15/03/2021 632 جار خوێنراوەتەوە

چۆن هاوکاری توشبووان بە نەخۆشی دەروونی بکەین؟

توشبووان بە نەخۆشی دەروونی، زۆرجار بەهۆی نەزانین لە مامەڵەکردن لەگەڵیان، دەرووندروستییان خراپتردەبێت و دەکەونە دۆخێکی ناهەموارەوە! ئایا ئێمە وەکو خانەوادە، هاوڕێ، کۆمەڵگە، .. چۆن دەتوانین هاوکاری توشبووان بکەین؟
ئەمە ئەو پرسیارەیە کە زۆرجار ڕووبەڕومان دەبێتەوە و تاکەکانی کۆمەڵگە پێویستییان بە وەڵامە. لێرەدا ئاماژە بە پێنج خاڵ دەکەین کە دەبێت ئەنجامیان بدەین، هەتا بتوانین ئازاری توشبووان بە نەخۆشی دەروونی کەمبکەینەوە: 
یەکەم: هەرگیز مەهێڵە بێئومێد بێت!
بێهیوایی دەبێتە هۆی خراپتربوونی دۆخی دەروونی نەخۆشەکان، بە پێچەوانەشەوە بوونی هیوا دەبێتە هۆی کەبونەوەی نیشانەکان! لەبەرئەوە هەوڵبدە بەردەوام ئومێدی بۆ دروستبکەیتەوە، ئومێدیان پێبدەن کە:
-  چەندین دەرمانی جیاواز و جۆراوجۆر هەن کە دەتوانن ببنە هۆی چارەسەرکردنی نەخۆشییە دەروونییەکان.
-  زانست ڕۆژ بە ڕۆژ پێشدەکەوێت و چارەسەری زیاتر و باشتر دەدۆزرێتەوە.
-  چەندین جۆری چارەسەر هەن کە کاریگەری نەرێنی وەکو خەواڵووکردن و گێژبون یان کێش زیادبونیان نییە!
-  چارەسەری دەروونی لەسەر شێوازی جەلسات لە کوردستانیش بەرەوپێشچوونی باشی بەخۆیەوە بینیوە!
-  ژمارەی پزیشکانی پسپۆری دەروونی و چارەسەرکارانی دەروونی زیادی کردووە، ئەگەر سودت لە چارەسەرکارێک وەرنەگرت دەتوانیت بچیتە لای کەسێکی تر!
دووەم: بزانە نەخۆشییە دەروونییەکەی چییە!
هەوڵبدە کە ئاشنابیت بە جۆری شڵەژانە دەروونییەکەی، ئەمەش لە چەندین لایەنەوە یارمەتیدەرە:
-  دەتوانیت لەسەر نەخۆشییەکە زانیاری تەواو وەربگریت، لە رووی چۆنییەتی توشبوون و چۆنییەتی چارەسەرەکان و هاوکاریکردنیان.
-  بە زانینی هۆکاری توشبونەکەی هەوڵدەدەیت هاوکاری بکەیت بۆ نەهێشتنی هۆکاری توشبوونەکە.
-  دەزانیت کە دەبێت چی بکەیت هەتا نەخۆشەکە هەست بە ئاسودەیی بکات.
-  فشارە دەروونییەکانی لەسەر کەمدەکەیتەوە.
سێیەم: چارەسەرەکانی دەستکاری مەکە!
هەرگیز بە قسەی کەسانی ناپسپۆر لە بواری پزیشکی د ەروونی چارەسەرەکانی مەگۆرە، و بریار لەسەر وەستاندن، گۆرین یان زیادکردنی چارەسەرەکان مەدە، زۆرکەس بە نەزانانە باس لە نەخۆشی دەروونی دەکەن، نابێت تۆش ببیتە یەکێک لەو کەسانە، لەم هەڵانە خۆت بپارێزە:
-  دەرمانە دەروونییەکانی بەبێ ڕاوێژی پزیشک بوەستێنیت یان کەمیان بکەیتەوە یاخود زیادیان بکەیت.
-  نەهێڵیت نەخۆشەکە سەردانی چارەسەرکارانی دەروونی بکات بە بیانوی ئەوەی کە تەنها ئامۆژگارییە و خۆی باشتر دەزانێت.
-  بەبێ ڕاوێژی پزیشکی دەروونی دەرمانی بۆ بەکاربهێنیت بە بیانوی ئەوە نەخۆشێکی تر سودی لەو دەرمانە بینیوە! 
چوارەم: دوریانبخەنەوە لە چارەسەرکاری هەڵە!
کۆمەڵگای کوردی پڕبووە لە چارەسەرکاری هەڵە! بەجۆرێک هەرکەسێک قسەدەکات پسپۆرە لە بواری چارەسەری نەخۆشییە دەرونییەکان و هیچیشی لێنازانێت و تەنها دۆخەکە خراپتر دەکات! هەرگیز مەهێڵە نەخۆشەکەت ئەم هەڵانە بکات:
-  سەردانی کەسانێک بکات کە بەناوی چارەسەری ئاینی یان میلییەوە کاردەکەن؛ ئەم جۆرە چارەسەرانە دەبنە هۆی خراپتر بوون یان زۆربوونی نیشانەکانی نەخۆشییەکە!
-  بچێتە لای پزیشکێک کە پسۆرنەبێت لە بواری پزیشکی دەروونی، ئەمە دەبێتە هۆی بێهیوابوونی نەخۆشەکە، کاتێک کە پزیشکەکە پێێدەڵێت فەحسەکانت پاکە و هیچت نییە! هەروەها دەبێتە هۆی ئەوەی نەخۆش پەنابەرێتە بەر چارەسەرە هەڵەکان!
-  بچێتە لای توێژەرێکی دەروونی یان کۆمەڵایەتی کە شارەزایی نییە لە نەخۆشی د ەروونیدا، ئەم کەسانە لەوانەیە بەهۆی کەم شارەزاییەوە ڕێنماییەک بدەن کە زیان بە نەخۆشەکە دەگەیەنێت، بۆنمونە زۆرجار کەسی توشبوو نەخۆشییەکی توندی هەیە پاش سەردانی ئەم کەسانە دەرمانەکان دەوەستێنێت و دواتر کارەسات روودەدات!
-  کارمەندی پزیشک کە نورینگەیان هەیە لە گەرەکەکاندا، لەوانەیە دەرمانێکی بدەنێ کە ببێتە هۆی ئیدمان و هۆگربوون لەسەر دەمانەکە، یان بەهۆی کەم شارەزاییەوە لەوانەیە رێنمایی نەخۆش بە هەڵە بکەن.
هەموو ئەو چوار لایەنەی سەرەوە، پێویست و گرنگن بۆ کۆمەڵگە، سودی گەورەیان هەبوو لە بوارەکانی خۆیاندا، بەڵام چارەسەر و ڕێنمایی نەخۆشی دەروونی ئەرکی پزیشکی دەروونی و چارەسەرکاری دەروونییە کە پسپۆرییان لە بوارەکەدا هەیە. 
پێنجەم: پشتیوانی بکەن!
هەتا دەتوانن ببنە پشتیوانیان، ئەم پشتیوانییەش بەوە دەبێت کە هەوڵبدەین هانیان بدەین بۆ چەند کارێکی دروست و پێویست، وەکو:
-  وەرزش و پیاسەکردنی ڕۆژانە؛ ئەم دووانە دەبنە هۆی کەمکردنەوەی فشارەکان و ئاسودەیی دەروونی تاک.
-  پشتیوانیان بە لە بەردەوام بوون لەسەر پیشەکەیان، ئەگەر زۆر پێویست نەبوو مەهێڵە مۆڵەت بکەن. هەتا نەخۆشییەکە زیاتر زاڵنەبێت بەسەریاندا!
-  با بەردەوام لە رووی کۆمەڵایەتییەوە تێکەڵبن و لەگەڵ ئەوانی تردا بەشداری بۆنە کۆمەڵایەتییەکان بکەن و لە کۆمەڵگە دانەبرێن.
-  ڕێنماییان بکە کە تەندروست ژیان بکەن لە روی خەو و خواردن و پاکوخاوێنییەوە.
-  دوریان بخەنەوە لە بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر، جا جگەرە و نێرگەلەبێت یان مەی و ماددە هۆشبەرەکانی تر بێت.

هەموو ئەوەی ئاماژەی بۆکراوە بنەمای زانستی هەیە، دڵنیابن هەرکات توانیمان ئەو پێنج خاڵە بهێنینە دی ئەوە نەخۆشەکەمان زووتر و ئاسانتر باشدەبێتەوە.
د.جەعفەر عومەر
پزیشکی پسپۆری دەروونی

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

  • 08/05/2025

    لە ڕۆژی جیهانیی تالاسیمیادا، ڕێژەی نەخۆشییەكە لە هەرێم ڕوو لە بەرزبوونەوەیە

  • 01/05/2025

    یاد نەقشبەندی: شێرپەنجەی مەمک لە ئافرەتان ئەگەری چاكبوونەوەی زۆرە

  • 07/03/2025

    تەندروستی جیهانی: ڕاگرتنی هاوكارییە دەرەکییەكان ژیانی ملیۆنان نەخۆش دەخاتە مەترسیەوە

  • 02/03/2025

    کام نەخۆشیی دەروونی دەتوانێت بەڕۆژوو نەبێت

  • 22/02/2025

    جیهان.. قەیرانی ئۆكسجین ژیانی ملیۆنان كەس دەخاتە مەترسییەوە

  • 01/02/2025

    كۆشكی سپی: دەرچوونی "كۆڤید-19" لە تاقیگەیەكی وڵاتی چین ڕاستییەكی سەلمێنراوە

  • 21/12/2024

    بەكارهێنانی زیاد لەپێویستی تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان دەبێتەهۆی پوكانەوەی مێشك و سڕكردنی

  • 23/11/2024

    پیشەسازیی داودەرمانی جیهان لە 10 ساڵی داهاتوودا بۆ دوو هێندە زیاد دەكات

سەرەتا