دکتۆر کەریم شەریف: ھەستدەکەم کۆمەڵگای کوردی لە قۆناغی ھەرزەکاری دایە
23/07/2019
4872 جار خوێنراوەتەوە
دکتۆر کەریم شەریف: ھەستدەکەم کۆمەڵگای کوردی لە قۆناغی ھەرزەکاری دایە
ئامادهكردنی: گروپی گوڵنار
دکتۆر کەریم شەریف قەرەچەتانی مامۆستای زانکۆ و پسپۆری بواری کۆمەڵناسی و دەروونناسی لەم دەمەتەقێیەی گرووپی گوڵناردا باس لە گرنگی و پێگە و کاریگەریی بەھا باڵا و جوانەکانی کۆمەڵگە دەکات و پێی وایە بەھای مرۆڤبوون و ھاوڵاتیبوون لە پێشینەترینی بەھا جوانەکانن.. ئەو پێی وایە کاریگەری تەکنەلۆژیا و سۆشیال میدیا و زنجیرە دراماکان وایکردووە کە خەڵک پشت بکاتە بەھا باڵاکان و ڕێژەی توندوتیژی و ھەڵوەشانەوەی خێزانیمان زیاد بکات.. ئەو پێی وایە پچڕپچڕ و ناتەبایی گوتاریی ئایینیش لە کوردستان ڕۆڵی ھەبووە لە کاڵبوونەوەی بەھاکان و نەمانی خود سەنتەریی و تێریی ڕووح و مەعنەوییەت.. ئەو پێی وایە بەھۆی پابەند نەبوونی تاکەکان بە بەھاکان و نەمانی پەروەردە خێزان بەرەو لێکھەڵەوەشان دەڕوات و کە خێزانیش لێکھەڵوەشا، ئەوسا کۆمەڵگەش بەرەو ھەڵدێر و ھەڵوەشانەوە دەڕوات.. ئەو پێی وایە چارەسەری ئەم دۆخە بریتییە لە: پەروەردە، پەروەردە، پەروەردە!
گوڵنار: کەوایە گرنگی و بایەخی بەھا باڵاکان بۆ کۆمەڵگەی ئێمە چین؟ یا دەتوانن لە کۆمەڵگەی ئێمەدا چ ڕۆڵێک بگێڕن؟
د. کەریم: خۆت دەزانی مرۆڤ بەبێ بەھاکان نەک ھەر ناژی بەڵکو ھەر نابێ، بەتایبەتی بەھای ئەخلاقی، زانست و پێشکەوتنی ھەموو دونیات ھەبێ، ئەگەر ھات و بەھای ئەخلاقی لەگەڵ دا نەبێ کارەساتی لەدوایە، خراپ بەکاردەھێنرێت، بۆیە بە بڕوای من یەکێک ئەخلاقی جوان بێت، بەھا ئەخلاقییەکانی بەرز بن، ئەگەر نەخوێندەواریش بێت بۆ کۆمەڵگە سوودی زۆر زیاترە لەو کەسەی زانا و فەیلەسووفێک بێت بەڵام ئەھای ئەخلاقی لەگەڵ دا نەبێت. چونکە ئەگەر تۆ زانستی ھەموو دونیات ھەبێ بەھای ئەخلاقیت لەگەڵی نەبوو خراپی بەکاردەھێنیت، ژان ژاک ڕۆسۆ لە سەدەی ھەژدەدا دەڵێت: تاوەکو سەقافەت و ڕۆشنبیری بەرز بێتەوە ئەوەندە ئەخلاق نزم دەبێتەوە، چونکە زانستەکە بۆ فڕت و فێل و چەوساندنەوەی خەڵکانی تر بەکاردەھێنرێت.
کەوابێ دەبێ ئێمە جیاوازی بکەین لە نێوان سەقافەت و زانست دا. ئێستا سەرنجی دۆناڵد ترامپ بدەن، قوەت و ھێزی ھەیە، بەڵام چونکە قیەم و ئەخلاقەکەی وەک ئاستە مرۆڤایەتییەکە نییە، دەبینی ھەرچی بوێ ئەوە دەکا، بە ئاشکرا دەڵێت: من پارەی نەوتی عێراق دەبەم، بە ئاشکرا بە سعوودییە دەڵێت: بە شەق پارەت لێدەسەنم! ئەمە چ قیەم و بەھایەکی ئەخلاقی و ئاسمانی ھەیە ڕێ بە تۆ دەدات کە ماڵی خەڵکی بەری، نەوتی خەڵکی بۆ بەرژەوەندی خۆت بفرۆشی، ژێر زەوییەکەی بەری. بۆیە ئەمە دەسەڵاتەکەی ھەیە بەڵام قیەمە ئەخلاقییەکەی لەگەڵ دا نییە، مافی مرۆڤ و ڕێزگرتن و سەربەخۆیی و دادوەریی و ئەمانەی لەگەڵ دا نییە، تەنانەت لەو ئەمریکایەش دا ھەزارەھا کەس ھەن سواڵ دەکەن و لە برسان دا مردوون، بەڵام چینێکی زۆر کەم ئەو ھەموو خەڵک و جیھانە دەبات بەڕێوە، من خوشک و برام لەوێ نیشتەجێن دەڵێن: لە زۆربەی خوێندکارەکانی ئەوان زیرەکترین، بەس ئەوەیە ئەوان نوخبەیەکن و پێشڕەوایەتی ئەو وڵاتە دەکەن و دەیبەن بەڕێوە، زۆربەشیان لەوانەن کە لە وەکالەتی ناسان و ئەم ھەموو لێکۆڵینەوە و داھێنان و تەکنەلۆجیایە بەرھەم دەھێنن، لە کاتێک دا زۆربەی ئەو داھێنەرانەش لە وڵاتی ئیسلامیی و ڕۆژھەڵات و لای ئێمەوە ڕاو نراون و چوون بۆ ئەوێ لەوێ شوێنیان بۆ کردوونەتەوە و بەکاریان ھێناون و خزمەتیان پێدەکەن.
گوڵنار: زۆرجار کورد ھەوڵی ھێنانی کەلتوور و بەھای بێگانە دەدات، یا بەھۆی جل و بەرگەکەیەوە بێت، یا لە ڕێی سۆشیال میدیا و تەکنەلۆژیاوە بێت، یا لە شێوازی ژیانی ڕۆژانەی دا ڕەنگ دەداتەوە، یا بە خۆراک و جل و بەرگەکەیەوە دیارە، ئایا کورد خۆی کەمی بەھا و کەلتووری ھەیە تا پێویستی بە کەلتوور و بەھای بێگانە بێت؟
د. کەریم: تۆ کە دەڵێی بەھا، بەھای مرۆڤایەتی ھەموو مرۆڤێک دەگرێتەوە، ئێستا کۆمەڵێک قییەم و بەھا ھەیە ھاوبەشە لەنێوان ھەموو مرۆڤەکان دا، بۆیە من ئەگەر بەھایەکی بێگانە خزمەتی کەلتوورەکەم (کەلتوورە ڕاستەکەی خۆم، چونکە کەلتووریش ھەڵەی زۆری تیایە) دەکات، وە ئەگەر ئەو بەھایە خزمەتی قییەم و بەھا ئەخلاقی و مرۆڤییەکانم دەکا، ئەو کاتە نەک لە ئەورووپا و ئەمریکا، ئەگەر لە ئیسرائیل و باشووری ئەفریقاش بێت دەیھێنم، چونکە سوودمەند دەبم لێی، چونکە ئەوە بەرھەمی ئەقڵی مرۆڤایەتییە، بەڵام کاتێک قییەم و بەھایەک نەک لە ئەورووپاوە ئەگەر لە براکەمەوە ھاتبێت یا لە دراوسێکەمەوە ھاتبێت، گەر بزانم دەبێتە ھۆی ڕووخاندنی ئەو بەھا و قییەمانەی کە چاکن و من باوەڕم پێیانە جێبەجێی ناکەم، ئەمە پەیوەندی بەجۆری بەھاکانەوە ھەیە، دوای ئەو زنجیرە دراما و ھونەرمەند ھێنان و ڤیستیڤاڵە جۆراوجۆرەکان کە ھەن، ئەگەر بێت و لە خزمەتی تاکی کوردە، لە خزمەتی نەتەوەی کوردە، لە خزمەتی ئاسایشی کوردە، لە خزمەتی مرۆڤایەتی دا بێت، دەیکەم و قبووڵیان دەکەم، کێشەم نییە لە کوێوە ھاتوون و ھی کێن! بەڵام کە شتێک بزانم ئەمە ئەخلاقم تێک دەدات، بزانم کە خێزانم تێک دەدات، بزانم کێشەی خێزانیم بۆ درووست دەکات، بزانم کۆمەڵێک قییەمی جوانم ھەیە دەیشێوێنێ کە باو و باپیرانمان بە چنگەکڕێ ھێناوییانە و گەیاندوویانە بە دەستی ئێمە، من ئەو بەھایە ڕەفز دەکەمەوە، من باسی دەرەوە و زنجیرە دراماکان ناکەم، باسی جۆری بەھاکە دەکەم، ئیتر کێشە نییە لە چ سەرچاوەیەکەوە ھاتووە یا بەرھەمی چ کەسایەتییەکە؟ تۆ بۆ ھەر باسی زنجیرە درامای بیانی دەکەی، جاری وا ھەیە لە تەلەفزیۆنە ناوخۆییەکان دا زنجیرەی وا لێدەدرێت، گۆرانی کوردی وا دەگوترێت کە زۆر لە ھی دەرەوە خراپترە، قییەمی وا خراپی تێدایە کە بەرەو لادانت دەبات، ئەوە پەیوەندی بە ئەورووپا و زنجیرە درامای تورکییەوە نییە، پەیوەندی بە جۆری بەھاکانەوە ھەیە کە دەیچێنێ، لە ئێستادا لایەن ھەیە، ڕێکخراو ھەیە، میدیا ھەیە، حیزب ھەیە لەم کوردستانەدا شتی وا بڵاو دەکاتەوە ھیچ زنجیرە درامایەکی تورکی بەو شێوە ناشیرینە بڵاوی ناکاتەوە بەڵام تۆش پێی نازانی، ژەھرێکت پێدەنۆشێ لەناو ھەنگوین دایە، تا لێی ورد نەبیتەوە نازانی دەرەنجامەکەی چۆنە. جا لەبەر ئەوە ھەر شتێک لە ناوخۆ بێت یا لە دەرەوە بێت بە بەرژەوەندی من و نەتەوەکەم و مرۆڤایەتی تەواو بوو، من لەگەڵیام و بە بەھای درووستی کۆمەڵگەی دەزانم، ئینجا ھەموو کەس دەزانێ شتە جوانەکان و بەھا باڵاکان چین، کێ ھەیە نەزانێ چی خراپە و چی باشە؟ بۆیە ھەر بەھایەک دژی ئەخلاقی نەتەوەکەم و خۆم و مرۆڤایەتی بێت منیش دژی دەوەستمەوە!
گوڵنار: چی بکرێت بۆ دووبارە گێڕانەوەی ئەو بەھا و ڕەھەندە ئەخلاقی و مەعنەویی و ڕووحییەی کە پێویستە تاک ھەیبێت و لەدەستی داوە؟
د. کەریم: سەرەتا دەبێ ھەموومان ڕێک بکەوین فەلسەفەیەکی پەروەردەییمان ھەبێت، من زۆرجار ئەو گلەییەم لە وەزارەتی پەروەردە کردووە کە تاوەکو ئێستا وەزارەتی پەروەردە لە کوردستان دا فەلسەفەیەکی پەروەردەیی نییە، واتە وەزارەتی پەروەردە دەیەوێ تاکی کورد چۆن پەروەردە بکات؟ پرسیار لە وەزیری وەزارەتی پەروەردە بکە و بڵێ بزانم چۆن ئەو تاکە پەروەردە دەکەیت کە دوو ساڵی باخچەی ساوایان و نۆ ساڵی بنەڕەتی و سێ ساڵی ئامادەییەکەی لای تۆیە، دەکرێ پێمان بڵێی ئەم گەنجە کە ھات بۆ زانکۆ چۆن پەروەردە بووە؟ چ بەھایەکی ھەبێت؟ ئایا کەسێکی عەلمانی بێت؟ کەسێکی ئایینپەروەر بێت؟ ئایینپەروەرێکی وەھابی بێت؟ ئایینپەروەرێکی میانڕەو بێت؟ سوننی بێت یا شیعە بێت؟ نەتەوەیی بێت؟ نیمانە! وەڵام وەرناگریت.! فەلسەفەی پەروەردەمان نییە. پرۆگرامی وامان ھەیە لە خوێندنگەکان دا لە تیۆری داروینەوە وەرگیراوە، ئێ دەزانین ئەوە ماددیە، ئایینەکەش لەولاوە دەڵێت: خوا مرۆڤی لە قوڕ درووستکردووە، خوێندکاریش نازانێ بڕوا بە کامیان بکات، بەڵام لە شوێنێکی وەک ئەمریکا فەلسەفەیەکیان ھەیە پێی دەگوترێت: فەلسەفەی پراگماتیکی، ھەر ھەموو وانەکانی مێژوو و جوگرافیا و ئایین لەو فەلسەفەیەوە سەرچاوەی گرتووە، ھیچ شتێکی دژ بەیەک نادۆزیتەوە، کەواتە دەبێت یەکەم شت فەلسەفەیەکی پەروەردەییمان ھەبێت کە تاکی کوردی لەسەر پەروەردە بکرێت و بشڵێین کە دەمانەوێت تاکی کورد ببێ بە چی؟ ئەگەر کەسێکی وەھابی دەرچێ، ئەی باشە چی لەو ھەموو شیعە و مەسیحیی و جیاوازانەی تر دەکات؟ ئایا کەسێک دەرچێت ھەرچی کافر بوو دەبێ فیدیە بدات و بیکوژیت؟ ئەی ئەگەر وابێـت (لااکراە فی الدین) چی لێ بکەین؟ لەبەر ئەوە کاکە گیان ئایینەکەشمان ھەمووی تێکچووە، لە سەردەمی ئەمەوییەکان و عەبباسییەکانەوە خەڵک ھاتووە و ھەر لایەی کۆمەڵێکی ھێناوە و لە بەرژەوەندی خۆیی و گرووپەکەی شتی زیاد و کەم کردووە. تۆ ببینە چی لە فەرموودەی پێغەمبەر دەکەن، چەند ھەزار فەرموودەی پێغەمبەر بەناو و بیانووی جیا جیاوە لەناوبران؟ ئیتر نازانی ئایینەکە کامەی ڕاستە و کامەی ھەڵەیە؟ ئەوەش حیزبە ئیسلامییەکان، ئەوەش ڕاگەیاندنەکانت، ئەوەش خێزانەکانت، ئەوەش تاکەکانت! ئێ دەتەوێ مرۆڤی داماو چی لێ دەرچێت؟ ئەوەی لێ دەردەچێت کە دەیبینیت! بێگومان تاکیش لە بۆشیایی ڕووحی دا ناچارە لاسایی ئەم و ئەو بکاتەوە، ھەر لە ماڵەوە ھەر منداڵێک کەمێک بێناز و بێ ئەرزش سەیری بکە، لە دەرەوە ھەرکەس بزەیەکی بۆ کرد ئەویش دەچێتە باوەشی ئەوەوە!
گوڵنار: لەم دۆخەدا ئەرکی تاک خۆی چییە؟ پێویستە تاک چی بکات؟
د. کەریم: تاک چی بکات؟ ئەقڵی چی گرت ئەوە ھەڵدەبژێرێت، من موسڵمانێکم دەبینم بۆ یەک بۆچوون دەیان فەتوا و ڕای جیاواز ھەیە، ئێ سەرم لێ تێک دەچێ و نازانم بەگوێی کامیان بکەم، بۆ نموونە لە کاتی ھەڵبژاردن بۆ دەستوور خۆتان گوێتان لێ نەبوو کە سیستانی بە ئایەتی قورئان دەیگوت: ئەوەی نەچێت بۆ ھەڵبژاردن کافرە! لە بەرامبەریش دا زانایانی سوننە بە ئایەتی قورئان بەرپەرچیان نەدایەوە گوتیان: ئەوەی بچێ بۆ ئەو ھەڵبژاردنە کافرە! بۆیە دەبینی ئایینەکە ئیستغلال کراوە و ھەر کەسە و بۆ بەرژەوەندی خۆی بەکاری دەھێنێت. ئەوەتا من پرۆفیسۆرێکم و مامۆستای زانکۆم سەرم لێ تێک چووە، چ جای بگات بە گەنجێکی کەم ئەزموون و موراھیق یا منداڵ و نەخوێندەوارێک. ھەر ئێمەش نین کۆی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست وای لێھاتووە. بۆیە کۆمەڵگەی کوردی وا شێواوە بەسەر یەک دا.
گوڵنار: کەوایە شیرازەپسان و ھەڵوەشانەوەی خێزان و زیادبوونی توندوتیژییە خێزانییەکان تا چەندی پەیوەندی بە بەھا باڵاکانی کۆمەڵگەی کوردییەوە ھەیە؟
د. کەریم: لە ئێستادا خۆم توێژینەوەیەکم کردووە و دەمەوێ کاری لەسەر بکەم و بیدەم بە وەزارەتی پەروەردە، کە دەبێ ڕێگایەک دابنرێت چۆن لە یابان ھەیە (ڕێگایەک بەرەو ئەخلاق) لە یەکی بنەڕەتییەوە دەخوێنرێت تا پۆلی نۆ، دەبێ دابنیشین جارێکی تر پەروەدە بکەینەوە بە پێشینەی ئامانج و کارەکانمان، زۆرجار گلەیی لە وەزارەتی پەروەردە دەکەم و دەڵێم تۆ وازت لە پەروەردە ھێناوە و تەنھا خەریکی فێرکردنی، ئێمە پەروەردەی کەسەکان ناکەین، ڕەھەندی کەسایەتییان و ئەخلاقییان بەرز ناکەینەوە، کامەیە پەروەردە؟ باسی (پاک و خاوێنی لە ئیمانەوەیە)ی بۆ دەکات بەڵام فێرکردنە نەک پەرورەدەکردن لەسەری، قوتابیش لەبەری کردووە و مامۆستاش لە کۆی دە نمرە دەی پێ داوە، بەڵام سەیری بکە زۆر پیس و چڵمنە، دەبێ تۆ فێری بکەی خۆی پاک ڕاگرێ، دەم و چاوی بشوا، جانتاکەی و ژوورەکەی پاک بکاتەوە، کتێبەکەی بەرگ تێ بگرێ ئینجا دە لە دەی دەدەمێ، نەک ئەوەی کە لەبەری بکات و تۆش دە لە دەی بدەیتێ. (بەھەشت لەژێر پێی دایکان دایە) قوتابی لەبەری کردووە و دە لە دەی پێ وەردەگرێ، بەڵام کوا پەروەردەکە؟ کاکم دەڕواتەوە لە ماڵەوە شەق لە دایکی ھەڵدەدا!! وەرە فێری بکە دەستی دایکی ماچ بکا، ڕێزی دایکی بگرێ، ڕێزی خوشک و برا گەورەکەی بگرێ، ڕێزی مامۆستاکەی بگرێ ئینجا دە لە دەی دەدەمێ. لەبەر ئەوە پەروەردەمان نییە یا زۆر زۆر لاوازە، ڕاگەیاندنەکان دەبێ یاسایەکیان بۆ دابنرێت، چونکە لە ئێستادا ھەریەکە و بە ئارەزووی خۆی بابەتەکە بڵاو دەکاتەوە، وەزارەتی ڕۆشنبیری کە زمانی حکومەتە زمانی نییە، ھیچ کەناڵێکی نییە، کەچی بازرگانێک پێنج کەناڵی ھەیە، ئەمە کارەساتە، تۆ حکومەتی و بەرپرسی لەم خەڵکە کەچی زمانت نەبێ، کەڕ و لاڵ بیت و بە ئاماژە قسەی لەگەڵ دا بکەی، وەزیرەکەت بچێ لە کەناڵێکی حیزبەکان دەربکەوێ و قسە بکات، حیزبەکانیش وەک خۆت دەزانی ھەر یەکە و پەیامی تایبەتی خۆی ھەیە و جیاوازە لە پەیامی کۆمەڵگە و خەڵکی، بەڵام کێشە و داخی من ئەوەیە من تا ئێستا ئەو ئیرادەیە نابینم کە بێت ئیش لەسەر ئەو پرەنسیپانە بکات، سەیری خێزان دەکەیت ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو کێشەی زیاتر دەچێ، بڕۆ بۆ دادگاکان ڕۆژ بە ڕۆژ ڕێژەی جیابوونەوە زیاد دەکات.
گوڵنار: ھۆکاری ئەوە چییە؟
د. کەریم: ھۆکار ھەمووی ئەو سەتەلایت و زنجیرە درامایانەیە، ئەو ھەموو فەیسبووک و ئینتەرنێتەیە، لە تەمەنێکی بچووک دا شوو دەکات و ژن دەھێنێت، بە ناڕەوا و لەسەر بنەمایەکی نا زانستی ھاوسەرگیری دەکات، شارەزایی نییە لە پەروەردەی منداڵ دا، شارەزایی نییە لە سایکۆلۆژیای ژن و پیاودا، چل ساڵە ھاوار دەکەین و باسی ئەو شتانە و مەترسییەکانیان دەکەین، بیست و چوار کتێبم نووسیوە ھەمووی باسی ھۆکاری ئەو دەرد و کێشانە دەکەم لەگەڵ چارەسەریان.
گوڵنار: مەترسی پەرت پەرت بوون و ھەڵوەشانەوەی خێزانەکان لەسەر کۆمەڵگە و تاک و خودی خێزان خۆی چییە؟
د. کەریم: پێش ھەموو شت منداڵ دەبێت بەقوربانی، منداڵ لەنێوان دایک و باوک دا دەفەوتێ و نموونەمان زۆر لایە، ژنەکەش خۆی زەرەرمەند دەبێت، چونکە لە کۆمەڵگەی ئێمەدا ژنێک کە تەڵاق درا بە ئاسانی شوو ناکاتەوە، پیاویش ئەگەر ژنی دووەم بھێنێتەوە منداڵەکەی بۆی کێشە بە نیسبەت ژنی دووەمییەوە و لایەنی دەروونیشی ھیچکات ئارام نابێتەوە، دوای ئەوە کۆمەڵگەش کۆمەڵێک خێزانە، کۆمەڵگاش بەرەو لێکترازان دەڕوا، کێشەی کۆمەڵایەتی درووست دەبێت لە نێوان ئەم بەرەبابانەدا، قەناعەتم وایە لە ھەر شوێنێک عونسورێکی شەڕ ھەبێت زەرەر لە ھەموومان دەدات، با دراوسێشت نەبێ، لە مەکتەب شەڕ لەگەڵ منداڵەکەت دا دەکات، لە کۆڵان شوختێک لە سەیارەکەت دەکات، کێشەیەک درووست دەکات. سرووشی مرۆڤیش وایە کە ڕەھەندی خێر و شەڕمان تێدایە، کۆمەڵگەی ئێمەش ھەمیشە شوێنی شەڕ و ململانێ بووە بۆیە ھەمیشە شەڕەکە زاڵە، تۆوی شەڕەکەمان سەوز کردووە، تۆوی خێرەکە ھەر بە سەوز نەبوویی ماوەتەوە.
گوڵنار: بەھا باڵاکان لەم دۆخەدا دەتوانن چیمان بۆ بکەن؟
د. کەریم: یەکێک برسی بوو ناتوانێت دادپەروەر بێت، وێڵ دەبێت و دەچێت لوقمە نانێک دەدزێت تا خۆی تێر بکات، ئێمە تیۆری ماسلۆمان ھەیە کە پێداویستییەکانی مرۆڤی دابەشکردووە، یەکەم پێداویستی بریتییە لە: پێداویستییە سەرەتاییەکان کە نابێ خەڵک تینوو و برسی بن، ئاوی ھەبێت، کارەبای ھەبێت، ئەمانە سەرەتایین، دووەم ھەست بە ئەمان بکات، سێیەم خۆشەویستییە، چوارەم ئینتیمایە بۆ وڵاتەکەی، پێنجەم تەحقیقی دادە، ئەم بینایەی ئێمە لە بناغەوە و لە نھۆمی یەکەم و دووەمەوە کێشەی تێدایە، تۆش باسی نھۆمی چوارەم و پێنجەمم بۆ دەکەیت؟! خۆ بینا لەسەر ئەو بۆشاییە درووست نابێت، ھەر دەبێت لەسەر ئەو بناغە پتەوە درووست بکرێت.
گوڵنار: کام یەک لە بوارەکان دەتوانێت بەرگ و گرنگییەک بۆ بەھا باڵاکان بگێڕێتەوە؟
د. کەریم: پەروەردە، پەروەردە، پەروەردە! تەنانەت لە ئایین و سیاسەتیش دا پێویستە پەروەردەی ئایینی و سیاسیی ھەبێت، واتە ئەو ڕەھەندە خێرەی کە خوا لە مرۆڤی دا درووست کردووە ھەر ئەوە سەوز بکەیت.
گوڵنار: کەوایە با واز لە زانکۆ و خوێندنگە و کۆمەڵگە و کۆڵان بھێنین، بۆچی لەناو خێزان دا پەروەردە نەماوە؟
د. کەریم: کە ئەم ژن و پیاوە لەسەر بنەمایەکی زانستی ھاوسەرگیریان نەکردبێت، ناتوانن منداڵ پەروەردە بکەن، سایکۆلۆژیای منداڵ چووزانن، توندوتیژی بەرامبەر دەکا، لێی دەدا، دوو تەربییەت دەبێت، نازدار بەخێوی دەکات منداڵەکە سەری لێ تێک دەچێت، سایکۆلۆژیای ژن نازانێ و نازانێ ژن چۆن بیر دەکاتەوە، سایکۆلۆژیای پیاو نازانێت و نازانێ پیاو چی دەوێ و چۆن بیر دەکاتەوە؟ ئەگەر ژن و پیاو لە یەک تێگەیشتن تەڵاق کەم دەبێتەوە، توندوتیژی کەم دەبێتەوە، ئەوە پەروەردەی خێزانە، ئەوەش وەزعی خوێندنگەمان، ڕاگەیاندنمان ئەوە باروودۆخەکەیەتی، سەیری مزگەوت و شوێنەکانی خواپەرستیمان بکە مامۆستایان دژی یەکتر دەوەستنەوە. مامۆستایەک کە کەمێک میانڕەو بێت مامۆستایەکی تری توندڕەو ڕووبەڕووی دەبێتەوە و دەیان قسەی نەشیاوی پێ دەڵێت، وەرە لە ماڵەوە باوک شتێک بڵێت و دایک پێچەوانەکەی بجووڵێتەوە بزانە منداڵ چی بەسەر دێت؟
گوڵنار: لە سەردەمی جیھانگەرایی و ماددە و مۆدێلگەرایی دا، گەڕانەوە بۆ خود و بەھا باڵاکان و ڕەھەندە ئەخلاقی و ڕووحییەکان تا چەند گرنگە؟
د. کەریم: مرۆڤ ئەگەر بە تەنھاش بێـت و لە ئەشکەوتێکیش دا بێت ھەر ئایینێک بۆ خۆی پەیدا دەکات بۆ تێرکردنی بەھا ڕووحییەکانی، چونکە کۆمەڵێک پرسیارە و بەدوای وەڵامەکەیاندا دەگەڕێ: من چیم؟ بۆ کوێ دەچم؟ چیم بەسەر دێ؟ کێ درووستی کردوووم؟ کەوایە ئایین پێویستە بەڵام ئەو ئایینە بەو مانایە نا کە ئێستا وایان لێکردووە و ھەر کەسە و بەلای خۆی دا ڕادەکێشێ، ئایینێک کە پەیوەندی لە نێوان مرۆڤ و درووستکاری خۆی دا درووست بکات، کە ڕەھەندی ڕووحییەکەی ئەمانی دەست بکەوێت، وەڵامی بەشێک لە پرسیارەکانی دەست بکەوێ کە لە مێشکی دان، ئەوەش لە ئاو و نانەکە بۆی گرنگترە.
گوڵنار: کۆمەڵگەی ئێمە کۆمەڵگەیەکی پەرتەوازەیە، ئایا چەمکی کوردایەتی ئەو بەھایەی بۆ ھێڵراوەتەوە کە ببێتە کۆکەرەوەی ھەموومان و نەھێشتنی ئەو ھەموو جیاوازییەی کە ھەیە؟
د. کەریم: مەسەلەی کوردایەتی ئەگەر بڵێم لە سەردەمی حیزبی بەعس دا باشتر بوو بەدڵنیاییەوە ڕاست دەردەچێت، من لەگەڵ ڕێکخراوی (کیدۆ)دا توێژینەوەیەکمان کرد لەسەر چەمکی (ھاوڵاتیبوون)، لە سەدا حەفتا بەسەرەوە، واتە سێیەکی ئەو گەنجانەی کە دیدارمان لەگەڵ کردوون باوەڕی بە پێشمەرگە نەماوە، پێی دەڵێت: میلیشیایە! پێی وایە پاسەوانی باغ و ڤێلا و بەرپرسێکە، بازگەیەکی گومرگ دانیشتووە پێی وایە کە دزی لێدەکات، پێشمەرگەی پاک شێوا، پێشمەرگە خۆی پاکە، بەڵام کەسانێکی پیس ھاتن ناوی پێشمەرگەیان لە خۆیان نا و پێشمەرگەشیان شێواند، ساڵی ٩١ کە ڕاپەڕین کرا و خەڵک پێشمەرگەی دەبینی دەگریان، ئەوەندە جۆش و حەماسەتی تێدا بوو، دەی ئەوەتا ئێستا خەڵک ھەر بەرپرسێک دەبینێ جنێوی پێ دەدات، خۆشیان لە خۆشیان بێزارن، حەز ناکەن دەربچن، ناتوانن بچنە ناو کۆڕ و کۆبوونەوەکەیەکەوە، چی وای لێکردن؟ ھەمووی ئەو گەندەڵی و دزی و ستەم و ناعەدالەتییەی کە ئێستا ھەیە و ئەنجامی دەدەن، ئیتر کوردبوون چییە کە دەبینێ ئەو ھەموو جیاوازییە ھەیە لەنێوان دوو تاکی کورددا؟ بە قەناعەتی من کوردایەتی و نەوایەتی قۆناغێکە لە قۆناغەکانی مرۆڤایەتی، دەبێ ئێستا ھەوڵ بدەیت بچیتە دوای ئەو قۆناغەوە، ئەگەر ھەر یەکە و قەومییەتێکی ھەبێت ئەو کاتە عونسورییەت درووست دەبێت، فارس بۆ خۆی و عەرەب بۆ خۆی و کورد بۆ خۆی و تورک بۆ خۆی، پێم وایە ئەگەر بگەینە سەردەمێک خەڵک ھێندە ھۆشیار بێت، چەمکی ھاوڵاتیبوون باشترین چەمکە کە لەسەری ڕێک بکەوین و بیکەینە خاڵی ھاوبەشمان و ھەوێنی ژیانمان، واتە دەوڵەت کێ دەیبات بەڕێوە با بیبات بەڕێوە کێشە نییە عەلمانییە یا ئیسلامییە، بەس گرنگ ئەوەیە وەک مرۆڤێک یاسایەک ھەبێت ئەرک و مافم بۆ دابنێت و پارێزراو بن، ئێستا دەبینین زۆربەی وڵاتانی ئەورووپا عەلمانین، خەڵکەکە لێرە ڕێی پێ بدە کەس لەم کوردستانە نامێنێ و ھەمووی دەڕوا بۆ ئەوێ، بۆچی؟ چونکە کە چوویتە سوید تۆ وەکو کوردێک لەگەڵ کوڕی پادشای سوید دا جیاوازیت نییە لە یاسادا! ئێ خەڵکیش ئەوەی دەوێ، من لێرە براکەم بەرپرس بێت و مافی من بخوا و بمچەوسێنێتەوە ئیتر برایەتی چی؟! کەواتە چەمک و بەھای ھاوڵاتیبوون زۆر زۆر گرنگە ئەگەر ئێمە بتوانین ئەوە بکەین و کاری لەسەر بکەین و کاری بۆ بکەین.
گوڵنار: لەبارەی بەھا باڵاکان و گرنگیان بۆ کۆمەڵگە کۆتا قسەی خۆت بکە؟
د. کەریم: بەھا باڵاکان و قییەمە ئەخلاقییەکان عەموودی فەقەری کۆمەڵگە و تاکن، ھەتا بەھای ئەخلاقی گەشە بکات و بچێتە پێشەوە و بتوانین لەناو دڵ و دەروونی منداڵ و گەنج و ھەرزەکاردا گەشەی پێ بدەین، ئەوەندەش لادان و سەرەڕۆیی کەم دەبێتەوە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە