ئه‌نوه‌ر قه‌ره‌داغی: لەژیانمدا زۆرترین گریان بۆ ئاشبەتاڵ و نسکۆی شۆڕشی کوردی بووە لە ١٩٧٤
پێش 2 هەفتە 1553 جار خوێنراوەتەوە

ئه‌نوه‌ر قه‌ره‌داغی: ئەوەندەی بیرم بێ ئەگەر خوا لێم نەگرێت نوێژم نەڕۆیشتووە

گفتووگۆی: گروپی گوڵنار

ئه‌مه‌ ده‌قی گفتووگۆیه‌كی گرووپی گوڵناره‌ له‌ گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندو میوزیكژه‌ن، ئه‌نوه‌ر قه‌ره‌داغی، كه‌ باس له‌ چه‌ند وێسته‌گه‌یه‌كی جیاوازی ژیانی خۆی ده‌كات.


* قورئان وەکو یاسایەک ژیانی ئەم سەردەمەی تیا دەبینم
* عیشق، بەھرەیەکە خوا داوێتی بەدڵ و دەروونی مرۆڤ
* لەمردن ناترسم
* ئەو ساتەی دەستنوێژ دەگرم دەچم بەرەو نوێژ خۆشترین ساتی ژیانمە
* لەژیانمدا زۆرترین گریان بۆ ئاشبەتاڵ و نسکۆی شۆڕشی کوردی بووە لە ١٩٧٤
* ھونەرو مۆسیقا یەکێکە لەو جوانییانەی کە خوا بەخشیوێتی بەمرۆڤ
* زۆرجار شێرکۆ بێکەس دەیگوت بەس تۆ بۆت ھەیە دەستکاری شیعری من بکەیت
 
ھونەرمەندو موزیکژەنی ناسراوی کورد، مامۆستا ئەنوەر قەرەداغی، یەکێکە لە ناوە دیارەکانی نێو فەزای ڕۆشنبیری و ھونەری کوردو، جێ پەنجەی کاریگەرو دیارە بە لاپەڕەی ئەدەب و ھونەری کوردییەوە، ئەو بە درێژایی نیو سەدە زیاتر لە بوارەکەی خۆیدا خزمەتی کردووەو ئاوازو موزیکی بۆ سەدان ھۆنراوەو ھونەرمەندانی کورد داناوە، ئەو تا ئێستاش ماندوو نییە، لە ماڵەکەی خۆیداو لە ستۆدیۆیەکی گچکەدا ھێشتا پەنجەکانی دەبزوێن بۆ موزیک و ئالەتە موزیکییەکان..

لەم دەمە تەقێیەدا ئەنوەر قەرەداغی دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاکانی ژیانی خۆی و، باس لە ئەزموونی ژیانی خۆی لەگەڵ مۆسیقاو ئایین دەکا، ھەروەھا باس لە پەیوەندی و ئەزموونی خۆی لەگەڵ مامۆستا ولییەم یوحەننا دەکا.. وە ڕاو سەرنجی خۆشی لەبارەی کۆمەڵێک کەسایەتی و ھونەرمەندی کوردەوە دەردەبڕێت..

گوڵنار: باوکی بەڕێزتان یەکێک بووە لەو پیاوە ئاینیانەی کە خزمەتی دینەکەی کردووە، بەڵام ھەر لەو سەردەمەدا ھاوتەمەنەکانی جەنابت کە کوڕە مەلا بوون پێچەوانەی ڕێبازی باوکیان دەجوڵێنەوە و بەرەو بیرێکی تر ھەنگاو دەنێن، بۆچی جەنابت تائێستا پابەندی بەھەمان ڕێبازی باوکتەوە و بەڕێبازێکی ڕاستی دەزانی؟

قەرەداغی: من کەچاوم کردۆتەوە لەناو بنەماڵەی خۆماندا پەروەردەکراوم، کەباوکیشم ئەمری خوای کردووە مناڵبووم تەمەنم زۆر مناڵ بوو، کاکی گەورەم (شێخ موحەممەد قەرەداغی) ئەو پەروەردەی کردین بەھەمان ئەو ھەناسەیە کە باوکم ویستویەتی پەروەردەمان بکات کەڕەفتار و ئەخلاقی جوان لەناو خێزانەکەماندا بەدی بکەین،بۆیەچاومان لەوە نەبوو کە خەڵک چی دەکا و ئێمەش لاسایی کەرەوە بین.! بەڵکو ئەو واقعەی کە ئێمە وەکو مرۆڤێک تیایدا ژیاوین چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو واقعە بکەین لە تێڕوانینێکی ئەخلاقییەوە،کەئەوەش ئیسلامەتی فێرمان دەکات، ئەو ئیسلامەتیەش لەناو بنەماڵەکەی ئێمەدا ڕەگی داکوتی بوو، بێگومان بمانەوێ و نەمانەوێ وەکو باب و باپیر کەھاتووە لەسەرمان ڕەنگدانەوەی ھەبووە، من ڕەنگە خۆم جیاوازبم لەگەڵ برایەکم، برایەکم لەگەڵ ئەوی تردا، بەڵام خۆم ئەوەندەی ھەست دەکەم لەمناڵییەوە تائێستا بەو پابەندییەوە ماومەتەوە، وە ھیچ جۆرێک لە بیروباوەڕی ئیلحادی لای من جێ یان ناتبێتەوە ، ھەرچەند مەنتقم بۆ بێننەوە بۆم من ئەوانە ناچێ بە مێشکمدا،چونکە قورئان وەکو یاسایەک ژیانی ئەم سەردەمەی تیا دەبینم، ئەگەر ژیانی مەدەنی ھەندێ حاڵەتی تیادا بێ لەگەڵ کۆمەڵگا بگونجێ ئەمە شتێکەکە زەرەر نادات لەدینەکەش و لە دونیاکەش، لەبەرئەوە من بەو جۆرەپابەند بووم.

گوڵنار: کەواتە تا ئێستا ھەر پابەندی بە ئایین و بنەماکانییەوە..؟
گوتی: شکور بۆخوا تائێستا ئەوەندەی بیرم بێ ئەگەر خوا لێم نەگرێ نوێژم نەڕۆشتووە، پابەندبووم بە ئەرکانەکانی دین ئەوەندەی لەتوانام ھەبێ(لا یکلف اللە نفسا الا وسعھا..).

گوڵنار: یەکەم کتێبێک کە حەزی خۆت و ھەستی خۆت پاڵنەربوو بۆ خوێندنەوەی کام کتێبە بوو.؟
قەرەداغی: یەکەم کتێب ھی شکسپیر بوو وابزانم (قێە المدینتین)، ئەو کتێبە لەمەکتەب بە ئینگلیزی ھەبوو، جاحەزم دەکرد بە عەربیش ھەبێت، مامۆستاکەم گوتی:کتێبێکی زۆرباشە لە کتێبخانەی گشتیدا بڕۆن ناونیشانەکەی وەرگرن، کە وەرمانگرت و خوێندمانەوەسوودی زۆرمان لێ وەردەگرت لەزمانەوانیدا، خوێندنەوەی کتێبەکان بۆ بەھێزکردنی زمانەوانی ئێمە بوو نەک فکر بوو بۆ ئێمە.
ئەزمونی من لەگەڵ کتێب خوێندنەوەدا لەوسەردەمانە زیاتر لەڕێی خوێندنگەوە بوو، بۆزیادکردنی بۆ ڕِۆشنبیری زمانەوانیمان بوو، بەڵام کەھاتینە قوتابخانەی مامۆستایان ھاتووچۆی کتێبخانەکانمان دەکرد بەحوکمی ئەوەی کەوا کتێبی مۆسیقاشمان وەردەگرت، لەگەڵ کتێبی مۆسیقاشدا کتێبی پەروەردەییمان دەخوێندەوە.

گوڵنار: چ یادگارییەکت لەگەڵ ولییەم یوحەننا ھەیە.؟
قەرەداغی: ژیان لەگەڵ مامۆستا ولیەم تا عەمری خوایکرد ھەمووی یادگاری بوو بۆ من، زۆر بەمن ئاسوودە دەبوو، لەم کۆتاییانەی ژیانیشیدا کەلەجێگا کەوتبوو کە دەچووم بۆلای دەیگوت: ئەنوەر توخوا زوو زوو سەرم لێبە، دڵم زۆر بەتۆدەکرێتەوە، یانی کەدەچووم بۆلای ھەڵدەسایەوەو قسەی دەکرد، ھەمیشە بەناوی(ئەنوەر گیان) بانگی دەکردم.

گوڵنار: مەسیحی بوو.؟
قەرەداغی: بەڵێ، پەیوەندیمان ھێندە بە تین بوو وابزانم لەماڵی کەسدا نەخەوتوە لەماڵی ئێمەدا نەبێ.

گوڵنار: ھیچ کات ڕوویداوە تۆ بانگی مامۆستا ولیەم بکەیت بۆ ئیسلام، یا ئەو بەرەو مەسیحییەت بانگھێشتت بکا.؟!
قەرەداغی: نا، ئەو ھەمیشە دەیوت مۆسیقا بۆ پێکەوە ژیانە بۆ ئاشتیە بەس ئەو زۆر بە بر\وا بوو بەوەی کە ئیسلام شتی زۆرجوانی تیایە، بۆ نموونە لەوشتانە کە من لەبیرمە لەمزگەوتی حاجی حان (قەشەیوسف ھەبوو) لەگەڵ کاکمدا ئیلاقەیەکی خۆشی ھەبوو، زۆرجار حەزی دەکرد سەربدات لەمزگەوت یان کاکم سەربدات لەکەنیسە بۆلای وەکو پەیوەندییەکی کۆمەڵایەتی.

گوڵنار: شێرکۆ بێکەس لەیاداشتەکانیدا بە وەسفێکی جوان باسی جەنابت دەکا کە یەکەم جار مام جەلال و سەرکردایەتی یەکێتی سروودی مەشخەڵانیان پێ داویت، جەنابت لەو کاتە ترسناکەدا ئاوازیشت بۆ داناوە، ھەتا مناڵەکانی خۆشت کردووە بەکۆرس، پێمان خۆشە جەنابت باسێکی ئەو سەردەمەمان بۆبکەیت چۆن چۆنی بوو کە بڕیارتدا سروودێک یان ئاواز دانێی بۆ سروودێک کە ببێتە مارشی حیزبێک.؟ تەبعەن یەکێکە لە ئاوازە زۆر جوانەکانی ھونەری کوردی.
قەرەداغی: لە حەفتاکانیش بەملاوە زۆرجار ھەبوو لەلایەن پێشمەرگەو شۆڕشەوە (من شۆڕش بەگشتی دەڵێم، بەیەکچاو سەیری ئەو حاڵەتەم دەکرد) داوای ھاوکارییان لێدەکردم، مەسەلەن پێداویستی ھێندێک شت بۆ ڕاگەیاندنەکەیان، ئێمە بەدەمیانەوە بووین، ئالەتیان ویستووە، ئەدەواتیان ویستووە، لەپارتییەوە ھاتون داوای سروودیان کردووە، گوتویانە ئەو سروودانەی لاتە زەحمەت نەبێ بەشکم بماندەیتێ بۆڕادیۆکەمان، منیش گوتومە: بەسەرچاو بەبێ دەنگ بۆمان کردون و، پاش ئەوەی دیقەتمان داوە شەخێەکەکێ یە ئینجا چوومەتەژێر باری، دوای شۆڕشی تازەش بەھەمان شێوە، ڕۆژێ برادەرێکمان ھەبوو بەناوی شەھاب عوسمان کە پێشمەرگەی (ی.ن.ک) بوو، نامەیەکی بۆھێنام، لەپەیمانگای ھونەرە جوانەکان بووم، یەکەمجار فەڕاشەکە بانگی کردم ووتی یەکێ لەدەرەوە یەکێک بانگت دەکات، لەوێ لەکاتی دەوامدا ھەرکە بینیم حەپەسام چونکە شەھاب جۆرێ لەخزمایەتیشی ھەیە لەگەڵمدا، ووتم: تۆ بۆچی ھاتووی بۆئێرە، ووتی خەمت نەبێ و مەترسە ھیچ کێشەمان نییە دوای چاک و چۆنی ووتی:کاک دڵشادمەریوانی لێرەیە کە برادەرم بوو ھەروەھا نزیک بوو لێمەوە حەز دەکات بتبینێ، ، ووتم با دەوام تەواو بێت تۆ بڕۆ خۆم دێم تەنھا ناونیشانەکەم بدەرێ، نزیک بوو لە پەیمانگاوە، ڕەمەزانیش بوو من بەڕۆژو بووم، کە دەوام تەواو بوو ڕۆشتم بۆئەوێ، ئیشارەتێکیان پێ‌ دام کە چۆن لەدەرگا بدەم، ڕۆشتم ئەوم بینی لەوێ، کەچووم بینیمن لەگەڵ(دڵشاد مەریوانی)، دانیشتین ئەوان نانیان خوارد نیسکێنەیان ھەبوو، ئێستەش لەبیرمە، فەرمویان لێکردم، ووتم: بەڕۆژووم داوای لێبوردن دەکەم.
نانیان خواردو دانیشتین قسەو باس ھاتە پێشەوە، نامەیەکی مام جەلالی دامێ، نووسرابوو سڵاو کاک ئەنوەر ئەم سروودەمان ھەیە ھیوادارم ئەگەر بتوانی و بەبێ ئەوەی زۆرت لێ بکەین بتوانی ئاوازمان بۆدانێی (بەداخەوە ئەو کاغەزە زروفێک ھاتەپێشەوە سوتاندم)، منیش کاغەزەکەم کردەوەو بیرم کردەوە ئەگەر ئەم شۆڕشە پێویستی بەتوانایەکی من ھەبێت و نەیکەم گوناھم دەگات، پێویستیان بەمنە، ئەمە شۆڕشێکەو ھی میللەتێکە.. ووتم بەسەرچاو ھیچ کێشەم نییە.! شیعرەکەم خوێندەوەو ووتم: ئەگەر مەجال ھەبوو دەستکارییەکی بکەم ئاساییە.؟! وتی: ئاساییە. ووتم: ھی کێیە شیعرەکە.؟ پێی نەووتم و ووتی: ھی ھەرکەسێکە پێویست ناکات بزانیت، سەرەتا بیرم کردەوە لەوانەیە شیعری مام جەلال بێت بۆیە وادەڵێت، شێرکۆ بێکەسم ھەر بەخەیاڵدا نەھات کە ھی ئەوبێت.
ھەتا شیعرێکی تریشی دامێ ھی کۆمەڵەی ڕەنجدەران بوو، ئەویشم وەرگرت، ووتم لەئێستاوە تا ھەفتەیەکی تر بۆت جێبەجێدەکەم، دانیشتین زۆر قسەمان کردو زۆر باسی شتمان کردو ئەمانە، ھاتمە دەرەوە بەبێ دەنگ و سەیری ئەملاو ئەولام کردو، لەڕێگا تا گەیشتمە ماڵەوە بەساتێکی کەم ئەساسیاتەکان ھاتنە مێشکم، دوای ئەوە بەماوەیەک لەحنەکەم بۆدرووستکرد، ووتم: باشە بەکێ بڵێم بۆم تۆماربکات و ھاوکارم بێت، ووتم بەخوا ئەوانەی لەدەورو بەرمن زەحمەتە....،بیرم کردەوەووتم بە عودێک تۆماریدەکەم، نۆتەکەیان بۆدەنووسمەوە بە تەواوی بۆ ئۆرکێسترا ئەگەر خۆیان توانییان بیکەن، نەیان توانی ئیتر کەیفی خۆیانە، تەسەورم نەدەکرد ئیشەکە سەرکەوتووبێت، بەڵام وەکو خودی خۆم ھەوڵێکی باشم بۆداکەوا چ سروودێک بکەم وەکو لەحن بگونجێ لەگەڵ ئەو ووشانەکەوا ڕۆحی شۆڕشگێری و سەقافەت و سەردەمی و تیایە.
بیرم کردەوە جێگەیەکی کۆرسم دەوێت تیایدا بیڵێم، تارای کچم مناڵ بوو فێرم کرد لە چ شوێنێکدا وشەکان بڵێ، ھێندێ وشەیشم تێدا دەستکاری کرد، تۆمارم کردو خستمە سەر کاسێتێک و نوسخەیەکم لای خۆم ھێشتەوە، نۆتەکەشم نوسییەوە بۆ ئۆرکێسترا، گوتم بۆ ئەوەی دواتر بیبەن لە ئەورووپا تۆماری بکەن.چەند رۆژێ دوای ئەوە برای کاک شەھاب شەھید کاک کەریم عوسمان ھات بۆ ماڵه‌وە لە لایەن شەھابی برایەوە بۆ وەرگرتنی سروودەکە و بردی لەگەڵ خۆی.

دوای ماوەیەک نێوانی حکومەت و یەکێتی تێک چوو، تەبعەن من ھەردوو سروودەکەم تۆمارکرد، ئەوەی بۆ کۆمەڵەی رەنجدەرانم کردبوو و ئەوەی مەشخەڵانیش، جوابیان بۆناردم ووتیان ئیشێکی زۆرباشت کرد، ئەوانەی کەڕۆڵیان بینی لێرە لەو پەیوەندییەدا شەھاب عوسمان و دڵشاد مەریوانی وکەریمی برای(شەھاب) بوون، ماوەیەک تێپەڕبوو بەسەر ئەوەداو سەیرم دەکرد لەئێستگەکەوەگوێم لەخۆمە، زۆرم لاسەیر بوو، جوابم نارد ووتم ئەوە بۆ نوسخەی پرۆڤەیە چۆن بڵاویدەکەنەوە.؟!ووتیان تۆ نازانی پێشمەرگەچەندە بە تاسەوەن بۆی ، ووتم من قوڕدەکرێ بەسەرما لێرە، ووتیان بەخوا تازە بڵاومان کردۆتەوەو، بەینێکی پێ چوو نامەیەکم لە ھەڤاڵ مام جەلالەوە بۆھات دەڵێ: خەمت نەبێ ھەر کاتێ دەزانی ناڕەحەتت دەکەن ئاگادارمان کەرەوە ئێمەخەمت دەخۆین،ئیتر خۆم دایە دەست خوا.
دەستنووسەکانیش کە بۆم ھاتبوون من ھەموویم لوول کردبوو و لەناو قاچی سیستەمەکەماندا شاردبوومنەوە، لەگەڵنامەکانی مام جەلال و فەرەیدون عبدالقادرو قادری حاجی علی، ماوەیەکی زۆری بەسەردا ڕۆشت و ڕۆژێک تەلەفۆنێکیان بۆکردم ووتیان لەڕێکخراوی حیزبی بەعسەوە بانگت دەکەن،ووتم خوایە ئیشیان بەمن چییە.؟!! ڕۆشتم لەوێ ئێسک قورسێکی لێبوو،ووتم:یا اللە خێر ئیشیان پێم نەبێ، ووتی: کۆمەڵێک ھونەرمەند ھەن لێرە لەتێکدەرەکانن، ھاوکاری پێشمەرگەن و سروودیان بۆدەکەن، نازانین ھی کێیە، لەدڵی خۆمدا تاسێ گرتمی وگوتم تۆبڵێی ئیستیدراجم نەکەن بۆخۆم، ووتم:ھونەرمەندی شار ئاگایان لەدونیا نیە، تازە فێری مۆسیقا دەبن، ئەھمییەتی ھەموویانم کەم کردەوە،ووتم ھێندە شارەزای بواری مۆسیقا نین وەک من بزانم تا سروود بکەن بۆئەوانە ئەمە بۆئەوەی گومان نەکەن، وتی: نانا ھەیەودەزانین کەشتی واھەیە، ووتم: نازانم مەگەر گوێ ھەڵخەم ئەگەر شتی واھەبوو پێتان دەڵێم بەسەرچاو، من لەسەرخۆو زاڵم لەو جەوانەدا.
چەند جارێکی تر بانگیان دەکردم بۆ ئەو شتە، بە ھەمان شێواز جوابم دەدانەوەو ھیچ سڵم نەدەکردەوە، زروفێک ھاتەپێشەوە فەرەیدون دارتاش و ھەندێک کەسانیان گرت لە سلێمانی، ئێمەچووین سەردانمان کرد لە ئەبوو غرێب، و نەیدەتوانی قسەش بکات،دەیگوت:کاک ئەنوەر ئاگاتان لەخۆتان بێ، پێدەکەنی بۆئەوەی سەرنجی کەس ڕانەکێشێ، ووتی گومان زۆرھاتۆتە سەر تۆ و خالید سەرکار بێن ماڵتان بپشکنن، گومان لەئێوەیە کەئێوە سروودتان گوتووە، دەنگی منیش زۆردیار بوو،ئومێدم بەوەبوو دەمگوت لە ژیانمدا گۆرانیم نەگوتووە، کە ئەوەی پێ گوتم، ھاتمەوە یەکسەر ھەموو ئەونامانەو ئەرشیفەکانی مەکتەبەکەم ھەمویانم سوتاند لەگەڵ ئەو نامانەی شاربوومەوە ، بەداخەوەدەستی شکاوم...!

گوڵنار: دوایی شێرکۆ بێکەست بینییەوە.؟ گلەیی، دەستخۆشی لێنەکردی بۆ گۆڕینەکە.؟
قەرەداغی: نا بە پێچەوانەوە، زۆرجار دەیگوت بەس تۆ بۆت ھەیە دەستکاری شیعری من بکەیت. 

گوڵنار: باس لە ئەزمونی جەنابت دەکرێ لەگەڵ حەسەن زیرەکدا، جەنابت ئەوت بینی.؟ ئیشت بۆ کرد.؟
قەرەداغی: لەچ ڕوویەکەوە باسی بکەم.؟

گوڵنار: پەیوەندییەک ھەیە لەنێوانتاندا، گۆرانیتان بەیەکەوە کردووە، ئیتر چیت لەگەڵ مامۆستا حەسەن زیرەک ھەبووە.؟!
قەرەداغی: ھێندێ شت ھەیە ناتوانم بیڵێم.

گوڵنار: ئەوەی کەدەتوانی بیڵێی.
قەرەداغی: ھێندێ شت ھەیە ناتوانم باسی بکەم، چونکە ئەوە تایبەتمەندی خۆمە، چونکە لەوانەیە لەچاو خەڵکی تری ئەمڕۆدا بەجۆرێکی تر بخوێندرێتەوە، بەڵام وەکو مێژووێک ئەویش خزمەتێکی دیاری ھونەری کوردی کردووەو ئامادەگی ھەبووە،ئەوکاتە ژەنیار کەمبوو لەسلێمانی، ووتیان حەسەن زیرەک لە سلێمانییە،لەگەڵ برادەرەکانم خالید سەرکار و فەرەنسیس داوود گوتمان شتێکی چاکە بابڕۆین بیبینین بزانین کێیە.!! دۆزیمانەوە لەماڵی (ئەمینی دەڕابە)بوو، لەگەڵ برادەران کۆبووینەوە ئەوکاتە ئەسپ و عەرەبانە ھەبوو، سواری ئەسپ و عەرەبانەیەکبووین و چووین بۆئەوێ، لەوێ لەنزیکەوە ناسیمان،ئێمەگەنج بووین تازە لەبواری مۆسیقاو ھونەردا بووین،یەکێ وەکو ئێمەگۆرانی لەگەڵ حەسەن زیرەکدا بڵێ خۆشە بۆئێمە، لەدانیشتنەکانیشمان لەگەڵیان دەمانگوت بزانین حەسەن زیرەک کێ یەو چی پێ یە و چی لێ فێر دەبین،ئەمە سەیرکردنی خۆمان بوو بۆئەو ھونەرمەندە، بەتایبەتی من خالید سەرکار و فەرەنسیس داوود زۆرمەبەستمان بوو بزانین حەسەن زیرەک چی پێیە ئایائێمە دەوڵەمەندکات بە زانیاری بە سوود؟چەندین دانیشتنی ماڵان مۆسیقامان بۆ لێ ئەدا دەمان ویست زانیاریەکی لێ وەر بگرین،بەڵام بەداخەوە، ئەو نەیتوانی شتێک بدات بەئێمە، بەڵام ئێمە شتەکانی ئەومان باش لەبەربوو.
بەڵام تا بڵێیت گۆرانیبێژێکی بەتوانابوو، نەی دەزانی ھیلاکی چیە، شتی زوو وەردەگرت، ووشەی زوو بۆدرووست دەبوو، بۆ نموونە لە یەکێ‌ لە دانیشتنەکانیدا مۆسیقامان بۆ لێ ئەدا گۆرانی بەسەر مندا دەگوت کەچۆن پەنجەکانم دەجوڵێنم بەسەر کەمانەکەداو قژم ئەو کاتەپەڵەیەکی سپی تیابوو، بەسەر قژەکەشمدا دەیگوت.!چونکە جوان لێمان ئەدا خۆشحاڵ دەبوو بە ژەنینی کەمانەکەی من،یان جارێکیان مۆسیقایەکی ئەرمەنیمان بۆ لێدا ئەو پاش دووبارە کردنەوەی لێمان بە گۆرانی لەسەر ئەو ئاوازە دەستی کردە گۆرانی وتن (ئۆخەی ئۆخەی لەو باڵایە)

گوڵنار: کەباسی حەسەن زیرەکمان کرد ھەستم کرد لەڕووی دەروونییەوە پێت ناخۆش بوو، وە دەم و چاوت گۆڕانێکی بەسەردا ھات.؟!!
قەرەداغی: بەخوا ئیتر من باسی ھونەرەکەی دەکەم باسی شتی تری ناکەم.

گوڵنار: لەگەڵ کێ زۆر حەزت دەکرد ئیش بکەیت.؟ ئاوازی بۆ دابنێی.؟
قەرەداغی: لەسەرەتای گەنجیمدا زۆر حەزم دەکرد عەلی مەردان و تایەر تۆفیق و گۆرانیبێژانی ئەو سەردەمە ببینم.

گوڵنار: ئەی ماملێ.؟
قەرەداغی: ماملێ لەگەڵی دانەنیشتوم بەداخەوە، ھەر لەدوورەوە یەکترمان ناسیوە.

گوڵنار: لە ئافرەتە گۆرانیبێژەکانی کورددا بەکێ سەرسام بوویت.؟
قەرەداغی: دەنگی باش لە ئافرەتی کورددا ھەیە، بەڵام زۆریان پەروەردەکردنیان لاوازە.

گوڵنار: مەرزییە فەریقیت پێچۆنە.؟
قەرەداغی: ئاسایی بوو (نۆرماڵ بوو) لام.

گوڵنار: شیعری کام شاعیرە ئاوازێکی جوانی تیایە، کە ماندووت نەکات و حەز بکەیت ئاوازی بۆدابنێی.؟
قەرەداغی: شاعیرە کۆنەکانم ھەمووی بەدڵە بەتایبەت کلاسیکەکان، کە پڕن لە ماناو ھەستی جوان، ھی گۆران و ھێمن و پیرەمێردو مەحوی و حەمدی و حەسیب قەرەداغی، لە تازەکانیشدا ئەحمەد محەممەدی شاعیر ئەو تێکستانەی ھونەرمەند دڵشاد مستەفا دەیان نووسێت بۆ گۆرانی، ھەروەھا دڵشاد ئەحمەد.!

گوڵنار: مامۆستا لەئەزمونی کاردکردنتدا، تۆکەسێکی ئایینداریت و پەرستشەکانت کردووە، بەرنوێژیت بۆکێ کردووە.؟ وەک دەڵێ ھەر لەبەر تۆ نوێژی لەدواتەوە کردبێ.؟
قەرەداغی: لەناو گرووپی مۆسیقادا ئێمە گەنج بووین، تەنانەت مەسیحیمان تیابوو مەشروبی نەدەخواردەوە لەبەر دڵی ئێمە، ئەوەندە بەئەدەب بوو، بەڵام ئێمە کاریگەری ئەخلاقیمان زۆر لەسەری بوو، تیپی مۆسیقای شۆڕشمان ھەبوو، کەدرووستمان کرد زۆربەی زۆری تیپی مۆسیقای سلێمانی بوون، لەوێ یەکێکمان کردبوو بەمامۆستای خۆمان بەرنوێژی بۆ دەکردین، ئاییندارمان زۆرتیابوو الحمدللە، بەو بیرکردنەوە جوانەوە دەھاتینە ناو دونیای ھونەرەوە کە ھونەر یا مۆسیقا یەکێکە لەو جوانییانەی کە خوا بەخشیوێتی بەمرۆڤ، بەڵام چۆن مومارەسەی دەکەیت، من لەو برادەرانەی خۆم کەزۆر بەیەکەوە بووین، لەو ڕووەوە خالید سەرکار بوو کەوا ھەمیشە بەیەکەوە دەچووین بۆ جومعە، ھەر لەناو برادەرانیشماندا بەرنوێژیمان کردووە من یان کەسێکی تر.

گوڵنار: چ کەسێکت بانگکردووە بۆ دینەکەی خۆت.؟
قەرەداغی: بەھەندێکم وتووە.

گوڵنار: بۆ چ کەسێکیان حەزت کردووە.؟
قەرەداغی: لەناو ھونەردا بە زۆر کەسم گوتووە: تۆ بۆ نوێژ ناکەیت، چی تێدەچێ پێنج خولەکە، دەخولەکە، بەڵام ئەوەی کە جێی سەرنج بوو ڕۆژێک بەھونەرمەند بەدیعە دارتاشم گوت: دادە بەدیعە تۆ تابڵێی ئافرەتێکی ڕێک و پێک و بەڕێزیت، بەس یەک عەیبت ھەیە، گوتی چیە کاک ئەنوەر.؟ ووتم خۆزگە نوێژت دەکرد، جوابی نەدامەوە، سەیر دەکەم پاش ماوەیەک ست بەدیعە بوو بە ست بەدیعەیەکی تر، ماشەڵا خوایە ھەزار شکور بۆ تۆ ھێندێ لەو خێرەم بەرکەوت.

گوڵنار: سروودی مرحبا مرحبا ساڵی چەن بوو.؟
قەرەداغی: ئەوە لەدوای ڕاپەڕینەوە بوو کە دەرفەت درووست بوو، مەراسیمێک ھەبوو جاران دەکرا لەمزگەوتەکاندا (بەخوا خۆش بوو اللە.!) کەشەوانی ڕەمەزان دەھات نوورو پاکی یەک ڕووی دەکردە ئەو خەڵکە، ھەستت دەکرد ئاسوودەیت، خۆشی یەک لەدڵتایە نەت دەزانی چییە، جەوێک درووست دەبوو ھێندێ ئێوارە پێش نوێژی مەغریب زیکر دەکرا، زیکری اللە اللە و لا الە الا اللە و اللە اکبرو (ئاھێکی ھەڵکێشا بۆ ئەو کاتە)، مرۆڤ دەچووە کەش و ھەوایەک و بۆنێکی خۆش بەگیانتدا دەھات، مێشکت ئیسراحەتی دەکرد، ئەو مزگەوتەگرمەی دەھات لەدەنگی زیکری خوا و پێغەمبەر، اللە خوایە کە خۆش و جوان بوو... بەداخەوە ئێستا نیە.
گوڵنار: ئێستا گەنجێک بێ و بڵێ مۆسیقا حەرامەو وەکو بیەوێ بانگت بکات بۆدینەکەی خۆی، جەنابت چۆن وەڵامی دەدەیتەوە، وا حساب دەکات کەمن و تۆکافرین، وەکو چۆن ئەوانەی کەئێستا ڕیشیان ھێشتۆتەوە بتەوێ و نەتەوێ من و تۆیان بەلاوە کافرە، مەلای کوردیان بەلاوە کافرە لەبەر ئەوەی کوردە، بەس دەچێ شێخی سعودییەت بۆدەھێنێ دەیکا بەموفتی بەسەرتەوە، ئێستا مەلا عبدالکریمی مودەڕیس و شێخ موحەممەدی خاڵ و مەلای گەورەی کۆیەیان بەلاوە گومڕان، مەحوییان بەلاوە کافرە لەبەر ئەوەی شیعرێکی وتووە تەێەوفاتە.؟!

قەرەداغی: من ھەمیشە ووتوومە بە ڕیش نیە بە ئیشە، باشە ئەمە لەچ سورەت و فەرموودەیەکدا ھاتووە کە حەرامە بەو جۆرەی ئەوان باسی لێوە دەکەن.؟
گوڵنار: ئەوان وادەڵێن.
قەرەداغی: برا لە ھەموو سەردەمێکدا کۆمەڵێک قوت بوونەتەوە لە ژێر پەردەی ئاییندا راو بۆچوون و لێکدانەوەیەک دەھێننە پێشەوە نەک ئاین مەنتیقیش قبوڵی ناکا سەیری مێژوو بکە زۆر بە ڕوونی دیارە.
قەینا ئەوان وا دەڵێن، ئەو شتانەی کە پابەندم پێی، ئەوەیە کە قورئان مەنھەجی منە دوای ئەوە سوننەتی پێغەمبەر، لێکدانەوەی پێشینەکان کە باسی دین دەکەن، لەوە زیاتر کێ ھەیە باس بکات.؟ ئاینی ئیسلام زۆر نەرمترە لەوەی ئەوان باسی دەکەن ئاینی ئیسلام ئاینی میانرەویە، ئاینی ئاشتی و پێکەوە ژیانە.
گوڵنار: یەکێ دێت دەڵێ فەرموودەیەک ھەیەو دەیکاتە چەکی دەستی بۆ دژایەتی تۆ..
قەرەداغی: خوای گەورە لە ھەموو جوانیەکانی خۆی مرۆڤی بێبەش نەکردووە، بەڵام مرۆڤەکان لە خۆیانی تێک ئەدەن. (ان اللە جمیل یحب الجمال)، (جمال) چیە.؟ (جمال) ھەر ئەوەیە بەچاو دەیبینی.؟جەمال یانی جوانیەکان لەو شتانەی کەتۆ لە مەحسوسات وەریدەگریت، لەھەست، لەگوێ، لەبینین، لەبۆنکردن، لەناخ، لەعاتیفە، لەھەموو شتێک، جوانی ئەوەیە، کە تۆ ڕێ دەکەی بەڕێگەیەکی گومڕادا نەڕۆی، من خۆشییەک بدەم بەدڵی تۆ لەڕێگای مۆسیقایەکی جوانەوە گوناح چیە لەمەدا.؟! وەکو ئەوە وایە بۆنێکی جوانت بدەمێ بۆنی بکەیت، کە ئەڕۆی بۆ مزگەوت دەڵێ قاتی جوان و بۆنی خۆش بدە لەخۆت چونکە ئەڕۆی میوانی خوا دەبیت، ئەی باشە من دەڕۆم یەکێ بانگ دەدات بەدەنگی خۆش و یەکێکی تریش بە دەنگێکی ناخۆش، جیاوازیان نییە.؟!قورئان بەدەنگی ناخۆش بێ باشە یان بەدەنگێکی ڕەوان و خۆش بیخوێنی.؟ ئەمانە ھەمووی جوانی نیە.؟ ئەی باشە ئەمە لەکوێوە ھێنای کەئەمە حەرامە.؟ کاتێ حەرامە گومڕایی تیادا بێت .لەسەردەمی پێغەمبەردا(د.خ) حەزرەتی عائیشە گوێی نەگرتووە.؟ باشە بەمەدەڵێن چی، ھێندێ کەس ھەیەدەڵێ وەڵا ئەمە حەرامە، ھەموو شتێ لەعورف و ئوسوڵێکی جواندا بەکاری بێنی بۆ حەرامە کاکە.؟دونیا عیبارەتە لە سلبیات و ئیجابیات، یان شەیتان یان ڕوو لەخوا کردن.ھەر کارێک بە رووی ئیجابی بەکاری بھێنیت بە عیبادەت ئەژمار دەکرێ گەر بە رووی سەلبی بەکاری بھێنیت دیارە حەرامە؟ئەمەش نەک ھەر مۆسیقا دەگرێتەوە بەڵکو ھەموو لایەنەکانی ژیان دەگرێتەوە.
گوڵنار: لەژیانتدا بەدەر لەخزم، بۆ مەرگی کێ زۆر گریاوی.؟
قەرەداغی: بەخوا سێ چوار جار گریانم ھاتووە.! لە ئاشبەتاڵی١٩٧٤ زۆر گریام. ھەندێ جاریش بە تەنھا بۆ خۆم چاوم پڕ فرمێسک دەبێت کە بەراووردی سەردەمانی زوو لە گەڵ ئێستادا دەکەم.
گوڵنار: بۆ شۆڕشی کوردی گریای.؟
قەرەداغی: زۆر زۆر، لە مەریوان بووم دەڕۆشتمەوە بۆ نەغەدە بۆلای منداڵەکانم، بەدرێژایی ئەو ڕێگایە من گریاوم، فرمێسک لەچاومدا ووشک نەدەبووەوە، چ شتێکیش خستمیەگریان.؟! یەکێک لەناو پاسەکەدا خەڵکی ئێران بوو، شۆڕشی ئەلاواندەوە، ئیتر لەو پاسەدا کەس نەبوو خۆی بگرێ، وێنەکەم دەھاتە بەرچاو، ئەم میللەتە بۆ وای لێ ھات خوایە.؟! بۆ برازازایەکم زۆرم خۆشدەویست، ئەویش پاش فەترەیەک کەھاتینەوە لەدوای شۆڕش گریام بۆئەویش. بۆ دایکم زۆر گریام.باوکم بیر نیەکە عەمری خوای کرد.بۆکاکم زۆر گریام.بۆ براکانم زۆر گریام بۆ خوشکم،چونکەژیانێکی پاکم لەگەڵدا بردنە سەر، ئەوان ھەموویان کەسم بوون.

گوڵنار: لەمردن دەترسی.؟
قەرەداغی: دەڵێم خوایە عومرم درێژتر بکەیت بۆئەوەی عیبادەت زیاتر بکەم، دەڵێم ئەگەر گوناھم ھەبێت لێم خۆشبێت، نەوەڵا لەمردن ناترسم چونکە شتێکی حەتمیە، شەو دەخەوم پێموانییە بەیانی ھەستمەوە.
گوڵنار: لەژیانتدا دڵت بەچ کردەوەیەکت خۆشە.؟
قەرەداغی: خوا ئاگادارە، کە دەست نوێژ دەگرم دەچم بەرەو نوێژ ئەو ساتە خۆشترین ساتی ژیانمە. ھەروەھا دڵخۆشم بەوەی دووکەس بەدەم یەکەوە پێدەکەنن.
گوڵنار: پێناسەی ئەم کەسانە بکە
عەلی مەردان: بەمانا ھونەرمەندێکی بەتواناو ھی سەردەمی خۆی بوو، تا ئێستاش ھونەرەکەی بەردەوامە لەگەڵ ھەموو کەم و کوڕیەکی.
سروودی مەشخەڵان: یەکێک لەئیشە جوانەکانم.
ھێمن موکریانی: شاعیرێکی تابڵێی بەرزبوو، بەفکریش و بە شیعریش.
مەحوی: ئیشەکانی ئەو ساڕرێژی دڵ و دەروونی من دەکات.
مەولەوی: گەورەیە، زۆر گەورەیە وابزانم ھەقی خۆی نەدراوەتێ.
مام جەلال: یەکێکە لەھەرە سیاسییە دیارەکانی ئەم سەردەمە.
عەباسی کەمەندی: بەرھەمی کەمە، بەڵام ھونەرمەندێکی فرەڕەنگ بوو.
عیشق: بەھرەیەکە خوا داوێتی بەدڵ و دەرونی مرۆڤ.

 

 

 

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

  • پێش 1 هەفتە

    عه‌مید سەرحەد قادر: فوئاد حسێن وەفدی ریفراندۆم بوو ئێستاش جێگری سەرۆكوەزیرانی عێراقە

  • پێش 1 هەفتە

    رابون مه‌عروف: مەقەڕەکانی پارتی و یەکێتی بە هەموو حزبەکانی ئەوروپا بەخێو ناکرێن

  • پێش 2 هەفتە

    ‎ سۆران حه‌مه‌ره‌ش: من بەم پێنجسەد ساڵەی دوایی دەڵێم سەردەمی ڕەشی کورد

  • پێش 2 هەفتە

    وته‌بێژی كۆمه‌ڵ: پرۆژەو دەستپێشخەریمان بۆ رێکخستن و بەهێزکردنى پێگەى ئۆپۆزسیۆن هەیە

  • پێش 2 هەفتە

    ئه‌نوه‌ر قه‌ره‌داغی: ئەوەندەی بیرم بێ ئەگەر خوا لێم نەگرێت نوێژم نەڕۆیشتووە

  • پێش 2 هەفتە

    عه‌لی حه‌مه‌ ساڵح: کۆمەڵێک چەتە لە باشماغ بە زەبرى هێز، هێلکەى قاچاغیان هێنایە ناو هەرێم، ئەمە شەرمەزراریە بۆ حکومەت

  • پێش 3 هەفتە

    فه‌رهاد شاكه‌لی: لەم ساڵانەی کۆتاییشدا (شێرکۆ) دانی بەوەدا دەناو دەیگوت (گرووپی کفری) پێش ئێمە بوون

  • پێش 3 هەفتە

    رێبین هەردی: دیموكراسی كۆمه‌ڵێك ناوه‌ڕۆكه‌ كه‌ هیچیان له‌ كوردستاندا بوونی نییه‌

سەرەتا