18/04/2020
997 جار خوێنراوەتەوە
خۆگونجاندنی دەرونی لەگەل فشاری کۆرۆنا
پهیام
د.هێمن فاتیح ـ پزیشکی پسپۆڕی دەروونی
ھەر لەسەرەتای دروستبونەوە، مرۆڤ روبەڕووی فشاری دەرونی بووەتەوە، کە ھەندێکیان فشاری بچوکن و ئەگەری روودانیان زۆرە و ڕۆژانە یاخود جار و بار دووچارمان دەبن، وەکو ناکۆکی لەگەڵ دەوروبەر، دواکەوتن لە کار، نەبوونی کارەبا، دواکەوتنی موچە، و ..ھتد، ھەندێکیان فشاری توندن وەکو لە دەستدانی کەسێکی نزیک، بوونی هەڕەشە لەسەر ژیان، ژینگەی شەڕ و پێکدادان، ھەواڵێکی ناخۆشی کتوپڕ یاخود ڕوبەڕوبوونەوەی ڤایرۆسێکی کوشندەی وەک کۆرۆنا، کە مەترسی لەسەر ژیانی خۆمان و کەسوکارمان دروست دەکات، هەرچەندە فشارەکە گەورەتر بێت کاریگەریە دەرونییەکانیشی زیاتر دەبن.
کاردانەوە دەرونییەکان دەگونجێت نیشانەی جیاواز لەخۆی بگرێت وەک؛ ترس، دڵتەنگی، توڕەبوون، بێهیوایی، و ناڕێکی خەو و خواردن، بەگشتیی کاردانەوە و خۆگونجاندنی کەسەکان جیاوازن لەبەرامبەر فشارەکان، هەندێک لە فشارەکە ڕادەکات یاخود نکۆڵی لێدەکات، و هەندێکی تر ڕوبەڕوی دەبنەوە و هەوڵی خۆپاراستن لێ ی و خۆگونجاندن دەدەن، و ئەم ڕێگەیە شیان ڕێگە دروستەکەیە.
بۆ ڕوبەڕوبونەوەیەکی دروستی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەسەر ئاستی تاک، پێویستە کەسەکە هەوڵی خۆ هۆشیارکردنەوە بدات لە شێوازی خۆپارێزی و پەیڕەوی ڕێنماییەکان بکات، بەمەش هێزێک و متمانە بەخۆبوونێکی پێدەبەخشێت و لەهەمان کاتدا ترسەکەی کەم دەکاتەوە، پاشان دەبێت گرنگی بدات بە خەو و خواردنی ڕێک و وەرزشی بەردەوام، لەگەڵ خوێندنەوە و کاری دەستڕەنگینی.
هەموو ئەم کارانە وادەکەن تاک هەست بە دەرونێکی ئارام بکات و بەرگری لەشی بەهێز بێت.
بە پێچەوانەوە، ناڕێکی لە شێوازی دروستی ژیان، پەنابردنە بەر بەکارهێنانی دەرمان بێ ڕێنمایی پزیشک، و بەدواداچونی بەردەوامی هەواڵەکان، بەتایبەت ئەو سەرچاوانەی ناڕەسمین بۆ مەبەسێکی تایبەتی هەواڵی تۆقینەر و ناڕاست بڵاو دەکەنەوە دەرونێکی نائارام و بارێکی شڵەژان دروست دەکات کە لەڕووی فرمانەوە پەککەوتەیی بۆ کەسەکە دروست دەکات و لەڕوی دەرونیەوە هەست بە توڕەیی، دڵتەنگی، دڵەڕاوکێ و تۆقین دەکات، و هەم لە ڕووی جەستەیشەوە کەسەکە بەرگری لاواز دەبێت.
کەواتە ئەم دۆخەی تێیکەوتووین بەشێکە لە سوڕی ژیان و کۆتایی پێدێت، و دوای ئەم بارودۆخەش بەرزونشێویەکانی ژیان دوبارە دەبنەوە، گرنگ ئەوەیە ئێمە ئەو ئەرکەی لەسەرمانە جێبەجێی بکەین.
نە بێباک و کەمتەرخەمبین، خۆمان و کەسانی تر دوچاری گرفت بکەین، و نە هەست بە بێدەسەڵاتی بکەین لەبەرامبەریدا، بەڵکو ئەو هەنگاوانەی دروستن بۆ ڕوبەڕوبونەوەی فشارەکان بگرینە بەر،بۆ زاڵ بوون بەسەر گرفتەکانی ئەم دۆخە نەخوازراوە و پاراستنی ئارامی دەروونیمان.
بە هیوای سەلامەتی و دەروندروستی بۆ هەمووان
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە