04/05/2020
4075 جار خوێنراوەتەوە
چۆن دواکەوتنی قسەکردنی منداڵان چارهسهر بكهین؟
جەعفەر عومەر ـ پزیشکی پسپۆری دەرونی
یەكێک لە گرفتە بەربڵاووەکانی منداڵان لە رۆژگاری ئەمرۆدا، بریتییە لە دواکەوتنی قسەکردن، بەشیوەیەک خەریکە لە حاڵهتەوە دەبێتە دیاردە، زۆر منداڵ توشی ئەم گرفتە بوون.
هۆکرەکانی دواکەوتنی قسەکردن:
هۆکارەکان زۆر و فرەچەشنن، زۆرن واتە چەندین هۆکار هەن دەبنە هۆی دواکەوتنی قسەکردن لای منداڵ، هەمەچەشنن، واتە لە زۆربەی حاڵەتەکاندا یەک هۆکار زیاتر بەشدارە لەم دواکەوتنەدا، هۆکارەکانیش بەگشتی بریتن لە:
ـ بوونی کێشە لە ئەندامەکانی بیستن و ئاخاوتندا: واتە کێشەی ئەندامی لە گوێ یان زماندا هەبێت، ئەمەش چەند نەخۆشییەک دەگرێتەوە، وەکو نابیستەکی و زمانتوندی (بنی زمان بە بنوی ناودەمەوە دەنووسێت و ناتوانێت زمانی بە باشی بەکاربهێنێت.
ـ کێشە دەرونییەکان کە لە منداڵاندا سەرهەڵدەدەن، وەکو: دواکەوتەی گەشی ژیری گشتبی (بیرکۆڵی)، ئۆتیزم.
- نەخۆشی ئەندامی لە تەمەنی منداڵیداو، وەکو شەلەل دەماغ یان زەبری توندی سەر، یان نەخۆشییەکانی تایبەت بە پوکانەوەی پێشک!
- هەندێکجاریش ئاساییە و بەهۆی کاریگەری بۆماوە کە لە خێزانەکەیاندا، دواکەوتنی قسەکردن هەبووە لە کەسە ئاساییەکاندا، ئەم منداڵەش قسەی دوادەکەوێت و کە گەورە دەبێت باش دەبێت.
ـ هەڵەی پەروەردەکردنی منداڵ وەکو تەکنەلۆژیا و سەیرکردنی شاشە، زۆر سەیرکردنی شاشەو نەبوونی چاسن بۆ قسەکردن و تێکەڵبوونی پێویست، زۆرجار هۆکارە بۆ دواکەوتنی قسەکردنی منداڵان.
چارەسەری دواکەوتنی قسەکردن:
سەرەتا پێویستە دەستنیشانی ئەوە بکرێت کە هۆکارەکە چییە، پاشان ئەگەر هۆکارەکە چارەسەری هەبوو، ئەوە چارەسەری دەکرێت و نەخۆشەکە رزگاری دەبێت، بهڵام ئەم رێنماییانە بۆ سەرجەم هۆکارەکان بە سودن، بەتایبەت ئەو جۆرەی بەهۆی هەڵەی پەروەردەکرنەوە روودەدات:
- کەمکردنەوەی سەیرکردنی تەلەفیزیۆن و ئامیرە ئەلکترۆنییەکان.
- پێویستە منداڵ تەنها بە یەک زمان یان یەک لەهجە قسەی لەگەڵ بکرێت.
- دەبێت دایک و باوک و منداڵانی دیكهی خێزانەکە بەردەوام قسەی لەگەڵ بکەن و گفتووگۆی لەگەڵ ئەنجام بدەن، بە یاریکردن بێت یاخود بۆ کاری رۆژانە، ئەمەش لە جیاتی سەیرکردنی تیڤی زۆر سودبەخش دەبێت.
- فێرکردنی وشەکان لە لایەن دایک و باوکەوە، واتە رۆژانە منداڵەکە فێربکرێت کە وشەکان بڵێت، ئەمەش بەشێکە لە بنەمای چارەسەر.
- چیرۆکی بۆ بخوێنەوە و داوای لێبکە هەندێک وشەی چیرۆکەکە بڵێتەوە.
- ئەگەر قسەی کرد و تەنها توانی یەک وشە بڵێت لە رستەیەک، ئەوە با دایباب هەوڵبدەن وشەکەی بۆ تەواو بکەن کاتێک نەیتوانی بیڵێت، هەتا ئەو کاتەی کە فێردەبێت، بۆ نموونە دەڵێت نان، دایک بڵێت نان دەخۆیت؟ یان کە وتی تۆپ، با باوک بڵێت تۆپم دەوێت!
- یاریکردن و تێکەڵبوون لەگەڵ منداڵانی دیكه، بۆ نمونە چونە باخچەی ساوایان.
- هاندانی منداڵ لەسەر قسەکردن و هاوکاریکردنی بەوەی وشەکان بڵێت، کاتێک دەیەوێت بە ئاماژە شتیکی بۆ بکەین.
- دەبێت لەسەرخۆ و بە هێواشی ئەو کارانە ئەنجام بدەین و پەلەپەل نەکەین.
- گرنگیدان بە خواردنی هەمەچەشن، بەتایبەت ئەو خۆراکانەی بۆ گەشەی مێشک پێویستن، وەکو ڤیتامین بییەکان کە لە زۆر خۆراکدا هەیە، وەکو شیر و گۆشتی رەش.
- دایباب هەر کارێکیان کرد با بە وتنیش بە منداڵەکەی بڵێن، بۆنمونە کاتێک دەیەوێت پەنجەرەکە بسڕێت، بڵێت با پەنجەرەکە بشۆم، بۆ سەرجەم کارەکان بەشێوە بکەن.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە