26/04/2020
496 جار خوێنراوەتەوە
ئه‌نجوومه‌نی سیاسیی كۆمه‌ڵ: پێویسته حكوومه‌تی هه‌رێم مووچه‌و بژێوی هاوڵاتییان دابینبكات
په‌یام
ئه‌نجوومه‌نی سیاسیی كۆمه‌ڵی ئیسلامیی كوردستان به‌سه‌رپه‌رشتی مامۆستا عه‌لی باپیر ئه‌میری كۆمه‌ڵ، كۆبوونه‌وه‌ی ئاسایی خۆی ئه‌نجامداو له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا به پێویستزانرا حكوومه‌تی هه‌رێم مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و بژێوی هاوڵاتییان دابینبكات.
كۆبوونه‌وه‌كه سه‌ره‌تا هیوای خواست تاعه‌ت و ڕۆژووی مانگی ڕه‌مه‌زان له‌مسوڵمانان به‌گشتیی و مسوڵمانانی هه‌رێمی كوردستان به‌تایبه‌تی قبووڵ بێت و هاتنی ئه‌م مانگه‌ش له‌هه‌موولایه‌ك پیرۆز ده‌كات.
له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا بارودۆخی سیاسیی عێڕاق به‌گشتیی و هه‌رێمی كوردستان به‌تایبه‌تیی باس و خواسی لێوه‌كرا، كه ئێستا ده‌ره‌نجامی سیاسه‌تی خراپی حوكمڕانیی ئه‌م وڵاته‌ی تووشی قه‌یرانی دارایی و سیاسیی كردووه، هاوڵاتییان پێوه‌ی گرفتاربوون.
له‌گه‌ڵ ئه‌م قه‌یرانه‌ش بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆڕۆنا له‌ماوه‌ی ڕابردوودا ترس و دڵه‌ڕاوكێی درووستكردبوو، كه سوپاس بۆ خوا مه‌ترسییه‌كه‌ی له‌عێڕاق و هه‌رێمی كوردستان كه‌متر بوو و، هه‌روه‌ها ئه‌نجوومه‌نی سیاسیی پابه‌ندی هاوڵاتییان به‌گشتیی به‌ڕێنماییه ته‌ندروستییه‌كان به‌رز نرخاند.
هاوكات ئه‌نجوومه‌نی سیاسیی به‌پێویستی زانی سوپاس و پێزانینی سه‌رجه‌م لایه‌نه حكوومییه په‌یوه‌ندییداره‌كان بكات كه ماندووبوون و دڵسۆزانه بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆڕۆنا ئه‌ركیان كێشا له‌وماوه‌یه‌داو، ئێستاش له‌م قۆناغه‌دا "كه حاڵه‌ته‌كان به‌ره‌و نه‌مان چوون" ئه‌نجوومه‌نی سیاسیی داوا ده‌كات به‌پێی ڕێنماییه ته‌ندروستییه‌كان به‌په‌له بڕیاری كردنه‌وه‌ی مزگه‌وته‌كان بدات.
هه‌رله‌وباره‌یه‌وه ئه‌نجوومه‌نی سیاسیی سوپاسی كۆی ئه‌ندامانی كۆمه‌ڵی ئیسلامیی كرد سه‌باره‌ت به پابه‌ندییان به ڕێنماییه ته‌ندروستییه‌كان.
له‌كۆتاییدا ئه‌نجوومه‌نی سیاسیی جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه كرده‌وه، كه پێویسته حكوومه‌تی هه‌رێم هه‌وڵ بدات بژێوی هاوڵاتییان به‌گشتیی و مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران به‌تایبه‌تیی دابین بكات.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە