پێش 2 هەفتە 71 جار خوێنراوەتەوە

رۆمانی ده‌ریاس و لاشه‌كان سه‌ریاس چۆن هاته‌وه‌و بۆ ونبوو؟

 

 

رۆمانی ده‌ریاس و لاشه‌كان
سه‌ریاس چۆن هاته‌وه‌و بۆ ونبوو؟!
په‌یوه‌ند عومه‌ر

ده‌ریاس، بۆیه‌ مێژوو له‌ ڕۆژئاوا ده‌خوێنێت تاكوو دواتر بگه‌ڕێته‌وه‌ سه‌رمێژوی باركراوی خۆمان، ئه‌و مێژوه‌ی له‌ هه‌ر جێگه‌یه‌كه‌وه‌ ده‌چیته‌وه‌ سه‌ری له‌گه‌ڵ نائومێدیه‌كی گه‌وره‌دا ڕوو به‌ڕووت ده‌كاته‌وه‌، ده‌ریاس دكتۆرا له‌مێژودا له‌ڕۆژئاوا دێنێته‌وه‌، بۆئه‌وه‌ی دواتر بگه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر ئه‌و خه‌وشانه‌ی مێژوی وڵاته‌كه‌ی خۆی كه‌ جگه ‌له‌ سه‌رگه‌ردانی، چیدیكه‌ی تێدا ده‌ستناكه‌وێت.


ده‌ریاس به‌هێوایه‌كی زۆره‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی سه‌رله‌نوێ‌ به‌نیگایه‌كی دیكه‌وه‌، نیگایه‌ك خاڵی له‌و په‌رێشانیه‌ كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و ئه‌كادیمیه‌ی كه‌ هه‌ریه‌كه‌یان به‌جۆرێك یه‌خسیر و په‌راوێزنشینی ئه‌و ئایدیاو ئایدۆلۆجیه‌ سیاسیانه‌ن، كه‌ جگه ‌له‌ كه‌ساسكردنی كۆمه‌ڵگا، چیدیكه‌یان پێنیه‌ بیبه‌خشن، هه‌ریه‌كه‌یان له ‌لایه‌كه‌وه‌ بوونه‌ كارگه‌ی دڵڕه‌قی و ماڵوێرانی كۆمه‌ڵگاكه‌یان.

ده‌ریاس ده‌یبنی ئه‌و گۆڕانه‌ له‌پڕه‌ی رووی له ‌كۆمه‌ڵگاكه‌ی كردووه،‌ نه‌ك خۆشبه‌ختی نه‌هێناوه‌، به‌ڵكو چینایه‌تییه‌كی دروستكردووه‌، كه (نیوه‌ی كۆمه‌ڵگا پڕوو نیوه‌كه‌ی تری قڕ)ه‌.

وایزانی زۆرئاسان ده‌توانێ‌ و جێگای ده‌بێته‌وه‌ كه‌ وه‌ك تاكێكی به‌خشنده‌و هه‌ڵگری ڕوانگه‌ی ژیان دۆستی كاربكات، ئه‌وه‌ی له‌هزریدا جێگیربووه‌ سه‌باره‌ت به‌ بژاركردن و نوێكردنه‌وه‌ی مێژوو ده‌توانێ‌ بیكاته‌ كار، ده‌توانێ‌ به‌جۆرێك له‌جۆره‌كان خه‌وشه‌ مێژوییه‌كان بژاربكات له ‌پێناوی ئه‌وه‌ی دوای ڕزگاربوونی تاكی ئێمه‌ چیدی نه‌گوترێت"مێژوو خۆی دووباره‌ده‌كاته‌وه‌"، بۆئه‌وه‌ی تاكی ئێمه‌ش هه‌ست به‌هه‌بوونێك بكات شایسته‌ به‌و چه‌رخه‌ مێژوویه‌ی ئێستا له ‌دونیادا ده‌گوزه‌رێت، بۆ ئه‌وه‌ی ڕزگاربێت له‌و هه‌سته‌ نوستالیژیه‌ی، كه‌به‌رده‌وام په‌یوه‌ستی ده‌كاته‌وه‌ به‌شكسته‌ مێژوییه‌كان و گه‌ردنی له‌و رابردوه‌ بته‌كێنێ، ده‌یه‌وێت له‌ دژی ئه‌وه‌ بوه‌ستێته‌وه‌ كه‌ تاكی ئێمه‌ وه‌ك كۆیله‌ی مێژوو ده‌هێلێته‌وه‌.

ده‌ریاس كوڕی ناونائومێدیه‌كان نه‌بوو، نا ئه‌و به‌ئومێدێكی گه‌وره‌وه‌ گه‌ڕایه‌وه‌، ویستی له‌وڵاتی خۆی و له‌ ته‌نیشتی مرۆڤه‌ په‌راوێزه‌كانه‌وه‌ بژی، ویستی ئه‌و خواسته‌ په‌راوێزانه‌ی له‌ ده‌رونی مرۆڤه‌ ئاسایی و هه‌ژاره‌كان په‌نگی خواردووه‌ته‌وه، جارێكی دیكه‌ بیخاته‌وه‌ باری سه‌ره‌وه‌، به‌ڵام هه‌رله‌گه‌ڵ دابه‌زینی له ‌فڕۆكه‌خانه‌ هه‌مووشتێك په‌لاماریدا، له‌پێش هه‌مویانه‌وه‌ گۆڕانه‌ ناشیرین و ناته‌بیعیه‌ سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، ئه‌و هه‌ڵاوسانه‌ ئابورییه‌ ناشیرینه‌ی كه‌ باڵای ئاپارتمانه‌كانی به‌رزكردووه‌ته‌وه‌و حورمه‌تی مرۆڤه‌كانیشی به‌ناخی زه‌ویدا بردووه‌ته‌ خواره‌وه.

ده‌ریاس به‌گه‌شبینیه‌وه‌ گه‌رایه‌وه‌، به‌ڵام كه‌ هێزه‌سیاسییه‌ باڵاده‌سته‌كان په‌لاماریاندا، كه‌ زانكۆكان به‌رنه‌فره‌تی شه‌هاده‌داره‌كانیان خست، ئه‌ویش رۆژبه‌ڕۆژ به‌ره‌و نائومێدی چوو، كه ‌به‌شوێن ئاراسته‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا چوو، بینی ئه‌م كۆمه‌ڵگایه‌ چۆن به‌ناوی جیاجیا پارچه‌ پارچه‌ ده‌كرێت، كه‌ بینی ته‌نانه‌ت خوداوه‌ند له ‌ناویاندا دابه‌شده‌كرێت و كه‌س به‌خودای ئه‌ویتر بڕواناكات، ئه‌ویش سات به‌سات له ‌رۆحی كۆمه‌ڵگاكه‌ی و واقعه‌كه‌ی دوور ده‌كه‌وته‌وه.
 
ده‌ریاس له ‌پێناوی ئه‌و په‌یامه‌ی كه‌ هه‌ڵیگرتبوو زۆرشتی كرد، سه‌دان بێحورمه‌تی قبوڵكرد، بۆ ئه‌وه‌ی بیسه‌لمێنێت جیاواز له‌و باو و حه‌شره‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ توتی ئاسایه‌، ئه‌و شتانێكی دیكه‌ ده‌بینێ و ده‌یكات، كاركردنی له‌ ئه‌رشیفخانه‌كه‌و ته‌نانه‌ت هه‌ڵگرتنه‌وه‌ی لاشه‌كان بۆئه‌وه‌بوو كه‌ ئه‌و سوره‌ له‌سه‌ر گه‌یاندنی په‌یامه‌كانی خۆی، دواتر كه‌زانی ئه‌م كۆمه‌ڵگایه‌ گوێ‌ ناگرێت، كه ‌زانی حه‌زێكی گه‌وره‌ی بۆ دروستكردنی موقه‌ده‌س و پیرۆزكردنی سه‌ركرده‌سیاسیه‌كان هه‌یه‌، كه‌زانی ئه‌م كۆمه‌ڵگایه‌ له‌ په‌رستنی خوا تۆراوه‌و حه‌زێكی گه‌وره‌ بۆپه‌رستنی سه‌ركرده‌كانی هه‌یه‌، كاری بوو به‌ ئاشكراكردنی كۆمه‌ڵێك نه‌هێنی گه‌وره‌، له‌و نهێنیانه‌ی كه‌ له ‌كۆمه‌ڵگاوه‌ جۆرێك دیارن و له‌پشته‌وه‌ش شتێكی ترن.. بۆیه‌ له‌ كۆتایبدا كه‌ چیرۆكه‌ ئه‌فسوناویه‌كانی شۆڕشی به‌ تۆرێكی نائومێدیه‌وه‌ گرێداو ئه‌وه‌ی ئاشكرا كرد هه‌رچی دێت كاری ئه‌وه‌یه‌ یاری به‌شعوری كۆمه‌ڵایه‌تی گشتیی بكات، ماڵئاوایی له ‌هه‌موو شتێك كردو خۆی ونكرد و گه‌ڕایه‌وه‌ بۆلای ئه‌و مرۆڤه‌ په‌راوێزانه‌ی كه‌سیاسه‌ت هه‌ناسه‌ی لێ بڕیون.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

  • پێش 2 هەفتە

    رۆمانی ده‌ریاس و لاشه‌كان سه‌ریاس چۆن هاته‌وه‌و بۆ ونبوو؟

  • پێش 3 هەفتە

    رۆژێک ھەر دێم و پەیامێک دەھێنم

  • پێش 4 هەفتە

    پێغەمبەر ناسی لە ڕوانگەی مەحوییەوە

  • پێش 4 هەفتە

    كاریگەریی تێڕوانینی‌ ئایدۆلۆژی‌ لەسەر کەلتووری‌ کورد

  • پێش 4 هەفتە

    ( ماجەرای‌ بینینی‌ کۆڵان و ژوورەکەی‌ (سوبحانی‌

  • پێش 4 هەفتە

    له‌تێك شیعر و له‌تێك جوانی..!

  • 22/06/2019

    وه‌فایی شاعیر ده‌ناسیت؟

سەرەتا