سوھراب سپێھری
پێش 3 هەفتە 23 جار خوێنراوەتەوە

رۆژێک ھەر دێم و پەیامێک دەھێنم

رۆژێک ھەر دێم و پەیامێک دەھێنم.

سوھراب سپێھری
وه‌رگێڕانی مجاھد وه‌هاب

رۆژێک ھەر دێم و پەیامێک دەھێنم.
بۆ کرۆکی دەمارەکان، رووناکایی دەپرژێنم.
ھاورا دەکەم، ئەی سەبەتە پڕ خەوەکان!
سێوم ھێناوە، سوورە سێوی ھەتاو.

رۆژێک ھەر دێم، 
چڵێک نێرگزێک دەبەخشمە گەداو 
بۆ جوانە ژنی گولی گرتوو، گوارەیەکی تر دەھێنم.
بە نابینا دەڵێم، چ جوانە سەیری ئەم باخە!
دەبمە فرۆشیارێک و کۆڵانەکان دەپێوم، جاڕ دەدەم: شەونمم پێیە، شەونم، شەونم.
رێبوارێک پێم دەڵێت: بە راستیی چ شەوێکی تاریکە،
کاکەشانێکی پێ دەبەخشم.
لە سەر پرد، کچێک بێ قاچ وەستاوە، حەوتەوانە دەکەمە ملوانکەی ملی...

ھەرچی جنێوە، لە لێوەکان دەیچنمەوە
ھەرچی دیوارە، لە بن دەری دەھێنم
بە رێگران دەڵێم: کاروانێک بەرێوەیە، بە بارێک پێکەنین.

ھەورەکان دەپچڕێنم،
من گرێ دەدەم، 
چاو بە ھەتاو، 
دڵ بە ئەوین،
سێبەر بە ئاو و 
چڵەکانیش بە با و 
پێکەوە دەیبەستمەوە،
خەوی منداڵ لە گەڵ سرتەی پەنجەرەکان.

کۆلارەەکان دەکەمە ھەواوە و 
ئینجانەکان ئاو دەدەم.

رۆژێک ھەر دێم،
بۆ ئاخوری ئەسب و مانگاکان،
ئالیکی سەوزی لاوانەوە تێدەکەم.
بۆ ماھینە تینووەکان، پڕ بە سەتڵێک شەونم دێنم.
گوێدرێژێکی پاتاڵ، مێشەکانی لێ ئەتارێنم.

رۆژێک ھەر دێم و 
لە سەر ھەموو دیوارێک گوڵە مێخەکێک دەچێنم.
لە بن ھەر دەلاقەیەکدا،
ھۆنراوەیەک دەھۆنمەوە.
بۆ ھەر قەلەباچکەیەک
تۆوی سنەوبەرێک دەچێنم.
بە گوێی ماردا دەچرپێنم،
چەند شکۆمەندە بۆق.

ئاشت دەکەمەوە،
ئاشنا دەکەم،
رێ دەپێوم،
رووناکی دەخۆمەوە،
خۆشەویستیم دەبێت.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

  • پێش 2 هەفتە

    رۆمانی ده‌ریاس و لاشه‌كان سه‌ریاس چۆن هاته‌وه‌و بۆ ونبوو؟

  • پێش 3 هەفتە

    رۆژێک ھەر دێم و پەیامێک دەھێنم

  • پێش 4 هەفتە

    پێغەمبەر ناسی لە ڕوانگەی مەحوییەوە

  • پێش 4 هەفتە

    كاریگەریی تێڕوانینی‌ ئایدۆلۆژی‌ لەسەر کەلتووری‌ کورد

  • پێش 4 هەفتە

    ( ماجەرای‌ بینینی‌ کۆڵان و ژوورەکەی‌ (سوبحانی‌

  • پێش 4 هەفتە

    له‌تێك شیعر و له‌تێك جوانی..!

  • 22/06/2019

    وه‌فایی شاعیر ده‌ناسیت؟

سەرەتا