پێش 3 هەفتە 821 جار خوێنراوەتەوە

فه‌رهاد شاكه‌لی: لەم ساڵانەی کۆتاییشدا (شێرکۆ) دانی بەوەدا دەناو دەیگوت (گرووپی کفری) پێش ئێمە بوون

دەمەتەقێی گرووپی گوڵنار 
لەگەڵ فەرھاد شاکەلی"شاعیرو نووسەر"
زایەڵەی ڕووداو... شۆپی ساڵان

فەرھاد شاکەلی نزیکەی چل ساڵە لە وڵاتی سوێد نیشتەجێیە و مامۆستای زانکۆ و نووسەرێکی ورد و بەسەلیقەیە، بەتایبەت لە بواری شیعرو زمانی کوردیدا توانیویەتی خزمەتێکی جوان و زۆر بەو بوارانە بکات بەھۆی کۆچی دوایی باوکی بەڕێزیانەوە گەڕابووەوە گوندەکەی خۆیان.

گرووپی گوڵنار زۆر بە باشی زانی چەندان کیلۆمەتر بڕوات و بەم گەنجینە بە بەھاو پڕ بەرھەمەی میللەتەکەمان بگات و، دەمەتەقێیەکی لەگەڵدا ساز بکات، ھەرچی لەبارەی تەوازوع و ڕووخۆشی و میواندۆستی و یەکڕوویی و ڕاشکاویی ئەم پیاوە بەڕێزەوە بگوترێت، ھێشتا کەمە، ئەم سیفەتە جوانانەی ئەم پیاوە، وایکرد دووری و ماندووێتیی ڕێگامان لەسەر کەم ببێتەوە، ھەست بە شادمانی و ئارامی بکەین، جارێکی تریش سوپاس بۆ خاتوو گێلاسی خێزانی بەڕێزیان بۆ ماندووبوون و میواندۆستییەکەی.

گوڵنار: باسێکی (گرووپی ڕوانگە و گرووپی کفری) بکەین، کە لەو کاتەدا ململانێیەکی سەخت و دژوار لە نێوانتاندا ھەبووە، بگەڕێینەوە بۆ ئەو سەردەمە بزانین ھۆکارەکانی ئەو ناکۆکییانە چی بوون، وە ئێستا جەنابتان گەیشتوونەتە ئەم تەمەنەو چل ساڵ بەسەر ئەو مێژووەدا تێپەڕیوە، چ لەبارەی ئەو دوو گرووپەوە دەڵێن؟

شاکەلی: من پێم وایە ئەوە تازە بووەتە بەشێک لە مێژوو، بەڵام مێژوویش دەکرێ دووبارە بەسەر بکرێتەوە، بۆ ئەوەی ھەندێ ڕاستی بۆ خەڵکی دەرکەون. ھیچ گومان لەوەدا نییە کە ئێمە پێشدەست و پێشەنگ بووین بۆ تازەکردنەوەی شیعری کوردی. تەنانەت برادەرانی (گرووپی ڕوانگە)یش خۆیان دانیان بەو ڕاستیەدا دەنا. کاک (شێرکۆ بێکەس) زۆر برادەرم بوو، لە حەفتاکانەوە تا نەخۆشکەوتن وکۆچکردنەکەیشی پێوەندیمان ھەر ھەبووەو سەردان و ھاتوچۆمان ھەبووە پێکەوە. لەم ساڵانەی کۆتاییشدا (شێرکۆ) خۆی دانی بەوەدا دەناو دەیگوت کە ئێوە (گرووپی کفری) پێش ئێمە بوون لە تازەکردنەوەی شیعری کوردیدا، ئەوە ھیچ گومانێکی تێدا نییە. ھەروەھا بەتێکست، ئەگەر مێژوو بە دەم نەگێڕدرێتەوە، خۆ بە تێکست دیارە، من تێکستم ھەیە ساڵی ١٩٦٩ یا ١٩٧٠ نووسیومە، بەراوردی بکە بەو تێکستانەی کە (شێرکۆ بێکەس و جەلالی میرزا کەریم) نووسیویانە، تێکستەکانی ئێمە لە ھیی ئەوان پێشکەوتووترن، دیارە کە لایەنی تازەگەریی پێوە دیارە، خوالێخۆشبوو کاک (شێرکۆ بێکەس) لە کاتێکدا کە بانگەشەی تازەگەریی کردووە، تا ساڵی ١٩٧٣یش ھەر لە ژێر کاریگەریی (گۆران)دا بوو.

گوڵنار: ئەی ھۆکاری ناکۆکی و کێشەی نێوانتان چی بوو؟

شاکەلی: خۆشبەختانە ناکۆکیی نێوان شاعیرو نووسەر ناکۆکیی شەڕەتفەنگ نییە، بە دەردی مامۆستا (مەسعوود موحەممەد) دەفەرمووێت: کاغەزو مەرەکەبی تێدا سەرف دەبێت، نە فیشەکەو نە بارووتەو، نە خوێنی تێدا دەڕژێنرێت..! موناقەشەی گەورە ھەبووە لە نێوانماندا، ھەم ئەوان شتیان نووسیوەو ھەم ئێمەیش، تا ڕادەی بریندارکردنی یەکتریش چووە، من لە بیرمە یەکێک لەو چاوپێکەوتنانەی کە بۆ ئەوە تەرخان کرابوو، لە گۆڤاری (ھەنار)دا بڵاو کرایەوە، زۆربەی تەرخان کردبوو بۆ ئەو مەسەلەیە. من لە زۆر شوێندا بە ڕەقی قسەم کردبوو، دوای ئەوە من تا ماوەی ساڵێک کاک (شێرکۆ)م نەبینی، دیار بوو زویر بووبوو، دەمزانی کە زویر بووە، بەڵام خوا ھەڵناگرێ، دەبێ پیاو ئەو ھەقیقەتە بڵێ کە (شێرکۆ) پیاوێکی دڵپاک بوو، دوای ئەو ماوەیە کە یەکترمان بینییەوە باوەشی پێدا کردم و ئەملا و ئەولای ماچ کردم، دەیزانی ئەمە مەسەلەیەکی فیکرییە، خۆ شەڕەتفەنگمان نەکردبوو...

گوڵنار: ئەگەر ئێوە زیاتر لەسەر ھەق بوون و زیاتر ڕۆڵتان ھەبوو لە تازەکردنەوەی شیعری کوردیدا، کەچی (گرووپی ڕوانگە) زیاتر ناسرا؟

شاکەلی: من پێم وایە دوو لایەنی ھەیە، یەکێک لە ھۆکارەکان ئەوەیە کە ئەوان بە تەمەن لە ئێمە گەورەتر بوون، ئەوان لەناو سیاسەتدا بوون و نزیک بوون لە سیاسەتەوە. ئێمە دوور بووین لە سیاسەتەوە، ئەوسایش و ئێستایش من و (لەتیف) ھەر دوور بووین لە سیاسەتەوە، ئەوەی کە ڕۆڵێکی گەورە لە سیاسەتدا ببینین، ئەوەمان نەبووە، من خۆم فەترەیەک کەوتمە ناو سیاسەتەوە، بەڵام بە ڕاستی سیاسەتم بەکار نەھێنا بۆ مەبەستی شیعرو شاعیری. لایەنی دووەم، شاری (سلێمانی) ھەمیشە بارودۆخێکی جیاوازی ھەبووە، ئەوان (سلێمانی)یان بۆ ئەو مەبەستە بەکار ھێناوە، باشیشیان بەکار ھێناوە، ئێمەیش بە حوکمی ئەوەی (گەرمیانی) بووین، فەقیرو بێدەسەڵات بووین، ئەوەیش کاریگەریی خۆی ھەبووە.

گوڵنار: (گرووپی ڕوانگە) لەو بەیانەی کە بڵاوی دەکەنەوە، بانگەشەی خۆ ڕووتکردنەوەی ئافرەت و دژایەتیی جل و بەرگی ئیسلامیی و مەلاو مزگەوت و ئەم شتانە دەکەن، پێت وا نییە ئەمە ھۆکارێک بوو بۆ ناساندنیان؟

شاکەلی: ئەوەی جەنابت باسی دەکەیت بەیانی دووەمیانە، بەیانی یەکەمیان بەیانێک بوو لە گۆڤاری (ڕوانگە) و حەفتەنامەی(ھاوکاری)دا بڵاو کرایەوە. ئەگەر بەیانەکەی ئەوان و ئێمەت خوێندبێتەوە، جیاوازییەکی زۆر ھەیە لە نێوانیاندا، بۆ ئاگاداریتان ئێمە ناومان لە بەیانەکەمان نابوو (بەیانی شێتەکان). ئێمە لە بەیانەکەماندا ئاماژەمان بەوە داوە کە (شیعر) چۆنە، ئەوان یەک وشەیان تێدا نەنووسیوە ئاماژە بەوە بکەن کە شیعر چۆنە؟ چییە؟بەیانەکەی ئەوان بەیانێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی بوو، زیاتر لەوەی کە بەیانێکی ئەدەبی بێت، ھیچ باسی ئەوە ناکات کە شیعری باش چییە، یا شیعری کلاسیکی کورد چییە؟ باسی ئەوە ناکات نوێکردنەوە دەبێت چۆن بێت لە شیعردا؟ ھیچ لەو بارەیەوە ناڵێت، خۆیشیان دان بەوەدا دەنێن. من دیدارێکی کاک (شێرکۆ)م لایە دەڵێت: ڕاستە بەیانەکەی ئێمە باسی ھیچ شتێکی لەبارەی شیعرەوە تێدا نییە. بەڵام ئێمە، من و ھەڵمەت، ئاماژەمان بە ھەموو ئەوانە داوە، ئەوەیش جیاوازییەکی ئاشکرایە لە نێوان بەیانی ئێمەو ئەواندا...

گوڵنار: وەڵامی پرسیارەکەت نەداینەوە کە ئایا یەکێک لە ھۆکارەکانی ناساندنی ئەوان ئەوە نەبوو کە دژایەتیی ئایین و ڕەمزە ئاینییەکانیان دەکرد؟ ئەگەر ئەوە ھۆکار نەبوو، بۆچی ئەوان پەنایان بردە بەر ئەو کارە؟

شاکەلی: بێگومان. ئەو ھەڵوێستەی ئەوان بوو بە ھۆی تووڕەبوونی خەڵکێکی زۆر و بەوەیش خۆیان وەک کەسانێکی ''پێشکەوتنخواز'' بە کۆمەڵگەی ئەو سەردەمەی کوردستان ناساند. ئەوەیشت لە بیر نەچێت، کە ڕێژیمی ئەو کاتەی بەعس زۆری پێ خۆش بوو، بەرژەوەندیشی لەوەدا بوو، لە کوردستاندا ئاژاوە دروست بکات. بە کورتییەکەی، ئەو دۆستانە ھەمیشە لەوەدا لێھاتوو بوون کە سیاسەت بۆ سوودی خۆیان بە کار ببەن.

گوڵنار: لە سەردەمی حەفتاکاندا زۆربەی شاعیرانی کورد ڕووگەیان دەبێتە سۆڤیێت، بە واتایەکی تر دەبنە سۆڤیێتپەرست، بە شان و باڵی یەکێتیی سۆڤیێتدا ھەڵدەدەن، ھۆکاری ئەمە چی بوو؟

شاکەلی: باش و خراپ مەسەلەیەکی مێژووییە، بەڵام بۆچی وا بوو؟ ئێمە لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا دەژیاین، لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا کۆمەڵێک ڕێژێم ھاتوونەتە سەر دەسەڵات، کە لەلایەن ڕۆژئاواوە پاڵپشتی کراون، لەبەر ئەوە زۆر سرووشتییە کە تۆ سوود لە دوژمنی ڕۆژئاوا وەربگریت، دوژمنی ڕۆژئاوا لەو کات و سەردەمەدا بە پلەی یەکەم شیوعییەت و سۆڤیێت بوو، خەڵک پێی وابوو بۆ ئەوەی ڕزگارت بێت لە ڕۆژئاواو لە ڕێژیمی پاشایەتیی عێراق، کە لەو کاتەدا بەشێک بوو لە پەیمانی (سێنتۆ)، لەژێر ئینتیدابی ئینگلیزدا بوو، سووریا لە ژێردەستی فرانسادا بوو، تورکیاو ئێرانیش سەر بە ئەمریکا بوون، ئەم ناوچەیە ھەمووی بەدەست ڕۆژئاواوە بووە، لەبەر ئەوە زۆر ئاسایی بووە ئەو کەسانەی شۆڕشگێڕ بوون، ئەو کەسانەی دەیانەویست ئەم ڕێژێمانە بگۆڕن و ژیانی خەڵک بگۆڕن، پەنا ببەنە بەر ھێزێکی تر، ھێزەکەی تر سۆڤیێت بوو.بەڵام تەنانەت ئاڵمانیای نازیست، ئاڵمانیای ھیتلەریش لایەنگری ھەبوو. کەسانێک کە دژی ئینگلیز بوون، ئامادە بوون پەنا بۆ ھیتلەر و نازیزمیش ببەن. تۆ چیرۆکی (ئەڵەمان کوردی)ی خوالێخۆشبوو دۆکتۆر مارف خەزنەدار بخوێنەوە، دەبینی لەناو کورددا کەسانێک ھەبوونە ھەر لە خۆوە عاشقی ئاڵمانیا و ھیتلەر بوون.من کە ئێستا ئەم قسانە دەکەم مەبەستم خۆم نییە، من خۆم بە درێژایی ژیانم دژی سۆڤیێت بووم، نەک لە ڕوانگەی ڕۆژاواوە. ئەو سەردەمانە من شەش حەوت ساڵێک مارکسی بووم و خۆم بە مارکسی زانیوە. ئەو کاتانە من (ماویست) بووم، واتە سەر بە ئایدلۆژیای (ماوتسیتۆنگ)ی چین بووم.دژی سۆڤیێت بووم و، پێم وابووە سۆڤیێت درۆ دەکا لەگەڵ میللەتانی دونیادا، چەندە ئیمپریالیزمی ئەمەریکی و ئینگلیزی و فرانسی خراپە دەکەن بەرامبەر میللەتانی ئەم ناوچەیە، سۆڤیێت بۆ ڕزگاریی میللەتانی ناوچەکە درۆ دەکاو ھیچ شتێکی لەدەست نایەت و ناکات، ئەویش تەنھا ئامانجی ئەوەیە ئەوان لا ببات و، خۆی بچێتە جێگەکەیان...! مەسەلەی سۆڤیێت بەداخەوە ئەوە بوو، خەڵک پێی وابوو کە سۆڤیێت ڕەنگە بتوانێت شتێکی بۆ بکات، وایاندەزانی ئایدلۆژیای سۆڤیێت مژدەدەرە، مژدەیەکی تازەی پێیە، کۆمەڵگایەکی یەکسان دروست دەکات، ئافرەت ڕزگار دەکات، کرێکارو جووتیار دەتوانن ببنە خاوەن دەسەڵات و سەرمایەی خۆیان، کۆمەڵێک لەو قسانە ھەبوون لە ئایدلۆژیای سۆڤیێتدا، ئەمانە کاریگەرییان کردبووە سەر خەڵک، خەڵکێک کە خۆی بە ڕووناکبیر دەزانی، لای وابوو دەبێ خۆی بە مارکسیست بزانێت...

گوڵنار: پێمان خۆشە دوای بواری شیعر، باسێک لە (تەسەووف) بکەین، لەو پرسیارەوە دەست پێدەکەین، ئێوە شاعیرێکی دیارن، بەڵام لە شیعری ئەم ساڵانەی دواییتاندا ڕوئیایەکی سۆفیگەری بە شیعرەکانتانەوە دیارە، چۆن بوو جەنابتان لە چەپێکی ماویستەوە بەرەو سۆفیزم ھاتن؟

شاکەلی: ئەوە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە ژیانی فیکری و فەرھەنگیی منەوە ھەیە. تا لە کوردستان بووم، تا ڕادەیەک نزیک بووم لە سیاسەتەوە، نزیکەی پێنج شەش ساڵێک کاری سیاسیم کردووە، مارکسیست بووم، ماویست بووم، بەشێوەیەکی چالاکانەیش بەھاری ١٩٧٤ تا بەھاری ١٩٧٥ پێشمەرگە بووم. ئەو ماوەیەیش کە شۆڕش ھەرەسی ھێنا و گەڕابووینەوە عێراق، من ھەر بەردەوام بووم لە کاری سیاسی. دواییش کە چوومە سووریا، نزیکەی ساڵێک یا ساڵ و نیوێک ھەر لە نێو سیاسەتدا بووم، بەو شێوەیە ئەو ماوەیەیش من زۆرتر شیعری سیاسیم دەنووسی. بەڵام کە چوومە ئەورۆپا بە نیازی ئەوەی بەردەوام بم لە شتێک پێوەندیی بەخوێندنی کوردییەوە ھەبێت، پێوەندیی بە ئەدەب و زمانی کوردییەوە ھەبێت، چوومە زانکۆی (ئوپسالا)، زانکۆی (ئوپسالا) تاکە زانکۆیەکە لە سوێد کە زمانانی ئێرانیی تێدا بخوێنرێت. ئیدی من چوومە ئەوێ بۆ کاری لێکۆڵینەوەو شتی وا. بۆ تێزی ماستەرەکەم ئەوەم ھەڵبژارد لەسەر مەم و زینی خانی بنووسم. من کە (مەم و زین)م ھەڵبژارد، دیسانیش دەگونجێت ھەر پاشماوەی عەقڵە سیاسییەکەم بووبێت کە حەزم کردووە ئەو لایەنە ھەڵبژێرم، واتە ناسیۆنالیزمی کوردی لە مەم و زیندا، بەڵام کە مەم و زینم خوێندەوە، سەیرم کرد ئەمە تێکستێکە تەنھا سیاسەت و کوردایەتی نییە، شتی تری زۆر تێدایە. وردە وردە ئاشنای شیعرو فکری (خانی) بووم، بینیم (خانی) باسی شاعیری تری کوردی پێش خۆی دەکات، یەکێک لەو شاعیرانەی باسیان دەکات، (مەلای جەزیری) بوو. با ئەوەیش بۆ قسەکانم زیاد بکەم؛ من بە حوکمی سیاسەتکردنم، تێکەڵاویم لەگەڵ کوردانی باکوور و ڕۆژاوای کوردستاندا ھەبوو، کرمانجییەکی باش فێر بووبووم، ئێستا کرمانجی و کوردیی ناوەندی (سۆرانی) وەک یەک و بەباشی دەزانم، پێیان دەنووسم و پێیان دەخوێنمەوە. ئەوەیش کاریگەرییەکی باشی ھەبوو کە من لە (مەم و زین) تێ بگەم و، دواییش ھەوڵ بدەم کە مەلای جەزیری بخوێنمەوە. کە مەلای جەزیریم خوێندەوە، تێگەیشتم شاعیرێکی سۆفیی زۆر گەورەیە و شاعیرێکی نەقشبەندیشە. ئەوە وای لێکردم کە بمەوێ (تەسەووف)یش بناسم، نەک تەنھا (تەسەووف) لە شیعردا بناسم، بەڵکە ھەوڵ بدەم وەک فکرو فەلسەفە بیناسم. ئیتر دەستم کردە خوێندنەوەی سەرچاوەکانی (تەسەووف). خۆشبەختانە لەبەر ئەوەی ھەم فارسییەکی باشم دەزانی، ھەم ئینگلیزی و عەرەبی و کرمانجی، باشترین سەرچاوەو زمانیش بتەوێ لەبارەی (تەسەووف)ەوە بخوێنیتەوە، زمانانی ئینگلیزی و فارسییە. عەرەبی شتی باشی زۆرتێدا نییە لەبارەی (تەسەووف)ەوە، بەڵام فارسی زۆر دەوڵەمەندە.
تیۆریی (وەحدەتئەلوجوود) کە یەکێکە لە تیۆرییە مەزنەکانی (تەسەووف)، ھەوڵمداوە تێی بگەم، دەزانم لە کوردستان ڕەخنەگری کورد، یا نووسەر و توێژەری کورد کە باسی (تەسەووف) دەکا، یەکسەر دەڵێت (وەحدەتئەلوجوود). ھەر شتێکی دەست بکەوێت ھەر دەڵێ ئەمە (وەحدەتول وجوود)ە، لە کاتێکدا وا نییە، (وەحدەتول وجوود) ئەو شتە ئاسانە نییە وا ئەوان لێی تێگەیشتوون. کە شاعیرێک قسە دەکا لەبارەی شتێکەوە، دەڵێ ئەمە مەبەستی (وەحدەتول وجوود)ە، بەڵامبە خوا برا ئەوە مەبەستی (وەحدەتول وجوود) نییە، قسەیەکی ڕۆژانەیەو خەڵک بۆ خۆی دایھێناوە. (وەحدەتول وجوود) فەلسەفەیە، تۆ ئەگەر لە فەلسەفە تێ نەگەی لە (وەحدەتول وجوود)یش تێ ناگەیت. بە ھەرحاڵ ئەوە بووە ھۆی ئەوەی من لە ڕووی تیۆرییەوە ھەوڵ بدەم لە (تەسەووف) تێ بگەم، بیخوێنمەوە، بەڵام ئەوەت لە بیر نەچێت (تەسەووف) دوو لایەنی ھەیە، لایەنێکی تیۆرییە، لایەنێکی بەرھەمە، لە بەرھەمی سۆفییەکاندا زۆر لە باوەڕەکانیتەسەووف ڕەنگ دەداتەوە، بەڵام شیعر بە دەرەجەی یەکەم، سۆفییەکان زۆربەیان شاعیر بوون، لە (مەولانا جەلالەدینی ڕۆمی)یەوە بیگرە تا دەگاتە (جامی)، ھەموویان ھەم سۆفی بوون و ھەم شاعیریش.

گوڵنار: کەواتە سۆفیگەری (خودا)ی بۆ دۆزییتەوە؟

شاکەلی: بەڵێ. من لە دیدارێکدا گوتوومە، ئیمامی عەلی قسەیەکی ھەیە زۆر جوانە، دەفەرمووێت (ئەگەر سەرپۆشی نھێنییەکان لاببرێت، یەقینی من لە ئێستا زیاتر نابێ: لو کشف النقاب ما ازددت یقینا)، واتە ئەوەندەی یەقین ھەبووە و ھێندە بڕوای پتەو بووە. خۆشبەختانە منیش ھەمان قەناعەتم ھەیە. سوپاس بۆ خودا ئەوەندەم یەقین ھەیە کە پێویستم بە بەڵگە و بەڵگەکاری نەبێت.

گوڵنار: تەسەووف لای جەنابتان چییە.؟ ئایا تەسەووف بۆ خوداناسینە یا بۆ خودناسینە؟ تەسەووف وا لە مرۆڤ دەکا خودا بناسێ یا خۆی بناسێ؟

شاکەلی: ئەوەی کە بۆ خوداناسین بێ نا، چونکە تۆ کاتێک دەست بە تەسەووف دەکەیت کە خودات ناسیبێ، ئەگەر خودات نەناسیبێ باسی چ شتێکی خودا دەکەی، تەسەووف بێ خوداناسین نابێت. تۆ ناتوانیت عاشق بیت، ئەگەر کەسێک مەعشووقت نەبێت. بەڵام بە خوێندنەوەی ئەدەبییاتی تەسەووف و بیرکردنەوە لە پرسیارەکانی تەسەووف، ناچاریت بۆ خودا بگەڕێیت.

گوڵنار: بۆچی زۆربەی چەپەکان کە تەنانەت بڕوایشیان بە خودا نییە، لایەنگری تەسەووف و سۆفیگەرین؟

شاکەلی: من پێم وایە ئەوانە قەناعەتیان بە سۆفیگەری نییە، زۆربەیان قەناعەتیان پێی نییە و، ناشتوانی بڵێیت لە تەسەووف گەیشتوون. ئەوان یەک لایەنی تەسەووف دەبینن، ئەوان یەک لایەنی تەسەووف دەخوێننەوە و ھەوڵ دەدەن تێی بگەن، ئەویش بەرھەمی تەسەووفە، واتە داھێنان و بەرھەمی شاعیرانی سۆفی، تەنھا ئەو لایەنەی دەناسن. (مەولانا) شاعیرێکی جوانە، شاعێرێکە شتی زۆر جوانی گوتووە، ڕەنگە سەرسوڕمانی ئەو چەپانە لەو لایەنەوە بێت، تەسەووف ئەگەر نەیبەستیتەوە بە خوداناسییەوە، ھیچ مانایەکی نییە. ئەودەم دەبێتە یەکێک لە مۆدەکانی ئەم سەردەمە کە زوو دێن و زوو لە ناو دەچن.ئێ خۆ دەزانیت. مادۆننای ئەمەریکاییش شیعری مەولانای کردووە بە گۆرانی. ئایا مادۆننا سۆفییە؟

گوڵنار: دیدو تێڕوانینی جەنابتان بۆ حەللاج چییە؟ چۆن دەیناسێنن، ئایا پێتان وایە حەللاج یەکەمین مۆدێلی سۆفیزمی ئیسلامی بووە؟

شاکەلی: یەکەمین مۆدێل نییە، ئەگەر ڕەگوڕیشەی تەسەووف بگەڕێنیتەوە بۆ خودی (پێغەمبەر)، ئەوا پێغەمبەر یەکەمین مۆدێلی ئەو تەسەووفەیە، بەدەر لە (پێغەمبەر) ئەوا (ئەبو زەڕی غەفاری) نموونەیەکی ترە، (ئەبو زەڕ) لە (مەککەو مەدینە) دەرکرا، ناردیان بۆ سەحراو بیابان، چونکە (عوسمان) دەریکرد، ئەگەر بێیتە سەر ئەوە، (ئەبو زەڕ) شەھیدی یەکەمی تەسەووفە، (بیلال)یش وا بوو، ھیچیان دەست نەدەکەوت، (بیلال) لە بانگدان بەولاوە ھیچی پێ نەبڕا! بۆیە (حەللاج)یش بەھۆی تەسەووفەوە، بە ھۆی گوتنی ڕاستییەوە گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە پەل پەلی بکەن و، دوایی بیسووتێنن و، خۆڵەمێشەکەی بدەنە دەم ڕووباری دیجلەوە. ئەو پلەی نەمریی دەست کەوت و بکوژەکانیشی کەوتنە بەر لەعنەتی مرۆڤایەتی.

گوڵنار: باس لە پەیوەندییەک (تا ڕادەیەک پەیوەندییەکی جەستەیی و ماددی) دەکرێت لە نێوان مەولانای ڕۆمی و شەمسی تەورێزیدا، جەنابتان لەو بارەیەوە چی دەڵێن.؟!

شاکەلی: من باوەڕم بەوە نییە، ئەوە کەسانێک کە دژی ئیسلام و دژی تەسەووفن دروستیان کردووە. ناکرێ پێوەندیی نێوان مەولاناو شەمسی تەبریزی پەیوەندییەکی جەستەیی بووبێ، قەت شتی وا ناگونجێ. ئەگەر وابووایە، ئەو ھەموو بەرھەمەی لێ درووست نەدەبوو. جنس شتێکی بە کەف و کوڵەو لەوە دەچێ لە ماوەیەکی کورتدا دابمرکێتەوە، ئەی ئەو ھەموو نووسینە و ئەو ھەموو بەرھەمەچۆن و لە کوێوە ھاتن؟ ئەوە تەفسیرێکی دوژمنانەیە پێم وابێت! بە ھەر پێوەرێکی زانستی و نازانستی، سایکۆلۆگی، پزیشکی یا فەلسەفی، بەرھەمەکانی مەولانا شی بکەیتەوە، ھێندەی سەرەدەرزییەک ھێما و بەڵگەت دەست ناکەوێت، کە گومان بخاتە سەر پێوەندیی مەولانا و شەمسی تەبریزی.

گوڵنار: ئایا کورد لە کوێی شارستانەتیی ئیسلامیدایە، ئایا کورد چ شتێکی بە شارستانییەتی ئیسلامیی داوە؟ 

شاکەلی: کورد بەشدارییەکی باشی ھەبووە، ئەگەر لە ڕووی مێژووییەوە تەماشای بکەیت، کورد بەشداریی کردووە لە بڵاوبوونەوەی ئیسلامدا، لە بەھێزکردنی ئیسلامدا، لە زۆر لایەنی ئیسلامدا کورد بەشداریی کردووە. ئێستا ئەو ڕۆڵەی کورد لاواز بووەو نەماوە، بە حوکمی ئەوەی کە ئیدیۆلۆگیی تر پەیدا بوون، ئەوە وای کردووە ئەو بەشدارییە لاواز ببێت. سیاسەتی کوردیش دەور دەبینێت، سیاسەتی ئەمڕۆی کوردستانیش ڕۆڵی ھەیە، من پێم وایە لە تەواوی ئەو وڵاتانەی دونیادا، ئەوانەی کە زۆربەی خەڵکەکەی موسڵمانن،کەمیان ھەیە ھێندەی کوردستان دژایەتیی ئیسلام بکات. کوردستان یەکێکە لەو وڵاتانەی کە زۆر دژی ئیسلامە!

گوڵنار: ئایا ڕۆژئاوا عەسکەرو جەللادی تری دەست ناکەوێ لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا بۆ ئەوەی جەنگی ئیسلامی بۆ بکەن و نەیخەنە ملی کوردەوە؟

شاکەلی: ڕقی گەورەی ڕۆژئاوا لە کورد، یەکێک لە ھۆکارە سەرەکییەکانی سەلاحەددینە، سەلاحەددینی ئەییووبی. ئێستایش شکان و ڕووخانیان لە جەنگی سەلیبییەت و شکانیان و سەرنەکەوتنیان کە قودس بگرن، ئەو ڕقەیان لە سەلاحەدین ھەر ماوە. سەلاحەدینیان خۆش ناوێت، ئەگەرچی بە سەرسوڕمانیشەوە باسی دەکەن. وەک پیاوێکی بە شەھامەت و ئازاو بوێر ناوی دەھێنن، بەڵام خۆشیان ناوێت. ئەوە یەکێک لە ھۆیەکانە.

گوڵنار: لەوەتەی ئیسلام وەکو پەیامێکی زیندوو دەرکەوتووە، زۆربەی ئیمپراتۆریا و دینەکان ململانێی چڕیان ھەبووە لەگەڵ ئیسلامدا، بەڵام لە ئێستادا ململانێیەکی سەختترو توندتر ھەیە لەگەڵ ئیسلامدا لەلایەن ئەورووپاوە، ئەم ململانێیە چۆن دەبینن؟

شاکەلی: ململانێ لەگەڵ ئیسلام تازە نییە، لە کاتی سەلیبییەکانەوە دەستی پێکردووە، لە کاتی ھاتنی خودی ئیسلامیشداھەر ھەبووە، کە بینیویانە ئیسلام بووەتە ھێزێکی سیاسی و عەسکەری و شارستانەتی، ئەوان ھەستیان بە مەترسی کردووە، بەڵام ڕەنگە وەک ئەمڕۆ یەکگرتوو نەبووبێتن. ئەمڕۆ خراوەتە قاڵبێکی سیاسی و عەسکەری و شارستانییەوە، تەنانەت فەرھەنگییشەوە. بۆیە ئێستا ئیمپریالیزم لە ماڵی ھەموو کەسێکدا ھەیە، لە ژووری دانیشتن و لە ژووری نانخواردن و تەنانەت لە جێگەی خەوتنی ھەموو کەسێکیشدا بوونی ھەیە. ئیمپریالیزم لەڕێی میدیاو تەلەڤیزیۆنەوە، لە ڕێی مۆبایل و ئیمەیڵ وسکایپ و دەیان تەکنیکی دیکەوە ھاتۆتە ناو ژیان و جوگرافیای ھەموو خەڵکەوە. ئەوان شەڕێکی زۆر گەورەیان دەستپێکردووە بەرامبەر بە ئیسلام، بەتایبەتی دوای نەمانی کۆمونیزم، چونکە دوژمنێکیان لە کۆڵ بووەوە، خۆیان تەرخان کردووە بۆ دوژمنەکەی تر کە ئیسلامە.ئەم شەڕە شەڕێکی شارستانەتییشە لە نێوان شارستانەتییەکی ئیسلامیی – ڕۆژھەڵاتی، لەگەڵ شارستانەتییەکی ئەورۆپاییدا.ئەنجامی ئەم شەڕە من نازانم بە چ ئاراستەیەکدا دەشکێتەوە، کەسمان ناتوانین پێشبینی بکەین داھاتوو چۆن دەبێت، بەڵام شەڕێکی زۆر ناحەق و ناڕەوا و بێویژدانانەیە بەرامبەر ئیسلام دەکرێت.

گوڵنار: قسەت بۆ پێکدادانی شارستانییەتەکان و سەروەریی ئەمریکا چییە بەتایبەت لە تیۆری و پێشبینییەکانی فۆکۆیاماو سەمۆئیل ھانتیگتۆن؟

شاکەلی: لە کتێبی (دەرزیئاژن)دا من لێکۆڵینەوەیەکی دوورودرێژم لەسەر ئەو بابەتە نووسیوە [شەڕی شارستانەتییەکان یا لە یەکگەیشتنیان، دەرزیئاژن، لل: ١١٥-١٤٧]. ئێستا ئیتر پێویست ناکات لە گفتوگۆیەکی ئامادەنەکراوی وەک ئەمەدا، سەرلەنوێ لەسەری بدوێم، چونکە باوەڕ ناکەم بەو ڕێکوپێکییەی لەوێ نووسیومە و بیرەکانی خۆمم دەربڕیون، بتوانم ئێستا بدوێم و بیرەکانم گەڵاڵە بکەم.

گوڵنار: پێت وایە ئەوروپا ھاوشێوەی کۆمۆنیزم، ئیسلامیش بە چۆکدا دەھێنێت؟

شاکەلی: باوەڕ ناکەم ھەرگیز بتوانێت. کۆمونیزم بە ھێزی چەک و ئەتۆم و دەستگای جاسووسی و تەکنیک خۆی ڕاگرتبوو، بەڵام ھێزی ئیسلام لە دڵ و مێشکی باوەڕداراندایە.

گوڵنار: کەواتە بەدیل و دوژمنی بەھێزی سەرمایەداری کێیە؟

شاکەلی: ئیسلام دەتوانێ ئەو ڕۆڵە بگێڕێت، دەتوانێت ببێتە ھێزێک ھەم سەرمایەداری لاواز بکا، ھەم بۆ خەڵکیشی ڕوون بکاتەوە کە چییە، بەڵام ئیسلامی ئەمڕۆ، ئیسلامی ڕەسمی، ئەو توانستەی نییە. بەڵام ھیچ بە دووری نازانم لە داھاتوودا بەرەیەکی فراوان دروست ببێت، کە گەلانی ژێردەستە و زۆرلێکراو و چەوساوەکانی دنیا یەک بگرن و ئیسلام ببێتە ڕێبەر، یا ھێزی سەرەکیی ئەو بەرەیە.

گوڵنار: کێ دەتوانێت ببێتە بەدیل و جێگرەوەی سەرمایەداری؟

شاکەلی: من نازانم ئەمڕۆ بەدیلی سەرمایەداری کێیە؟ بەڵام دەبێت سیستەمێک بدۆزرێتەوە نەک یەکسانی بەو مانایەی خۆیان دەیڵێن، بەڵکە عەدالەتی تێدا بێت، بەشێک لەوەی کە ئیسلام دەیڵێت دادپەروەرییە، بەڵام ئەو ئیسلامەی کە ئێستا خەڵکی باسی دەکات و، سەلەفی و داعش خۆیان بە خاوەنیئەو ئیسلامە دەزانن، وەھا و ناتوانێت ئەو ڕۆڵە بگێڕێت.

گوڵنار: لە کۆتاییدا ئەم چەمک و زاراوەو کەسایەتییانەت لێدەپرسین و، جەنابیشت بە چەند وشەو دێڕێک سەرنج و پێناسەی خۆتیان لەسەر بڵێ!

ئیسلام: یەکێکە لە ئایینەکانی دونیا، دوا ئایینی مرۆڤایەتییە، ئیسلام پێم وایە زۆر لایەنی ڕاستگۆیی و مرۆڤێتی و دادپەروەریی تێدایە، کە لە ئایینەکانی تردا بەو شێوەیە نابینرێت.
موعتەزیلە: گرووپێک بوون ویستیان فەلسەفە تێکەڵ بە ئایین بکەن و کاری باشیان کردووە.
ژن: جوانترین داھێنانی خودایە.
مەم و زین: شاکارێکی زۆر مەزنی مرۆڤایەتییە، بە زمانی شیرینی کوردی.
مەحوی: شاعیرێکی سۆفیی گەورەی کورد.
مەولەوی: شاعیرێکی سۆفیی ناسک، عاشق بوو، عاشقێکی گەورەی سروشت و جوانی و زمان.
نالی: شاعیرێکی زۆر گەورەی کورد، چەندە بیرەکانی قووڵ و داھێنەرانەن، زمانیشی ھیندە ورد و ناسک و ھونەرمەندانەیە.
مەسعوود موحەممەد: بیریار و موفەکیرێکی زۆر گەورەی کورد. دوژمنە فکرییەکانی ئێستایش لێی دەترسن. چەندە بیری قووڵ و ورد بوو، ڕەوشتی دە ھێندەیش بەرز بوو.
قازی موحەممەد: شەھیدێکی گەورەی کوردە. پیاوێکی زۆر دێمۆکرات و خوێنەوار. زۆر پێش زەمانی خۆی کەوتبوو.
کاک ئەحمەدی موفتی زادە: پیاوێک بوو دەیویست ھەم موسڵمانێکی باش بێت، ھەم کوردێکی باش. لەو کەسانە بوو ھەر زوو دەیویست کوردایەتی و ئیسلام لە جوگرافیایەکدا کۆ بکاتەوە.

 

ئەم دیدارە بەشێکە لە دیدارێکی درێژ، دیدارێکی ٤٠ لاپەڕەیی گرنگ لەسەر زۆر بواری نووسین و زمان و شیعرو تەسەووف، لەگەڵ ڕۆشنبیرو نووسەری گەورەی کورد، دکتۆر فەرھاد شاکەلی، گرووپی گوڵنار لێرەدا تەنھا کورتەیەکی خستووه‌ته‌ بەر دیدەی خوێنەرانی و، ماوەوەکەی هه‌ڵگرتووه‌ بۆ ئەو پەرتووکەی کە بە نیازی چاپکردنییەتی.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

  • پێش 1 هەفتە

    عه‌مید سەرحەد قادر: فوئاد حسێن وەفدی ریفراندۆم بوو ئێستاش جێگری سەرۆكوەزیرانی عێراقە

  • پێش 1 هەفتە

    رابون مه‌عروف: مەقەڕەکانی پارتی و یەکێتی بە هەموو حزبەکانی ئەوروپا بەخێو ناکرێن

  • پێش 2 هەفتە

    ‎ سۆران حه‌مه‌ره‌ش: من بەم پێنجسەد ساڵەی دوایی دەڵێم سەردەمی ڕەشی کورد

  • پێش 2 هەفتە

    وته‌بێژی كۆمه‌ڵ: پرۆژەو دەستپێشخەریمان بۆ رێکخستن و بەهێزکردنى پێگەى ئۆپۆزسیۆن هەیە

  • پێش 2 هەفتە

    ئه‌نوه‌ر قه‌ره‌داغی: ئەوەندەی بیرم بێ ئەگەر خوا لێم نەگرێت نوێژم نەڕۆیشتووە

  • پێش 2 هەفتە

    عه‌لی حه‌مه‌ ساڵح: کۆمەڵێک چەتە لە باشماغ بە زەبرى هێز، هێلکەى قاچاغیان هێنایە ناو هەرێم، ئەمە شەرمەزراریە بۆ حکومەت

  • پێش 3 هەفتە

    فه‌رهاد شاكه‌لی: لەم ساڵانەی کۆتاییشدا (شێرکۆ) دانی بەوەدا دەناو دەیگوت (گرووپی کفری) پێش ئێمە بوون

  • پێش 3 هەفتە

    رێبین هەردی: دیموكراسی كۆمه‌ڵێك ناوه‌ڕۆكه‌ كه‌ هیچیان له‌ كوردستاندا بوونی نییه‌

سەرەتا