03/08/2019
3603 جار خوێنراوەتەوە
سۆران حهمهرهش: من بەم پێنجسەد ساڵەی دوایی دەڵێم سەردەمی ڕەشی کورد
پهیام
سۆران
حهمهرهش: کورد لەم پێنجسەد ساڵەی دواییدا
زۆر بەرەو دواوە چووەتەوە من بەم پێنجسەد ساڵەی دوایی دەڵێم سەردەمی ڕەشی کورد
سۆران حهمه ڕهش: دكتۆرهكانی ئێره وادهزانن
دونیا له بابانهوه دهستی پێكردووه
دەمەتەقێی پەنجاو شەشەمینی گرووپی گوڵنار
لەگەڵ سۆران حەمەڕەش "نووسەرو مێژوونووس"
گوڵنار: ئەو ڕووداوە کامەبووە کە بۆ کورد
وەک ڕووداوی ئەو کابرایە وابووە کەزاکیرەی خۆی لەدەستداوە؟
سۆران: ڕۆژێک لەگەڵ کۆمەڵێک مامۆستا لە زانکۆ دانیشتبووین،
ھەموویان دۆست و ھاوڕێی نزیک و خۆشەویستی خۆم بوون، منیش بە مەبەست باسی ئەوەم
کردو پرسیم: لە کورددا چ کەسێک ھەیە کەوا باسی بکەیت و شانازی پێوە بکەیت؟ ھیچکام
لەو مامۆستایانە کەسێکی وایان نەگوت و بۆ نەدۆزرایەوە کە ناوی بھێنن و جێی
شانازییان بێت بۆیان لەناو کورددا!! بێگومان ئەمە ھەروا شتێکی ئاسایی و سادە نییە،
تۆ کە کەسایەتییەکی کورد لە بیرکردنەوەتدا نەبێ کە شانازیی پێوە بکەیت کارەساتە،
چونکە کە لە ئینگلیزێک دەپرسی خێرا دەڵێت: شکسپیرم ھەیە، نیوتنم ھەیە... لەکاتێکدا
تۆش وەک کورد ئەو کەسایەتییەت ھەیە، بۆیە ناساندنەوەی ئەمە پرۆسەیەو دەبێ
بناسرێنەوە بە خەڵک بەڵام نەناسێنراوھو تاکی کورد یادەوەری مێژویی نەماوەو بزری
کردووە، تۆ کابرایەکی وەک شەمسەدینی شارەزووریت ھەیە، من ھەمیشە باسی دەکەمەوە
چونکە کە تێکستەکانی دەخوێنمەوە ڕامدەچڵەکێنێ کە ٨٠٠ ساڵ پێش ئێستا مێژووی
فەلسەفەی نووسیوە، ھەرچی فەیلەسووفی جیھانی ھەبووە لە سەرەتای مێژووی
مرۆڤایەتییەوە تا سەردەمەکەی خۆی ھەمووی نووسیوەتەوە، ئەسڵی فەلسەفە چۆن نووسراوە،
بە چ زمانێک نووسراوە، لە فەیلەسوفەکانی یۆنانەوە لە لوقمانی حەکیمەوە لە
زەردەشتەوە پێیدا دێت تا دەگاتە سورەوەردی، کە ھەندێک سەرچاوە دەڵێن کە لەگەڵ
سورەوەردیدا ھاوڕێی دڵ بە دڵ و گیانی بە گیانی یەک بوون، گەورەیی ئەم پیاوە –
شەمسەدینی شارەزووری – ئەوەیە ھەرچی فەیلەسووف ھەن ھەموویانی باسکردووەو ھیچی لێ
نەپەڕاندوون و تەنانەت باسی فیکریشیانی کردووەو چۆنیش بیریان کردووەتەوە. کتێبی
ھەیە بە ناوی (شرح حکمە الإشراق) کە تێیدا ھاتووە لێکدانەوەی فەلسەفەی ئیشراقی کوردی
دەکات کە خاوەنەکەی سورەوەردییە، وەرە باسی سورەوەردیی بکە کە کوردەو یەکێکە لە
گەورەترین فەیلەسووفەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و خاوەنی ڕێچکەیەکی فەلسەفی تایبەت
بە خۆیەتی، ئەمانە پەروەردەی فیکری کوردین، کابرایەکی وەکو دینەوەریت ھەیە کە بە
(بحر العلوم) ناوی دەرکردووە، کتێبی ھەیە لەسەر مێژوو لەسەر ماتماتیک، لەسەر
کەشناسی و ئەستێرەناسی، تەنانەت کتێبیشی نووسیوە لەسەر مێژووی کورد بەڵام کتێبەکەی
ونە، تەنانەت لەسەر ڕووەکناسی و زمانزانی عەرەبیش دانراوی ھەیە، ھەروەھا مێژووی
مرۆڤایەتی نووسیوە، کەچی لێرە کە لە زانکۆیەکدا لەبارەیەوە دەپرسی کەس نایناسێت!
ناسین ھەر ئەوە نییە کە دوو ناوی بەرو دوای بزانیت، دەبوو لە زانکۆکانی کوردستاندا
ھەزارەھا لێکۆڵینەوەی لەسەر بووایە، ئێستا بڕۆ ھەموو دکتۆرەکانی ئەم وڵاتە لەبارەی
نالییەوە – بەدڵنیایی من نالی زۆر خۆشەویستە لەلام و لە گەورەیی نالیش کەم
ناکەینەوە – ھەموو شت دەزانن و وا دەزانین دونیا لە بابانەوە دەستی پێکردووە، لە
کاتێکدا ئێمە مێژوویەکی زۆر قووڵمان ھەیە، ڕابوردوویەکی زۆر دێرینمان ھەیە، بەڵام
ئەو سیحرەی کە پێمگوتی – ئەوەی کە ھەموو ڕۆژ دەیداتەوە بە گوێتدا کە تۆ ھیچ نیت –
ئەمە بۆتە بەشێک لە فەرھەنگت، ناچارت دەکا بەوەی کە بڕوا بکەی بەشتی ئەو کەسەی کە
حوکمت دەکات و بە گەورەی بگریت، ئێستا کورد وای لێھاتووھو ئاگاداری ڕابردووی خۆی
نیەو یادەوەری مێژوویی لێ بزرکراوە!
گوڵنار: جیاوازی کورد لە
ڕابوردوو و کورد لەئێستادا وەک نەتەوە چییەو چی بووە؟
سۆران: من لە ژیانی خۆمدا
بەدەر لە مێژوو زۆر حەز بە لێکۆڵینەوە دەکەم، لە ھەر بوارێکی تریشدا کار بکەم – بۆ
نموونە مۆسیقا یان ئایین – بەردەوام ڕەگ لەلام زۆر گرنگە، ھەر ئاوێک لە سروشتدا
ئێستا لێی بخۆینەوە نازانین لە بنەچەدا پیسە یا پاکە، نازانین ئەو تام و ڕەنگ و
پێکھاتەیەی لەو ئاوەدا ھەیە لە چییەوە ھاتووە؟! بەڵام کە چوومە سەر کانیاوەکە
ھەموو شت ڕوون دەبێتەوە، بۆ من ھەموو شتێک لە ژیاندا وایەو وا لێکی دەدەمەوە،
تەنانەت لەلایەنی ئایین و فیکرو مێژوو و سیاسەتیشەوە! کە چوومەوە سەر ڕێڕەوە
سەرەکییەکە ئەوکاتە شتەکان مانا دەدا بەدەستمەوە، بەرخوردو مامەڵەشم لەگەڵ مێژوودا
ھەروا بووەو مێژووشم ھەروا بینیوە، بەشێک لە کێشەکانی ئێمە ئەوەیە کە بەو قووڵیی و
وردییە بۆ مەسەلەکە ناچین و ناڕوانین، کاتێک بەو دووری و وردییە بۆ مەسەلەکە یا
سەرچاوەکەی دەچیت ئەوسا دەزانیت چی ھەیەو چیت دەوێت، من پێموایە کورد لەم پێنجسەد
ساڵەی دواییدا زۆر بەرەو دواوە چووەتەوەو من بەم پێنجسەد ساڵەی دوایی دەڵێم
سەردەمی ڕەشی کورد، یا با بڵێم سەردەمی تاریکی کورد نەک ڕەش، چونکە سەردەمێکە ئێمە
بە تاریکیدا دەڕۆین، مرۆڤیش زاکیرەی کورتە، ئەگەر دەزگات نەبێ زاکیرەت بۆ ڕابگرێ
ئەوە ھیچت لە بیر نامێنێت، چونکە کۆمەڵگە زاکیرەی کورتەو دوای چەند سەد ساڵێک ونی
دەکات، تەنانەت بڕوا بەخۆبوون و بەشێکی تر لە بەھاکان ون دەکەیت، چونکە کە سەیری
سەرچاوەی کۆن دەکەیت شتێکی تر دەبینیت، من سەرچاوەم ھەیە ھی سەردەمی یۆنانییەکان و
دوو ھەزار ساڵ پێش ئێستاو دێتە کوردستان و دەڵێ کشتووکاڵ لای ئەمانەوە – کوردەکان
– گەشەی کردووەو گەیشتووە بە ئێمەی یۆنانی، ئەمەش ھەر یەک کەس و دوو کەس نییەو
ڕێککەوتیش نیە، چونکە تۆ پیاوێکی گەورەی وەک دینەوەریت ھەیە باسی زانستی ڕوەک
دەکات، سێ ھەزار ساڵ پێش ئێستا لە موکریاندا پادشامان ھەیە ناوی (ئازا)یە،
دەسەڵاتدارەکە ناوی (وەستا ڕێبەر)ە، لەوەچێ یەکێک بڵێ: کێ دەڵێ وشەی "وەستا
ڕێبەر" کوردی بووە، کێ دەڵێ بە ڕێکەوت ئەو وشەیە لە کوردی دەچێت؟! بەڵام لە
پەنایدا وەرگێڕدراوەو بە ئاشووری و دواتر بە ئینگلیزی و لە پەنایدا نووسراوە:
(فۆڕمەن)، فۆڕمەن بە زمانی ئینگلیزی واتە وەستا، ئەمەی کە من باسی دەکەم ھی سێ
ھەزار ساڵ پێش ئێستایە، تەنانەت وشەی (ئازا)ش ھەر بە زمانی (ھوری) ھەر واتە
(ئازا)! مەبەستم ئەوەیە ئەم زمانەی تۆ – زمانی کوردی – زمانێکی زۆر دێرینە، ئینجا
بۆت ئەسەلمێنم زمانی کوردی زۆر زۆر کۆنەو ئەوەش نییە بڵێی لە زمانی ترەوە ھاتووە،
زمانی ئێمە زمانێکە لەوەتەی شارستانییەت ھەیە زمانی ئێمە ھەبووە، ئینجا لە ھەمووی
سەیرتر زانستی ئاو و کشتووکاڵ تایبەت بووە بە کوردەوە بە درێژایی مێژوو، بە
دڵنیایی کورد ھەموو زانستەکانی ھەبووە، بەڵام ئەو دوو زانستە تایبەتە بە کوردو
چەند کەسێکی کورد ھەن لەو بوارەدا کە زۆر کارامە بوون، یەکێک لەوانە زانایەکە
بەناوی (ئەلجەزیری) خەڵکی جەزیرەو بۆتانە، ئەم زانایە ھەشتسەد ساڵ پێش ئێستا
کتێبێکی ھەیە لە زانستی ئاودا – لە سەر ھایدرۆلیک و پەمپی ئاو – یەک وێنەی کێشاوە
پێش ئەو لە مێژوودا شتی وا نەبووە، زۆر سەیرە ھەشتسەد ساڵ پێش ئێستا ئەو
ترۆمپایانەی درووستکردووەو ئاو بۆ یەکتر ڕادەکێشن، لە کاتێکدا ئینسکلۆپیدیای
بەریتانی دەڵێت: لیۆناردۆ داڤینشی – کە بە باوکی ھونەرو دیزاین دادەنرێت – سوودی
لە (ئەلجەزیری) کورد بینیوە بۆ دیزاینەکانی، تۆ کەسێکی ئاوات ھەبێ بەڵام کۆمەڵگە
ئاشنا نەبن پێی ئەوە کارەساتێکی گەورەیە.
باشترین کتێبی ڕوەکناسی ھی (دینەوەریی)یە ناوی لێناوە (کتاب
النبات)، بەشێک لە کتێبەکە فەوتاوە، بەدڵنیایی کورد ئاگای لەم کتێبە نییە، بە
عەرەبیش شتی زۆر کەمی لەبارەوە گوتراوە، بەڵام وەرگێڕاوە بۆ زمانی ئینگلیزی،
کتێبەکەی (دینەوەریی) باشترین و کاریگەرترین کتێبی ئەو بوارەیە لەسەردەمی
ئیسلامدا، تەنانەت کە تۆ لە سەرچاوەکاندا سەیری (ئەلف و بێی کوردی) کۆن دەکەیت
بۆچوونی کوردیش دەبینی کە چەند باوەڕی بە خۆی ھەبووە، (ئیبن وەحشیە) کابرایەکی
کلدانییە کە ئەوان ھەر بابلی سامییەکان بوون، نزیکی ھەزارو دووسەد ساڵ پێش ئێستا
کتێبێکی ھەیە ھەرچی ئەلف و بێی زمانەکانی دونیایە تیایەتی (یۆنانی کۆن، میسری کۆن،
ئێرانی کۆن، ھیندی کۆن)، دواتر دەگاتە سەر ئەلف و بێی کوردی، کە دەگاتە سەر کورد
بە عەرەبیی ئەو سەردەمە دەڵێت: "ئەلف و بێی کوردی یەکێکە لە ئەلف و بێ عەجیب
و غەریبەکان، لە ٣٧ پیت پێکھاتووەو ژمارەی پیتەکانی لە پیتی ستاندارد زیاترە، من
ئەو پیتانەم بەرامبەر بە پیتی عەرەبی داناوە، بەڵام حەوت پیتیانم بەجێھێشتووە
چونکە لە عەرەبیدا بەرامبەری نییەو حەوت پیتی لەپیتەکانی عەرەبی زیاترە"
پاشتر دەڵێت: "من دەڵێم زانستی دونیا بە زمانی کلدانی نووسراوە، بەڵام
کوردەکان دەڵێن نەخێر زانستی دونیا بەکوردی بووەو بەکوردی نووسراوە"! لەو
باسەشدا ناوی دوو سێ کەسایەتی و زانای مێسۆپۆتامیای کۆن دەھێنێتەوە (بەنوشاد، ماسی
سۆراتی، سەید دەوانای) ئەو دەڵێت: "ئەمانە موفەکیری گەورەی مۆزۆپۆتامیا بوون،
ئەمانە بۆچوونی تایبەتیان ھەیە لەسەر زانستی کشتووکاڵی"! کوردەکانی خۆمان
گوتوویانە ئەم زانایانە ھەموو شتێکیان لە زانستەکان بە کوردی نووسیوە، کابرای
نووسەر دەڵێت: "کوردو کلدانی دوژمنایەتی ھەیە لەنێوانیاندا لەسەر ئەسڵی زمانی
پێنووسراویی زانست، کوردەکان ڕاست ناکەن، لە ئێمەی کلدانیان وەرگرتووەو گۆڕیویانە
بۆ زمانی خۆیان"! جا ئەو نووسەرە نزیکی ھەزارو دووسەد ساڵ پێش ئێستا ناڵێت
کوردەکان زانست و زمانی سەربەخۆی خۆیانیان نییە، دەڵێت: "بەڵام کوردەکان لە
زانستی ڕووەکی و کشتووکاڵیدا لە ئێمە بە تواناترن"! کەوایە ئەمە بۆ کورد
شانازییە کە تۆ ھەزارو دووسەد ساڵ پێش ئێستا لە زانستی ڕووەکی و کشتووکاڵیدا لە
سامی بابلی بەھێزتربیت! ھەر ئەو نووسەرە دەڵێت: "لە بەغدا ٣٠ کتێبی کوردیم
لابوو، دوانیمان لەگەڵ خۆم بردن و لە زمانی کوردییەوە وەرمگێڕان بۆ زمانی عەرەبی
بۆ ئەوەی مرۆڤایەتی سوودی لێ ببینێت، بەھۆی وەرگێڕانی ئەم کتێبە کوردییانەوە
تەواوکردنی کتێبەکەم دواکەوت"! وەرە کورد ھەزارو دووسەد ساڵ پێش ئێستا زانستی
وات ھەبووە کە وەربگێڕدرێت بۆ سوودی مرۆڤایەتی، کە سەیری ئەلف و بێیە کۆنەکەی
کوردیش دەکەی زۆر سەرنجڕاکێشە لەشێوەدا لەپیتی زمانی چینی دەچێت، کورد لەڕابردوودا
گوتوویەتی: ئێمە زانستی کشتووکاڵمان لەئادەمەوە بۆ ماوەتەوە! ئینجا جیاوازی ھەیە
لەنێوان ئادەمی ئایین و ئادەمی میسۆپۆتامیا، مەبەستم ئەوەیە کورد چۆن بووەو لەکوێ
بووەو ئەو بڕواو متمانە بەخۆبوونە زۆرەی ھەبووە، بە دڵنیایی تا چوارسەد ساڵ پێش
ئێستا من شتی وا دەبینمەوە کەکورد بەو شێوەیە بڕوای بەخۆی ھەبووە.
گوڵنار: بەشێک لەشارەزایان
پێیان وایە کورد لەدەرەوەی مێژووەو پێویستە ھەوڵ بدرێت کورد ببرێتە ناو مێژووەوە،
سەرنجت لەسەر ئەو قسەیە چییە؟
سۆران: من لەوانەیە لەگەڵ ئەو قسەیە نەبم، کورد لەدەرەوەی مێژوو
نییە، ھیچکەسێکی تر لەدەرەوەی مێژوو نییە تا کورد دووەم کەسی دەرەوەی مێژوو بێت،
چونکە تۆ بەشێکی لە جووڵەیەکی مرۆڤایەتی کە بەردەوامە، ڕاستە من بە مەبەست لە
دەرەوەی نووسینەوەی مێژوودا دانراوم، لەوانەیە لەگەڵ ئەو بۆچوونەدا بم و ئەوە
کراوە. من کە منداڵ بووم لە مەکتەبدا، وەک زۆربەی منداڵانی سەردەمی خۆم دەتگوت
ھەتیوم، ئەو ھەموو کتێبە دەگەڕام بەس بۆ ئەوەی وشەیەکی لەسەر کورد تێدا ببینم و
بزانم ھەر بوونمان ھەبووە، بیرم دێت کە کتێبی (زەینەفۆن)م خوێندەوە زۆرم پێخۆش بوو
کە نزیکی دوو ھەزارو چوارسەد ساڵ لەمەوبەر لەگەڵ دە ھەزار سەربازدا بەم ناوەدا
ھاتوون و ئێمە ڕم و تیرمان تێ گرتبوون، دڵم بەوە خۆش بوو کە ھیچ نەبێ ھەبووین.
ئەوەی کە ئەمڕۆ ھەیە ئێمە لە دەرەوەی ئەو مێژووەداین کە نووسراوەتەوە لە
ڕۆژھەڵاتداو بوونمان نیە. مێژوویەک نووسراوە لەڕۆژھەڵاتدا ھاوشێوەی ئەو نەخشەیەی
کەکراوەو کوردستانی تێدا نییە، لەنووسینەوەی مێژووشدا ھەمان ستەمت بەرامبەر کراوەو
تۆی تێ نەخراوی، لەبەر ئەوە نەک کورد ھەر لەمێژوودا ھەیە بەڵکو زۆر بە زیندوویی
کورد لەمێژوودا ھەیە، ئەگەر سەیری مێژووی پێش ئیسلام و دوای ئیسلام بکەیت. بۆ
نموونە سەیری سەردەمی عەبباسییەکان بکەیت پێش ھاتنی تورکەکان، دەبینی کورد ھەموو
ناوچەکانی خۆی بەدەستی خۆیەوە بوون لەژێر ناوی دەوڵەتی جیاوازدا، دراوی تایبەت بە
کورد ھەبووەو پادشای کورد لەپەنا خەلیفەی عەبباسیدا لە یەک پارەدا وێنەو ناویان
نووسراوە، دەوڵەتی کوردی ھەر لە ھەمەدانەوە تا شارەزوور لەناوچەی ئازەربایجان و
جەزیرەو بۆتان ھەبووە، زیندووبوونەوەیەکی گەورە ھەبووە، خەڵک زۆر ھەڵە تێگەیشتوون
وا دەزانن کە عەرەب ھاتوون ئیتر کورد تواوەتەوە، ئەسڵەن عەرەبەکان ماوەیەکی کەم
توانیویانە حوکم بکەن، سەردەمی حوکمکردنی عەرەب لەناو کورددا ئەوەندە زۆر نییە کە
جێی باس بێت، کورد خێرا دەسەڵاتی وەرگرتووەتەوە، دەوڵەتی حەسنەویت ھەیە لە
شارەزوورەوە تا ھەمەدان، دەڵەتی شەدادی ڕەوەندی لەئازەربایجان تا ئەرمینیا بەدەست
خۆمانەوە بووەو وڵاتی باب و باپیرانمان بووە، وڵاتی ئازەربایجان ناوەکەشی ھەر ناوی
ئێمەی کورد بووە، ئەمە دەوڵەتی مەروانی و دۆستەکی و ئەوانەی کە لە باکوورو
ناوچەکانی تردا بوون، ھەموو ناوچەکانی کوردستان وردە وردە ھاتوونەتەوە سەر
قەڵەمڕەویی کورد خۆیەوە، یەکێک لەو شتانەی کە بۆ کورد خراپبووە شەپۆلی ھاتنی
تورکەکان بووە، تورکەکان خەڵکی ئەم ناوچەیە نەبوون کە ھاتوون زۆر دڕندە بوون – من
وەک دەمارگیرییەکی نەتەوەیی نایڵێم، بەڵکو ئەوە مێژوو دەیسەلمێنێت – زۆر بێڕەحم
بوون و بە کۆمەڵێک شەپۆل ھاتوون و ھەزار ساڵێک پێش ئێستا وەکو چەکدار لەلایەن
عەبباسییەکانەوە گیراون تا شەڕیان بۆ بکەن و دوایی وردە وردە ھاتوون و نزیک
بوونەوەو زۆریش تینووی دەسەڵات بوون، خۆشیان لەولای ئێرانەوە ھاتوون، سەرەتا
ھاتوون لای ئەرمینیاوە کوردیان لاواز کردووە لەسەرخۆ، دواتر دەوڵەتی حەسنەوی و
دەوڵەتە کوردیەکانی تریان خستۆتە ژێر ڕکێفی خۆیان، دواتر وا دەکەن کە بەناوی
ئەوانەوە وتاری ھەینی بخوێننەوە، لاوازبوونی کورد زۆربەی زۆری بۆ کاریگەری ھاتنی
تورکەکان دەگەڕێتەوە.
من مرۆڤێکی ئایینی نیم بە
ڕاشکاوی دەیڵێم، بەڵام بۆ من (سەلاحەدینی ئەییوبی) کەسایەتییەکە کە زۆر زۆر ستەمی
لێکراوە، کێ ستەمی لە سەلاحەدین کردووە؟ یەکەم: ناسیۆنالیستی کورد، دووەم:
ئیسلامیی کورد، سێیەم: قەومیی عەرەب، چوارەم: فاتیمی شیعی! ئێستاش پێت دەڵێم جۆری
ستەمەکەیان چۆنە؟! ناسیۆنالیستی کورد ناسیۆنالیستێکی تەممەڵی ناھۆشیارە، ھی وای
تێدایە ناوی خۆی یا باوکی موحەممەد و ئەحمەدە بابەتێک لەسەر شەمشەدین شارەزووری
دەبینێت کەچی دەنووسێت "ناو شەمسەدین پەیوەندی بە کوردەوە چییە؟" وا
دەزانێ ئیتر ناوەکەت عەرەبی بوو لە نەتەوەکەی خۆی دایدەبڕێت! سەیری ئەو
ناھۆشیارییە! ئەو چوار کۆمەڵەی کە باسمکردن ستەم لە سەلاحەدینی ئەیووبی دەکەن، خۆی
ھەمیشە ئامانج ستراتیژ دیاری دەکات، ئەمانە ھیچیان ھەوڵیان نەداوە سەلاحەدین بناسن
لە دەرەوەی بیرو بۆچوونی خۆیاندا، منیش وەک تاکێک بیرو بۆچوونم ھەیە لەژیانمدا،
بەڵام کە لێکۆڵینەوە دەنووسم ھەوڵ دەدەم وەکو مرۆڤ ئەوە بخەمە ئەولاوە لەژیانمدا،
بۆیە ئەم چوار چینە نایانەوێ بزانن سەلاحەدین کێ بووەو چی کردووە؟! کابرای
ناسیۆنالیستی کوردی دەیەوێ بزانێ سەلاحەدین ئاڵایەکی کوردی بەرز کردۆتەوە لە جەنگ
و سوپاکەیدا یا نا؟ ئەگەر بەرزی نەکردبێتەوە ئیتر ڕەفزی دەکات و قبووڵی ناکات!
ئەوەش بریتییە لە ئەقڵێکی سادەی ڕەش و سپی، دونیا بە ڕەش و سپی دەبینێت. ئیسلامیی
کوردیش دەیەوێ بڵێ سەلاحەدین ھیچی بۆ کورد نەکردووەو ھەمووی لە چوارچێوەی ئیسلامدا
تێکۆشاوە، ئەمەش بەھەمان شێوە ڕاست نییە. کابرای فاتیمی شیعیش لەبەر ئەوەی کە
سەلاحەدین دەوڵەتەکەی تێک و پێک داوە بۆیە ڕقی لێیەتی، جا سەلاحەدین ھاتووە
کوردێکی شافیعی ھێناوەو قازییە فاتمییەکانی لابردووە لەوڵاتدا، بۆیە ئەمان داخێکی
مێژووییان لە دڵدایە، ئەویش دەیەوێ ئەو داخە بە سەلاحەدین بڕێژێ و نایەوێ
سەلاحەدین بناسێ. قەومییەتی عەرەبیش دەیەوێ ئەم کەسایەتییە مەزنە کوردە بکات بە ھی
خۆی و بەو جۆرە سەلاحەدینمان لێ بزرکراوە.
بۆ زانیاریتان سەلاحەدین
خۆشی و باوک و باپیریشی ھەر بە کوردی قسەیان کردووە، نەک ھەر بە کوردی قسەیان
کردووە بەڵکو لەدانیشتنی شەوان و کۆبوونەوەی کۆمەڵایەتیاندا گوێیان لە گۆرانی
کوردی گرتووە، کابرایەکی ئەرمەنی نزیکی حەوتسەد ساڵ پێش لەدایکبوونی سەلاحەدین
باسی ھەمان ئەو ناوچەیە دەکات کە سەلاحەدینی تێدا لەدایکبووە، لەوێ دا دەڵێت:
خەڵکەکە لێرەدا وەکو حەکایەت مێژوو و بنەماڵەی خۆیان دەگێڕنەوەو باسی ئەژدەھاکی
پادشای مید دەکەن و خۆیان بە بەرەوی ئەو دادەنێن. تەنانەت لەفەڕەنسا یەکێک لە
خێزانە زۆر لۆردو دەوڵەمەندو خانەدانەکانی ئەو وڵاتە ھەتا نزیکی ساڵی ١٧٣٠ لە ھەر
بەرەیەکیاندا، دەبووایە منداڵێکیان ناوی سەلاحەدین بووایە، ئەمە بۆچی دەگەڕێتەوە؟
لەبەر ئەوەی ئەورووپییەکان کە ھاتن ئەم پیاوەیان ناسی و بینی، سەیریان کرد پیاوێکی
زۆر مەزن و مرۆڤدۆستە، خۆی گرنگییەکەی ئەوەیە سەلاحەدین مرۆڤایەتی نیشانداوە لە
ئەوپەڕی ھێزو دەسەڵاتدا، ئەمە خەسڵەتێکی کوردییە لە سەلاحەدیندا ڕەنگی داوەتەوە،
تۆ بەراوردی بکە بە سەرکردەکانی تری گەلانی دونیا، خۆ خالیدی کوڕی وەلیدیش وەکو
سەلاحەدین ھەر دژی ڕۆمەکان جەنگی کردووە بەڵام بۆچی ڕۆمەکان باسی خالیدی کوڕی وەلید
ناکەن و ئەرێنی لەسەری نەدواون؟! لە کاتێکدا سەلاحەدین ئەوپەڕی شەڕی ئایینیشی
کردووە لەگەڵ ئەورووپا، چەندان چیرۆک ھەن وەسفی دەکەن. فەیلەسوفێکی وەک (کانت) بە
باڵایدا ھەڵدەدات لە کاتێکدا ئەورووپا لەوپەڕی توندڕەوی ئایینیدا بووە، بەوجۆرە
سەلاحەدین ئەو ھەموو ڕێزەی بۆ دانراوە لەلایەن ئەورووپییەکانەوە لەکاتێکدا بۆ
سەرکردەکانی خۆیان ئەوەیان نەکردووە، مەعقولە دوژمنەکەت لەخۆت باشتر وەسفت بکات؟!
بۆ سەلاحەدین ئەوپەڕی مرۆڤایەتی نواند؟ ئێستاش سەیری ئەو داعشانە بکە کە چۆن خۆیان
دەدەن بەدەست کوردەکانی ڕۆژئاڤاوە، دەبینرێت داعشەکان تەسلیمیان دەبن و سەرەڕای
ئەوەی دوژمنیانن و ئەوپەڕی تاوانیان بەرامبەر بە کورد کردووە، کەچی خۆیان دەدەن
بەدەستەوە، لەبەر ئەوەی لەڕۆژئاڤای کوردستان بەشێوەیەکی مرۆڤانە مامەڵەیان لەگەڵ
دەکەن. شارستانییەت ئەوەیە، شارستانییەت ھەر تەنھا ئەوە نییە تۆ باڵەخانەیەکی
گەورە درووست بکەیت و بمێنێتەوە، شارستانییەت بۆ من بەھا مەعنەویی و
ئەخلاقییەکانە، سەلاحەدینی ئەییووبیش ھەر سەر بەو فەرھەنگە بووە. سەلاحەدین
توانیویەتی ئەوپەڕی مرۆڤایەتی نیشانی دوژمنەکەی بدات لەلوتکەی دەسەڵاتدا،
دوژمنەکەی وا حەپەساندووە بەھۆی ڕەوشتە مرۆڤدۆستییەکەی خۆیەوە کە وێنەی نەبووە لەو
سەردەمەدا. چیرۆک ھەیە لەئەورووپادا کە درووستیان کردووە کەدەڵێن: سەلاحەدین لە
کۆتا ساتیدا بە کریستیانی مردووە، چونکە زۆر سەرسامبوون پێی و وەک چیرۆک
ھۆنیویانەتەوە بۆی و ویستوویانە بە ھەرجۆرێک بووە بیکەن بە بەشێک لە خۆیان. سەلاحەدین
پیاوێکی کورد بووەو دەرکی بە کوردبوونی خۆی کردووە. مەجلیسی ھەیە ئەو کاتەی کە
دادەنیشن لە کاتی ئەوەی کە ویستوویەتی ببێت بە دەسەڵاتدارو سوڵتان، میرە کوردەکان
زۆربەی ڕازی نین و داوای پشک و سوڵتەی خۆیان دەکەن، ئەو کاتە سەلاحەدین زۆر گەنجیش
دەبێت و ڕێکەوت و ھەل و مەرجی بۆ ڕێک دەکەوێ، دەستەڕاستی سەلاحەدین کابرایەکە ناوی
(شێخ عیسای ھەکاری)یە، دەینێرێ بۆلای میرە کوردەکان و ھەریەکەو پلەیەکی دەداتێ و
ڕازیان دەکات، دواتر دەگاتە سەر "خاڵی"ی سەلاحەدین دەڵێ: یاروقی
سەلاحەدین خوشکەزای تۆیەو ڕازیبە بەم پلەیەو مەبە بەڕێگر لە بەردەمی دا، بەم دەقە
پێی دەڵێت: "گەر دەسەڵات لە دەست کورد دەرچێت، دەکەوێتە دەست تورک"!
ئەمە قسەی (شێخ عیسای ھەکارییە)، ئەمانە دانیشتوون بەم شێوەیە بیریان کردۆتەوە کە
دەسەڵات لەدەست خۆیاندا وەک کورد بمێنێت، ئینجا نامەم ھەیە کە خزم و کەس و کاری لە
شەڕی لای قودسدا بەشداری کردووەو زۆربەی دەستەڕاستەکانی لەشەڕەکاندا کورد بوون و
بەشی زۆری ئەم ھێزە ھێزی ناوچەی دیاربەکرو ناوچەکانی تری کوردستان بوون، ھەموو
ناوچەکان دیاریکراون، سوپاکەی سەلاحەدین زۆرینەی کوردە، زۆربەی خەڵکی مۆسیقاژەن
لەگەڵیان کورد بوون، من بەڵگەم لایە کەکەسێکی مۆسیقاژەن لای برازای سەلاحەدین
بووەو لە ھەولێرەوە لەگەڵ خۆیدا بردوویەتی، بۆیە بووژانەوەیەکی فەرھەنگی گەورە لە
سوودی کورددا لە سەردەمی ئەواندا دەبینیت، دەبینیت کورد لەسوریاوە تا میسر
حوکمڕانی کردووە، بەدڵنیایی پێش سەلاحەدین و پێش ئیسلامیش کورد ھەر لەمیسردا
ھەبووە، بەڵام سەلاحەدین توانیویەتی بووژانەوەیەکی زۆر گەورە درووست بکات لەناو
کورددا.
من خۆشەویستیی تایبەتیم بۆ
سەلاحەدین ھەیە! سەلاحەدینی ئەیووبی گەورەترین ناعەدالەتی بەرامبەر کراوە،
کابرایەک لەوێدا بکوژرێ یەکێکی تر لەپەنایەوە دەڕوا بەبێ ئەوەی ھیچ بەڵگەنامەیەک
ھەبێت بۆ تاوانبارکردنی، ئەو کەسە بگرین و بڵێین تۆ تاوانباری! سەلاحەدینیش ڕێک
لەو کابرا بێ ئاگاو تاوانبارکراوە وایە، بەبێ ئەوەی ھیچ بەڵگەنامەیەکی لەدژ
کۆکرابێتەوە، نە ئیشمان لەسەر کردووە، ئەم کوردەی ئەمڕۆش کە دەمی دوژمنایەتی لە
سەلاحەدین دەکوتێت ھیچی لێکۆڵینەوەی لەسەر نەکردووە، ھەمووی ھاتووە کتێبی
کابرایەکی قەومی عەرەبی خوێندۆتەوەو لەخۆیەوە بڕیاری لەسەر دەدات، لەکاتێکدا عەرەب
ھەموو شتێکی چاکی لە سەلاحەدین وەرگرتووەو دەیەوێت بیکاتە ھی خۆی، ئەو داڵەی تۆ
دەیبینیت لەسەر ئاڵای میسرو عێراق بەرھەم و داھێنانی سەلاحەدینی ئەیووبییەو لەوەوە
وەریانگرتووەو ھی خۆیان نییە، داڵ ھێمای سەلاحەدین بووەو ئێستاش بەسەر ئەو
بینایانەی سەلاحەدین لەمیسردا کە ماونەتەوە داڵیان ھەر لەسەرە، کاتێک قەومیی
عەرەبیی نوێ دامەزراوە بەدوای لۆگۆو سیمبولێکدا گەڕاوە، گرنگترین سیمبولی
سەلاحەدینیان دۆزیوەتەوەو کردوویانە بە ھی خۆیان و لە ئێمەشیان ڕفاندووە، ئێمە
سەلاحەدینمان لێ ڕفێنراوە.
گوڵنار: پشتکردنی کورد لە بەشێک لە سەروەری خۆی کە سەلاحەدینە، چ
درز و زیان و بۆشاییەک دەخاتە مێژووەکەیەوە؟
سۆران: بەدڵنیایی سەلاحەدین بەشێکییەتی و ھەمووی نییە، بۆیە ناوی
سەلاحەدینم چڕ کردەوە چونکە سەلاحەدین نموونەیەکی نوێیەو دەکرێت چاوی لێ بکەین،
چاوی لێ بکەین لەو ڕووەوە کە نوێنەری مرۆڤایەتییە، ھەروەھا سەلاحەدین نوێنەرایەتی
فەرھەنگی کوردی دەکات بۆ من، نوێنەرایەتی ئەو فەرھەنگە کوردییەی کردووە کە بریتییە
لە لێبوردەیی، سنگفراوانی، مرۆڤدۆستی. دواتر سەیری مامەڵەی سەلاحەدین بکە لەگەڵ
ئاییندا کە چەند بەعەقڵێکی فراوان ئایینداری کردووە کە بەبڕوای من ئەوە لە
ڕوانگەیەکی کوردییەوە وەریگرتووە، لەکاتێکدا تەحەددا دەکەم ھیچکاتێک تورک و فارس و
عەرەب ئەو سنگفراوانییە ئایینییەیان نییە کە سەلاحەدین ھەیبووە، من بەدرێژایی
مێژوو سەیرم کردووە لەناو ئەرمینیا وەک کورد حوکممان کردووە، مەسیحی لەژێر دەستی
کوردو لە دەوڵەتی شەددادی و لەو شوێنەی کە سەلاحەدین حوکمی تێدا کردووە بە
ئاسوودەیی ژیانیان بردۆتە سەرو ستەمیان لێ نەکراوە. ئەم یەکتر قبووڵکردنە چۆتە
فەرھەنگمانەوە، ھەمەڕەنگی و جیاوازی فیکرو جیاوازی ئایین و ڕەنگ و زمان لە
فەرھەنگی ئێمەوە داکەوتووە، سەلاحەدین ئەو فەرھەنگەی لەگەڵ خۆیدا بووە، ئەمە
فەرھەنگێکی کوردی بووە کە بۆ ئەو سەردەمەی ئەورووپا شتێکی تازە بووەو بیھێنەرە بەرچاوی
خۆت کە ئەو سەردەمە جیھان لە چ توندڕەوییەکی ئاینیدا بووە کە سەلاحەدین ئەو
فەرھەنگەی بۆ خستوونەتە سەر شانۆی ژیان! من پێموایە بەو مۆدێلە جوانەی مرۆڤایەتی
کۆمەڵگە دەوڵەمەند دەبێت، مۆدێلێکی مرۆڤانەت ھەیە کە سنووری کوردستانی بڕیوەو
سنوورێکی جیھانییانەی ھەیە، ھیچ کەسایەتییەکمان لەمێژوودا ھێندەی سەلاحەدین
نەناسراوە، وە ھیچ کەسایەتییەکیشمان ئەو لایەنە پۆزەتیڤ و جوانەی نییە کە
سەلاحەدین ھەیبووە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە