30/11/2020 589 جار خوێنراوەتەوە

له‌ یادی 12 ساڵه‌ی دامه‌زراندنیدا ئه‌میری كۆمه‌ڵ پیرۆزبایی ئاڕاسته‌ی كارمه‌ندانی كه‌ناڵی په‌یام ده‌كات

به‌بۆنه‌ی ساڵیادی دامه‌زراندنیه‌وه‌، مامۆستا عه‌لی باپیر ئه‌میری كۆمه‌ڵی ئیسلامی كوردستان پیرۆزبایی نامه‌یه‌كی ئاراستی كه‌ناڵی ئاسمانی په‌یام كرد.

كه‌ ئه‌مه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تی:-

بسم الله الرحمن الرحیم

وَقُلِ اعْمَلُوا فَسَيَرَى اللَّهُ عَمَلَكُمْ وَرَسُولُهُ وَالْمُؤْمِنُونَ

 بەڕێزان! بەڕێوەبەرو ستاف‌و کارمەندانی کەناڵی ئاسمانیی پەیام
السلام علیکم ورحمة‌‌ اللە

بەبۆنەی تەواوکردنی دوازدە ساڵ لەتەمەنی کەناڵی ئاسمانیی پەیام‌و، چوونە نێو ساڵی سێزدەیەمەوە، دەسخۆشیی‌و پێزانین‌و سوپاس پێشکەشی یەکەیەکەتان دەکەم‌و، لە خوای میهرەبان داواکارم هەرچی لە چاکە کردووتانە، لێتان وەربگرێ‌و، بەباشترین شێوە پاداشتان بداتەوە، هەروەها بە لوتف‌و بەزەیی خۆیشی لە هەڵەو پەڵەو کەم‌و کوڕییەکانتان ببوورێ، بێگومان هیچ کەس لە هەڵەو گوناهو لادان خاڵیی نابێ.
هەر بەم بۆنەوەیەش ئاماژە بەچەند شتێک دەکەم:

یەکەم: ئاگادارم بەردەوام لە قەیرانی دارایی دان‌و، فشاری زۆری جۆراوجۆرتان لەسەرە، هەڵبەتە لە ئاوا بارودۆخێکی سیاسیی‌و ئابووریی‌و ئیداریی پڕ له‌ ستەم‌و گەندەڵییدا، كه‌ هەرێم‌و عێڕاقیشی تێدان، ئەو دۆخە پڕ مەینەتییەی ئێوەو براو خوشکانی دیکەشتان لە ئۆڕگانەکانی دیکەی کۆمەڵی ئیسلامیی، تێیدان، شتێکی چاوەڕوانکراوەو، جگە لە خۆڕاگریی‌و پشوو درێژییش، هیچ چارەیەکی دیکەمان نیە، بەڵام دڵنیاتان دەکەمەوە، کە ئەم بارودۆخە گەیشتۆتە کەناری هەرەس‌و، ناگونجێ چیدیکە ئەو هەموو ستەم‌و گه‌نده‌ڵیی‌و پۆخه‌ڵیی‌و، کەمینە بە ملیارلێر کردن‌و، خەڵک‌و جەماوەر بەهەژارکردنه‌، بەردەوامبێ.

دووەم: کەناڵی ئاسمانیی پەیام، نەریتێکی زۆرباشی داهێناوە، کە باوەشی بۆ هەموو کەس بە دەنگ‌و ڕەنگ‌و بیروڕاو هەڵوێستە جیاجیاکانەوە کراوە بووەو، هەوڵیداوە مینبەرێکی ئازادو ئازای هەموو لایەک بێت، ئەوە خاڵێکی بەهێزی پەیامەو، بەبێ دوودڵیی لەسەری بەردەوامبن‌و پەرەشی پێ بدەن، به‌ڵام به‌ هاوسه‌نگیی‌و بێ تێپه‌ڕاندن.

سێیەم: مادام کۆمەڵی ئیسلامیی "کە پەیام زمانحاڵیەتی بەگشتیی" هەر لە سەرەتای ڕاگەیاندنییەوە، بڕیاریداوە سەنگەرێکی مەحکەم‌و تەنازول نەکەربێ، لەبەرگریی لێکردنی ئیسلام‌و ڕاستییەکانی‌و، دین‌و ژینی کۆمەڵگاو، ڕەوشت‌و ئەدەب‌و بەها بەرزەکانیدا، بۆیە پێویستە بەرپرس‌و ئەندام‌و کادیرو پەیامنێرەکانی، گێچەڵپێکران‌و سەغڵەتکران‌و ڕێلێگیران، بە ئاسایی وەربگرن‌و، بەو وردە ستەم‌و خراپانەش، شل‌و کول نەبن‌و، لەسەر کارو چالاکیی‌ دڵسۆزانەی خۆیان بەردەوامبن‌و، مسۆگه‌ر سه‌ره‌نجام هه‌ر حه‌ق‌و ڕاستیی ده‌چه‌سپێ‌و، پووش‌و په‌ڵاشی ناهه‌ق ده‌ڕوات (...فَأَمَّا الزَّبَدُ فَيَذْهَبُ جُفَاءً ۖ وَأَمَّا مَا يَنفَعُ النَّاسَ فَيَمْكُثُ فِي الْأَرْضِ...) الرعد -17-.

چوارەم: خوای کارزان‌و میهرەبان، لە کۆتایی ژمارەیەک لە سووڕەتەکاندا، بۆ وێنە:
البقرة، آل عمران، الأنعام، الأعراف، الحجر، الإسرا‌ء، الكهف، طە... لەبەرانبەر گرفت‌و کێشەو کۆسپ‌و ناڕەحەتییەکاندا، کە هاتوونه‌ ڕێی پێغەمبەری خوا (محمد) "صلی الله علیه وسلم"، فەرمان بە پێغەمبەری خاتەم "صلی الله علیه وسلم" دەکات کە پەیوەندیی خۆی لەگەڵ خوادا مەحکەم بکات، بەهۆی یادی خواو نوێژکردن‌و تەقواو تەزکیەو پاڕانەوەو...هتدەوە، ئنجا بێگومان ئێمە بەو ئامۆژگاریی‌و ڕێنماییانەی خوای پەروەردگار لەپێشترو شایستەترین، تاکو هەرچی زیاتر بەهێزو پێزو دامەزراوو نەلەخشاوبین، بێگومانیش له‌خزمه‌ت خه‌ڵك‌و كۆمه‌ڵگای خۆدابوون، له‌به‌رتیشكی قوڕئانی به‌پێزو، به‌ڕێبازی پێغه‌مبه‌ری خاوه‌ن ئه‌و په‌ڕی حورمه‌ت‌و ڕێزدا، مایه‌ی سه‌ربه‌رزیی‌و شانازییه،‌ له‌دنیاو دواڕۆژداو، هه‌ر باجێكی له‌پێناودا بده‌ین، شایسته‌یه‌.
دووبارە سڵاو و دەستخۆشیی‌و پێزانین‌و، پیرۆزبایی بۆ هەموولایەک

براتان: عه‌لی باپـیـر
15/4/1442 كـ
30/11/2020ز

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

  • 6 کاتژمێر پێش ئێستا

    مامۆستا عەلی باپیر پەیامی پیرۆزبایی ئاڕاستەی بەڕێوەبەر و كارمەندانی پەیام دەكات

  • 16 کاتژمێر پێش ئێستا

    بە بۆنەى یادى ١٨مین ساڵى دامەزراندنى پەیام تۆڕى میدیایى کۆمەڵ ڕاگەیەنراوێکى بڵاو کردەوە

  • 2 رۆژ پێش ئێستا

    ئەنجوومەنی سەركردایەتیی كۆمەڵی دادگەریی كوردستان كۆبووەوە

  • 4 رۆژ پێش ئێستا

    كۆمەڵی دادگەری: هێرشكردنە سەر كۆرمۆر هێرشە بۆ سەر هەموو ماڵێكی كوردستان

  • 6 رۆژ پێش ئێستا

    بەبۆنەی كۆچی دوایی مامۆستا مەلا سەید نەجمەددین مامۆستا عه‌لی باپیر پرسه‌نامه‌یه‌ك ئاڕاسته‌ ده‌كات

  • پێش 2 هەفتە

    مەڵبەندی ڕاپەڕینی كۆمەڵ لە دیدارێكدا سوپاسی تیمەكانی بانگەشەی هەڵبژاردنی كرد

  • پێش 2 هەفتە

    مامۆستا عەلى باپیر پێشوازى لە دکتۆر ئەحمەد داود ئۆغلو کرد

  • پێش 2 هەفتە

    سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی پێشوازی لە بڕیاردەری ڕەوتی هەڵوێست دەکات

سەرەتا