21/09/2020
2084 جار خوێنراوەتەوە
هەندێك زانیاری دەربارەی تەڕبوونی منداڵ "میزکردن بە خۆیدا"
پهیام
تەڕبوون واتە چەندبارەبوونەوەی
میزکردن بۆ ناو جلەکانی، یان جێگەکەی بەلایەنی کەمەوە هەفتەی دووجار، بۆ زیاتر لە ۳ هەفتەی بە دوای یەکدا بۆ منداڵێک کە تەمەنی ٥ ساڵ
یان گەورەتر بێت.
خۆتەڕکردنی سەرەتایی،
واتە پێشتر هەرگیز ماوەی وشکبوونی نەبووە واتە هەر لەسەرەتاوە خۆی تەڕکردووە بە بەبەردەوامی،
خۆتەڕکردنی دواتر، واتە بەلایەنی کەمەوە ماوەی ٦ مانگی وشکبوونی هەبووە کە خۆی تەڕ
نەکردووە.
منداڵ کەی خۆی تەڕ
ناکات؟ کەی فێری تەوالێت دەبێت؟
لە سەرەتای تەمەندا بە
تایبەتی کەمتر لە ساڵێک لەبەر ئەوەی توانای میزڵدان(قەبارەی میزڵدان) بۆ هەڵگرتنی
میز کەمە، منداڵەکە زوو زوو میز دەکات واتە لە ڕۆژێکدا نزیکەی ۱٥ بۆ ۲۰ جار، بەڵام دواتر کە گەورە بوو توانای میزڵدانیش
زیاد دەکات.
لە تەمەنی ۲ بۆ ٤ ساڵی منداڵ فێری تەوالێت کردن دەبێت.
لە تەمەنی ٥ ساڵیدا ۷٪ کوڕان و ۳٪ کچان خۆتەڕکردنیان هەیە.
لە تەمەنی ۱۰ ساڵیدا ۳٪ کوڕان و ۲٪کچان خۆتەڕکردنیان هەیە.
لە تەمەنی ۱۸ ساڵیدا ۱٪ کوڕان و کەمتر لە ۱٪ کچان خۆتەڕکردنیان هەیە.
هۆکارەکانی خۆتەڕکردن چییە؟
لەوانەیە هۆکاری بایۆلۆجی
هەبێت، یان هۆکاری عاتفی هەبێت یان هۆکاری فێربوونی هەبێت.
۱٥٪ ئەو
منداڵانەی خۆیان تەڕدەکەن لە خێزانەکەیاندا واتە دایک و باوک و خوشک و برادا، حاڵەتی
خۆ تەڕکردن نەبووە، بەڵام ۷۷٪ی ئەو منداڵانەی خۆیان تەڕدەکەن، یەکێک لە دایک یان باوک بە منداڵی حاڵەتی
خۆتەڕکردنی هەبووە، ٤٤ ٪ی ئەو منداڵانەی خۆیان تەڕدەکەن لەوانەیە دایک و باوکیان بە
منداڵی ئەو حاڵەتەیان هەبووبێت.
خۆتەڕکردنی سەرەتایی شەوانە
لەوانەیە بەهۆی یەکێک لەوانەوە بێت:
۱. درەنگ پێگەیشتنی مێشک.
۲. کێشەی خەو، بۆ نمونە خەوی قوڵ بێت واتە خەبەری نەبێتەوە،
لە کاتێکدا میزڵدانی پڕ دەبێت.
۳. کەم دەردانی هۆڕمۆنی دژە میز(ADH).
٤. هۆکاری بۆ ماوەیی هەبێت.
٥. زۆر چالاکی میزڵدان، واتە پێش ئەوەی پڕ بێت خاڵی
بێتەوە.
خۆتەڕکردنی دواتری شەوانە
لەوانەیە بەهۆی یەکێک لەوانەوە بێت:
۱. حاڵەتی دەروونی منداڵەکە باش نەبێت، بەهۆی لەدایکبوونی
منداڵێکی تر لەو خێزانەدا، یان گۆڕینی خانوو، یان تازە بۆ خوێندنگا، یان کێشەی خێزانی،
یان خراپ بەکارهێنانی منداڵ.
۲. لەوانەیە نەخۆشییەکی هەبێت، بۆ نمونە: هەوکردنی جۆگەی
میز، گورچیلەی لەکار کەوتبێت، قەبزی، نەخۆشی شەکرەی هەبێت، لەکاتی خەودا هەناسەی
باش بۆ نەدرێت، بەکارهێنانی هەندێک جۆر دەرمان.
چارەسەر:
۱. نابێت بە هیچ شێوەیەک منداڵ سزا بدرێت، ئەبێت ئەم
حاڵەتە وەک نهێنیک بێت لە بەینی خۆت و منداڵەکەت نابێت لای هاورێکانی و کەسانی تر
باسی بکەیت، بۆ ئەوەی منداڵەکەت کەسایەتی پێی نەروشێت.
۲. ئەگەر نەخۆشییەکی هەبوو دەبێت چارەسەر بکرێت.
۳. سێ کاتژمێر پێش نووستن دەبێ ئاوو شەربەت و شلەمەنی
زۆر کەم بکرێتەوە یان هەر مەیدەرێ.
٤. پێش خەوتن تەوالێتی پێ بکە.
٥. هەر شەوێک خۆی تەڕ نەکرد خەڵاتی بکە.
٦. ۲ بۆ ٤ کاتژمێر دوای خەوتن خەبەری بکەرەوەو تەوالێتی
پێ بکە.
ئەگەر وەڵامی بۆ ئەوانە
نەبوو، لە ماوەی ٣. ٦ مانگدا پێویستە سەردانی پزیشک بکەیت بۆ ئەوەی پزیشک بڕیاری لێ
بدات لەسەر بەکارهێنانی ئەلارم واتە ئاگادارکەرەوە یان بەکارهێنانی دەرمان.
د. پشدەر عهبدوڵا ئیسماعیل
پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی
منداڵان
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە