19/06/2020 737 جار خوێنراوەتەوە

فڕاكسیۆنی كۆمه‌ڵی ئیسلامی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان ئیدانه‌ی بۆردومانه‌كانی سوپای توركیا و ئێران ده‌كات

په‌یام

فڕاكسیۆنی كۆمه‌ڵی ئیسلامی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا ئیدانه‌ی هێرش و په‌لاماره‌كانی سوپای توركیا و ئێران ده‌كات بۆ سه‌ر ناوچه‌ سنوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، سەرەڕای ئەوەی ئەو بۆردومان و ‏لەشکرکێشییە ڕەتدەکەینەوە و بە کارەسات بۆ خەڵکی کوردستان و پێشێلکاریی بۆ سەروەریی ‏دەوڵەتی عێراق کە ھەرێمی کوردستان بەشێکە لێی دەزانین.

 

ده‌قی به‌یاننامه‌كه‌:

لە فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستانەوە
بۆ ڕای گشتیی و ھەردوو حکومەتی عێراق و ھەرێمی کوردستان‎

بەناوی خوای بەخشندەی میھرەبان‎..
بەداخەوە ماوەی چەند ڕۆژێکە بە چڕی تۆپخانە و کۆپتەرە جەنگییەکانی تورکیا و ئێران ‏کەوتوونەتە بۆردومانی ناوچە سنورییەکانی ھەرێمی کوردستان بە پاساوی بوونی چەکدارانی ‏پەکەکە، کە لە ئەنجامدا سەرەڕای زیانی ماددی زۆر بە گوند و دارستان و پاوانی خەڵک، ‏ژمارەیەک ھاونیشتمانیشمان شەھید و برینداربوون.

ھاوکات سەروەریی خاکی عێراق و ‏ھەرێمی کوردستانیش پێشێلکراوە و سوپای تورکیا سنورەکانی بڕیوە و بە قوڵایی چەندین ‏کیلۆمەتر ھاتوونەتە ناوەوە‎.

ئێمە لە فراکسیۆنی کۆمەڵ لە پەرلەمانی کوردستان، سەرەڕای ئەوەی ئەو بۆردومان و ‏لەشکرکێشییە ڕەتدەکەینەوە و بە کارەسات بۆ خەڵکی کوردستان و پێشێلکاریی بۆ سەروەریی ‏دەوڵەتی عێراق کە ھەرێمی کوردستان بەشێکە لێی دەزانین، پێشمان وایە ھەردوو حکومەتی ‏بەغدا و ھەرێمی کوردستان خۆیان لە ئاست ئەو دەستدرێژییانەدا بێدەسەڵات پێشان دەدەن کە ‏دواجار خەڵکی کوردستان دەبنە قوربانیی‎ .‎

بۆیە پێویستە دەوڵەتی عێراق بە ئەرکی دەستوریی خۆی لە پاراستنی سنورەکانی لە دەستدرێژیی ‏وڵاتانی بێگانە بپارێزیت و ڕێگەنەدات سەروەریی خاک و ئاو و ھاوڵاتی و ئاسمانەکەی پێشێل ‏بکرێت، ھەروەک ئەرکە لەسەری کە ئاسایشی سنورەکانی وڵاتانی دیکەش بپارێزێت و ‏ڕێگەنەدات خاکەکەی بۆ ھێرشکردنە سەر ھیچ وڵاتێک بەکاربھێندرێت‎.

لەم نێوەندەشدا بێدەنگیی حکومەتی ھەرێمی کوردستان جێگەی پرسیار و سەرسوڕمانی تەواوە ‏کە لە ئاستی ئەو دەستدرێژی و پێشێلکارییانەدا تەنھا ڕۆڵی تەماشاکەر دەبینێت، بەلای ئێمە و ‏خەڵکی کوردستانیشەوە پێگە و ھەڵوێستی حکومەتی ھەرێم ھێندە لاواز و شەرمنانەیە کە ‏جورئەتی دەرکردنی بەیاننامەیەکیشی نیە وەک بڵێی ئەو خەڵکەی دەبنە قوربانیی، ھاوڵاتیی ئەو ‏نەبن !‏‎.

نەھێشتنی ئینتیمانی تاکی کورد بۆ خاک و نیشتمانەکەی و بێدەنگبوونی لە ئاست دەستدرێژیی و ‏بۆردوومانەکانی وڵاتانی دراوسێ، دەرەنجامی ئەو حوکمڕانییە خراپ و سەقەتەیە کە نزیک بە ‏سێ دەیەیە کاری لەسەر دەکرێت کە گرنگترینیان نەبوونی سوپایەکی بەھێزی نیشتمانیی و ‏دروستکردنی چەکداری شەخس و حزبە لە شوێنیدا و ئەمڕۆش ئەنجامە دڵتەزێن و ‏کارەساتبارەکانی ئەو ڕەفتارەی بەرپرسانی کورد بەچاوی خۆمان دەبینین‎.

جارێکی دیکە داوادەکەین کە عێراق و ھەرێمی کوردستان سنورێک بۆ ئەم بۆردومان و ‏دەستدرێژییانە دابنێن، پێویستە چەکدارانی پەکەکەش لە ئاوەدانی و باخ و بێستان و گوندەکان ‏دوور بکەونەوە و لە ھەستیاری و کارەساتباری خەڵکی کوردستان تێبگەن و کارێک نەکەن ‏ھێندەی تر زامەکانی ئەم میللەتە قوڵ ببێتەوە کە خۆی لە خۆیدا ٢٩ ساڵە گیرۆدەی ستەمکاریی ‏و گەندەڵیی دەسەڵاتدارەکانێتی‎.

فراکسیۆنی کۆمەڵ
لە پەرلەمانی کوردستان‎ ‎
‏١٩‏‎ ‎ی حوزەیرانی ٢٠٢٠‏
ھەولێر


لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

  • 3 رۆژ پێش ئێستا

    سەرۆكی كۆمەڵى دادگەریی پێشوازی لە فیدراسیۆنی ڕێكخراوە هاوئامانجەكان کرد

  • 4 رۆژ پێش ئێستا

    سەركردایەتی كۆمەڵ: كێشە و گرفتەكان لە لایەن خودی دەسەڵات خۆیەوە دروستكراون

  • پێش 1 هەفتە

    پیرمام.. شاندی باڵای كۆمه‌ڵ و پارتی كۆبوونه‌وه‌

  • پێش 2 هەفتە

    كۆمەڵ: بەرپرسیارێتیی گەورەی هەر دۆخێکی نەخوازراو، دەكەوێتە ئەستۆی دەسەڵات

  • پێش 3 هەفتە

    مەڵبەندى سۆرانى کۆمەڵ: دەسەڵات حەزناکات خەڵک سەرقاڵى فەرموودە و ڕەوشتى جوان بێت

  • پێش 4 هەفتە

    کۆمەڵى دادگەرى: عێراق و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرپرسیارن لە دوورخستنەوەى ئاگری شەڕ لە هەرێم

  • 08/07/2026

    بەیاننامەیەک لە بۆردی یاسایی کۆمەڵی دادگەرییەوە

  • 20/06/2026

    كۆمەڵ و یەكگرتوو ژمارەیەك بڕیاریان بۆ كاری پێكەوەیی دا

سەرەتا