15/01/2021
1482 جار خوێنراوەتەوە
ئهحمهدی حاجی ڕهشید: تا ئێستا زیاتر له ملیارێك و 100 ملیۆن دینارم گهڕاندۆتهوه بۆ حیزب
پهیام
ئهحمهدی حاجی ڕهشید ئهندامی ئهنجومهنی نوێنهرانی عێراق لهسهر پشكی كۆمهڵی ئیسلامی له ههژماری تایبهتی خۆی له فهیسبووك له بڵاوكراوهیهكدا چهند ڕاستییهك لهبارهی پهیوهندی خۆی و حیزبهكهی و چهند بابهتێكی دیكه ئاشكرا دهكات.
ئهو پهرلهمنتاره ڕایگهیاند: کۆمەڵ بوون شانازیە و ئەستەمە تا کۆمەڵ لەبەرەی خەڵک بێت، هیچ ئەندامێکی کۆمەڵ ئەو شانازیە لەخۆی دابڕنێت.
باسی لهوهشكرد، لە ماوەی ئەندام ئەنجومەنیم و تا ئێستاش کە پەرلەمانتارم، ئەو شایستە داراییەی کە کۆمەڵ لەسەری داناوم بەبێ دواکەوتن جێبەجێم کردووە تا ئێستا زیاتر لە (یەک) ملیارو (۱٠٠) ملیۆن دینارم وەک پشکی کۆمەڵ ڕادەستی بەشی دارایی کردوە لە ساڵی ۲٠۱۱ هەتا ئێستا.
لهبارهی هاوپهیمانیهتی هیوا كه له ئهنجومهنی نوێنهرانی عێراق كه پێكهاتووه له پهرلهمانتارانی سهرجهم لایهنه كوردییهكان جگه له پارتی و یهكێتی، ئهحمهدی حاجی ڕهشید ڕایگهیاند، "هاوپەیمانی هیوا هاوپەیمانێتیەکە بۆ کارکردنی ئەو پەرلەمانتارانەی کەکاری تێدا دەکەن و هیچ پرۆژەیەکی هەڵبژاردنی لەپشت نیەو هەرکەسیش خوێندنەوەی تری بۆ دەکات، تەنها خوێندنەوەی خۆیەتی ئاگای لە واقعی دروست بوونەکەی نییەو با شیکردنەوەی عەنتیکەی بۆ نەکات، چونکە هەرلەسەرەتاوە چەند کەس و ڕۆژنامەنووسێکی دڵسۆز ئاگادارن لەو هەوڵانە".
دهقی بڵاوكراوهكهی ئهحمهدی حاجی ڕهشید:
من و کۆمەڵی ئیسلامیی
سێ ڕۆژ پێش ئیعلانکردنی کۆمەڵی ئیسلامیی، بارگەو بنەم پێچایەوە و بەتەنها گەشتمە خورماڵ بۆ خۆ ئامادەکردن بۆ خۆ ئیعلانکردن و بڕیاریشم دابوو ئەگەر ئەو پڕۆسەیە شکستی هێنا، نەگەڕێمەوە بۆ کاری ئاسایی و وازیشم لەوەزیفەکەم هێنا کە مامۆستا بووم.
لەکاتی کارکردنم لەو ماوەیەدا، بۆ ماوەی ۱۳٥ رۆژی رەبەق سەرم بەماڵی خۆمدا نەکرد تا بارودۆخ ئاسایی بویەوەو کۆمەڵ دامەزرا و جێگیر بوو.
لەدوای موشەكبارانەکەی سەر بارەگاکانمان بەناحەق، نەگەڕامەوە بۆ هەڵەبجەو بەرەو دارەشمانە کەوتمەڕێ و یەکێکبووم لەو کادرانەی لەگەڵ پێشمەرگەکان مامەوە، تا مەکتەبی عەسکەری هەڵوەشێنرایەوە.
لە ساڵی ۲٠٠٥ لەسەر تەکلیفی برایانی مەکتەبی سیاسی و بەشاهیدی هەردوو بڕای بەڕێزم، کاک تۆفیقی مامۆ کەریم و کاک حاجی فاروق ئەو پۆستەم گرتە ئەستۆ و ۹ ساڵی تەواو لەپۆستەدا بووم، کەدەرئەنجام تەکلیف کرام بۆ پۆستی ئەندامی پەرلەمانی فیدڕاڵ و سەرکەوتنی کۆمەڵ بە سێ کورسی، منیش بوم بە یەکێک لەو ئەندام پەرلەمانتارانەی کۆمەڵ.
لە ماوەی ئەندام ئەنجومەنیم و تا ئێستاش کە پەرلەمانتارم، ئەو شایستە داراییەی کە کۆمەڵ لەسەری داناوم بەبێ دواکەوتن جێبەجێم کردووە تا ئێستا زیاتر لە (یەک) ملیارو (۱٠٠) ملیۆن دینارم وەک پشکی کۆمەڵ ڕادەستی بەشی دارایی کردوە لە ساڵی ۲٠۱۱ هەتا ئێستا.
کە بەردەوام شایستەی دارایی مانگانە (۱۲٦٥٠٠٠٠) دوازدە ملیۆن شەش سەدو پەنجا هەزار دینار ڕادەستی دارایی دەکەم و ئەوەشی کەدەمێنێتەوە بۆ خەرجی پاسەوانەکانم و سەیارەو هاتوچۆ بەتەیارەو خەرجی ئەوماوەی کە لەبەغداد دەمێنمەوە، لەگەڵ ئەو بڕەی کەدانراوە بۆ خۆم خانەوادەکەم.
لەئێستاشدا هەر سەرکەوتنێکم بەدەستهێنابێت لەئەنجامی ئەمانەی لای خوارەوە بووە:
یەکەم: پابەندیمان بە ئەو بەرنامەی کە ئاینی ئیسلام بۆی داناوین لە خۆ بەدورگرتن لەحەرام و قەناعەت کردن بەوەی بەدەستمانەوە دێت.
دووەم: ئەو متمانەیەی کە جەنابی ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامیی بەڕێز مامۆستا (عەلی پاپیر) پێیبەخشیوین وەک ئەندام و وەک فراکسیۆن، کە هیچ هێزێکی سیاسی لەعێراق و هەرێمی کوردستان ئەو متمانەی پێ نەدراوە بۆ کارکردن و دەست کراوەیی لەکارکردندا، من بۆ خۆم هیچ کارێکم ئەنجام نەداوە بەبێ ڕاوێژی جەنابی ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامیی و قەناعەتیشم نییە هیچ ئەندام پەرلەمانیکی هێزەکانی دیکە هەبێت بەئەندازەی من پەیوەندی بتەو بێت لەگەڵ کەسی یەکەمی حیزبەکەی، بەنمونە لەماوەی یەک هەفتە لە بەغداد بمێنم ئەگەر هەموو ڕۆژ پەیوەندی بەجەنابی ئەمیرەوە نەکەم لانی کەم (۳) جار پەیوەندی بە جەنابی ئەمیرەوە دەکەم بۆ ڕاوێژکردن بەتایبەت ئەگەر جوڵەی سیاسی هەبێت، جا با هەندێک لایەن ئەوەندە فاڵ نەگرنەوە لەبارەی پەیوەندی من و جەنابی ئەمیری کۆمەڵ و سەرکردایەتیەکەم.
سێیەم: پشتگیری ئەنجومەنی سیاسی و سەرکردایەتی و ئەنجومەنی چاودێری، چ بۆ من یان بۆ فراکسیۆنەکەمان نەم بیستووە هیچ هیزێکی سیاسی ئەوەندەی ئێمە پشتگیری کرابێت و کارئاسانی و هەماهەنگی کرابێت.
چوارەم: ئەو پشتگیریە جەماوەرییەی کە لەکوردستان پشتگیری کردوین بووەتە پاڵنەری هەموو بەرخۆدانیک و هەموو چالاکیەکی پەرلەمانی، کە توانیومانە بەئەنجامی بگەیەنین و توانیومانە تا ئیستا بە ڕاوەستاوی بمێنین لەبەرانبەر ئەو هەموو تەماح و تەهدیدو ناو زراندن و توهمەو تەشهیر دروستکردنانەدا باکمان نەبێ، کە لێتان مەمنونین.
بۆیە ڕایدەگەیەنین کە:
یەکەم: ڕاگەیاندنی هاوپەیمانی هیوا ئەجیندای هیچ کەس و لایەنیک نییە و کەسیش ناتوانێت بۆ مەرامی خۆی بەکاری بهێنێت.
دووەم: هاوپەیمانی هیوا هەوڵی سەرەتای هەموو ئەو هاوڕێیانەیە کە ئێستا لەنێو هاوپەیمانیەکەدان یەکەم هاوڵمان ئەوە بوو کە کاندیدمان هەبوو بۆ ڕکەبەری جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان، کە دوای ئەوەی من تاکە کاندید مامەوە بۆ ڕکەبەرایەتیەکە، هەموو ئەو هاوڕێیانە پشتگیر بوون بۆ ئەو ڕکەبەرایەتیە بۆیە توانیمان (٥۳) دەنگی نێو پەرلەمان بەدەست بهێنین، کە کۆمەڵ لەبەغداد تەنها دوو کورسی هەبوو، بۆیە سەرەتای ئەم هاوپەیمانێتیە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو مێژوە.
سێیەم: هاوپەیمانی هیوا هاوپەیمانێتیەکە بۆ کارکردنی ئەو پەرلەمانتارانەی کەکاری تێدا دەکەن و هیچ پرۆژەیەکی هەڵبژاردنی لەپشت نیەو هەرکەسیش خوێندنەوەی تری بۆ دەکات، تەنها خوێندنەوەی خۆیەتی ئاگای لە واقعی دروست بوونەکەی نییەو با شیکردنەوەی عەنتیکەی بۆ نەکات، چونکە هەرلەسەرەتاوە چەند کەس و ڕۆژنامەنووسێکی دڵسۆز ئاگادارن لەو هەوڵانە.
چوارەم: سەبارەت بەو فراکسیۆنانەی کەلەناو ئەو هاوپەیمانێتیەدان، بەشانازیەوە تایبەتمەندی هێزە سیاسیەکەیان دەپارێزن و ئێمەش وەک فراکسیۆنی کۆمەڵ، پێمانوایە کۆمەڵ بوون شانازیە و ئەستەمە تا کۆمەڵ لەبەرەی خەڵک بێت، هیچ ئەندامێکی کۆمەڵ ئەو شانازیە لەخۆی دابڕنێت.
پێنجەم: سەبارەت بەمن و کۆمەڵ، تەنها بم هۆنراوەیە وەڵام دەدەمەوە:
بمکەن بەکێوێکی ئاڵتون لەبۆ ئێوە دەتوێمەوە، تفەنگەکەم بۆ دابنێن سبەینێ دەگەرێمەوە، بەدەیان جار بکوژرێم و لەناو خوێندا بتلێمەوە، دەچمەوە ڕیزی کۆمەڵ و سرودەکەی دەڵێمەوە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە