28/01/2021
1103 جار خوێنراوەتەوە
ئەم شێوازە لەگەڵ مناڵەکەت تاقیبکەرەوە و سەرکەوتنی مسۆگەر بکە
وەک دەزانن سترێس بەشێکی سروشتیی ژیانە، بەجۆرێک هەر کارێک هەوڵدانی پێویست بێت، بەش بەحاڵی خۆی سترێس و ناڕەحەتیشی لەگەڵدایە.
بەشێک لە ئەرکی دایکوباوکایەتیش هەر ئەمەیە؛ مناڵەکانمان فێر بکەین بەرگەی ناڕەحەتیەکانی ڕێی سەرکەوتن و هەوراز و نشێوەکانی گەشتن بە ئامانجە گەورەکانی ژیان بگرن.
بەڕاستی ئەمە یەکێکە لەو خەڵاتانەی کە تا لە ژیاندا بن سوپاسمان دەکەن لەسەری. بەڵام چی بکەین بۆ ئەوەی ببینە شایستەی ئەو سوپاسە؟
ئیشوکارەکانی ڕۆژانە بە دەرفەت ببینە:
کاتێک مناڵەکەت لە گەرمەی ئەرکێکی قورسدا، جا ئیتر سەعی کردن و ڕاهێنانی پیانۆ بێ یان قورئان لەبەرکردن و کۆکردنەوی ژوورەکەی، یان هەر ئەرک و ئامانجێکی گەورەی ژیان، ئەگەر لەوکاتەدا هەستی بە قورسیی ئیشەکە کرد، یان نیشانەی ماندوێتی لێ بەدەرکەوت و کەوتە بیانوهێنانەوە بۆ ئەوەی بەردەوام نەبێت، بەحیکمەتی دایکوباوکانەی خۆت فێری هونەری بەردەوامی و هەڵکردنی بکە لەگەڵ سترێس.
ئەوەش بەوەی پێشنیاری دابڕانێکی کورت و وزەبەخشی بۆ بکەی، بۆ نموونە:
دەموچاو شتنێک، هەناسەدانێکی قوڵ، پیاسەیەک، گۆرانی وتنێک، جەو گۆڕینێک.. ئەم هەنگاوە بچووکانە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی سترێسەکەی و سەرلەنوێ شەحن بوونەوەی.
هەروەها بۆشی ڕوونبکەرەوە:
ئێمەی مرۆڤ بە سروشت وەهاین؛ هەر شتێک ببێتە هۆی ئەوەی لە بازنەی ئیسراحەت و پاڵ لێدانەوەی خۆمان بێینەدەر، هەستی نائارامی و دڵەڕاوکێمان بۆ دروست دەکات. چۆن دەزانین؟ یەکسەر وەکو ڕادیۆ شکاو چەندین دەنگی سلبی دەکەونە ورتە ورت: کەی وەختیەتی.. بیخەرە دواتر تاکو جوانتر بیکەی.. خۆ هەر فریا ناکەوی.. دەرەقەتی نایەی.. بڵێ ناتوانم با ئەوان بۆت بکەن.. وە دنیایەک گیزە گیزی تر..منداڵەکەت فێربکە گوێ ڕانەدێرێ بۆ ئەو دەنگە سلبیانە.
لەبری ئەوە فێری بکە بیانناسێتەوە و بیانگۆڕێت بە دەنگی ئیجابی:
"ئاساییە هەست بە دڵەڕاوکێ بکەم، بەڵام ڕێگە نادەم کۆنتڕۆڵی ژیانم بکات و لە گەیشتن بەئامانجەکانم دوامبخات."
بەو هیوایەی هەریەکەمان -پێش مناڵەکانمان- دەنگە جیاوازەکانی ناو مێشکمان بناسینەوە و بە حیکمەتەوە مامەڵەیان لەگەڵ بکەین و نەهێڵین ئەو ترس و دڵەڕاوکێیانەی لە ئەنجامی دەرچوون لە بازنەی ئیسراحەت دێنە ڕێمان، پەکمان بخەن لە گەیشتن بە سەرکەوتنەکانی ژیان.
لەسەر ڕێی سەرکەوتن کۆمەکیی خودایی هەمیشە یاوەرتان بێ.
شیاو نەوڕۆڵی
ماستەر لە پەروەدە و ڕاوێژی خێزانی
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە