26/03/2020
1004 جار خوێنراوەتەوە
ڕژاندنی دەرمانێك له قهرهداغ لە سەرچاوەیەكی نادیارەوە نیگەرانیی لێ دەكەوێتەوە
پهیام
ڕژاندنی دەرمانێك لە سنووری قەرەداغ لەلایەن سەرچاوەیەكی نادیارەوە، نیگەرانیی هاووڵاتیانی لێ دەكەوێتەوە، قائیمقامی قەرەداغیش دەڵێت نموونەی دەرمانەكەیان ناردووە بۆ پشكنین.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە دەوروبەری قەرەداغ دەرمانێك ڕژنێدراوە كە سەرچاوەكەی دیار نییە. هەندێك لە هاووڵاتیانی قەزای قەرەداغ دوای بانگی بەیانی ژمارەیەك لایتیان لە ئاسمانەوە بینیوە و، گومان دەكرێت لە ڕێگەی هێلیكۆپتەرەوە دەرمانەكە ڕژێنرابێت.
لەوبارەیەوە ڕەئوف قەرەداغی، قائیمقامی قەرەداغ، تایبەت بە پەیام ڕایگەیاند كە، نە دەنگی هێلیكۆپتەریان بیستووە و نە پشتڕاستیش كراوەتەوە فڕۆكە دەرمانكەی ڕشتبێت، بەڵام سەردانی ئەو شوێنەیان كردووە كە دەرمانەی تێدا بڵاوكراوەتەوە.
ناوبراو لەبارەی دەرمانەكەشەوە وتی "دەرمانێكی ڕەنگ زەردە و بە زەوییەوە نیشتووە".
هەر لەوبارەیەشەوە پەیوەندییان بە پارێزگای سلێمانی و فڕۆكەخانەی سلێمانییەوە كردووە، بەڵام ئەوان بێئاگایی خۆیان لە بابەتەكە ڕاگەیاندووە.
لەلایەن قائیمقامیەتی قەرەداغەوە دەرمانەكە نموونەی لێ وەرگیراوە و ڕەوانەی تاقیگەكانی سلێمانی كراوە بۆ پشكنین و، چاوەڕێی ئەنجامەكەی دەكەن.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە