15/09/2020
588 جار خوێنراوەتەوە
وەڵاھی سەختە كۆچی تۆش !
حەزم لە شینە شینی قووڵ
دڵم قوڵەی دێ بۆ نەوای ئەم غەریبییەم
چاوم دەفڕێ
ھەردوو لێوم لەرزەیانە
لەبەردەم ھێرشی گریەم
حەزم بە ئاھاتی گەرمی ئاسمانییە
سینەم ئەكوڵێ
تامەزرۆی سەفەری دوورم
ژان ئەیگرێ تۆپی ئارەزووی سروورم
بەم ھەواڵەی تۆ دولبەرم
خەریكە ڕۆح
لە جەستەم دەبێتە دوژمن
ھاكا لە تاو كۆچەكەی تۆش
ئیتر ھەواش
حەرام دەبێ لە سینەی من
سەختە كۆچت ئاوازی نەی
دواھەمین شیعری باخی بەی
سەختە بەختیاری تەھلیلەم
كانی بەخوڕی ئەم مەیلەم
وەڵاھی برینە كۆچت
ئاوابوونی خەندەی ڕۆحە
بۆ ئەم زار و ڕازە دیلەم
بار ناكرێ پرسەی ڕەشپۆشت
ناتەوانم
بۆ ھێزی ھەنگاوی ڕێگای
ئەم ھەزار تولەڕێ میلەم
سەختە ئوستازم.. سەوڵی باڵ !
چۆن ئەتوانم دوای سەدای تۆ
دەرچم لە زەنای زەوەندی ئەم زەلیلییەم
ئەمڕۆ یادی مەولودمانە
كێ لە تۆ بە پرشەترە بۆ سروودی ئەم یادنامە
ئەمڕۆ ھەڵھاتنی عەشقە
ھەڵبوونی چرای نازمانە
كێ لە تۆ ئەویندارترە
بۆ قدوومی ئەو بەدرە پڕ لە خەرمانە؟
دە پەیامدار
گوڵدان، شەكرباری سەردار
دە تۆ ئەڵێم عەندەلیبەكەی شاری یار
زوبدەی گوڵی ناو جاڕی خار
یادی ئەو مەقامە بەرزە بە كێ دەدەی
سۆز و ئاوازی ئەو دەنگە عیرفانییەت
بە چ نەوە و چڵەوەفادارێ دەدەی ؟
ئەمڕۆ بێ تۆ
چۆن بسپێرم بە پایزی خەزەڵوەرێ
كە ئیتر بەختم یارنابێ و
سروودی تلوعی شەمسم
بێ ئاسمانی ئاوازی تۆ ھەڵئەوەرێ
ئاری عەبدولەتیف
بۆ كۆچە بە ئازارەكەی ئاوازی ئیمان
م. بەختیار عەبدوڵڵا
٢٠٢٠/٩/١٤
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە