04/05/2020
1095 جار خوێنراوەتەوە
فراكسیۆنی كۆمهڵ: حكومهت ههوڵی تۆڵەکردنەوە لەوكهسانه دهدات كه باس لە گەندەڵیی بکهن
پهیام
فراكسیۆنی كۆمهڵی ئیسلامی له راگهیهندراوێكدا دهڵێت "حکومەتی ههرێم لەبری مشورخواردنی خێرا لە دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆ كێشه كهڵهكهبووهكان و دابینكردنی مووچه، كهچی خۆی خەریککردووە بە هەوڵی سزادان و تۆڵەکردنەوە لە هەرکەسێک ڕەخنەیەک بگرێت و باس لە گەندەڵیی بکات".
ئاماژهی بههوهشكردووه: "ئێمە چاوەڕێ بووین ئەم خولەی پەرلەمان لە خولەکانی پێشوو کاراتر بێت، بهڵام بەداخەوە بەتەواوی خراوەتە ژێر هەژموونی هێزێکی سیاسیی دیاریکراو و بۆتە پاشکۆی سیاسەت و ئەجێندای حکومەت و بەوهۆیەشەوە خەریکە وایلێدێت پەرلەمانتار نەتوانێت قسە بکات و ڕەخنە بگرێت!"
ئهمهش دهقی راگهیهندراوهكهی فراكسیۆنی كۆمهڵی ئیسلامی كوردستانه:-
بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان
ڕاگەیدراوێک لە فراکسیۆنی "کۆمەڵ"ـەوە
لەکاتێکدا هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی گیرۆدەی برسێتی و بێکاری و دەیان قەیرانی دیکەی دروستکراو بۆتەوە و باجی سیاسەتی هەڵە و قۆرخکاریی و گەندەڵیی ٢٩ ساڵی حزبە دەسەڵاتدارەکان دەدات، لەبری مشورخواردنی خێرای حکومەت لە دۆزینەوەی چارەسەری خێرا و گونجاو، خۆی خەریککردووە بە هەوڵی سزادان و تۆڵەکردنەوە لە هەرکەسێک ڕەخنەیەک بگرێت و باس لە گەندەڵیی بکات .
دوایین هەوڵی سەرۆکی حکومەت لەو پێناوەدا، بەکارهێنانی دادگا و داواکاریی گشتییە بۆ ناچارکردن و بەکارهێنانی پەرلەمان بەمەبەستی هەڵگرتنی پارێزبەندیی لەسەر پەرلەمانتاری فراکسیۆنەکەمان کاک (سۆران عومەر سەعید) .
ئەمەی بهڕێز سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستی داوەتێ، پێشهاتێکی خراپ و مەترسیدارە و سەرەتایەکی تاریکە بە ئاراستەی دامەزراندنی دەسەڵاتێکی ئەمنی کە لەسایەیدا هیچ مەودایەک بۆ ئازادی دەربڕین و کاری پەرلەمانیی ناهێڵێتەوە .
ئەرکی بەڕێزیان و کابینەکەی چارەسەرکردنی قەیرانەکان و بژێوی و گوزەرانی خەڵکە کە بە دوو مانگیش توانای دابەشکردنی موچەیەکی نەماوە !
ئێمە چاوەڕێ بووین ئەم خولەی پەرلەمان لە خولەکانی پێشوو کاراتر بێت لە بینینی ئەرک و مومارەسەی دەسەڵاتەکانی، بەڵام بەداخەوە بەتەواو خراوەتە ژێر هەژموونی هێزێکی سیاسیی دیاریکراو و بۆتە پاشکۆی سیاسەت و ئەجێندای حکومەت و بەوهۆیەشەوە پەرلەمانتاران جگە لەوەی لە ڕۆڵی چاودێریکردن و لێپرسینەوە خراون، خەریکە وایلێدێت نەشتوانێت قسە بکات و ڕەخنە بگرێت !
ئێمە وێڕای سوپاس و پێزانینمان بۆ ههڵوێستی فراكسیۆنهكان و كهسایهتی و جهماوهری كوردستان، ڕایگشتییش لەم پێشهاتە خەتەرناکە ئاگاداردەکەینەوە، داواش لە هەموو فراکسیۆنەکانی پهرلهمان دەکەین ڕێگەنەدەن ئەم ههوڵه سەربگرێت کە دواجار پەرلەمانی کوردستان لە بەرزترین دەسەڵاتی یاسادانان و چاودێرییەوە دەکاتە دەزگایەکی بندەستی حکومەت و بەرپرسە دەستڕۆیشتووەکانی !
فراکسیۆنی کۆمەڵ
لە پەرلەمانی کوردستان
٤ ی ئایاری ٢٠٢٠
هەولێر
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە