پێش 3 هەفتە 31 جار خوێنراوەتەوە

له‌تێك شیعر و له‌تێك جوانی..!

ره‌وشت محه‌مه‌د
شیعر دوای هه‌موو سه‌ركه‌شی ‌و یاخیبوونه‌كانی، دوای هه‌موو دیوانه‌بوون ‌و شۆڕشه‌كانی دوای هه‌موو فڕین ‌و ئاشقبوونه‌كانی، له‌و سه‌ره‌وه‌ كه‌ دێته‌وه‌ دوو ده‌ستی پڕن له‌ جوانی ‌و ده‌ڵێ‌: هانێ‌ مرۆڤ ئه‌وه‌م بۆ هێنابوی به‌ بێئه‌وه‌ی بڵێ‌ ئه‌وه‌ چییه‌!
خه‌یاڵی مرۆڤ له‌ دێر زه‌مانه‌وه‌ به‌ دوای جوانیدا ده‌گه‌ڕێت، هه‌رسه‌رده‌مه‌ و مرۆڤه‌كان شێوه‌ و ڕێگای خۆیان گرتۆته‌به‌ر بۆ گه‌ڕان به‌ دوای جوانیدا، جوانیی به‌ هه‌ردوو دیوه‌ ئه‌فسوناویه‌كه‌ی خۆیه‌وه‌ دیوه‌ مادی و دیوه‌ مه‌عنه‌ویه‌كه‌شی، هه‌میشه‌ هه‌ر ئامانجی مرۆڤه‌كان بووه‌، له‌ به‌شێك له‌ مێژوی مرۆڤه‌كاندا ئه‌م بابه‌ته‌"جوانی" هێنده‌ سه‌ری كردووه‌ به‌ شێوه‌یه‌ك له‌ شێوه‌كان بووه‌ته‌ ئاینی به‌شێك له‌ مرۆڤه‌كان.

جوانی ده‌بێته‌ سه‌ودای سه‌ری مرۆڤ تا ئه‌و سنووره‌ی شێتی ده‌كات، ده‌یكاته‌ عه‌بقه‌ری، وێڵ ‌و سه‌رگه‌ردانی ده‌كات، ده‌یخاته‌ هاواروناڵه‌، بێده‌نگی ده‌كات، ده‌یكاته‌ داهێنه‌ر، ده‌یخاته‌سه‌ر ڕێگای هونه‌ر، شیعری پێده‌دۆزێته‌وه‌، به‌ بڕوای من بۆ هه‌ریه‌ك له‌ كارو به‌رهه‌مه‌ عه‌قڵی ‌و رۆحییه‌كانی مرۆڤ ئه‌م ئه‌فسونه‌ له‌ پشت مرۆڤه‌وه‌ خه‌ریكی هاندان ‌و دنه‌دانی مرۆڤه‌ (لێره‌ جوانی دڵی بوونه‌، ڕه‌نگی حه‌قیقه‌ت ئه‌گۆڕێ‌، له‌ تاو شه‌رمی جوانیدا شاخ، دڵۆپ دڵۆپ دائه‌چۆڕێ‌)
كاری گه‌وره‌ی شیعر دۆزینه‌وه‌ و دروستكردنی جوانییه‌، ئه‌گه‌ر بڕیاربێ‌ شیعر ده‌ورێ‌ بگێڕێ‌ له‌ ژیانی مرۆڤدا ئه‌وا ئه‌و ئه‌ركه‌ به‌رهه‌مهێنانی جوانییه‌.
ئه‌ی جوانی چییه‌؟ ئه‌و پرسیاره‌ی كه‌ ده‌شێ‌ هێنده‌ی ژماره‌ی مرۆڤه‌كان وه‌ڵامی هه‌بێت، ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌توانێ‌ شتێك له‌م ئه‌فسونه‌نزیكمان بكاته‌وه‌ فه‌لسه‌فه‌ی گرنگیدانه‌ به‌ جوانیی: ئێستاتیكا ـ Aesthatica.

جوانی به‌ به‌رده‌وامی له‌نێو هونه‌ردا كات ‌و فرسه‌تی نومایان بوونی هه‌یه‌، هه‌ربۆیه‌ قسه‌كردن له‌ جوانیی، قسه‌كردنه‌ له‌سه‌ر بابه‌تێك یاخود هونه‌رێك كه‌ ده‌ستی به‌ جوانی گه‌یشتووه‌، په‌یبردن ‌و چێژبردن له‌ جوانیش له‌ كه‌سێكه‌وه‌ بۆ كه‌سێكی تر ده‌گۆرێت، چێژبردن به‌ جوانی به‌ستراوه‌ به‌ ئاستی هه‌ستیاریی ‌و سه‌لیقه‌ی بینه‌ر و خوێنه‌ره‌وه‌، نه‌ك خودی بابه‌ت یان هونه‌ره‌كه‌وه‌، گه‌ر جوانی ته‌نیا په‌یوه‌ندی به‌ بابه‌ته‌وه‌ هه‌بوایه‌ هه‌مووان وه‌ك یه‌ك په‌یمان پێده‌برد، شیعر به‌شێوه‌یه‌ك كاری خۆی ده‌كات تا ئه‌وه‌نده‌ی مومكینه‌ جوانی بۆبه‌ر زه‌ین ‌و چاوی ئێمه‌ بگوازێته‌وه‌، له‌به‌رده‌م هه‌ر شیعرێكیشدا هه‌ركه‌سه‌و هێنده‌ی كه‌ توانای ده‌شكێ‌ ده‌توانێ‌ له‌و جوانییه‌ بخوێنیته‌وه‌، ئه‌مه‌ش كوتكردنه‌وه‌و سنورداركردنی مه‌هامی شیعر نییه‌، هێنده‌ی كه‌ ڕزگاركردنییه‌تی له‌ كارێك كه‌ كاری ئه‌و نییه‌، له‌ ڕابوردوودا زۆرجار ئه‌و كۆڵه‌ نه‌شیاو و قورسانه‌ له‌ شیعر باركراون، په‌یام ‌و باری قورسی كۆمه‌ڵایه‌تی ‌و ئایینی ‌و ته‌نانه‌ت سیاسیش، شیعر ئه‌گه‌ر له‌ حاڵێكدا بچێته‌ نێو ئه‌و بازنانه‌وه‌ له‌وێ‌ ته‌نیا ده‌گه‌ڕێ تا جوانییه‌كانیان هه‌ڵبگرێته‌وه‌، ته‌نیا ئه‌وه‌نده‌ كاری به‌و بابه‌تانه‌وه‌ هه‌یه‌.

هه‌ربۆیه‌ جوانیی بووه‌ته‌ خاڵی به‌یه‌كگه‌یشتن ‌و كۆكردنه‌وه‌ی هونه‌ره‌كان، هه‌روه‌ك بووه‌ته‌ هۆی تێكڵبوون ‌و توانه‌وه‌ی هونه‌ره‌كان له‌ نێو یه‌كتردا، وه‌ك ئه‌وه‌ی كه‌ شتێك له‌ مۆسیقا له‌ نێو شیعر و شێك له‌ شیعر له‌نێو چیرۆك ‌و... تد، به‌و چه‌شنه‌ كه‌ هه‌موو هونه‌ره‌كان به‌شێكیان له‌نێو یه‌كتردا ده‌بینرێته‌وه‌..

 

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

  • پێش 1 هەفتە

    رۆمانی ده‌ریاس و لاشه‌كان سه‌ریاس چۆن هاته‌وه‌و بۆ ونبوو؟

  • پێش 2 هەفتە

    رۆژێک ھەر دێم و پەیامێک دەھێنم

  • پێش 3 هەفتە

    پێغەمبەر ناسی لە ڕوانگەی مەحوییەوە

  • پێش 3 هەفتە

    كاریگەریی تێڕوانینی‌ ئایدۆلۆژی‌ لەسەر کەلتووری‌ کورد

  • پێش 3 هەفتە

    ( ماجەرای‌ بینینی‌ کۆڵان و ژوورەکەی‌ (سوبحانی‌

  • پێش 3 هەفتە

    له‌تێك شیعر و له‌تێك جوانی..!

  • 22/06/2019

    وه‌فایی شاعیر ده‌ناسیت؟

سەرەتا