15/07/2020
570 جار خوێنراوەتەوە
لهسهر دهستلهكاركێشانهوهی سۆران عومهر، فراكسیۆنی كۆمهڵ ڕاگهیهنراوێكی بڵاوكردهوه
پهیام
دهقی راگهیهنراوهكه
سەبارەت بە دەستلەکارکێشانەوەی پەرلەمانتار کاک سۆران عومەر
ڕاگەیەندراوێک بۆ ڕای گشتیی
بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان
ئەمڕۆ چوار شەممە ١٥ ی تەموزی ٢٠٢٠ پەرلەمانتاری فراکسیۆنمان بەڕێز (سۆران عومەر) نامەی دەستلەکارکێشانەوەی ئاراستەی سەرۆکایەتيی پەرلەمانی کوردستان کرد .
بەم بۆنەیەوە وەک فراکسیۆنی کۆمەڵ دەمانەوێت چەند ڕاستییەک بۆ ڕای گشتیی خەڵکی کوردستان و دەسەڵاتی سیاسیی هەرێم بخەینەڕوو :
١. دەستلەکارکێشانەوەی هەر پەرلەمانتارێک مافێکی سەرەتایی و ئاسایی خۆیەتی و بڕیارەکەی کاک سۆران عومەریش (ئەگەرچی دڵخوازی ئێمە نەبوو) ڕێزلێگیراوە، بەڵام دەبێ ئەوەش بڵێین بەڕێزیان دوای ڕاوێژ لەگەڵ ئهنجوومەنی سیاسیی بەو بڕیارە گەیشتووە .
٢. کاک سۆران پەرلەمانتارێکی چالاک بووەو لە ڕابردووشدا و لە پێناو دڵسۆزی بۆ کارەکەی و خەمخۆری بۆ خەڵک، کاری زۆری کردو ئێمە سوپاسی دەکەین و پێزانینی تەواومان بۆ کارو ماندوبوونی بەڕێزیان هەیەو بۆ داهاتووش سەرکەوتنی بۆ دەخوازین .
٣. بەداخەوە لەسەرەتاوە ئەم کەیسەی کاک سۆران بۆ مەرامی حزبیی و شەخسیی هەم بەلاڕێدا برا هەم زیاد لە قەبارەی خۆی گەورەکرا، کە ئەمە سەرەتایەکی ترسناک و خراپە لەکاری پەرلەمانیی و پرۆسەی سیاسیی و دەرەنجامی خراپی دەبێت .
٤. ئێمەو خەڵکی کوردستان تەمەننامان دەکرد لەبری سەرکوتکاری و بێدەنگکردنی خەڵک و نوێنەرەکانیان، لێپرسینەوە لەو لەشکرو تۆڕە ڕێکخراوانەی گەندەڵیی بکرایە کە ٢٩ ساڵە سامانی گشتیی هەرێم و ماڵی خەڵک تاڵان دەکەن و لە پاڵ دەسەڵاتدا هەریەک لەوانە بوونهته کارەسات بۆ ژیان و گوزەرانی خەڵک .
٥. تەئکید دەکەینەوە کە پەرلەمان پێویستە شوێنی داکۆکیکردن بێت لە مافی خەڵک و چاودێر بەسەر حکوومەتەوەو، لێناگەڕێین ئەم دەزگا نیشتمانییە وەک بارەگای حزب مامەڵەی لەگەڵ بکرێت و دڵنیاشبن بهردهوام دهبین له بهرگری كردن لهمافی خهڵك و بهگژداچوونهوهی ستهم و گهندهڵیی تا ئهم سهردهمه تاریكه كۆتایی پێدێت !
لە کۆتاییدا ئەو ڕاستییه دووپاتدەکەینەوە، نابێ بهگرێی دەرونیی و ڕقی شەخسیی و حزبیی مامهڵه و حوکمڕانیی بکرێ، ئهگهرنا دەرەنجام زیانی گەورەی بۆ خهڵك و كۆمهڵگاو حوكمڕانان لێدهكهوێتهوه...
فراکسیۆنی کۆمەڵ
لە پەرلەمانی کوردستان
١٥ ی تەموزی ٢٠٢٠
هەولێر
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە