییو سیاسییو مانەوەی زۆریان لە زیندانەکاندا، جارێ هەندێکیان هەر کە ئەسڵەن تا ئێستا دادگایی نەکراون، خەڵکم پێ شکدێ هەژدە ساڵە لە سجنەکانی ئەم وڵاتەدایە، هەژدە (18) ساڵە تاكو ئێستا دادگایی نەکراوە نازانێ چی لە سەرە؟ خەڵک هەیە لەسجندا بووە دوای دە (10) ساڵ ئنجا دادگاییان کردوە، گوتوویەتی: لەسەر چی، ئایا لەسەر ئەوەی دە (10) ساڵ لەمهو پێش؟ گوتوویانە: نەخێر لەسەر ئەوەی تۆ لە زینداندا بەتەمابووی تێكدان بکەی!! ئاخر لە زینداندا چی دەکرێ، ئنجا دوای ده (10) ساڵ ڕاگرتن (توقیف) پێنج (5) ساڵیان حوکم داوەو دوای پێنج (5) ساڵەکەش، ئێستا شەش ساڵی دیکەیە هەر لە زینداندایە، دوای ئەوەی حوکمەکەشی تەواو کردوە.
لێرەوە زۆر دڵسۆزانە دەڵێم: خەڵکێکی له کەسو کاری ئەو گیراوانە، زۆر ناڕەحەتن، تەنیا مەبستم پێ گیراوەکانی بادینان نیەو، ئەوانیش تەنیا پێنج (5) كهس نینو زیاترن، بەڵام ئەو پێنجە زیاتر زەق کراونەوە، مەبەستم لە هەموو گیراوەکانە، لەوانەیە کە وەکو گوتم هەیانە هەژدە ساڵە لە سجنەکانی ئەم هەرێمە، یان: سجنهكانی حیزبی حوکمڕان دایە، بەڵام تاكو ئێستا دادگایی نەکراوە، کاتی ئەوە هاتوە کۆتایی بەو حاڵەتە بهێندرێو، چیدی دهستهڵاتی دادوهریی ناشیرینو بێ ئیعتیبار نهكرێ، تهنیا ئێستاش ئهوه ناڵێم: لە کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆکایەتیی هەرێمدا زۆر بە زەقیی جەختم لەسەر ئەوە کردەوە، دواییش کە سەرۆکی هەرێم هات بۆلامان، دووبارە زۆر بە جەختکردنەوەوە پێم گوتەوە، کە پێویستە مشوورێکی جیددیی بخورێ لەو گیراوانە، لەو گیراوانەی کە ناویان لێ ناون گیراوی ئهمنییو سیاسیی، کە هەندێکیان بە زۆر ئیعتڕافیان پێکراوە، هەندێکیان من دەزانم چۆن ئیعتڕافیان پێکراوە: دوای لێدانو جەزرەبەیەکی زۆر، ئنجا دەستیان بەستوون لە پشتەوەو پێیان پەنجەمۆر کردوون، گوتوویانە: ئایا بتگێڕنەوە بۆ ئازارو جهزرهبه، یاخود دان بە یەکێک لەو شتانەدا دێنی؟ گوتوویهتی: ئاخر خۆتان دهزانن هیچ کامیانم نەکردوە، گوتوویانه: دەزانین هیچیانت نەکردوە، بەڵام خۆ ئێمە پیازمان سپیی نەکردوە وەک ئاسایش، دەبێ ئێمە بە بەرپرسەکانی خۆمانمان بڵێین لەسەر چی تۆمان هێندە ئەزیەتداوە؟! هەر دەبێ یەکێکیان هەڵبژێری، بزانە بە کەیفی خۆت لەو سێیانە یەکێکیان هەڵبژێرە، خۆتی لێ بکە خاوەن، هەرچەنده هیچیشیانت نەکردوە!! ئەمە کەی ڕەوایە؟!، ئەمە کەی بهڕێوهبردنی وڵاتە؟! چۆن خوای پەروەردگار وڵاتی ئاوا تێکنادات، چۆن ژێرەوژوور نابێ، ئەو هەموو زوڵمو ستەمەی تێدابێت؟!
پێنجهم: پاشان شتێکی دیکە كه دەمەوێ ئاماژهیهكی پێ بدهم: مەسەلەی پەتای کۆڕۆنایە، پەتای کۆڕۆنا زۆر جار ڕاگەیاندنی ڕەسمیی، ڕاگەیاندنی ئەم وڵاتە، ڕاگەیاندنی ئەو لایانانەی پارەی نەوتیان بەدەستەوەیە، کۆڕۆنای وا لێكردوه خەڵک لێی بتۆقێ، جاری واش هەیە نەخێر قەڕە قەپی لێدەکەنو بێدەنگیی لێ دەکەن! پێویستە بەشێوەیەکی هاوسەنگانەو بابەتییانە لەگەڵ ئەو مهسهلهیهدا مامەڵە بکەین، کۆڕۆنا هەر لێرە نیە، لە هەموو دنیادا هەیە، بەڵام بەداخەوە خەڵکێک وای لێکراوە لە ترسی کۆڕۆنا بمرێ، زۆر کەس لە ترسی مردن مردوە، زۆر کەس حاڵەتێکی دەروونیی وای بۆ دروست بووە، هەرکە باسی نەخۆشی کۆڕۆنا دەکرێ، یەکسەر بۆ خۆی ئامادەسازیی دەروونیی کردوە بۆ مردن، بێگومان لەگەڵ ئەوەدانیم کە کەمتەرخەمیی بکرێ، با خۆپاراستن بکرێ، بەڵام با جەنگی دەروونیی لەگەڵ خەڵکدا نەکرێ، با وا لە خەڵک نەکرێ هەر لە دەروونەوە ببەزێو، بەرلەوەی نەخۆشییەکە بگرێ، بۆ خۆی خۆی ئامادەکردبێ بۆ مردن، هەموو لایەک دەزانین کە حاڵەتی مەعنەویی مرۆڤ زۆر کاریگەریی هەیە چ بە باری ئەرێنییدا چ بە باری نەرێنییدا، لە ڕووبەڕوونەوەی گرفتو کێشەکانو، لەگەڵ دەردو نەخۆشییەکاندا.
شهشهم: کێشەیەکی دیکە كه ئەم هەرێمەی ئێمە هەیەتی، بریتیە لە کێشەی سنوورەکان، کە هەر بەیناوبەین لە لایەنی تورکیاوەو، هەندێ جار لەلایەنی ئێرانەوە، سنوورەکان تۆپببارانو بۆمبا باران دەکرێن، پێویستە بۆ چارهسهری ئهوه هەوڵێکی گشتیی هەبێت، نەک هەوڵی حیزبیی، هەوڵی گشتیی وەک حکوومەتی نێوهندییو، حكوومهتی هەرێمو قهوارهی هەرێم، وەکو دامو دەزگاکانی هەرێم، هەوڵێکی گشتیی هەبێ لەگەڵ تورکیا، لەگەڵ ئێران، لەگەڵ پەکەکە، لەگەڵ غەیری پەکەکەدا، کە بیانوو بەدەستی ئەو دەوڵەتانەوە نەدرێ، پێویستە هەوڵێکی گشتیی هەبێ نەک هەوڵی حیزبیی، هەر حیزبە خەم لە دەڤەرەکەی خۆی بخوات، بەڵکو دهبێ هەوڵێکی گشتیی هەبێو، ئێمە وەک بهشێك لهدهوڵهتێكو، هەرێمێک مامەڵە بکەین، نەک وەک حیزب، ئنجا چ لە چارەسەری کێشەی سنوورەکاندا، چ لەگەڵ بەغدادا، چ لەگەڵ هەر بابهتێكی دیکەدا.
حهوتهم: مهسهلهیهكی دیکە دەمەوێ ئاماژەی پێبدەم، ئەوەیە کە بڕیار وایە لە دوای بەسەرچوونی مانگی ڕەمەزان، لهكۆبوونهوهیهكدا باسی دەستووری هەرێمی کوردستان بکرێ، ڕەشنووسی دەستووری هەرێممان هەیەو، پێویستە قسەی جیددیی لەسەر بکرێ، لێرەوە ڕایدەگەیهنم: کە مادام خەڵکی هەرێمی کوردستان بە زۆرینە مسوڵمانە، دەستوورێکی شایستەیە، کە تەعبیر بکات لە ناسنامەی مسوڵمانەتییەکەی، با چی دی بە شەرمو بەمنجە منج باسی مسوڵمانەتیی خۆمان نەکەین، ئێمە میللـەتێکی مسوڵمانین، عەلمانییەکانیش دەڵێن: ئێمە مسوڵمانین، بگره قیادە عەلمانییەکەش دەڵێ ئێمە مسوڵمانین، بهڵام دەبێ مسوڵمانەتییەکەمان لە دەستووردا ڕەنگ بداتەوە، دەبێ لە یاساکاندا ڕەنگ بداتەوە، دەبێ لە بازاڕتدا، لە فەرمانگەکانتدا، لە هەڵوێستەکانتدا ڕەنگ بداتەوە، مسوڵمانەتیی ناوی بێ نێوەڕۆک نیە، بە جیددیی پێویستە بیر لهوه بكهینهوه كه دەستوورێکمان هەبێ شایستەمان بێت، چی دی بە هەستیاریی تەماشای ئەوە نەکەین دهستوورمان بۆنی مسوڵمانێتیی لێ نەیەت! ئاخر بۆچی بۆنی مسوڵمانەتیی لێ نهیەت؟ ئەگەر کەسانێک پێیان وایە كه ئێمه تاكو ئیسلام لە خۆمان دوور بخەینەوە، ڕۆژئاواو ئەمریکاو جوولەکەو دنیا زیاتر ڕێزمان دەگرن، بە غەڵەتدا چوون، ئەوانە مامەڵە دەکەن لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی خۆیانداو، ئەوەی بەلای ئەوانەوە گرنگە، چۆن بەرژەوەندییەکانی ئەوان دابین دەکرێن؟ ئێمەش دهبێ بهتهنگ ئیمانو عەقیدەی خۆمانەوە بین، مادام خۆمان بە بەرپرسی خەڵکێکی مسوڵمان دەزانین، پێوستە وەک خەڵکە مسوڵمانەکە بچین، نەک بەداخهوه وهك لە مانگی ڕەمەزاندا ڕوویدا، لە نێو جەرگەی تاعەت و خواپەرستییو تەڕاویحو نوێژ كردنو ڕۆژوو گرتنی مسوڵماناندا، هەندێک فرتو فێڵ بكرێنو هەندێک حاڵەت زەق بکرێنەوە، سروشتو میزاجی مسوڵمانان تێک بدات، ئەوە لە پای چیو چ بەرژەوەندییەک لەوەدا هەیه؟!
ههشتهم: کۆتا بابەت کە بە پێوستم زانی ئاماژەی پێ بدەم، مەسەلەی فەڵەستینە، کە ئێستا باسو خواسەکەی زۆر گەرمە، بەداخەوە جوولەکە لە نا خافڵ هێرشی کردۆتە سەر مسوڵمانانێک کە لەمزگەوتی ئەقسادا سەرگەرمی تەڕاویحو تاعەتو خوا پەرستییو قوڕئان خوێندن بوون، کە ئەوە بە هەموو پێوەرەکانی مافەکانی مرۆڤو جاڕنامەی گەردوونیی بۆ مافەکانی مرۆڤو، بە هەموو پێوەرەکانی عەقڵو نەقڵو یاساو شەرع، زوڵمو ستەم بوو، لێرەوە دەڵێم زۆر بەداخەوە تاكو ئێستا نەمبیستوە کە بەرپرسانی ڕەسمیی هەرێم هەڵوێستێکی فەڕمیی، شایستهیان لهوبارهوه لە ئاستی هەرێمدا ههبێ، هەر نەبێ با بەقەدەر میسر کە بە چۆکدا هاتوە لەبەرانبەر جوولەکەدا، بە قەدەر سعوودیەو بە قەدەر ئیماڕات، هەر نەبێ بەئەندازەی ئەوانە هەڵوێستمان هەبێ، کە تهنانهت ئەوانەش وەدەنگ هاتوون، زوڵمو ستەمەکەی قەوارەی زایۆنیی، هێنده خەستو سەختە بەرانبەر بە مسوڵمانانی فەڵەستین، ئەوانەش وەدەنگ هاتوون، حەیفە ئێمە لەوانەش بەدوا بکەوین، ئێمە خۆمان میللـەتێکی مەزڵوومین، ئێمە دەستمان بە ئاگری زوڵمەوە لە مێژە چزاوەو سووتاوە، ئێمە دەزانین تامی مەزڵوومییەت چۆنە، حەیفە لەسەر مسوڵمانانی مەزڵوومی فەڵەستین وەدەنگ نەیەین، بە بیانووی ئەوەی کە ڕەنگە ئەگەر ئێمە بەرگرییەک بکەین لە مسوڵمانانی فەڵەستین، قەوارەی زایۆنیی، یان ئەمریکا لێمان نیگەرانبێ، ئەورووپا لێمان نیگەرانبێ، ئەوانە هەموویان بیانووی بۆشن، ئێمە با لەگەڵ مەزڵوومدابین، لەگەڵ خاوەن حەقدابین، هەرکەسێک بێت، چ جای مسوڵمانانی فەڵەستین، مسوڵمانانێک کە بە دەوری سەرزەمینێکەوەن، یەکەمین ڕووگەی مسوڵمانانی تێدایەو، سێیەمین حەڕەمی مسوڵمانانی تێدایە (أولی القبلتین وثالث الحرمین)، قەوارەی زایۆنییش هەموو لایەک دەزانین کە لە ساڵی: (١٩٤٨)هوه بە هاوکاری ئەمریکاو زلهێزانی دیکەی ڕۆژئاواو ڕۆژهەڵات بنیات نراوە، وهنەبێ بە ئازایەتیی جوولەکە خۆیان، پێویستە هەمیشەش جیاوازیی بکەین لە نێوان قەوارەی زایۆنیی و گەلی جوولەکەدا، گهلی جوولەکە وەک هەموو مرۆڤەکانی دیکە، پێویستە ڕێزیان لێ بگیرێ، وەک شوێنکەوتووانی کتێبێکی ئاسمانیی، با کتێبەکەشیان تێکدابێ، بەڵام قەوارەی زایۆنیی کە لەسەر خاکی میلـلەتێکی دیکە قەوارەیەکی سیاسیی دروستکردوە، بە دەست لە پشت دانی زلهێزانو، میللـەتەکەی لەو خاکەشدا ژیاوە، دەربەدەرو ئاوارە کراون، ئەوە بەڕاستیی ستەمێکی گەورەیەو، پێویستە هەمیشە لەبەرچاومان بێ، ههروهها ئێمە پێویستە کوردستانە دابەشکراوەکەی خۆشمانمان لەبەر چاوبێ، چەنده لەسەر دڵمان قورسە، کە ناهێڵن لە وڵاتەکەی خۆماندا ئازادانە بژین، خاوەنی مافی چارەنووسی خۆمان بین، ئنجا ههر ههمان كێشه و دهرده کە مسوڵمانانی فەڵەستینیشن بەدەستییەوە دەناڵێنن، کە قەوارەی زایۆنیی به دەست لەپشتدانی زلهێزان لە پشتیەوەیەتی، پێویستە هەڵوێستمان هەبێو دەنگ بێینو نیگەرانیی دەرببڕینو، چی لەدەستمان دێ بیکەین بۆ سەرخستنی مەزڵوومو، بۆ دەستگێڕانەوەو دەست کێشانەوەی زاڵمو ستەمکار لەو ستەمەی دەیکات.
لە کۆتاییدا دەڵێم: پێمخۆشبوو لەم بۆنەی جەژنەدا تەنیا باسی ئەو شتانە بکەم، کە هەموو لایەک دڵیان پێی موڕتاحو ئاسوودەبێت، بەڵام چی بکەین کە ئێمەی مسوڵمان بەداخەوە بارودۆخەکەمان وایە، نە ڕەمەزانەکەمان وەک له حاڵهتێكی ئاسایی دا بهڕێوه دەچێ، نە جەژنەکەمان وەک جەژنێكی ئاساییه، نە وڵاتەکەشمان وەک وڵاتانی خەڵک بهڕێوه دەچێ، کە یاسای تێدا سەروەر بێو دامەزراوەکانی تێدا شکۆدارو بە حورمەتبنو، نە دەسەڵاتە سیاسییەکەشمان وەک دەسەڵاتی سیاسیی وڵاتانی دیكه دەچێ، کە لە بیری خەڵکدابن، لە بیری لێ قەوماوان و خەڵکی مەینەتباردابن، تەنیا لە بیری بەرژەوەندییەکانی خۆیان دان، بۆیە واقیعەکەمان چۆن بێ، ئێمەش تەعبیر لە واقیعەکە دەکەین.
خوا بە لوتفو کەڕەمی خۆی، جارێکی دیکە جەژن لە هەموو لایەک موباڕەک بکاتو، یارمەتییمان بدات کە دوای ڕەمەزانیش، وەک مانگی ڕەمەزان هەر بۆ خوا سوڵحاوبین، هەر پابەند بین بە شەریعەتەوە، بێگومان مسوڵمانهتییو دینداریی، خوای پەروەردگار نەیبەستۆتەوە بە مانگێکەوە، بە ڕۆژێکەوە و بە کاتێکەوە، بەڵکو مسوڵمانەتیی لەگەڵ تەمەنو ژیانی مرۆڤدایه، مسوڵمانەتییو دیندارییش، خۆمان لێی بەهرەمەندین، هەروەک لە گوناحو تاوان خۆمان زەرەر مەندین: (مَّنْ عَمِلَ صَالِحًا فَلِنَفْسِهِ ۖ وَمَنْ أَسَاءَ فَعَلَيْهَا...) فصلت -46-، واته: هەرکەسێک چاکەیەکی کرد، خۆی لێ بەهرەمەندە، هەرکەسێ خراپەی کرد خۆی لێی زیانبارە.
دووبارە جەژنی هەموولایهک موباڕهک بێ.
والسلام علیکم ورحمة الله وبرکاته.
برای دڵسۆزتان:عهلی باپیر
30/ ڕهمهزان/1442كـ
12/5/2021ز
ههولێر
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە