16/07/2019 124 جار خوێنراوەتەوە

سایكۆلۆژیای لەخۆباییبوون

په‌یام

سامان سیوەیلی
دەروونناس
كەس نیە لە ئێمە بەڕێكەوتیش بێت دووچاری كەسێكی لەخۆبایی نەبووبێت لەژیانیدا، ئافرەتێك كە هێندە بە جوانیەكەیەوە دەنازێت كە منەت بەسەر ئەو زەویدا دەكات كاتێك بەسەریدا هەنگاو دەنێت، یاخود سەرمایەدارێك (بەتایبەتی ئەگەر تازە پیاكەوتوو بێت) كەوا دەزانێت پارە هەڵچنراوەكانی ئەو پەیژە بەرزانەیە كە ئەوی گەیاندۆتە بەرزیەكی ئەوتۆ كە هەموو خەڵكی لەخوار خۆیەوە دەبینێت، نووسەرێك، ئەستێرەیەكی بواری هونەر، بەدەستهێنەری بڕوانامەیەكی بەرز، هەڵسوڕاوێكی دیاری كۆمەڵگە، ڕاگەیاندكارێكی دەركەوتوو و هەڵكەوتوو، خاوەن پۆستێكی ئیداری یان حزبی باڵا و … تد.

ئەمجۆرانە دوای ئەوەی ناو و ناوبانگی خۆیان دەبیستنەوە یاخود هەستدەكەن خەڵكانێك سەرسامیانن، ئیدی ئەوانەی كە لەخۆیان باییدەبن هەڵسوكەوت و تێڕوانینیان بۆ ژیان و خۆیان و خەڵكی بەئەندازەیەك دەگۆڕێت كە خۆیان زۆر بەبەرزتر و ژیرتر و جوانتر و چاكتر دەبینن، هەمیشە وەك ئەوەی لە بەرزاییەكەی زۆر بەرزەوە لە خەڵكی بڕوانن خەڵكی بە بچوكتر لەخۆیان دەبینن، بیروڕاكانی ئەوانی دیكەیان لا بێبایەخە و پێیان وایە هەموو شتێكی خۆیان لەسەروو هەموو شتێكی ئەوانی دیكەوەیە.

كەسە لەخۆباییەكان كەسانی خۆشەویست نین لەناو كۆمەڵگەدا و هەمیشە دەكەونە بەر ڕەخنە و تیر و توانجی ئەو كەسانەی مامەڵەیان لەگەڵ دەكەن، یاخود ناچارن مامەڵەیان لەگەڵ بكەن.

ڕێكەوتووە حوكمی لەخۆباییبوون دراوە بەسەر كەسێكدا، بەڵام دوای ئەوەی لێی نزیك دەبینەوە و مامەڵەی لەگەڵ دەكەین بۆمان دەردەكەوێت كە ئەو كەسە لەخۆبایی نیە و ئێمە لە حوكمەكەماندا هەڵەبووین.

بەمەبەستی ئاشنابوونمان بەم‌ چەمكە و مەودا دەروونی و كۆمەڵایەتی و كەسێتییەكانی كەسی لەخۆبایی، گرنگە لەسەر چەند وێستگەیەكی کەسێتی لەخۆبایی هەڵوەستە بكەین.

خەسڵەتەكانی كەسی لە خۆبایی:
بۆ ئەوەی تێگەیشتنێكی دروستمان دەربارەی كەسێتی كەسی لەخۆبایی هەبێت، گرنگە لە خەسڵەتەكانی كەسی لەخۆبایی بگەین و پێیان ئاشنابین:
١- كەسی لەخۆبایی هەست بە مەزنی خۆی دەكات و پێی وایە ئەم گەردوونە لەبەرخاتری ئەو دروستبووە.
٢- كەسی لەخۆبایی پێی وایە هیچ كەموكوڕیەكی نیە و لە باری كەماڵدایە.
٣- كەسی لەخۆبایی هیچ قسەیەك پەسەند ناكات كە لەگەڵیدا دەكرێت و پێی وایە هەموو ڕاستیەكان لای خۆیەتی بەتەنها.
٤- كەسی لەخۆبایی خۆپەرستە و بەردەوام چاوی لە كەڵك وەرگرتنە لە كەسانی تر و خۆی هیچ نابەخشێت، تەنها بەبوونی بەرژەوەندیەك لەوانی دیکە نزیك دەبێتەوە.
٥- هەمیشە چاوەڕوانی ئەوەی دەبێت لەوانی دیكە كە یارمەتی بدەن و لەگەڵیدا بوەستن لەكاتی پێویستدا.
٦- كەسی لەخۆبایی بەردەوام ئەو مافە بەخۆی دەدات كە هەڵبچێت و هەڵبشاخێت بەڕووی ئەوانی دیکەدا و هەستیان بریندار بكات و گوێ بەهەست و شكۆی ئەوانی دیکە نەدات.
٧- كەسی لەخۆبایی زوو شتی لەبیر دەچێتەوە و زوو هەڵدەچێت و توانای كۆنترۆڵ كردنی خودی خۆی نیە.
٨- كەسی لەخۆبایی تەنها لەكاتێكدا گوێ بۆ كەسانی دیکە دەگرێت ئەگەر بەرژەوەندیەكی هەبێت لەگەڵیاندا، دەنا هیچ گوێ بە بیروبۆچوونی ئەوانی دیکە نادات و بەبێ نرخ سەیری ئەوانی دیکە و دەستكەوت و بیروبۆچوونەكانیان دەكات.

لەنێوان بڕوابەخۆبوون و لەخۆباییبووندا:
وتەیەك هەیە دەڵێت: (لەنێوان بڕوابەخۆبوون و لەخۆباییبووندا تاڵە موویەك هەیە).
ئەگەر بڕوابەخۆبوون تێڕوانێكی پۆزەتیڤانە بێت بەرامبەر خود و تواناكانی خۆمان و مامەڵەیەكی دروست بێت بۆ ئەو هەنگاوانەی هەڵیاندەهێنین لە ئەنجامدانی كار و بەدیهێنانی ئامانج و خەونەكانماندا، بەڵام لەخۆباییبوون، خۆبەزلزانین و خۆ بەمەزنزانین و وەهمی گەیشتن بە كەماڵە، بەجۆرێكی تر دەتوانین بڵێین كەسی باوەڕبەخۆبوو شانازی بەو توانا و خاڵە پۆزەتیڤانەی ژیانییەوە دەكات كە هەیەتی و لەئەنجامی (سەركەوتنی یەك لەدوای یەك و توانای بڕینی ئاستەنگ و سەختیەكانی ژیانی و دانایی لە مامەڵەكردندا) ئەو تێڕوانینە پۆزەتڤانە بۆ خودی خۆی لادروست دەبێت، واتە ڕێز دانانێكی واقعیانەیە بۆ توانستەكانی خود، بەڵام كەسی لەخۆبایی ڕێزگرتنەكەی ناواقعیانەیە یاخود ڕێز لە تواناكانی خۆی ناگرێت وەك ئەوەی كە هەیەتی. لەخۆباییبوون سەرسامبوونێكی بەهێزە بە خود و بەتوانا و بەهرە و لێهاتووییەكی دیاریكراوی كەسە لەخۆباییەكەیە.

هەربۆیە ئەو كەسانەی باوەڕیان بەخۆیان هەیە ئەگەر زێدەڕۆیی بكەن لە ڕێزگرتن لە تواناكانی خۆیان و پێیان وابێت دەتوانن هەموو شتێك بكەن و هەرچیان بوێت سەركەوتوو دەبن تیایدا ئەوا ئەگەر زۆرە لەحاڵەتی لەخۆباییبوون نزیك ببنەوە و بكەونە خانەی ئەو حاڵەتە نائاساییەوە.

لەگەڵ ئەوەی هەموو كەسێك مافی ئەوەی هەبێت شانازی بە دەستكەوت و خاڵە بەهێز و تواناكانی خۆیەوە بكات و لە خودی خۆی ڕەزامەند بێت، بەڵام كاتێك زێدەڕۆیی لەم شانازیكردن و ڕەزامەندیە بەرامبەر خود كرا ئەوا وەك ئەوە وایە كەسەكە بەردەوام فوو بە خودی خۆیدا بكات، ئەو كاتە هەرچەندە لە تێڕوانینی خۆیدا خۆی بە باڵاتر و بەرزتر ببینێت، بەڵام لە تێڕوانینی خەڵكدا بچوك و گرگنه چونكە ئەو قەوارە وەهمیەی كەسە لەخۆباییەكە بۆ خۆی داناوە تەنها لە دیدی خۆیەوە ئەو قەوارەیە بوونی هەیە و دەوروبەرەكەی قەوارە ڕاستەقینەكەی دەزانن چۆنە و چەندە‌.

كەسی لەخۆبایی و دەوروبەر:
هەروەك ئاماژەمان پێدا كەسی لەخۆبایی، پەسەند و خۆشەویست نیە لەناو خەڵكیدا، خەڵكی بەگشتی حەز بە تێكەڵی و مامەڵەكردنی كەسانی لەخۆبایی ناكەن مەگەر ناچاربن.
كەسە لەخۆباییەكان هەمیشە كەڵك لە كەسانی دەروون لاواز و كەسێتی لاواز دەبینن، چونكە ئەم كەسە لاواز و هیچ لەبارنەبووانە ‌بەردەوام بە شان و باڵای ئەواندا هەڵدەدەن و هێندەی تر هەست بە مەزنایەتی لای كەسە لەخۆباییەکان تۆختر دەكەنەوە و پاڵنەرەكانیان بەم ئاڕاستەیەدا تێر دەكەن. كەسە لەخۆباییەکان بەردەوام حەز بە مامەڵەكردنی ئەو جۆرە كەسانە دەكەن، چونكە خۆیان بەسەر ئەو لاواز و بودەڵانەدا بادەدەن و ئەوانیش بەچاوی كەسانی مەزن و كەم وێنە و هەڵكەوتوو لێیان دەڕوانن، هەربۆیە كەسانی لەخۆبایی خۆیان بەدوور دەگرن لەو پەیوەندی و هەڵوێستە كۆمەڵایەتیانەی ڕووبەڕووی ڕەخنەیان دەكاتەوە یاخود وەك كەسانی نەخۆش لێیان دەڕوانن نەك وەک كەسانی مەزن.
كەسە لەخۆباییەكان جیهانێكی تایبەت بەخۆیان هەیە و هەمیشە دووچاری بەركەوتن دەبنەوە‌ لەگەڵ جیهانەكەی دەرەوەی خۆیاندا، بەمهۆیەوە بەردەوام هەوڵی دروستكردنی ئەو كەشانە دەدەن كە بەجیهانەكەی خۆیان نزیكە و هەوڵی دروستكردنی پەیوەندی كۆمەڵایەتی لەگەڵ ئەو كارەكتەرانەدا دەدەن كە ڕۆڵ دەگێڕن لەو جیهانە تایبەتەی ئەواندا.
كەسی لەخۆبایی ناتوانێت لەگەڵ كەسانی لەخۆبایی هاوشێوەی خۆیدا هەڵبكات و بگونجێت، چونكە هەریەكە لەم لەخۆباییانە پێی وایە خۆی لەسەروو هەموو مرۆڤایەتیەوەیە.
خاكیبوون پێچەوانەی لەخۆباییبوونە، بۆیە هەمیشە كەسە خاكیەكان ڕۆح سووكتر و خۆشەویستترن لەلای دەوروبەر و ئامادەی قوربانی بەخشینن و ڕەچاوی بەرژەوەندی گشتی دەكەن و زیاتر دەتوانن واقعیبن.

دوا پەیام:
ئەی مرۆڤە لەخۆباییەكان، ئێوە چەندە ئەوانی دیکە بەبچوك دەبینن، دڵنیابن ئەوانی دیکەش ئێوە بەبچوكتر دەبینن، لەخۆباییبوون وەرەمی هزر و دەروون و ڕەفتارە، هەڵاوسانی تێڕوانینە بۆ خود، ئێوە ناتوانن بەختەوەر بن چونكە ناتوانن وەك مرۆڤێكی ئاسایی ژیان بكەن، مرۆڤی ژیر و دەرووندروست نە پلە و پایە و پۆست، نەدەسەڵات و سەروەت و سامان، نە دەستكەوت و نە توانا و نە بەرهەمەكانی، دووچاری لەخۆباییبوونی ناكات، ئەوە كەسە نەخۆشەكانن دووچاری ئەم ئافاتە دەبنەوە، دواجاریش نەك لەبەردەمی وەیشوومەیەكدا بەڵكو لەبەردەمی میکرۆبێک كە بەچاو مرۆڤ نابینرێت چۆك دادەن و پووچێتی خۆیان بۆ دەردەكەوێت.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

  • 2 رۆژ پێش ئێستا

    ڕێجیم کردن پێویستی به‌ یارمه‌تی ئه‌ندامانی خێزان هه‌یه‌:

  • 5 رۆژ پێش ئێستا

    شەرمنی منداڵ نەخۆشییە یاخود نا؟

  • 7 رۆژ پێش ئێستا

    دیارده‌ی زمانگرتن له‌منداڵاندا، هۆكار و چاره‌سه‌ر

  • پێش 2 هەفتە

    خۆراكی دایك رۆڵی هه‌یه‌ له‌ دیاریكردنی ره‌گه‌زی منداڵ

  • پێش 2 هەفتە

    چۆن مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ نه‌وه‌ی به‌كارهێنه‌ری ته‌كنه‌لۆژیا بكه‌ین؟

  • پێش 3 هەفتە

    ‎ئه‌گه‌ر مناڵه‌که‌ت خواردن نه‌خوات چی ده‌که‌یت؟

  • پێش 3 هەفتە

    چۆن گەشە بە زیرەکی مندالەکەت دەدەیت؟

  • پێش 3 هەفتە

    زانیاری گرنگ دەربارەی شیرپێدانی سروشتی

سەرەتا