پێش 3 هەفتە 202 جار خوێنراوەتەوە

کەسێتی و هاوسەرگیری

په‌یام

سامان سیوەیلی - دەروونناس
ئایا هەموو کەسێک دەتوانێت ببێتە وتاربێژێکی باش و سەرکەوتوو؟ ئایا هەموو کەسێک دەتوانێت ببێتە مامۆستایەکی سەرکەوتوو؟ ئایا هەموو کەسێک دەتوانێت ببێتە وەرزشەوانێکی سەرکەوتوو؟ ...... تد، وەڵامی ئەم پرسیارانە سادە و ساکارن و یەکسەر دەتوانین بە (نەخێر) وەڵامیان بدەینەوە، چونکە هەر کام لەو پیشە و ئەرکانە مەرج و پێوەری خۆی هەیە کە پێویستە لەو کەسانەدا هەبن بۆ ئەوەی بتوانن سەرکەوتن بەدەست بهێنن، وەک نموونە ئەگەر وتاربێژی وەربگرین، لانیکەم ئەو کەسە دەبێت (ڕەوان بێژ، خاوەن تۆنێکی دەنگی گونجاو، خاوەن باکگراوەندێکی ڕۆشنبیری باش) بێت.

کاتێک باس لە هاوسەرگیری دەکەین وەک پرۆسەیەک کە لەڕێیەوە خێزان دادەمەزرێت، پرسیارێک ڕووبەڕوومان دەبێتەوە، ئایا هەموو کەسێک شیاوە بۆ ئەوەی هاوسەرگیری بکات؟ یان بڵێین، ئایا هەموو کەسێک ئەو مەرجانەی تێدایە کە بتوانێت ببێتە هاوسەرێکی سەرکەوتوو؟ ئایا تەنها پێگەیشتوویی جەستەیی بەسە بۆ ئەوەی بە کەسێک بڵێین ئیتر کاتی هاوسەرگیری هاتووە؟ (هەروەک لەڕابردووی کۆمەڵگەی ئێمەدا هەر کاتێک کچ و کوڕ بەقۆناغی باڵقبووندا تێدەپەڕین و لەڕووی جەستەییەوە گەشەیان دەکرد ئیدی دەکرانە پرۆژەیەک بۆ هاوسەرگیری، یاخود لەئێستادا ئەگەرچی تەمەنی هاوسەرگیری بەهۆی خوێندن و هەندێ فاکتەری دیکەوە دواکەوتووە بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا ئایا تێڕوانینی کۆمەڵگە و خێزانی کوردی بۆ هاوسەرگیری کچ و کوڕەکانیان هیچ گۆڕانکاریەکی ئەوتۆی بەسەردا هاتووە جگە لەو گۆڕانکاریە ڕووکەشانەی بەسەر هۆڵی شیرینی خواردنەوە و جۆری سەما و ئاهەنگەکاندا هاتووە؟).

کەواتە گرنگە باس لەهەندێ جۆری کەسێتی نائاسایی بکەین کە دەتوانین بڵێن ئەمجۆرە کەسێتیانە ناشێن بۆ هاوسەرگیریکردن، یاخود ئەگەر ئەم کەسانە هاوسەرگیریش بکەن ئەوا توانای ژیانکردنێکی ئاساییان نابێت لەگەڵ هاوسەرەکانیاندا، ژیانکردن لەگەڵ ئەمجۆرە کەسێتیانەدا ژیانێک دەبێت کە تام و چێژی ئاسوودەیی و بەختەوەری تێدا ناکرێت، گرنگترین ئەو کەسێتیە نائاساییانەی کە ناشێن بۆ هاوسەرگیریکردن، یاخود ژیانکردن لەگەڵیاندا ژیانێکی پڕ ئیشکالاتی قوڵ و ناتەبایی دەبێت، ئەمانەن:

١-کەسێتی خودشەیدایی:
خاوەنی ئەم کەسێتییە هێندە خۆبەزلزان و لەخۆبایی و لەخۆڕازییە کە پێی وایە زەوی و گشت ئەستێرەکانی دیکە لەبەرخاتری ئەو دروستکراون، مرۆڤەکان و زیندەوەران و کەلوپەل هەمووی بۆ خزمەتی ئەو هاتوونەتە بوون، دووچاری هەڵاوسانی نرخدانان هاتووە بۆ خودی خۆی، ئەو پێی وایە کە خۆی خاوەن و هەڵگری بەرزترین نموونەی باڵای ڕەفتار و باڵاترین جۆری بیرکردنەوە و تێڕوانینە بۆ ژیان و دەوروبەر، خاوەنی بەهرەگەلێکە کە هیچ کەسێک ناتوانێت کێبەرکێی لەگەڵدا بکات، هەتا ئاستی شەیدایی سەرسامە بەخودی خۆی، شەیدابوون و سەرسامییەکەی بەخودی خۆی جۆرێکە لە عاشقبوون بەرامبەر خودی خۆی، ئەم شەیدابوونەی بۆ خودی خۆی دەبێتە بەربەستێک لە بینینی ئەوانی دیکە بە قەبارەی خۆیان، بۆیە هەمیشە ئەوانەی دیکە بە بچوک دەبینێت و پێی وایە خۆی لەهەمووان باڵاتر و باشتر و گرنگترە، خەیاڵەکانی هەمیشە بەئاڕاستەی بەدەستهێنانی سەرکەوتنێکی بێ سنوورە کە تیایدا خۆی لە لوتکەدا دەبینێتەوە و خەڵکی لێی کۆدەبنەوە و پیرۆزبایی لێدەکەن و سەرسامی خۆیانی بۆ دەردەبڕن، بۆیە ئەم خەیاڵانەی وایلێدەکەن کە خەڵکی بەشایستەی ئەوە ببینێت کە پێویستە ببنە خزمەتگوزاری ئەو و دەستەونەزەر لەخزمەتیدابن، بۆیە بەو ئاڕاستەیەدا کار دەکات کە بەخراپ کەڵک لە توانا و کۆشش و وزەی دەوروبەر و ئەوانی دیکە وەربگرێت بۆ بەرژوەندی خۆی، دواجاریش نکوڵی لە چاکە و توانا و کۆششەکانی ئەوان دەکات و پێیان نازانێت، خۆی وادەردەخات کە ئەو داهێنەر و بیرمەند و نەخشەکێش و خوڵقێنەری هەموو کارەکانە، لەکاتێکدا ئەو تەنها ناوی خۆی دەخاتە سەر کۆشش و ماندووبوون و هەوڵەکانی ئەوانی دیکە و دەیکات بە کار و بەرهەمی خۆی.

خاوەنی کەسێتی خودشەیدا هەندێجار پۆشاکێک دەپۆشن کە لەگەڵ تەمەن و پێگەیاندا ناگونجێت بەمەبەستی سەرنجڕاكێشانی دەوروبەر، شێوازی ڕۆشتن و قسەکردن و دەنگی بەجۆرێکن کە خودشەیدایی ڕەنگدەداتەوە لەسەریان، باسکردنی بەردەوامی لەخودی خۆی و نکوڵی کردن لە هەوڵ و ماندووبوونی ئەوانی دیکە بەردەوام بەئاخاوتنەکانییەوە دیارە.

خاوەنی کەسێتی خودشەیدا هیچ هەستێکی بۆ کەس نییە، نە هاوسۆز دەبێت بۆ کەس و نە ئازار دەچێژێت بۆ کەس، قوربانی نادات بۆ کەس، سازش ناکات بۆ کەس، هیچ نابەخشێت بە کەس، ئەگەر بشبەخشێت تەنها لەپێناوی بەرژەوەندیەکدا دەبەخشێت، ئەگەر خێرێکیش بکات لەبەرخاتری خودا نایکات بەڵکو لەبەرئەوەی دەیکات کە ناوبانگ پەیدا بکات و خۆی لەوانی دیکە بەبەرزتر بناسێنێت، خاوەنی ئەم کەسێتییە هیچ شتێک سەرقاڵی ناکات جگە لە خودە هەڵاوساوەکەی خۆی، هەمیشە زێدەڕۆییەکی نابابەتیانە دەکات لەپیشاندانی توانا و دەستکەوتەکانی، کەسێتی خودشەیدا لەبەرئەوەی زۆر بەتوندی گرنگی بەخودی خۆی دەدات هەمیشە هەوڵدەدات سەرنج و گرنگیپێدانی ئەوانی دیکە بەلای خۆیدا ڕابکێشێت، بەمهۆیەوە بەردەوام گرنگی بەڕووکەشی شتەکان دەدات و زۆر گوێ بە ناوەرۆک و گەوهەری شتەکان نادات، بۆیە ئەمجۆرە کەسانە ناتوانن داهێنان بکەن یاخود دەستکەوتی زانستی بەدەستبهێنن.

خاوەنی کەسێتی خودشەیدا ناتوانێت شتێکی نوێ بهێنێتە ئاراوە بەڵکو خودی خۆی لاساییکارێکی ساختەکارە، ئەوەی هەیەتی لەڕێی گوفتارەکانی بەماسکێکی ڕەنگین و جوانەوە دەیانڕازێنێتەوە بەمەبەستی ڕەواجپێدانیان، هەروەکو چۆن کاڵافرۆشێک بۆ کڕیارەکانی دەکەوێتە ڕازاندنەوەی کاڵاکانی و بەرزکردنەوەی نرخەکان و بەباڵا گوتنی کاڵاکانیدا، لەکاتێکدا خودی کاڵاکان لەڕووی کوالێتییەوە لەئاستێکی نزمدان.

ئەمجۆرە لە کەسێتی بەڕوانینی ئەفسەرانی سوپا کلاکسیکیەکان بۆ سەربازەکانیان لە دەوروبەریان دەڕوانن، چاوەڕوانی ئەوە لەدەوروبەر دەکەن کە دەبێت خزمەتگوزاری پێشکەش بەم بکەن و لەهەر ئانوساتێکدا بەدەمییەوە بچن، لەگەڵ ئەمەشدا خۆی بەقەرزاری ئەوانە نازانێت کە چاکەی لەگەڵ دەکەن، نەک هەر چاکەیان ناداتەوە بەڵکو تەنانەت بە زارەکیش پێزانین و سوپاسیان بۆ دەرنابڕێت، وەک ئەوەی دەوروبەری ئەرکی خۆیان بێت خزمەت بەئەو بکەن، هەربۆیە خاوەن کەسی خودشەیدا لەکاتێکدا هەستبکات بەرامبەر یان دەوروبەر بەئەرکی خۆیان هەڵناستن لە گرنگیپێدان و بەباڵا هەڵگوتنیدا ئەوا دووچاری توڕەیی زۆر دەبێت، خۆ ئەگەر پێچەوانەی ئەمە هەستبکات فەرامۆش دەکرێت ئەوا توڕەیی و بێزاریی دەگاتە ترۆپک، بەجۆرێک ئەگەر بۆی بکرێت یان بتوانێت حەز دەکات هەڵبکوتێتە سەریان و ئازاریان پێبگەیەنێت، کەواتە دەتوانین بڵێین چاوەڕوانیەکانی کەسانی خودشەیدا چاوەڕوانیگەلێکی نالۆژیکی و ناهاوسەنگە.

پەیوەندیەکانی کەسی خودشەیدا بەدەوروبەرییەوە لەسەر بنەمای بەخراپ کەڵوەرگرتن و فرسەتلێهێنان وخۆپەرستییە، تەنها بۆ قۆناغێک هاوڕێ دەگرێت، هەر قۆناغێک لەژیانیدا وەکو هاوڕێ لە کۆمەڵێک کەس نزیک دەبێتەوە، بەباشترین شێوە کەڵکیان لێوەردەگرێت و بەکاریان دەهێنێت، هەتا دەستی ئاشکرا دەبێت و لێی دوور دەکەونەوە، بۆیە کەسانی خود شەیدا هاوڕێی بەردەوام و دڵسۆزیان نیە.

کەسی خودشەیدا لەکاتی تووشبوونی بەشکست یاخود ئەگەر دەوروبەر لە شکۆ و خۆبەزلزانی بدەن، ئەگەری تووشبوونیان بەنەخۆشی خەمۆکی زۆر دەبێت، خاوەنی ئەمجۆرە لە کەسێتی بەهۆی شەیدایی بۆ خودی خۆی زۆر گرنگی بە خۆی و تەندروستی خۆی دەدات، پەیڕەوی سستمی تایبەت دەکات لەخواردندا، وەرزش دەکات، زوو زوو بەدواداچوون دەکات بۆ تەندروستی خۆی لای پزیشک، هەمیشە هەوڵدەدات وەها دەربکەوێت کە گەنج و بەهێزە، لەگەڵ سەرکەوتنی تەمەنیدا کۆژانە دەروونیەکانی زیاد دەکات، هەر کاتێک زانی لەچوارچێوەی گرنگیپێدانەکانی خەڵک دەچێتە دەرەوە و دەسەڵات و هێزی نامێنێت یاخود خانەنشین ببێت ئەوا ڕاستەوخۆ دووچاری خەمۆکی دەبێت، ئەو کاتەش کۆژانی جەستەییەکانی زیاتر دەبن بۆیە بەردەوام سەرقاڵی هاتووچۆی ئەم پزیشک و ئەو پزیشک دەبێت و خۆی بەم بابەتانەوە سەرقاڵ دەکات، ئەگەرچی سروشت و یاسای ژیان وەهایە کە مرۆڤ هەر بەرەو هەڵکشانی تەمەن دەڕوات و ئەو هێز و دەسەڵات و پێگەیەی لەڕابردوودا هەیبووە نایمێنێت و جەستەی بەرەو لاوازبوون و پوکانەوە دەچێت و تەندروستی وەکو ڕابردوو نامێنێت و ئەگەری دەرکەوتنی جۆرەها نەخۆشی زیاد دەبێت، بەڵام ئەم گۆڕانکاریانەی ژیان بۆ کەسانی خودشەیدا زۆر بەئازار و پەژارە دەبێت.

کەسانی خودشەیدا لەژیانی هاوسەرییاندا زۆر بێباکانە لە هاوسەرەکانیان دەڕوانن، هەمیشە دەخوازن هاوسەرەکانیان بەردەوام لەئامادەباشیدابن بۆ خزمەتکردنیان، کەی خۆیان ئارەزووی سێکسیان هەبوو دەبێت هاوسەرەکانیان لەخزمەتیاندا بن بێ ئەوەی هەست و سۆز و خۆشەویستی ڕاستەقینەیان پێببەخشن، بەردەوام خۆیان لەوە گەورەتر دەبینن کە بەدیار کەسێکەوە کەپێی دەڵێن (هاوسەر) ژیان بکەن، کەی خۆیان ئارەزووی گاڵتەکردن و قسەکردن و گەڕانیان هەبێت دەبێت هاوسەرەکانیان ئامادەبن، بەپێچەوانەوە دەبێت هەموو شتێک کش و مات بێت، واتە مەزاژی خۆیان دەکەنە تەوەر و دەبێت هەموو ڕەوشەکان بەپێی مەزاژی ئەوان بسوڕێتەوە، هەر لەسەرەتای پەیوەندی هاوسەرییەوە ئەم نیشانە نائاساییانە لە کەسی خودشەیدا دەردەکەوێت و هەرزوو دەبێتە مایەی بێزاری و وەڕسبوونی بەرامبەرەکەی، لێرەوە سکاڵاکردن و ناڕەزایی دەربڕین و پەشیمانی بە گوفتار و ڕەفتاری هاوسەرەکەیەوە دەردەکەوێت، هەر هەنگاوێکی لەمجۆرەش دەبێتە مایەی توڕەبوون و بێزاری و هەڵچوونی زۆری هاوسەرە خودشەیداکە، هەست دەکات هاوسەرەکەی بەو گەورەییە لێی ناڕوانێت کە ئەم چاوەڕوانی دەکات، بۆیە لەمبارەدا لەدەرەوەی خێزان هەر دەرفەتێکی گرنگیپێدان و بەگەورە تەماشاکردنی دەستبکەوێت لە کەسی سێیەمەوە ئەوا کەڵکی لێوەردەگرێت و پەیوەندی ناپاکیی لەگەڵیدا دروستدەکات، کەسانی خودشەیدا بەهۆی ئەو تێڕوانینە هەڵاوساوەی بۆ خودی خۆیان هەیانە پێیان وایە کە هەر دەرفەت و پەیوەندییەک لەدەرەوەی ژیانی هاوسەریی لەگەڵ کەسانی دیکەدا ئەگەر تێریان بکات لەڕووی ئەو هەست و تێڕوانینە نائاساییانەی هەیانە بەرامبەر خودی خۆیان ئەوا دەبێت کەڵکی لێوەربگرن، چونکە بەبوونی ئەم پەیوەندیە ناپاکییانە زیاتر شانازی بەخۆیانەوە دەکەن و پێیان وایە کە ئەوان ئەوەندە پەسەند و گرنگن بۆیە دەتوانن لەدەرەوەی ژیانی هاوسەریی کەسانی دیکە گرنگیان پێدەدەن و هەستیان بۆ دەردەبڕن.

ئەگەر ئەو هەموو نیشانە و خەسڵەتانە لەبۆتەی کەسێتی خودشەیدادا کۆببنەوە و خۆیان لە ڕەفتار و گوفتار و باری سایکۆلۆژیا و پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکانیدا بەرجەستە بکەن، ئایا ژیانکردن لەگەڵ کەسانی لەمجۆرە دەبێت چ دۆزەخێک بۆ هاوسەرەکەی بەرهەمبهێنێت؟ دەبێت پێکەوە ژیان لەگەڵ کەسانی وەهادا چ مانایەک ببەخشێت؟ دەبێت هاوژینی ئەمجۆرە کەسانە چەندە توانای بەردەوامبوونی هەبێت لەگەڵ مرۆڤێک کە خاوەنی دنیایەک لە ئیشکالاتی قوڵ و زیانبەخش بێت، لەگەڵ مرۆڤێک توانای هەڵکردن و گونجاندنی ئاسایی نەبێت، لەگەڵ کەسێک بەو هەموو خۆپەرستی و خۆبەزلزانییەوە، لەگەڵ کەسێک توانای بەخشینی نەبێت و بەردەوام وەرگربێت، لەگەڵ کەسێک هاوسەرەکەی بە خزمەتگوزاری خۆی ببینێت، لەگەڵ کەسێک خۆی لەسەر بەرزترین لوتکەی چیا و هاوسەرەکەی لە قوڵترین پنتی قوڵترین دۆڵ و نشێوی سەرزەویدا ببینێت. 

کەواتە بەتێگەیشتنمان لە سایکۆلۆژیای خاوەن کەسێتی خودشەیدایی (نێر بێت یان مێ) دەگەینە ئەو بڕوایەی هاوسەرگیریکردن لەگەڵیاندا پەیوەندییەکی ناتەبا و پڕ گرفت دێنێتە ئاراوە، پەیوەندی هاوسەریی لەمبارانەدا پەیوەندیەکی ناهاوسەنگ دەبێت، کە جگە لەوەی هاوسەرە خودشەیداکە لەزۆرباردا پەنا بۆ ناپاکی هاوسەریی دەبات، لەهەمان کاتدا ئەگەر دەبێت لەئەنجامی هەست بەپەراوێزخستن و دەستنەکەوتنی سۆز و خۆشەویستی و گرنگپێدانەوە هاوسەرەکەیشی پەنا بۆ ناپاکیی یان جیابوونەوە ببات.

٢- کەسێتی پارانۆید:
ئەو تەوەرەی کەسانی خاوەن ئەمجۆرە لە کەسێتی بەدەوریدا دەخولێنەوە بریتییە لە گومانکردن لە هەموو کەسێک، بەدگومانی و چاوەڕوانی زیانبەرکەوتن لەلایەن ئەوانی دیکەوە، هەموو کەسێک لەڕوانینی خاوەن کەسێتی پارانۆیدەوە خراپە، ڕا و بۆچوونی خاوەن ئەمجۆرە لە کەسێتی جێی سازشکردن و پاشەکشە لێکردن نیە.

دەشێت مرۆڤ گومان لە کەسێک یان چەند کەسێک لەڕەوشێکی دیاریکراودا بکات، بەڵام ئەگەر کەسێتی کەسەکە ئاسایی بێت ئەوا بەدەرکەوتنی ڕاستیەکان کە گومانەکان لەجێی خۆیاندا نەبوون و ئاشکرابوونی بەڵگەی ڕاستنەبوونی گومانەکانی بەرامبەر ئەو کەسانە، ئیدی گومانەکانی دەڕەوێنەوە و ڕای خۆی بەرامبەر ئەو کەسە یان ئەو کەسانە یان ئەو بابەتە دەگۆڕێت، تەنانەت کەسی ئاسایی لەمبارەدا ئامادە دەبێت داوای لێبوردن بکات و هەست بەگوناهباری خۆی دەکات، بەڵام خاوەن کەسێتی پارانۆید لەسەر گومان و هەڵوێستەکانی خۆی سوور دەبێت هەرچەندە بەڵگەکانیش پێچەوانەی گومانەکانی ئەو بن، هەرچەندە کەسی بەرامبەر یان کەسانی بەرامبەری نیەتپاکی خۆیانی بۆ دەربخەن، هەرچەندە دەوروبەری هەموویان کۆکبن لەسەر نادروستی گومانەکانی ئەو، بەڵام ئەو هەر پەیوەستی گومانەکانی خۆی دەبێت و بڕوا بەدەوروبەرەکەی ناکات، بەردەوام کەسی بەرامبەر و ئەوانی دیکە بەخراپ دەبینێت، بۆیە بەردەوام لەحاڵەتی ئامادەباشیدا دەژی بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو دوژمنکاریانەی لە خەیاڵدانی ئەودا بوونی هەیە و لێکدانەوە بۆ هەڵوەشانەوەی ئەو پیلانانە دەکات کە بەپێی گومانەکانی لەدژی ئەم داڕێژراون.

هەر کەسێک هەوڵبدات ناڕاستی گومانەکانی بۆ بسەلمێنێت ئەوا لای خاوەن کەسێتی پارانۆید دەخرێتە لیستی ڕەشەوە کە لیستی خراپەکارانن بەرامبەر ئەو، بەمهۆیەوە خاوەن کەسێتی پارانۆید بەردەوام هەست بەچەوساندنەوە دەکات، هەستکردنی کەسانی خاوەن ئەمجۆرە لەکەسێتی بەچەوساندنەوە وایلێدەکات بەردەوام لەناخیدا هەستێکی شەڕەنگێزی بخوڵقێت، بۆیە خاوەنی ئەمجۆرە لە کەسێتی دژی کەسانی ترە و بەردەوام لە سەنگەرگرتندایە بەرامبەر ئەوانی دیکە، چونکە بەخەیاڵی ئەو و بەپێی ئەو گومانانەی هاوەڵی دەکەن دەوروبەر و کەسانی تر سەنگەری دوژمنکارییان لەمگرتووە، هەربۆیە ئەمجۆرە لەکەسێتی بەئاسانی دەگۆڕێن بۆ کەسی شەڕەنگێز ئەگەر هەلی بۆ بڕەخسێت.

شەڕەنگێزی ئەم کەسانە فۆرمی جیاجیا وەردەگرێت، وەک ڕەخنەگرتنی بێجێ و بەردەوام لە کەسانی دەوروبەری، سوکایەتیپێکردن بەوانی دیکە، هەوڵی سەپاندنی گومانەکانی بەسەر بۆچوونەکانی دەوروبەردا، لەپاشەملە ناوبردن و ڕەخنەگرتن لەوانی دیکە بەشێوەیەکی ناشیرین و زامدارکارانە، هیچ ڕەچاوی هەستی ئەوانی دیکە ناکات، خۆیشی پەسەندی هیچ ڕەخنە و ئاڕاستەکردنێک ناکات، کاتێکیش ڕەخنەی لێبگیرێت ئەوا بەتوندی و بەتووڕەبوون و هەڵچوونێکی زۆرەوە بە کەسی بەرامبەر یان کەسانی بەرامبەردا هەڵدەشاخێت، ئەم کەسانە هاوڕێیەتی ناکەن و بێ هاوڕێ دەژین، ئەمەش وادەکات هەست بەپەراوێزخستنی خۆی بکات کە دواجار هەستکردنی بە چەوساندنەوە و شەڕەنگێزی زیاتر دەکات.

دیالۆگکردن لەگەڵ خاوەن کەسێتی پارانۆید تەنها ماندووێتی و بێزاری بەرهەمدەهێنێت، ئەو، دیوی دیاری دیالۆک و ئاخاوتنەکان ناچێت بەگوێیدا بەڵکو تەنها بەدوای پاڵنەر و مانا شاراوەکانی پشت دیالۆگەکاندا دەگەڕێت، گفتوگۆ کردن لەگەڵ کەسانی خاوەن کەسێتی پارانۆیددا گفتوگۆیەکی درێژ دەبێت، چونکە ئەمجۆرە کەسانە قسەکەری باشن و بەرامبەرەکانیان ماندوو دەکەن لەکاتی ئاخاوتندا، زۆر تاووتوێ بە وشە و هەڵوێستەکان دەکات، وا لەبەرامبەر دەکات کە دووچاری سەرسوڕمان بێت لە گومانەکانی و چاوەڕوانیەکانی بۆ ڕوودانی ڕووداوی نەخواستراو.

کەسانی خاوەن کەسێتی پارانۆید ئەگەر ڕووداوەکان لەگەڵ چاوەڕوانیەکانی ئەمدا یەکبگرنەوە ئەوا هەست بەخۆشییەکی زۆر دەکەن، بەڵام ئەگەر ڕووداوەکان لەگەڵ چاوەڕوانی و گومانەکانی ئەمدا یەکیان نەگرتەوە و بۆچوونەکانی ڕاست دەرنەچوون، لەمبارەشدا هەر دەست بەگومانە خراپەکانی خۆیەوە دەگرێت و پاشەکشێیان لێناکات، ئەم کەسانە تەنانەت کاتێک بۆ یەکەمجاریش کەسێک دەناسن ئەوا گومانی خراپ بەرامبەر ئەو کەسە هەر زاڵ دەبێت لەسەری و بەدوای بەڵگەدا دەگەڕێت بۆ سەلماندنی گومانە خراپەکانی.

کەسانی خاوەن کەسێتی پارانۆید یان بێ سۆزن یان سۆزیان بۆ دەوروبەر زۆر سنووردارە، بەشێوەیەک دەتوانین بڵێین کەسانی ساردن لەڕووی سۆزەوە، واتە نە هاوسۆز دەبن بۆ ئەوانی دیکە، نە بەزەییان دەبێت، نەتوانای لێکتێگەیشتنیان دەبێت، نە بۆ هیچ مرۆڤێک، نە بۆ ئاژەڵانیش بەزەییان نییە، هەروەها خاوەنی ئەمجۆرە لە کەسێتی گاڵتە و گەپ نازانن، زۆر بەکەمی زەردەخەنە دەکەوێتە سەر لێوەکانیان، لە دڵەوە پێناکەنن، کاتێکیش باس لەخۆیان دەکەن بۆ ئەوەی ئەو سارد و سڕییەیەیان بشارنەوە، خۆی بە کەسێکی عەقڵانی دەناسێنێت و دەڵێت عەقڵ لەسەروو سۆزەوەیە، لەکاتێکدا نە عەقڵانیەت و نە سۆز هیچیان میوانی ئەو نین.
کەسانی خاوەن کەسێتی پارانۆید، کەسانی ڕەقن، سازش ناکەن و بەچارەسەری مامناوەند ڕازی نابن، کاتێک دەیانەوێت لە کەسێک نزیک ببنەوە دووچاری ڕاڕایی و دڵەڕاوکێیەکی زۆر دەبن، بۆیە بڕیاری دوورخستنەوەی خۆیان دەدەن، بەمهۆیەوە ئەمجۆرە کەسانە زیاتر لەگەڵ خۆیاندا دەبن، بەئەندازەیەکی مەترسیدار تاکێتی خۆیان هەڵدەبژێرن، لەمبارانەشدا زۆر لەخۆڕازی و لەبۆچوونەکانی خۆیان ڕازی دەبن، ئەمەش وادەکات تەنها خۆیان پێ ڕاست بێت و زێدەڕۆییەکی زۆر لەنرخاندن بۆ خودی خۆیان دەکەن، خاوەنی ئەمجۆرە لە کەسێتی زیاتر لەناو ئەو کەسانەدا هەن کە تەمەنیان چۆتە سەرەوە، هەروەها لەنێو هاوسەرە جیابووەوەکاندا (نێر و مێ) زیاترە.

هاوسەرگیریکردن لەگەڵ کەسی خاوەن کەسێتی پارانۆید، ژیانێکی تاڵ و بەفیڕۆدانی تەمەن و وزە و هەست و سۆزە، چونکە خاوەنی ئەمجۆرە لە کەسێتی بەهۆی گومانە خراپەکانییەوە نەخۆی هەست بەئاسوودەیی دەکات، نە لێدەگەڕێت هاوسەرەکەیشی ئاسوودە بێت، بەردەوام بەگومانەوە چاو دەخاتە سەر هەر ڕەفتار و هەڵسوکەوتێکی هاوسەرەکەی، پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکانی، چوونە دەرەوەکانی، پەیوەندیە ئەلکترۆنیەکانی، تەنانەت شێوازی خواردن دروستکردن و هەموو کردەیەکی دیکەی هاوسەرەکەی دەبنە جێی گومانی ئەم، کەسی خاوەن کەسێتی پارانۆید لەو کەسە نزیکانەیشی بەگومانە کە هاتووچۆیان هەیە بەتایبەتی ئەو خزمانەی کەبەهۆی هاوسەرەکەیەوە هاتووچۆیان دەکەن، تەنانەت جاری وا هەیە گومان لە برا و برازا و خوشک و خوشکەزاکانی خۆیشی دەکات، ئەم بەدگومانییە تەنها بەرامبەر هاوسەرەکەی ڕاناوەستێت، بەڵکو سەردەکێشێت بۆ کچ و کوڕەکانیشی، هەوڵدەدات ئەوانیش بەگومان بن لەهەموو شتێک و متمانە بەهیچ کەس نەکەن و خۆپارێزانە ڕەفتار بکەن لەژیاندا و پەیوەندی کۆمەڵایەتی لەگەڵ کەسدا نەبەستن.

هاوسەری خاوەنی کەسێتی پارانۆید ئافرەت بێت یان پیاو، دووچاری ڕەشبینی و هەست بەشکستێکی گەورە دەبێتەوە لەژیانی هاوسەرییدا، ئەگەرچی لەسەرەتای هاوسەرگیرییەوە هاوسەرەکەی (کە تێکجوونی کەسێتی هەیە) بە بەدگومان و دڵپیس ناوزەد بکات و هەوڵدەدات لەڕێی بەڵگە و دیالۆگەوە گومانەکانی بەرامبەرەکەی بڕەوێنێتەوە، بەڵام بەتێپەڕبوونی کات و پاش تێپەڕبوون بەزنجیرەیەک کێشە و ئاژاوەی خێزانی و هەوڵی جیابوونەوە، ئەگەر بڕیاری مانەوە بدات لەو ژیانە هاوسەرییە پڕ کێشمەکێشەدا ئەوا کۆڵدەدات لە باوەڕپێهێنانی هاوسەرەکەی بەپوچی گومانەکانی و بەها بۆ قسە و گومانەکانی دانانێت، چونکە هەرچی بڵێت و هەرچی بکات ئەو باوەڕی پێناکات، بەڵکو تەنها باوەڕ بەو سیناریۆیە دەکات کە لەخەیاڵدانیدا و لەچوارچێوەی گومانەکانەکانیدا دایدەڕێژێت، هاوسەری خاوەن کەسێتی پارانۆید بەئەندازەیەک ئیرەیی بە هاوسەرەکەی دەبات کە سنووری نەخۆشی تێدەپەڕێنێت، بەبڕوای ئەو بەرامبەرەکەی هەمیشە درۆی لەگەڵدا دەکات و دەیخەڵەتێنێت و ناپاکیی بەرامبەر دەکات، لەهەندێ باردا کەسی خاوەن کەسێتی پارانۆید هاوسەرەکەی تۆمەتبار دەکات بەئەنجامدانی ناپاکیکردن بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی ڕاستەقینە و ئەگەر هەیە بەمهۆیەوە ڕووداوی نەخواستراو و توندوتیژیشی لێبکەوێتەوە، تەنانەت هەندێجار ئەگەر هاوسەرەکەی بەمۆبایل قسە بکات ئەوا لەدەستی دەڕفێنێت بەمەبەستی دڵنیابوون لەو کەسەی لەسەر هێڵە لەگەڵ هاوسەرەکەی ئایا پیاوە یان ئافرەتە، هەندێجار کتوپڕ لەکاتی کاردا خۆی دەکاتەوە بە ماڵدا بەمەبەستی دڵنیابوون لەوەی هاوسەرەکەی چیدەکات لەو کاتەدا، هەندێجار شەڕ بەهاوسەرەکەی دەفرۆشێت لەبەرئەوەی زەردەخەنەیەکی کردووە کە ئەم گومان دەکات ئەو زەردەخەنەیە پەیامێکە بۆ کەسێک کە لەو ناوەدایە لەو کاتەدا، یاخود ئەگەر کەسێک لەشوێنێکی گشتیدا سەیری هاوسەرەکەی بکات ئەوا گومان دەکات کە ئەو کەسە پەیوەندی لەگەڵ هاوسەرەکەی هەیە، بۆیە دەستبەجێ دەیکاتە کێشە و ئاژاوە.

ژیانکردن لەگەڵ کەسانی خاوەن کەسێتی پارانۆیددا ژیانێکی شکستخواردووە، چونکە ژیانێک لەسەر بنەمای بەدگومانی و بێمتمانەیی بنیات بنرێت ناتوانرێت چاوەڕێی ئاسوودەیی و بەختەوەری و سەرکەوتنی لێبکرێت، ژیانی هاوسەریی بە گەرمی (سۆز و خۆشەویستی و متمانە و ڕێز) بەردەوامی پێنەدرێت، ناتوانێت بەژیانێکی ئاسایی خۆی بناسێنێت.

لەزۆرینەی حاڵەتەکاندا بەدگومانی بەردەوامی هاوسەرانی خاوەن کەسێتی پارانۆید، بەهۆی بەردەوامی کێشە و ئاژاوەی خێزانییەوە یان پەیوەندییە هاوسەرییەکە بەجیابوونەوە دەگات، یان بەهۆی ئەو هەموو ئازارە دەروونیەی هاوسەرە قوربانییەکە دەیچێژێت وەک تۆڵەکردنەوەیەک پەنا بۆ ناپاکیکردن دەبات، چونکە ئەو پێی وایە وێڕای پابەندبوونی بە پەیوەندیە هاوسەرییەکەوە هێشتا هەر بەچاوی گومان لێی دەڕوانرێت، یاخود لەئەنجامی ئەو سارد و سڕیەی لەپەیوەندیە هاوسەرییەکەدا هەیانە، هاوسەرە قوربانیەکە پەنا بۆ ناپاکی هاوسەریی دەبات، خۆ ئەگەر ئەم هەنگاوانەش نەنرێت ئەوا لەباشترین حاڵەتدا هاوسەرە قوربانیەکە دووچاری نەخۆشی دەروونی دەبێت بەهۆی ئەو مامەڵە گوماناویە بەردەوامانەی هاوسەرەکەی لەگەڵیدا دەیکات.

٣- کەسێتی هیستیری:
مامەڵەکردن لەگەڵ کەسی خاوەن کەسێتی هیستیری بێزاری و گرژی و نائارامی زۆر بەرهەمدەهێنێت، خۆ ئەگەر مرۆڤ ناچار بێت لەچوارچێوەیەکدا مامەڵە لەگەڵ کەسێکی وەهادا بکات ئەوا بێگومان دووچاری هەست بەشکستهێنان و نائومێدی دەبێت، کەسی خاوەن کەسێتی هیستیری بێباکە بەرامبەر هەست ئەوانی دیکە، گوێ بەپێداویسستیەکانیان نادات، ئەوەی بۆی گرنگە خودی خۆی و حەوانەی خۆی و بەدیهاتنی ئارەزووەکانیەتی، خۆپەرستی لای خاوەن کەسێتی هیسیتری بێسنوورە، توانای بەخشینی نیە بۆ ئەوانی دیکە، پشت دەکاتە نزیکترین کەسی خۆی و هاوڕێکانی کاتێک پێویستیان بەبەخشینێکی ئەمبێت، بەڵام لەبۆنەیەکی دیاردا دەبەخشێتەوە تەنها بۆ ئەوەی دەربکەوێت و ناوی بهێنن.

خۆپەرستی لای خاوەن کەسێتی هیستیری هاوشانە لەگەڵ چاوچنۆکی و ئارەزووی بێسنووری خاوەن ئەمجۆرە لەکەسێتی بۆ دەستبەسەراگرتنی هەموو شتێک، ڕەفتارەکانی خاوەن کەسێتی هیستیری بەمانای وشە نائاساییە، هەمیشە لەبەردەمی خەڵک و لەهەموو شوێن و کاتێکدا ڕەفتارگەلێک ئەنجامدەدات کە ببێتە مایەی سەرنجڕاکێشانی دەوروبەر، بە دەنگی، بە هەڵسوکەوتی، بە ئاخاوتنەکانی، بە هاتوهاوارەکانی، بە جلوبەرگی، بە قاقای پێکەنینی، بە جوڵەی دەموچاو و جەستەی، تێکڕا پاڵنەری سەرنجڕاکێشانی دەوروبەر لەپشت ڕەفتارەکانیەوەیەتی، واتە خۆدەرخەر و نماییشکارە، لەهەر جێیەک بێت لەو جێگەیە قەرەباڵغی و ژاوەژاو دروستدەکات بەمەبەستی خۆدەرخستن و سەرنجڕاکێشان، ئەو لەخۆبوردوو نیە و شەرمناکات نە لە کەسەکان و نە لەهەڵوێستە کۆمەڵایەتییەکان، هەرگیز ڕێگە بەخۆی نادات تەنانەت لەڕیزی دووەمیشدا بوەستێت یان دابنیشێت، یان کەسێک بخاتە پێش خۆیەوە، یان بێدەنگ دابنیشێت، بەڵکو هەمیشە دەیەوێت لەڕیزی پێشەوەدا بێت و ببێتە چەقی سەرنجڕاکێشانی دەوروبەر، خاوەنی ئەمجۆرە لەکەسێتی تەنانەت لە کاتی ناشتنی تەرمی کۆچکردووانیشدا کاتێک لە گۆڕستان خەڵکی کۆبوونەتەوە بۆ شاردنەوەی لاشەی کۆچکردووەکە، ئەگەر پەیوەندی نزیکیشی لەگەڵ کۆچکردووەکە و کەسوکاریشی نەبێت بەڵام دەخوازێت خۆی فڕبداتە ناو گۆڕەکە و بەشداریەکی کارا بکات لەپرۆسەی ئامادەکاری ناشتنەکە و لەبەرچاوی ئامادەبوواندا دەیکاتە هاوار هاوار کە وا بۆ دەوروبەر دەردەخات (تەماشام بکەن، ئەوە منم ئەم ڕۆڵە دەبینم)، لە پرسەکانیشدا هەمیشە لەجێگەیەکدا دەوەستن کە ببنە مایەی سەرنجڕاکێشانی ئامادەبووان، لەناو بۆنە کۆمەڵایەتی و خێزانیەکانیشدا هەمیشە بە هەڵسوکەت و قسەی سەیر و سەمەرە و هاتوهاوار کردن دەیانەوێت کۆنترۆڵی دانیشتنەکە بکەن و هەموو ئامادەبووان چاویان تەنها لەسەر ئەوان بێت.

خاوەن کەسێتی هیستیری ئەگەر ئافرەت بێت هەمیشە پۆشاکێک دەپۆشێت کە سەرنجڕاکێش بێت و ڕەنگەکانی و دیزاین و مۆدێلی پۆشاکەکەی جێی سەرنجڕاکێشانی دەوروبەر بێت، کاتێکیش خاوەنی ئەمجۆرە لە کەسێتی بەو هەموو ڕەفتارە نائاساییانەوە سەرزەنشت بکرێن یان گرنگیان پێنەدرێت لە هەڵوێستە کۆمەڵایەتیەکاندا ئەوا لەناخدا تەواو هەڵدەچن و ئەگەر بۆیان بکرێت هێرش دەکەنە سەر دەوروبەر یان هەستیان بریندار دەکەن.

کەسی خاوەن کەسێتی هیستیری هەمیشە بەدوای قسەی وروژێنەر و نوکتەی سەرنجڕاکێش و درێژدادڕییە لەئاخاوتندا، زۆر زێدەڕۆیی دەکات لەئاخاوتنەکانیدا، بەهەستێکی قوڵی درۆزنانەوە قسەکان دەگێڕێتەوە، کاتێک قسە دەکات وەک ئەوە وایە کە لەسەر شانۆ نماییش بکات، بۆیە زۆر جار بەهۆی ئەو ڕەفتارە درامیانەوە ئەگەر هەیە فرمێسکیش بەچاوەکانیدا بێتە خوارەوە، ئەم کەسانە زۆر بە سانایی دەگرین، بەڵام پاش ماوەیەک دەبنە ناحەزێکی سەرسەختی ئەو کەسانەی دوێنێ بۆیان گریاون، زۆر گەرموڕە لەسەرەتای هەر بابەتێکی نوێدا یان لەسەرەتای ناسینی کەسێکدا بۆ یەکەمجار، بەڵام پاش ماوەیەک ئەو گەرموگوڕیە دەبێتە هەڵم و پێچەوانەکەی دەردەکەوێت، ئەمڕۆ هاوسۆز و بەبەزەیی و دەروون گەرم و چاو بەفرمێسکە بۆ کەسێک یان بابەتێک، سبەینێ دەڵێی نە بای دیوە و نە بۆران.

کەسی خاوەن کەسێتی هیستیری لەپەیوەندی خۆشەویستی و سۆزداریشدا بەهەمان شێوە ڕەفتار دەکات، ماوەیەک خۆی لێدەگۆڕێت بە (فەرهاد) ئەگەر کوڕ بێت، بە (شیرین) ئەگەر کچ بێت، هەموو دنیا و هەست و کات و وزەکانی دەبەخشێت بەبەرامبەرەکەی، هێندە نابات وەک ئەوەی لەژێر کاریگەری (مەی)دا بووبێت، کاتێک مەستیەکە بەریبدات و بگەڕێتەوە سەر سروشتی ڕاستەقینەی خۆی، ئیدی بێزار و وەڕس لە خۆشەویستەکەی دوێنێ، بێباک لە هەست و دڵی بەرامبەرەکەی، بێخەم لە چاوەڕوانیەکانی بەرامبەرەکەی، سەد و هەشتا پلە دەگۆڕێت و هەموو خەون و بەڵێن و یادەوەریەکان دەبنە هەڵم، بەهەمان شێوە کەسی خاوەن کەسێتی هیستیری لە هاوڕێیەتی و خزمایەتیشدا بەو گەرموگوڕیە دەستپێدەکات و هێندە نابات پەیوەندیەکانی سارد دەکاتەوە دەیانبچڕێنێت، تەنانەت لەزۆر باردا لەگەڵ کەسە هەرە نزیکەکانی خۆیشیدا بەمجۆرە ڕەفتار دەکات.

بەمهۆیانەوە کەسی خاوەن کەسێتی هیستیری ناتوانن پەیوەندی خۆشەویستی و هاوڕێیەتی و خزمایەتی هەتاسەر و ڕاستەقینە بکەن، کاتێکیش دەناسرێت لای دەوروبەری ئیدی زۆربەیان هەوڵی خۆدوور خستنەوە دەدەن لێی، چونکە بە کەسێکی بێبار و ناجێگیر و ناڕاستگۆ و نادڵسۆز دەیناسن و تێدەگەن کە ئەو کەسە ناتوانرێت پشتی پێببەسترێت و متمانەی پێبکرێت.

کەسی خاوەن کەسێتی هیستیری لەچوارچێوەی پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکانیدا چەند خەسڵەتێکی دیار و بێزراوی هەیە کە وەک: (درۆکردن و زەمکردنی ئەوانی دیکەیە، گەڕان بەدوای کەموکوڕیەکانی ئەوانی دیکە، گواستنەوەی ئەو زانیاریانەی ئەو هەیەتی دەربارەی کەسێک یان خێزانێک بۆ کەسانی دیکە و پێوەنانی درۆ و زێدەڕۆیی بۆ زانیاریە بنەڕەتیەکە، هەندێجار داتاشینی قسەی نەشیاو و خراپ لەسەر کەسانی دیکە)، هەموو ئەمانە بەمەبەستی زیانگەیاندن بە شکۆ و ناوبانگی ئەو کەسانە، زۆر بێباکیشە لەو زیانانەی لەئەنجامی ئەو ڕەفتارانەیەوە بەو کەسانە دەگات تەنانەت ئەگەر نزیکترین کەسی خۆیشی بێت، بەڵکو چێژ لە هەر خراپی و نەهامەتیەک دەبینێت کە بە کەسە نزیک و هاوڕێ و خزمەکانی خۆی دەگات.

ڕۆحێکی شەڕەنگێزانە زاڵە لەسەر ئەمجۆرە لە کەسێتی و هەوڵەکانی بۆ سەرنجڕاکێشانی دەوروبەری بەلای خۆیدا، ئەم کەسانە لەڕێی وروژاندنی سێکسیانەی بەرامبەر و پەلکێشکردنیان بۆ داوی پەیوەندی سۆزداری و پاشتر پشتگوێخستن و فەرامۆشکردنیان بەدوو ئاڕاستە کار دەکەن، لایەک لەمڕێیەوە سەرنجی بەرامبەر بۆ لای خۆیان ڕادەکێشن، لایەکیش لەمڕێیەوە هەستی شەڕەنگێزی خۆیان بەتاڵ دەکەنەوە، بۆ نموونە ئەگەر خاوەنی ئەم کەسێتییە ئافرەت بێت لەڕێی مێینەیی خۆی جوڵە و وروژاندنی سێکسییەوە سەرنجی پیاو بۆ لای خۆی ڕادەکێشێت بەجۆرێک وا لەپیاوە دەکات هەست و سۆزی بۆی هەبێت و تامەزرۆی جەستە و وروژاندنەکانی بێت، ئافرەت لەمبارەدا هەموو جوڵە و ئاماژەکانی ئاماژەدەرن بۆ ئارەزووی لەبنتاتنانی پەیوەندیەکی تایبەتدا لەگەڵ پیاوەکە، تەنانەت هەندێجار ئافرەتەکە خۆشەویستی و هەستی خۆیشی بۆ پیاوەکە دەردەبڕێت، کاتێک پیاوەکە هەنگاو دەنێت بۆ ئەم مەبەستە و تەواو هۆگری ئافرەتەکە دەبێت ئینجا لەو کاتەدا ئافرەتەکە وەک ئەوەی نە بای دیبێت نە بۆران پشت دەکاتە پیاوەکە و فەرامۆشی دەکات، هەمان نموونە لەسەر پیاوانیش دروستە، کە هەوڵی زۆر دەدەن لەڕێی باسکردنی توانا سێکسیە بێوێنەکانی خۆیان و ئەو چێژانەی بەبەرامبەر دەیبەخشن و ئەو کەشە ڕۆمانسیانەی بۆیان دەخوڵقێنن و ئەو هەست و سۆزەی بۆیان دەردەبڕن، هەموو ئەمانە بەئامانجی پەلکێشکردنی ئافرەتە بۆ ئەوەی هۆگری خۆیانی بکەن و بکەونە داوەکەوەم کاتێکیش ئەوە ڕوودەدات زۆر بێباک و خەمساردانە پشت دەکەنە ئافرەتەکە، لەهەردوو بارەکەدا کەسی بەرامبەر دەبێتە قوربانی ئەو پشت تێکردنە و کۆژانی دەروونی زۆریان بۆ دروست دەبێت.

لەکاتێکدا خاوەن کەسێتی هیستیری ئەم ڕەفتارە سێکسیە زێدەڕۆیانەی لێدەوەشێتەوە، لەهەمان کاتدا خۆی بەجۆرێک لەجۆرەکان ساردی سێکسیی هەیە، خۆ ئەگەر لەپەیوەندیە سێکسیەکانیشیدا بەجۆرێکی زێدەڕۆ خۆی دەربخات ئەوە لە بوونی ئارەزووەوە سەرچاوە ناگرێت، بەڵکو بەمەبەستی سەرنجڕاکێشانی بەرامبەرە.

کەسی خاوەن کەسێتی هیستیری لەدەست گرێ و گرفتی سێکسی دەناڵێنێت، بۆ نموونە ئەگەر ئافرەت بێت ئەوا متمانەی بە تواناکانی خۆی نابێت وەک مێینەیەک، بۆیە بەردەوام ئیرەییەکی کوشندەی هەیە لە ئافرەتانی دیکە، هەر کاتێکیش ببینێت ئافرەتێکی دیکە سەرکەوتووبووە لە سەرنجڕاکێشانی پیاوێکدا ئەوا هەتا ئاستی سوتان ناخی دەهەژێت. کاتێکیش لەلایەن بەرامبەرەکەیەوە دەستی ئاشکرا دەبێت و بخرێتە ژێر گوشارێک یان پەراوێز بخرێت ئەوا بە خۆکوشتن هەڕەشە لەدەوروبەری خۆیدەکات، هەڕەشەی خۆکوشتن لای کەسی خاوەن کەسێتی هیستیری وەک ئامڕاز و گەمەیەکی پەسەند وایە کە لەڕێیەوە دەیەوێت باڵادەستی خۆی لەسەر بەرامبەر یان دەوروبەری بەدەستبهێنێت، هەرچەندە لەلایەن دەوروبەریەوە ئەم گەمەیە دەناسرێت و دەستی ئاشکرا دەبێت چونکە لەهەموو بۆنەیەکدا پەنای بۆ دەبات، بەڵام ئەگەریش دەبێت پەنای بۆ ببات بەڵام بە ئامڕازگەلێک کە نەبێتە هۆی مردنی ڕاستەقینەی. لەمبارەدا ئافرەتانی خاوەن کەسێتی هیستیری بەر لە هەوڵی خۆکوشتنەکانیان هاوار دەکەن، ڕادەکەن بەرەو پەنجەرە، هەوڵی کردنەوەی ئاگر دەدات وەک هەوڵێک بۆ خۆسوتاندن، خۆی زامدار دەکات بەئامێرێکی زامدارکار، یان نوسراوێک دەنووسێت و لەجێیەکی دیار دایدەنێت کە ئاماژە بۆ هەوڵی خۆکوشتنی خۆی تیادا دەدات، یان چەند دەنکە حەبێک لەجۆری (ئەسپرین یان پاراسیتامۆڵ یان ڤیتامینەکان) دەخوات، هەموو ئەم ڕەفتارانەی بۆ ئەوەیە بەدەوروبەر بڵێت من خۆم دەکوژم، کاتێکیش قسەی لەگەڵ دەکرێت بۆ ئەوەی دەستەبەرداری ئەو ڕەفتارەی بێت ئەوا مەرج دادەنێت و ئامادەی سازشکردن دەبێت، ئەم ڕەوشەش دەوروبەری بێزار و ماندوو دەکات و دەکەونە ململانێیەکەوە لەنێوان وەڕسبوونیان لەدەستی و پەرۆشیان لەسەر ژیانی.

کەسانی خاوەن کەسێتی هیستیری مەزاژیان توندە، بەهۆکاری زۆر بێ مانا زۆر توڕە دەبن و دەتەقنەوە، هاوار دەکەن، دەقیژێنن، جلوبەرگ لەبەری خۆیاندا دەدڕن، قژی خۆیان دەردەهێنن، ئەو کەلوپەلانەی دەکەونە بەردەستیان فڕێی دەدەن.

گرنگترین نیشانەکانی کەسێتی هیستیری، ئەمانەن:
١-پێنەگەیشتوویی لەڕووی هەڵچوونەکانەوە:
واتە کەسانی خاوەن کەسێتی هیستیری ناجێگیرن لە هەست و سۆزەکانیاندا، هەڵبەز و دابەزیان زۆرە لە مەزاژدا، هەرچەندە لەهەندێ باردا کەسانی خاوەن کەسێتی هیستیری وەها دەردەکەون کە خاوەن هەستوسۆزێکی بەهێز و دروستن بەجۆرێک ئامادەی بەخشین و قوربانیدانن بۆ مەسەلەیەکی دیارکراو بەڵام هێندە نابات ئەو گەرموگوڕییەیان دەبێتە هەڵم و نامێنێت، ئینجا بەدوای مەسەلەیەکی تردا دەگەڕێن. پەیوەندییەکانی خاوەن کەسێتی هیستیری چ لەڕووی هەست و سۆزەوە و چ لەڕووی هاوڕێیەتییەوە جێگیر نییە و زوو زوو گۆڕانکاری و گەرمی و ساردی بەخۆیەوە دەبینێت، بەجۆرێک ناتوانن پەیوەندی جێگیر و بۆ ماوەی درێژ بپارێزن لەگەڵ کەسانی تردا، هەروەها ئەم جۆرە لە کەسێتی پشوو کورتن لەگەڵ دەوروبەر و پەیوەندییەکانیاندا، هەروەها ئەمجۆرە لە کەسێتی ئەگەرچی پەیوەندییەکانیشیان زۆر و زەوەند بێت لەڕووی کۆمەڵایەتی و هاوڕێیەتییەوە بەڵام ئەم پەیوەندیانەیان سەرپێییانەیە و قوڵ نابنەوە تیایدا و ناجێگیرە، واتە پەیوەندییەکانیان ناگاتە ئەو ئاستەی هاوڕێیەتی یان دۆستایەتییەکی هەتاسەر یان دێرینی لێبکەوێتەوە، بەدەربڕینێکی تر لەڕووی مەزاژییەوە قوڵ نابنەوە و مەزاژیان ڕووکەشانەیە.

٢-خۆشباوەڕی و زوو کاریگەربوون:
کەسانی خاوەن کەسێتی هیستری زوو کاریگەر دەبن بە ڕووداوەکانی ڕۆژ و هەواڵە وروژێنەرەکان و بەتوندی کارلێکیان لەگەڵدا دەکەن، زۆر بایەخ دەدەن بە وتی وتی، ئەم کاریگەربوونانەشیان بەمجۆرە ڕەنگدانەوەی دەبێت لە بڕیار و هەڵسوکەوت و مامەڵەکردنەکانیاندا لەگەڵ هەڵوێستە جۆراوجۆرەکان، هەر بۆیە بڕیارەکانیان لەژێر کاریگەری هەڵچوون و مەزاژیاندایە زیاتر لەوەی بابەتیانە بڕیار وەربگرن. ئەم کەسانە بەئاسانی ئاڕاستە دەکرێن، زوو کاریگەر دەبن بە هەندێ کەس و هەندێ هەڵوێست، بەئاسانی لەخشتە دەبرێن.

٣-خۆپەرستی و خۆدەرخستن:
کەسانی خاوەن کەسێتی هیستیری لەڕووی بەرژەوەندییەوە خۆپەرستن و هەمیشە لە کاروبارەکانیاندا دەوروبەر یان بەرامبەرەکانیان دەکەنە قوربانی بەرژەوەندیە تایبەتیەکانیان، واتە لەدیدی بەرژەوەندیەکانی خۆیانەوە تەماشای کاروبار و پێشهاتەکان دەکەن. حەزی خۆدەرخستنیان زۆرە و ڕەفتارەکانیان زیاتر بە نماییشکردن نزیکە، زۆر لەخەیاڵدا دەژین، زێدەڕۆییان زۆرە لە دەربڕین و قسەکردندا، لە پۆشینی پۆشاکیشدا خۆدەرخەرن، هەمیشە کار بۆ ئەوە دەکەن سەرنجی دەوروبەر بۆ خۆیان ڕاکێشن و لەزۆر هەڵوێستدا وەک ئەکتەر یان شانۆکار ڕەفتار دەکەن.

٤-تەشقەڵەی سێکسیی:
کەسانی خاوەن کەسێتی هیستیری هەمیشە هەوڵ دەدەن سەرنجی ڕەگەزی بەرامبەر لەڕێی ڕەفتاری سێکسییەوە ڕاکێشن بۆ لای خۆیان، هەمیشە شرۆڤەی ڕەفتار و دیاردەکان لە بۆتەیەکی سێکسییدا هەڵدەسەنگێنن، بۆ نموونە کاتێک کوڕێک وەسفی جوانی کچێک بکات کە خاوەنی کەسێتییەکی هیستیری بێت، کچەکە وەها لێکی دەداتەوە کە ئەو کوڕە حەزی لێدەکات یان ئارەزووی سێکسیی هەیە بۆی، یان ئەو کوڕە دەیەوێت پەیوەندی سۆزداری لەگەڵ ببەستێت، لەکاتێکدا ئەو کوڕە مەبەستی هیچ کام لەوانەش نەبووبێت، یان کاتێک کچێک زەردەخەنەیەک بۆ کوڕێک بکات لە زانکۆ کە خاوەن کەسێتییەکی هیسیتری بێت بک، کوڕەکە وەهای لێکبداتەوە کە ئەو کچە کوڕەکەی خۆشدەوێت یان ئارەزووی سێکسییانەی بۆی هەیە.

کەسانی خاوەن کەسێتی هیستیری ڕەفتارەکانیان بۆ ڕەگەزی بەرامبەر زیاتر وەک تەشقەڵەکردنێکی سێکسیانە وایە، زەردەخەنە دەکەن بۆ بەرامبەر، بە جوڵەی جەستە سەرنجی بەرامبەرەکانیان ڕادەکێشن، تەنانەت لەمبوارەدا توانای دەربڕینی حەز و ئارەزووەکانیشیان هەیە، هەربۆیە زۆرینەی پیاوان بەمجۆرە ڕەفتارانەی کچانی خاوەنی کەسێتی هیسیتیری پەلکێشدەبن بۆ لایان و سەرنجیان دەچێتە سەریان، بەڵام بەشێکی زۆر لەو کچانەی تا ئاستێکی بەرز ئەو تەشقەڵە سێکسییانەیان هەیە بەبەردەوامی لەڕووی سێکسییەوە ساردن.

٥- توانای جیابوونەوە لە کەسێتی خۆی:
کەسانی خاوەن کەسێتی هیسیتری لەکاتی پێویستدا توانای جیابوونەوەیان هەیە لە کەسایەتی خۆیان و لەشێوەی کەسایەتیەکی تردا خۆیان دەردەخەن، بەجۆرێک خەسڵەتەکانی ئەو کەسێتییە نوێیە دەنوێنن کە ڕەوشە تازەکە گەرەکیەتی، هەروەکو چۆن بۆ نماییشکردن و بەرجەستەکردنی کەسێتییەک لە درامادا یان لە شانۆدا داوا لە ئەکتەرێک دەکرێت خەسڵەتەکانی ئەو کەسایەتییە هەڵبگرێت کە بۆ بەرجەستەکردنی ڕۆڵەکە پێویستە.


خاوەن کەسێتی هیستیری کاتێک هاوسەرگیری دەکات جگە لەوەی هاوسەرەکەی دووچاری سەختیەکی زۆر دەبێتەوە لەژیانکردن لەگەڵ کەسێکی وەهادا، هەر کاتێکیش خاوەنی ئەمجۆرە لەکەسێتی بکەوێتە ژێر فشارێکی کۆمەڵایەتی یان خێزانی توندەوە ئەوا ڕەوشی دەروونی و کەسێتی بەتەواوی دەشێوێت و نیشانەکانی نەخۆشی هیستیریای لێدەردەکەوێت، وەک: (نۆرەی هیستیری، ڕەقبوونی پەلەکان، لەدەستدانی کاتی فەرمانی یەکێک لە هەستەوەرەکانی وەکو بیستن یان بینین، ئیفلیجی کاتی دەستێکی یان قاچێکی، یان هەرچوار پەلی، لەدەستدانی دەنگ)، هەرچەندە ئەم نیشانانە کاتی دەبن و چاک دەبنەوە لەسەر دەستی چارەسازی دەروونی و پزیشکی دەروونیدا، بەڵام دواجار بۆ هاوسەرەکەی کۆژانێکی دەروونی بەردەوام دەخوڵقێت و بەردەوام هەست بە نائارامی و نەگونجاندن دەکات لەگەڵ خاوەن کەسێتییەکی لەمجۆرە، کەواتە دەتوانین بڵێین خاوەن کەسێتی هیستیری بە ڕووکەش جوان و لەناخدا پڕکێشەیە، بەڕووکەش میهرەبان و لەناخدا بێ هەست و نامیهرەبان، بەڕووکەش خەمخۆر و لەناوەوە خەمسارد، بەڕووکەش سێکسی و لەڕاستیدا سارد و سڕ، بەڕووکەش بەبەزەیی و لەناخدا ستەمکار. هەربۆیە پێکەوە ژیان لەگەڵ کەسێتییەکی لەمجۆرە جگە لە شکستهێنان و ئەشکەنجە چەشتن و کێشمەکێش، چی دیکەی لێ چاوەڕوان بکرێت.

٤- کەسێتی سایکۆباتی:
کەسێتی سایکۆباتی یان کەسێتی دژەکۆمەڵ، کەسی خاوەن کەسێتی سایکۆبات، نوێنەرایەتی هێزی شەڕ و شەڕەنگێزی دەکات لەسەر زەوی، خاوەنی ئەمجۆرە لەکەسێتی کینەهەڵگر و خۆپەرست و هەلپەرست و شەڕەنگێزە، ئازاردان و زیانگەیاندن بەوانی دیکە وەک ئاوخواردنەوە وایە بۆ ئەم کەسە، لە ناخی ئەم کەسەدا مانا جوانەکانی مرۆڤ و بەها جوانەکانی مرۆڤایەتی جێگەی نابێتەوە، بەڵکو بەپێچەوانە پێشەنگە لە ستەمکردن و ئەندازیارە لە ناپاکیکردندا، ڕەنگە ڕوخساری خاوەن ئەمجۆرە لە کەسێتی جوان و سەرنجڕاکێش بێت، بەڵام لەژێر ئەم ڕوخسارەدا هێزێکی شەڕانیەتی وێرانکار خۆی حەشارداوە، خۆ ئەگەر ئەم کەسانە زیرەکیش بن، ئەوا زیرەکیەکەیان لە خەڵەتاندن و ئازاردان و وێرانکردندا بەگەڕ دەخەن، ئەوانەی خاوەنی ئەمجۆرە لە کەسێتی ئەگەر وەک پێویست زیرەک نەبن ئەوا بەزوویی ئاشکرا دەبن و دەوروبەر بە شەڕەنگێزیەکەیان ئاشنا دەبێت، بەمهۆیەوە لێیان دوور دەکەونەوە و خۆیانیان لێدەپارێزن، بەڵام خاوەن کەسێتی سایکۆباتی زیرەک کە بە (سایکۆباتی زیرەک) ناسراون، مەترسیدارن، چونکە لێزانانە و زرنگانە لە خەڵک نزیک دەبنەوە و خەڵکیش باوەڕیان پێدەکەن و دەکەونە ژێر کاریگەریانەوە، باوەڕ بەو ماسکانە دەکەن کە دەیپۆشن، دەمێک وەک دادوەر و دەمێک وەک ئامۆژگاریکار و دەمێک وەک نێوەندگیر و دەمێک وەک چاکساز و وەک مژدەبەخش، لەناو خەڵکدا دەردەکەون. خاوەنی ئەمجۆرە لە کەسێتی بەهۆی پلە یان سەروەت یان دەستوەردانە کاروباری ئەوانی دیکە، کاریگەرییەکی ئەوتۆ دروستدەکات کە ئەوانی دیکە ملکەچی ببن، هاوڕێی هەمیشەیی نییە بەڵکو هاوڕێکانی کاتین، چونکە پاش ئاشکرابوونی دەستی و نیازە خراپەکانی هاوڕێکانی لێی دوور دەکەونەوە، هەر کاتێکیش ئەو هاوڕێیانەی لێی دوورکەوتنەوە ئەوا پەنا بۆ گروپی هاوڕێیانی نوێ دەبات، کاتێکیش دەستی خۆی لەم هاوڕێ نوێیانە وەشاند یاخود بەرژەوەندی لەگەڵیاندا تەواو بوو ئەوا دەچێتە لای گروپێکی نوێ. 

خاوەنی کەسێتی سایکۆباتی، نە بەزەیی، نە هەست، نە سۆز، نە دڵ، هیچ کام لەمانەی نیە، بەڵکو ئارەزوو و خواست و شەهوەت و چێژ و چاوچنۆکییەکانی ڕابەرایەتی دەکەن و دەیجوڵێنن و ئاڕاستەی دەکەن، هیچ قوربانیەک نادات لەپێناو ئەوانی دیکەدا بەڵکو چێژ لە قوربانیبوونی ئەوانی دیکە لەپێناوی خۆیدا دەبینێت، ئەگەر وەها خۆیشی پیشانبدات کە بۆ بابەتێک یان کەسێک خەمبارە و بێتاقەتە، ئەوا تەنها نماییشێکی درۆزنانەیە، ناپاکی لەنزیکترین کەس و نزیکترین هاوڕێی دەکات، نزیکترین کەسی خۆی دەکاتە پەیژە و بەسەریدا سەردەکەوێت، پێ دەخاتە سەر گەرووی ئازیزترین هاوڕێی، هەموو ئەمانە تەنها لەپێناو گەیشتنیەتی بەئامانجەکانی، هێنانە دی خواستەکانی و باڵابوونیەتی لەسەر شانی ئەوانی تر، هەمیشە چاکەی ئەوانە لەبیر دەکات کە لەگەڵیدا کردوویانە، تەنانەت نکوڵیش لە چاکەکانیان دەکات و خۆی لێیان بەدوور دەگرێت بۆ ئەوەی چاولەبەریان نەبێت.
خاوەن کەسێتی سایکۆباتی زۆر درۆ دەکات، هێندە شارەزایانە درۆ دەکات کە وەک ڕاستبێژێک دەردەکەوێت، بە درۆ سوێند بەهەموو پیرۆزییەک دەخوات، درۆ لەپێناو خەڵەتاندنی ئەوانی دیکەدا دەکات، لەڕووی سێکسییەوە خاوەنی ئەمجۆرە لە کەسێتی فرە پەیوەندییە، پەیوەندیەکانیشی تەنها لەپێناوی تێرکردنی ئارەزووەکانیەتی و بەهیچ جۆرێک هەست و سۆز تێکەڵ بەپەیوەندیە سێکسییەکانی نابێت، ناتوانێت تەنها بەبوونی یەک پەیوەندییەوە بسەکنێت، بەڵکو بەردەوام هەڵپەیەتی بۆ دروستکردنی پەیوەندی نوێ، خاوەنی ئەمجۆرە لە کەسێتی (ئافرەت بێت یان پیاو) دەبێتە خاوەنی خێزانێکی شکستخواردوو، ئافرەت بێت یان پیاو هاوسەرێکی شکستخواردوو دەبێت، (باوک یان دایک)ێکی شکستخواردوو دەبێت بۆ منداڵەکانی، بەرگەی بچکوترین بەرپرسیارێتی ناگرێت کە وەک هاوسەر یان دایک یان باوک دەکەوێتە ئەستۆی.

خاوەنی ئەمجۆرە لەکەسێتی لەژیانی سەردەمی منداڵییدا ڕەگی ئەم حاڵەتەی دەدۆزرێتەوە، هەر لەمنداڵییەوە هەندێ نیشانەی ئەم کەسێتییەی تیادا دەردەکەوێت، وەک (درۆکردن، دزیکردن، دەستدرێژیکردنی سێکسیی، لادانی سێکسیی، ئالوودەبوون)، بەشێکی زۆر لەوانەی خاوەن کەسێتی سایکۆباتین لەکۆتاییدا دەکەونە زیندانەکانەوە بەهۆی ئەو تاوانانەی ئەنجامی دەدەن.
کەواتە بە تێگەیشتمان لەسروشتی خاوەن کەسێتی سایکۆباتی، دەگەینە ئەو بڕوایەی کە ژیانکردن لەچوارچێوەی ژیانی هاوسەرییدا لەگەڵ کەسێکی لەمجۆرەدا وەک ژیانکردنە لە دۆزەخدا، چونکە هاوژین بوون لەگەڵ کەسێکی دڵڕەق و شەڕەنگێز و بێ هەست و بێ دڵ و ناپاک و فرەپەیوەندی، مرۆڤ دوور دەخاتەوە لە دڵنیایی و هەست بەئاساییشی دەروونی و جێژ وەرگرتنی ڕۆحی و جەستەیی و دواجار هەستی بەقوربانیبوون لای ئەو هاوسەرە دروستدەبێت کە کەسێکی خاوەن کەسێتی سایکۆباتی لەژیانیدایە.



لێرەوە دەگەینە کۆمەڵێک ڕاستی سەبارەت بەپەیوەندی نێوان کەسێتی و هاوسەرگیری، لەنموونەی ئەو چوار جۆرەی کە ئاماژەمان پێدان کە دەچنە خانەی (تێکچوونی کەسێتی)یەوە، واتە کەسێتی نائاسایین، دەرخستنی ئەم ڕاستیانە دەمانگەیەنێتە ئەو بڕوایەی کە بەڕاستی هەندێ جۆری کەسێتی نائاسایی هەن کە ناشێن بۆ هاوسەرگیری (ئافرەت بن یان پیاو)، خۆ ئەگەر هاوسەرگیریش بکەن ئەوا ژیانێکی شکستخواردووی بەردەوام دەبەنە سەر و بۆ بەرامبەرەکانیشیان دەبنە مایەی کۆژانی گەورە و خۆری ئاسوودەیی هەرگیز بەر ماڵەکانیان ناکەوێت، جگە لەم کاریگەریە نەرێنیانەی لەسەر پەیوەندیە هاوسەرییەکە دروستدەبێت، منداڵەکانی ئەمجۆرە خێزانانەش بێبەش نابن لە کاریگەربوون بەو ڕەوشە نائاساییە، لەچوارچێوەی پەیوەندیە هاوسەرییدا لەگەڵ خاوەنی ئەم کەسێتیانە، گونجاندن ئەگەر نەشڵێین کارێکی مەحاڵە ئەوا دەتوانین بڵێین کارێکی زەحمەت و پڕ سەرئێشە و کێشمەکێش و نادڵنیاییە، کە لەزۆرباردا سەردەکێشێت بۆ جیابوونەوە یان پەنابردن بۆ ناپاکی هاوسەریی یان تووشبوون بەنەخۆشی دەروونی، خاوەنی ئەم کەسێتییانەی ئاماژەمان پێدا بەردەوام کار لەسەر خوڵقاندنی ململانێ و ناتەبایی و کێشە دەکەن، خۆیشیان نازانن بۆ وادەکەن، چونکە سروشتی خۆیان وایە، بەڵام هەمیشە هاوسەر و منداڵەکانیان دەبنە قوربانی، کە ئەمانیش لەسەرەتادا پەی بە هۆکارە سەرەکی و ڕاستەقینەکانی پشت ئەو ناتەبایی و کێشمەکێشانەی ژیانی هاوسەرییان نابەن، چونکە خاوەنی ئەمجۆرە کەسێتیانە لەڕواڵەتدا هیچ ئاماژە و نیشانەیەکی نائاسایی بوونیان لێدەرناکەوێت، وە ئەگەر ماوەی دەستگیرانداریش ماوەیەکی کورت بێت ئەوا زەحمەتە بەرامبەرەکە بتوانێت ئەو نائاسایی بوونەی لە مامەڵە و ڕەفتار و بیرکردنەوە و باری دەروونی خاوەنی ئەمجۆرە کەسێتیانەی بۆ ئاشکرا ببێت بەڕوونی، چونکە ماوەی دەستگیرانداری لەکۆمەڵگەی ئێمەدا زۆرترین نماییشی تێدا دەکرێت و گەوهەری مرۆڤەکان وەک پێویست دەرناکەون، لەو ماوەیەدا دەستگیراندارەکان زیاتر لەو کاراکتەرانە دەچن کە لەسەر تەختەی شانۆکان نواندن دەکەن، بەڵام مرۆڤ لەو ماوەیەدا پێویستی بەوەیە کە بەرامبەرەکەی بەو جۆرە بناسێت کە لەسەر شانۆی ڕاستەقینەی ژیاندا چۆنن، لەدۆخی ڕاستەقینەی خۆی وەک ئەوەی لەژیانی ڕۆژانەی خۆیدا ڕەفتار دەکات، بناسێت. هەر ئەمەشە وامانلێدەکات بڵێین ناسینی تەواوی بەرامبەر بۆ بڕیاردان لە هاوسەرگیریکردن لەگەڵ کەسی بەرامبەر و نەخەڵەتاندن بەڕواڵەت و دوورکەوتنەوە لەبڕیاردانی خێرا، سێ پایەی سەرەکی هاوسەرگیریی سەرکەوتوون.

ڕەنگە جوانی و شۆخ و شەنگی کچان ببێتە مایەی بڕیاردانی خێرای هەندێ لە کوڕان بۆ هاوسەرگیریکردن لەگەڵیاندا، بەڵام ئەگەر ئەگەر کچ خاوەنی کەسێتییەکی تێکچوو بێت لەنموونەی ئەو جۆرانەی ئاماژەمان پێدا، ئەوا دوای ئاشکرابوونی ژێر پەردەی ئەو قەشەنگییە ژیان لە بەرامبەرەکە دەبێتە دۆزەخ، ئەو کاتە نەک هەر جوانییەکە لەبەرچاوی پیاوەکەدا بەهایەکی نامێنێت، بەڵکو لەبەرچاوی پیاوەکەدا دەبێتە ئەو دیمەنەی کە بەردەوام حەز بەهەڵهاتن لێی و دوورکەوتنەوەی یەکجاری لەو ئافرەتە بکات، ڕەنگە پێگەیەکی ئاکادیمی یان ئابوری کوڕان لای هەندێ لە کچان ببێتە مایەی بڕیاری خێرا بەمەبەستی هاوسەرگیریکردن لەبەرخاتری ئۆتۆمبێلەکەی یان سامانەکەی یان پێگە ئاکادیمیەکەی، وەک ئەوەی هەنگوینیان لە کلۆرە دارێکدا دۆزیبێتەوە و خواخوایان بێت کوڕەکە بەخێرایی بێتە خوازبێنیان و پەشیمان نەبێتەوە، بەڵام ئەگەر کوڕ خاوەنی کەسێتییەکی تێکچوو بێت لەو نموونانەی ئاماژەمان پێدا، ئەوا کچەکە نەک هەر سەروەت و سامان و ناوبانگی هاوسەرەکەی ڕەتدەکاتەوە بەڵکو دەست لەهەموو مافە یاساییەکانی خۆیشی هەڵدەگرێت لەپێناو جیابوونەوە لەگەڵیدا.

کەواتە گرنگە کچان و کوڕان کات بدەن یەکتر ناسین بەر لە وەرگرتنی بڕیاری هاوسەرگیرکردن، خێزانیش لەو هەڵانەی ڕابردوو دوور بکەوێتەوە کە خۆیان لەجیاتی کچان (بەپلەی یەکەم) و کوڕان (بەپلەی دووەم) بڕیاریان لە چارەنووسیان دەدا، هەروەها نە دەبێت کوڕان بە (چاو) بڕیار بدەن لەسەر کچان و نە کچانیش لەسەر بنەمای (گیرفان پڕی) بڕیار بدەن بۆ پرۆسەیەکی گرنگی وەکو هاوسەرگیری.

ئەو چوار جۆرە لەتێکچوونی کەسێتی کە ئاماژەمان پێدان، ئەستەمە مرۆڤ بتوانێت ژیانێکی ئاسایی و تەبا و بێ کێشەیان لەگەڵدا بەسەر ببات، ژیانی هاوسەریی لەگەڵ ئەمجۆرە کەسانەدا هەرگیز سەقامگیری بەخۆیەوە نابینێت، دەکرێت هەریەکەیان بەمجۆرە بناسێنین:

کەسێتی خودشەیدا: ڕووبەرێکی تێدا نابێت بۆ خۆشەویستی هاوسەرەکەی و ئەوانی دیکە.
کەسێتی پارانۆید: بەدگومانی و هەستیاریی توند بەرامبەر ڕەفتار و گوفتاری هاوسەر و ئەوانی دیکە.
کەسێتی هیستیری: کەسێکی ناوەرۆک بەتاڵ.
کەسێتی سایکۆباتی: شەڕەنگێز و بێباک و بێ بەزەیی.
لەکاتێکدا ژیانکردن لەچوارچێوەی هاوسەریی و بەردەوامیدان بەو ژیانە دەخوازێت کە بەرامبەر کەسێک بێت کە توانای وەرگرتن و بەخشینی سۆز و خۆشەویستی هەبێت، هەست بەبەرامبەرەکەی بکات، ئامادەی قوربانیدان بێت، دڵ و دەروون پاک بێت، توانای لێکتێگەیشتن و دیالۆگی هەبێت، هەست بەلێپرسراوێتی بکات بەرامبەر ژیانی هاوسەریی و هاوسەر و منداڵەکانی، توانای چارەسەری کێشەکانی ژیانی ڕۆژانەیانی هەبێت.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

  • 2 رۆژ پێش ئێستا

    ڕێجیم کردن پێویستی به‌ یارمه‌تی ئه‌ندامانی خێزان هه‌یه‌:

  • 5 رۆژ پێش ئێستا

    شەرمنی منداڵ نەخۆشییە یاخود نا؟

  • 7 رۆژ پێش ئێستا

    دیارده‌ی زمانگرتن له‌منداڵاندا، هۆكار و چاره‌سه‌ر

  • پێش 2 هەفتە

    خۆراكی دایك رۆڵی هه‌یه‌ له‌ دیاریكردنی ره‌گه‌زی منداڵ

  • پێش 2 هەفتە

    چۆن مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ نه‌وه‌ی به‌كارهێنه‌ری ته‌كنه‌لۆژیا بكه‌ین؟

  • پێش 3 هەفتە

    ‎ئه‌گه‌ر مناڵه‌که‌ت خواردن نه‌خوات چی ده‌که‌یت؟

  • پێش 3 هەفتە

    چۆن گەشە بە زیرەکی مندالەکەت دەدەیت؟

  • پێش 3 هەفتە

    زانیاری گرنگ دەربارەی شیرپێدانی سروشتی

سەرەتا