01/08/2020
308 جار خوێنراوەتەوە
سەرکۆماری لوبنان: ئیسڕائیل، بڕیارەکانی ئەنجوومەنی ئاسایش پێشێل دەکات
سەرکۆماری لوبنان، میشێل عەون رایگەیاند: "ئیسڕائیل، بەردەوامە لە پێشێل کردنی بڕیاری ژمارە ١٧٠١ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان. ئێمە جەخت لەوە دەکەینەوە کە پابەند بووین بە بڕیارەکەوە و رێزمان لە چارەسەر کردنی کێشەکان لەژێر چاودێری نەتەوە یەکگرتووەکان گرتووە".
سەرکۆماری لوبنان ئەوەشی دووپاتکردەوە کە بەرگری لە خاک و سەروەری وڵاتەکەیان دەکەن و هیچ سازشێک لەسەر ئەو بابەتە ناکەن.
ناوبراو باسی لەو قەیرانە ئابوورییەش کرد کە بەرۆکی وڵاتەکەی گرتوە و وتی: "ئەو شەڕەی ئەمڕۆ لوبنان-ی تێکەوتووە زۆر لە شەڕی سەربازی سەختترە چونکە ئەم شەڕە کاریگەری لەسەر نان و بژێوی لوبنانییەکان هەیە و هەڕەشە لە ئایندەی روڵەکانی وڵاتەکەمان دەکات".
عەون ئەوەشی ئاشکرا کرد لەم شەڕەدا دوژمنانی لوبنان زیادیان کردووە و لە پێش هەمووشیانەوە گەندەڵکاران دێن کە بریتین لەو کەسانەی بۆ قازانجی خۆیان نانی هاووڵاتییان قۆرغ دەکەن، ئەوانەشی یارمەتیدەر دەبن بۆ ئەوەی دراوی نیشتیمانی بەرامبەر دۆلار بەهای خۆی لەدەست بدات یاخود هەواڵ و پڕوپاگەندەی نائومێدکەر بڵاو دەکەنەوە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە