09/03/2021
493 جار خوێنراوەتەوە
هاوپەیمانیی عەرەبی: مووشەک و فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی حووسییەکان دروستکراوی ئێرانن
پهیام
وتەبێژی هاوپەیمانیی عەرەبی بە رابەرایەتی سعوودیە، تورکی مالیکی رایگەیاند کە ئەو مووشەک و فڕۆکە بێ فڕۆکەوانانەی میلیشیاکانی حووسی لە یەمەن بەکاریدەهێنن دروستکراوی ئێرانە و بە گورزی قورس بەرپەرچی ئەوانە دەدەنەوە.
وتەبێژی هاوپەیمانیی عەرەبی بە رابەرایەتی سعوودیە، تورکی مالیکی حووسییەکانی تۆمەتبارکرد بە هەڕەشەکردن لە گەشتەکانی دەریای سوور و باسی لەوە کرد کە میلیشیاکان لەو رووەوە رێگای رێکخراوی تیرۆریستیی ئەلقاعیدەیان گرتووەتەبەر.
تورکی مالیکی ئاماژەی بەوە کرد کە مووشەک و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانەکانی میلیشیاکانی حووسی دروستکراوی ئێرانن و وتی: ''بەندەری حودەیدە بووەتە شوێنی قاچاخچێتیکردن بە مووشەکی بالیستی حووسییەکان''.
وتەبێژی هاوپەیمانیی عەرەبی باسی لەو وەڵامانە کرد بەرامبەر ئەو هێرشانەی دامەزراوە نەوتییەکانی سعوودیەیان کردە ئامانج و وتی: ''لە ئۆپەراسیۆنەکانماندا پابەندین بە یاسا نێودەوڵەتییەکانەوە، خاوەنی ئارامگرییەکی ستراتیجیی و تاکتیکین بۆ پاراستنی هاووڵاتییانی مەدەنی، بەڵێن دەدەین گورزی کوشندە بدەین لە حووسییەکان''.
دوێنێ وتەبێژی سەربازیی حووسییەکان، یەحیا سەریع لە راگەیەنراوێکدا باسی لەوە کرد کە بە هەشت مووشەکی بالیستیی و ١٤ فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان کۆمپانیای ئارامکۆی سعوودیە و ئامانجە سەربازییەکانیان لە شارەکانی دەمام، عەسیر و جازان کردووەتە ئامانج.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە