14/07/2020
576 جار خوێنراوەتەوە
14ی تەمووز ئەو رۆژەی کۆتایی بەدەسەڵاتی پاشایەتیی عێراق هات
پهیام
62 ساڵ بەسەر رووداوە تێپەڕدەبێت كە ژمارەیەک لە ئەفسەرانی سوپا بە سەركردایەتی عەبدولكەریم قاسم لە رۆژی 14ی تەمووزی ساڵی 1958دا دژبە دەسەڵاتی پاشایەتی لە عێراق وەستانەوە و لە ئەنجامدا دەسەڵاتی پاشایەتییان رووخاند و دەسەڵاتی كۆمارییان راگەیاند.
ئەفسەرانی سوپا بڕیاری پێكهێنانی رێكخراوێكیان دا بەناوی رێكخراوی ئەفسەرانی ئازاد كە بەنهێنی لەلایەن (عبدالكریم قاسم)ەوە سەركردایەتی دەكرا.
لە رۆژی 14ی تەمووزی 1958 عبدالكریم قاسم و ئەفسەرانی ئازاد هێرشیان كردە سەر كۆشكەکانی "ریحاب و زهور" لە بەغدا و توانییان كۆتایی بە سیستەمی پاشایەتیی بهێنن و سیستەمی كۆمارییان راگەیاند كە ئەوەیش تا ئێستا بە یەكێك لە رووداوە گرنگ و پڕ بایەخەكانی مێژووی عێراق دادندرێت.
عەبدولكەریم قاسم خۆی وەك یەكەم سەرۆكوەزیرانی عێراق ناساند و راگەیاند كە دەسەڵاتی پادشایەتیی لە عێراق، كۆتایی پێ هێنراوە و دەسەڵاتی كۆماریی دامەزراوە.
ــ بڵاوكردنەوەی بەیاننامەی ژمارە یەكی شۆڕشی 14ی تەمووزی 1958 لە عێراق
لە 14ی تەمووزی 1958، فەرماندەی گشتیی ئەو كاتەی هێزە چەكدارەكان، عەبدولسەلام عارف بەیاننامەی ژمارە یەكی خوێندەوە كە تیایدا رووخاندنی دەسەڵاتی پاشایەتیی و دامەزراندنی دەسەڵاتی كۆماریی لە عێراق راگەیاند.
عەبدولسەلام عارف لە بەیاننامەكەدا ئاماژەی بەوەدابوو كە سەرۆكایەتی وڵات رادەستی ئەنجوومەنێكی سەرۆكایەتی كراوە كە دەسەڵاتی سەركۆماریی هەیە تا ئەو كاتەی هەڵبژاردن ئەنجام دەدرێت و سەركۆمار هەڵدەبژێردرێت.
ــ 14ی تەمووزی 1958 شۆڕش یان كودەتا
ویڕای ئەوەی 62 ساڵ بەسەر شۆڕش یان كودەتاكەی 14ی تەمووزی 1958دا تێپەڕدەبێت، بەڵام تا ئێستا ناكۆكی لەسەرئەو رووداوە هەیە، چونكە ژمارەیەك بە "شۆڕش" و ژمارەیەكی دیكەیش بە "كودەتا" ناوی دەبەن.
ــ قۆناغی دوای شۆڕشەكەی 14ی تەمووزی 1958
ئەگەرچی لە سەرەتادا، بەشداربووانی شۆڕش یان كودەتاكەی 14ی تەمووزی 1985 لە عێراق بانگەشەی ئەوەیان كردبوو كە سیستەمێكی نوێ لە بەڕێوەبردنی دەسەڵاتدا پەیڕەو دەكەن، بەڵام زۆری نەبرد سەرانی ئەو شۆڕشە لە بەڵێنەكانی خۆیان پاشگەزبوونەوە و دەستیان كرد بە پەیڕەوكردنی سیاسەتی سەركوتكردنی ئەو كەسانەی كە دژبە بە دەسەڵاتی عەبدولكەریم قاسم بوون.
ئەو رەوشە تا ساڵی 1963 بەردەوام بوو، تا ئەو كاتەی حزبی بەعس كوتادەی بەسەر عەبدولكەریم قاسم دا کرد و عەبدولسەلام عارف-یان کرد بە سەرۆكی عێراق.
ـلە ئەنجامی شۆڕش، ژمارەیەك دەستكەوت بۆ گەلی كورد بەدی هات لەوانە؛ لە دەستووری کاتی عێراق لە ماددەی (3)دا ئەوە چەسپێنرا كە كورد و عەرەب هاوبەشن لە ئەرك و مافدا کە ئەمە یەكەم دانپێدانی فەرمی بوو بەمافی كورد، بڕیاردرا لێبوردنی گشتیی بۆ گیراوان و دوورخراوان دەربكرێت، بۆیە هەریەكە لە شێخ عەبدولـلەتیف كوڕی شێخ مەحمود و شێخ ئەحمەد كوڕی شێخ عەبدولسەلام بارزانی ئازاد كران، هەروەها مەلا مستەفا بارزانی و هەڤاڵەكانیشی لە یەكێتیی سۆڤیەتی جاران گەڕانەوە بۆ بەغدا و شەهیدانی كۆماری مهاباد بەتایبەتی هەریەكە لە خەیروڵڵا عەبدولكەریم، عزەت عەبدولعەزیز، مستەفا خۆشناو و محەمەد مەحمود قودسی بەشەهیدی نیشتمان هەژماركران كە پێشووتر ئەوانە لە ساڵی 1947 لەلایەن دەسەڵاتی پادشایەتیی لە سێدارەدرابوون.
دوای ئەم قۆناغە ئیدی سەردەمی كودەتاكردن بەسەر دەسەڵات لە عێراق دەستی پێ كرد و تا ئەو كاتەی سەدام حسێن لە ساڵی 1979وە تا ساڵی 2003 جڵەوەی دەسەڵاتی بەدەستبوو.
وێرای ئەوەی بە بۆنەی شۆڕشەكەی 14ی تەمووز، هەموو ساڵێك لە عێراق كراوە بە پشووی فەرمی، بەڵام هیچ چالاكییەك بەو بۆنەیەوە لەو رۆژەدا ئەنجام نادرێت.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە