16/07/2020 1042 جار خوێنراوەتەوە

وەزیری پەروەردە راگەیەندراوێکی لە بارەی مامۆستا کەلەپچەکراوەکەی کەرکوک بڵاوکردەوە

په‌یام

وەزیری پەروەردەی ھەرێمی کوردستان، ئالان حەمەسەعید راگەیەندراوێکی لەبارەی مامۆستا کەلەپچەکراوەکەی کەرکووک لە نەخۆشخانە بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوە کردووە کە بەدوای ئەم کەیسەدا دەچێت و دەست بەرداری نابێت، ھەموو پشتیوانییەکی ماددی و مەعنەویشی بۆ مامۆستا محەممەد دەربڕیووە. 

لە راگەیەنراوەکەی ئالان حەمە سەعید-دا هاتووە "پاش ئەوەی رۆژی ١٣ی تەمووز ڤیدیۆیەکی ناخھەژێن و دوور لە ھەموو بەھایەکی مرۆڤایەتی لە سۆشیال میدیا بڵاوکرایەوە کە تیایدا مامۆستایەکی میلاکی وەزارەتمان (خوێندنی کوردی) لە پارێزگای کەرکووک بە کەلەپچەکراوی بە بێدێکی نەخۆشخانەوەیە و لە کاتێکدا خێزانەکەی بەناوی مونا بە ڤایرۆسی کۆرۆنا کۆچی دوایی کرد و وێرای سەرەخۆشیمان بۆ مامۆستا محەمەد، دەمەوێت بە هەموو لایەکی رابگەیەنم کە وەک وەزیری پەروەردە یەکەم کەس بووم ھەمان شەو خاوەندارێتی ئەم کەیسەم گرتە ئەستۆ. لەگەڵ وەزیری پەروەردەی حکوومەتی فیدرال قسەم کرد و داوای تەداخولی خێرام لێی کرد لەڕێگای وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی عێراقی فیدرالەوە".

وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان راشیگەیاندووە کە سێجار پەیوەندیی تەلەفۆنیی لەگەڵ وەزیری پەروەردەی عێراق، عەلی حەمید ئەنجام داوە و ھاوکار بووە و بابەتەکەی گەیاندووە بە وەزیری تەندروستیی عێراقی فیدرال و بڕیاری بەدواداچوونی جددییان داوە.
وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان، ئالان حەمە سەعید جەختی لەوەیش کردووەتەوە کە بەدوای کەیسەکەوەیە و دەستبەرداری نابێت و دەشڵێت "بەدوای ئەم کەیسەدا دەچم و دەست بەرداری نابم، ھەموو پشتیوانییەکی ماددی و مەعنەویشم بۆ مامۆستا محەمەد و خانەوادەکەی دەربڕیووە. ئامادەیم دەربڕیووە وەک وەزیری پەروەردە بریکارە یاساییەکانم رابسپێرم ھاوکاری بن لەڕووی یاساییەوە. ئەگەر مامۆستا محەمەدیش داوای یاسایی تۆماربکات ھەموو پاڵپشتیەکی دەکەم و ئەوەی پێویست بێت لەھەموو روویەکەوە بۆی ئەنجام دەدەم".

لەبارەی پێبژاردنی ئەو ئامێرە پزیشکییەی کە لەلایەن هاوسەری کۆچکردووەکەوە شکێنرابوو، وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت "بە مامۆستا محەمەد و خانەوادەکەی دەڵێم کە لە پێبژاردنی ئەو ئامێرەی زیانی پێگەیشتووە ئەوان تەنھا نین و تەحەمولی ئەو پێبژاردنە، کاک مسرور بارزانی بەشەخسی دەیکات".

درەنگانێکی شەوی یەکشەممە مامۆستا محەمەد کە خۆی و هاوسەرەکەی تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ بوون، دوای دەمەقاڵییەک لەگەڵ کارمەندانی نەخۆشخانەکە، ئامێرێکی هەناسەدان دەشکێنێت و ئەوە دەبێتە هۆی ئەوەی پاسەوانان و پۆلیسی کەرکووک لە شوێنی رووداوەکە ئامادە بن و دەستی نەخۆشەکە لە قەد قەڕەوێڵەی هاوسەرەکەی ببەستنەوە و دوای چەند چرکەیەک لەبەرچاوی ئەو، هاوسەرەکەی گیان لەدەست دەدات، بەڵام ئەو بەند دەکرێت و رێگایشی پێ نادەن ئامادەی بەخاکسپاردنی هاوسەرەکەی بێت.
ئەو پرسە نیگەرانی رای گشتیی بەدوای خۆیدا هێناو و مامۆستایانی زمانی کوردی لەبەردەم نەخۆشخانەی گشتیی کەرکووک گردبوونەوە و پشتیوانی خۆیان بۆ مامۆستا محەمەد دەربڕی کە هاوپیشەیانە و داوایان لە بەرپرسانی پارێزگاکە کرد لەسەر ئەم کەیسە، بێنە دەنگ.
هەروەها بەڕێوبەری گشتیی فەرمانگەی تەندروستیی کەرکووک، زیاد جبوری رایگەیاند، لێکۆڵینەوەیان لەو رووداوە دەست پێ کردووە و خۆیشی سەرپەرشتی لێکۆڵینەوەکە دەکات، دەشڵێت "ئەگەر دوای لێکۆڵینەوەکان هەرکەس کەمتەخەم بووبێت ئەوا رووبەڕووی یاسای دەکەینەوە".
مامۆستا محەمەد جەباری مامۆستایە لە ناحیەی سەرگەڕان سەربە قەزای دووبز سنووری پارێزگای کەرکووک و مونا ئیسماعیلی هاوسەریشی یاریدەدەری بەڕێوبەر بوو لە کۆمپانیای غازی باکوور و خاوەنی دوو منداڵن.  

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

  • 1 رۆژ پێش ئێستا

    کۆڕەک تیلیکۆم داوا لە سەرۆکوەزیران دەکات مافیان بۆ بگەڕێنێتەوە

  • 1 رۆژ پێش ئێستا

    مەسرور بارزانی: هەرێمی کوردستان نابێتە بەشێک لە هیچ ململانێیەکی ناوچەیی

  • 2 رۆژ پێش ئێستا

    عومه‌ر گوڵپی: ده‌سه‌ڵاتداران بازاڕی پاڵاوگه‌كانیان زیاتر مه‌به‌سته‌ تا داواكاری خه‌ڵك

  • 2 رۆژ پێش ئێستا

    ڕادەستنەکردنى 50 هەزار بەرمیل نەوتەکە، هاووڵاتیانی هەرێمی نائومێد كردووە

  • 2 رۆژ پێش ئێستا

    هەرێم 50 هەزار بەرمیل نەوتەکە ڕادەستى بەغداد ناکات و داوای زیادكردنی دەکات

  • 2 رۆژ پێش ئێستا

    زیاتر لە شەش هەزار زیندانی لە هەرێم هەیە و بەکارهێنەرانى ماددە هۆشبەرەکان زۆرترین ڕێژەیانن

  • 2 رۆژ پێش ئێستا

    حکومەتى ماوەبەسەرچووی هەرێم، دامەزراندنەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵای ڕاگرت

  • 2 رۆژ پێش ئێستا

    لە هەفتەى داهاتووە پلەكانی گەرما لە هەرێم دابەزینی بەرچاو تۆماردەکات

سەرەتا