19/04/2021
2041 جار خوێنراوەتەوە
چۆن منداڵەکەت فێر بکەیت شەوانە زوو بخەوێت؟
کۆمەڵێک رێگای گونجاو هەیە بۆ ئەوەی
منداڵەکانمان فێربکەین شەوانە زوو بخەوێت:
شەوانە نوستن لە هەمان کاتدا وادەکات منداڵەکە ڕابێت و
لەکاتی خۆیدا بخەوێت، هەوڵ بدە جیاوازی کاتی نوستنی لەهەموو شەوێکدا زیاتر نەبێت لە
سەعاتێک.
شوێنی نوستنی کەمێک
تاریک بێت، یان رووناکیەکی زۆر کەم هەبێت، بەڵام با بەتەواوی تاریک نەبێت ئەگەر هەستت
کرد منداڵەکەت لەتاریکی دەترسێت.
نزیکەی کاتژمێرێک بەر
لەخەوتن نابێ سەیری مۆبایل و ئایپادو هیچ شاشەیەک بکات، وە هەرگیز لەژووری خەوتنی
منداڵ تی ڤی دامەنێن.
باشترە بەڕۆژ نەخەوێت،
ئەگەر تەمەنی زیاترە لە سێ ساڵ.
ئەگەر بکرێت هەوڵ بدە
منداڵەکەت ڕۆژانە بۆ ماوەی نیو کاتژمێر، یان کاتژمێرێک لە دەرەوەی ماڵ و لەشوێنێکی
کراوە یاری بکات وەکو باخچە یان پاڕکی ناو
گەڕەکەکان.
مەهێڵە منداڵەکەت بە برسیەتی
بخەوێت، دەتوانی بەر لە خەوتن شیری پێبدەیت، یان پارچە کێکێکی سادە و پێنەدانی
خواردنی قوڕس و چەور، دوو کاتژمێر بەر لە
خەوتنی.
زۆر گرنگە دایک و باوک
هەوڵ بدەن خۆیان ڕابهێنن زوو بخەون، یان بەلایەنی کەم ئەو کاتژمێرەی دەیانەوێت
منداڵەکە بخەوێنن رووناکی ماڵەکە زۆر کەم بکەنەوە و (تی ڤی)ەکان بکوژێننەوە، تاکو
منداڵەکەش بە ئاسانی ڕازی بکەن بچێتە جێگای نوستنی خۆی و کەشێکی هێمنی بۆ بڕەخسێت،
بێگومان ئەگەر دایک و باوک زۆر درەنگ بخەون، چاوەڕێی ئەوە ناکرێت منداڵەکانیان فێری
زوو نوستن ببن .
زانست ئەوەی سەلماندووە
کە بەشی هەرەزۆری هۆڕمۆنی گەشە، لە سێیەکی شەو دەدەدرێت کە باشتر کاری خۆی دەکات ئەگەر
منداڵەکە خەوتبێت، بۆیە منداڵەکەت بێبەش مەکە لەو هۆڕمۆنە گرنگە.
ئەگەر ئێستاش منداڵەکەت شەوان زۆر
درەنگ دەخەوێت، هەوڵ بدە بەرە بەرە فێری
بکەیت، بۆ نمونە هەر هەفتە یان دە ڕۆژ جارێک پانزە یان بیست خولەک زووتر بچێتە سەر جێگاکەی خۆی، تاکو بەتەواوی ڕادێت،
چونکە ئەگەر منداڵێک وا ڕاهاتبێت هەموو شەوێک کاتژمێر دوانزە بخەوێت، زۆر زەحمەتە بتوانیت بەماوەی چەند ڕۆژێک فێر بێت زوو بخەوێت
و دەبێت ئارامگر بیت لەگەڵیدا.
د. پەروین محەمەد رەسول
پزیشکی پسپۆڕی منداڵان.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە