29/07/2019
2890 جار خوێنراوەتەوە
ده هۆکاری ئازار و سوربوونەوەی چاو پێکەوه
پهیام
۱- هەوکردنی لینجەپەردەی
چاو: بەهۆی میکرۆبەوە درووست دەبێت و ڕەنگی چاوەکە سوورێکی کاڵ دەبێت، لەگەڵیشیدا ئاوسانی
پێڵووی چاو و دەردراوی لینجی لەگەڵدایە، زۆرجار ڕیپۆقیش دەکات. زۆربەی کات بەهۆی ڤایرۆسەوە
توش دەبێت.
۲- حەساسیەتی کتوپڕی
چاو: سوربوونەوەی چاوەکە چەند نیشانەیەکی تری لەگەڵدایە، وەکو چاوخوران و ئاوکردنی
زۆر و هەستیاربوون بە ڕووناکی و کزانەوە و هەستکردن بەوەی ووردە بەرد و خوێ لەژێر پێڵووی
چاوەکەدایە، وە دەردانی ماددەیەکی ئاوی یان سپی لینج.
۳- برین و هەوکردنی
شوشێنەی چاو: ئەم برینەش بەهۆی بەرکەوتن یان میکرۆبەوە درووست دەبێت، جگە لە سوربوونەوە،
چاوەکە ئەم نیشانانەشی لەگەڵدایە، ئازارێکی زۆر، چاوهەڵنەهاتن بە ڕووناکی، سەرئێشە،
فرمێسکردنێکی زۆر، کەم بوونەوەی بینایی. وە هەندێک جار پەڵەی سپی لەسەر شوشێنەی چاو
دەبینرێت. وەکو دوای بەکارهێنانی عەدەسەی لکاوی سەر گلێنە.
٤- وشکبوونەوەی درێژخایەنی چاو: لەم بارەدا جگە
لە سوربوونەوە چاوەکە توشی سوتانەوە و قورسبوون و هەستکردن بە زبری دەبێت، هەندێک جار
ئاوکردن و لێڵبوونی چاویشی لەگەڵدایە.
٥- هەوکردنی ناوەوەی چاو: وەکو هەوکردنی ڕەنگینەی
چاو، جگە لە سوربوونەوە چاوەکە ئەم نیشانانەی لەگەڵدایە، ئازارێکی زۆر، لێڵبوونی بینایی،
سەرئێشە، چاوهەڵنەهاتن بە ڕووناکی.
٦- ئاوی ڕەشی چاو: بەرزبوونەوەی کتوپڕی فشاری ناو
چاو دەبێتە هۆی سوربوونەوەی چاو و ئازارێکی زۆر لە چاو و سەردا، هەروەها تەڵخبوونی
بینایی و هێڵنج و ڕشانەوەشی لەگەڵدایە.
۷- هەوکردنی پێڵووی
چاو، یان قنچکەسەڵا یان گرێی چەوری چاو، زۆرکات ئازاری و هەڵاوسانی پێڵووی لەگەڵدایە،
لەگەڵ بوونی دەردراوی لینج و ڕیپۆق.
۸- دوای لەیزەر و
نەشتەرگەری چاو زۆر جار سوربوونەوەی ئازارێکی زۆر لە چاوەکەدا درووست دەبێت، ئەمەش
بەهۆی برینداربوونی شانەکانی چاو و بەرزبوونەوەی فشاری ناو چاوەکە
۹- تەنی نامۆ لە چاودا،
وەکو بەرد و ووردە ئاسنی دوای لەحیم و کۆستەرەکاری.
۱۰- تەقەڵ و برژانگ
کاتێک بەر ڕەشێنەی چاو بکەوێت ئازار و سوربوونەوە و فرمێسکی زۆر لە چاوەکەدا دروست
دەکات.
دكتۆر ماکۆک محمد
پزیشکی نەشتەرگەری و نەخۆشییەکانی
چاو
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە